مێژووی ئاڵا و ئاڵاکانی کورد

Wednesday, 18/12/2019, 21:29

14531 بینراوە


٭ مێژووی ئاڵا
بیرمەندی ئەمریكی، "مایكل بیلگ"، ئاڵا بە یەكێك لە سیمبۆلە سەرەكییەكانی دەوڵەتی نەتەوەییی مۆدێرنەوە دەبەستێتەوە و، پێی وایە ئاڵای وڵات ‌و نیشتمان ‌و نەتەوە، ئەو هێما دیارەیە كە ڕۆڵێكی گرنگ و بەردەوام لە بەرهەمهێنان و پاراستنی گوتار و ناسنامه‌ی نەتەوەییدا دەبینێت، ئاڵا یەكێكە لە سیمبۆلە سەرەكییەكانی ناسیۆنالیزم".

ئاڵا ئەو پارچە قوماشەیە كە هەر نەتەوەیەک بە پێی بۆچوونی خۆی دروست كردووە بووەتە یەكێك لە پیرۆزیەكانیان و هەوڵیان داوە هەمیشە بە بەرزی بمێنێتەوە و نەكەوێتە سەرزەوی، هەندێك لە ئاڵاكان بۆ كاتێكی دیاریكراو بووە (بۆ نمونە لەكاتی دروست بوونی جەنگێكدا،یان دیاری كراو بووە بۆ كەتیبە یان بۆ دەستەیەكی دیاری كراوی جەنگی)و هەندێكی تریشیان بۆ ماوەیەكی درێژتر بوون هەشیانە تەمەنی زۆر تر ڕۆشتووە و تائێستاش ماوەتەوە.

ئاڵا بەیەكێك لە بنەماكانی نەتەوە دادەنرێت و هەر نەتەوە یان دەوڵەتێك دەبێت خاوەنی ئاڵای خۆیان بن و لە ئێستاشدا زۆرینەیان شێوەی لاكێشەیی ڕەنگا و ڕەنگیان وەرگرتووە، هەریەكەیان بەنەخش و نیگاری تایبەت دروست كراون. بەگوێرەی زانستی ئاڵاناسی یەکەم ئامانجی دروستکردنی ئاڵا بۆ بانگەوازی و رێنماییکردن بووە. یاخود ئاڵاکان تەنیا وەک هێمایەک بوونە، زۆربەشیان پەیامێک بوونە بۆ تاکە کەس یاخود بۆ دەستە و کۆمەڵە کەسێک. کاتێک ئیپمراتۆریەتە کۆنەکانی جیهان لە کاتی شەڕ و سەرکەوتنەکانیاندا، بەر لە هەموو شتێک ئاڵای دوژمنەکانیان داگرتووە و ئاڵاکانی خۆیانیان لە جێگەیدا بەرزکردۆتەوە، بەو واتایە یەکێکیتر لە هێما سەرەتاکانی ئاڵا بۆ نیشاندانی سەرکەوتن هەڵدراوە. جگە لەوەش ئاڵای هەر ئیمپراتۆریەت و هۆزێک جیابووە، ئاڵای هەر یەکەیان نیشانە و واتایەکی تایبەت بەخۆی تێدابووە و ڕەنگێکی جیاوازبووە. هەر لە کۆنەوە و تا ئەمڕۆش ئاڵاکانی جیهان زۆرترینیان لە نیشانەکانی ناو سروشت و دەوروبەر پێکهاتوونە وەک هەبوونی: (ئەستێرە، مانگ، خۆر، ئاو، دار، چیا، گوڵ، باڵندە، گیانەوەر....).

جۆر و پێوانەی ئاڵاکانی کۆن وەک ئێستا نەبوونە، بەڵکو لە شێوەی ناڕێک، نیمچە بازنەیی، سێ گۆشەیی.... کە لە تەختە دارێکی درێژ یاخود لە مادەی کانزایی یانیش لە پێستی ئاژەل دروستکردەکران، رەنگەکانی ئاڵاش لە گەلا و لە خوێنی ئاژەل و لە رەژووی ئاگر دروستدەکران. هەندێک ئاڵاش تەنیا لە پەڕی باڵندە دروستدەکران، یاخود تەنیا باڵندە و ئاژەلی وشککراو... لە جیاتی ئاڵا دەکران بە نیشانە و هێماکانیان و بە تەختە دارێکی درێژ و بەرز هەڵدەواسران، یاخود بە هەمان شێوە پەیکەر یانیش تەختەدارێکی هەڵکەندراو لە نەخش وەک ئاڵا بەرزدەکرانەوە. لەگەڵ بەرەو پێشەوەچوونی هەنگاوەکانی ژیان شێوەکانی ئاڵاش گۆڕدران، کە ئەمڕۆ ئاڵا لەسەر پارچە قووماش و لەسەر کاغەز و کارتۆن چاپ دەکرێن.

ئاڵا لەبۆنە و مەراسیمی فەرمیدا بەرزدەكرێتەوەو لەكاتی مردن یان دروست بوونی كارەساتەكانی وڵاتدا بۆ ماوەیەكی دیاریكراو نزم دەكرێنەوە یاخود دادەگیرێن، سوكایەتی كردن بە ئاڵا لای زۆرینەی دەوڵەتان و میللەتانی دونیا واتە سوكایەتی كردنی راستەوخۆ بەو وڵاتە و لەبەرئەوە زۆرینەیان رێگە نادەن هیچ كەس و لایەنێك ئاڵای وڵاتەكەیان بسوتێنێت یان بیخاتە ژێر پێ و لە شوێنی پیس دایبنێت یاخود شتی پیسی تێوە بدات.

ئاڵا بەیداخێکە کە سیما و ناسنامە و دروشمی نەتەوە و گەلێک بووە کە دەسەڵاتێکی سیاسی هەبووە و فەرمانڕەوایی کردووە و مەرجی دەوڵەتداریش ئاڵاکەی بووە، کە سەرجەم قەوارە و چین و توێژەکانی لەخۆ گرتووە، ئاڵاش ئامانجی ڕێنمایی و بانگەواز و خزمەت بووە و هەر گەلە و ئاڵا و لۆگۆی جیاواز و تایبەت بەخۆی بووە کە پێی ناسراوەتەوە.

سەرهەڵدانی بیرۆکەی ئاڵا بۆ گەلان زۆر کۆنە و مێژوەکەی وەکو پێویست دیار نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاڵا چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا هەبووە کە ئیمپراتۆرییەکانی سەر خاکی ئێران و کوردستانی ئەمڕۆ هەڵدراوە و سەرەتا سومەرییەکان و ئاشورییەکان و ماددەکان و هاخەمەنشینەکان و ساسانییەکان و میسرییە کۆنەکان و ئەوجار شارستانییە یۆنانییەکان و قەیسەرەکانی ژاپۆن و چین..هتد. ئاڵایان هەڵداوە و بەکاریان هێناوە کە لە شەڕ و سەرکەوتن و ئاشتیدا ئەو گەلە بە ئاڵاکەی ناسراوەتەوە، کۆنترین ئاڵاش ئاڵای دانمارکە لە ساڵی 1219 دروستکراوە، هەروەها ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش لە ساڵی 1776بووە.

ئەمڕۆ هەموو گەل نەتەوەیەکی خاوەن وڵاتی سەربەخۆ و بێ وڵات خاوەن ئاڵای تایبەت بەخۆیانن، رێکخراوی نەتەوە یەککگرتووەکان و پارت و رێکخراوە سیاسیەکانی جیهان و دام و دەزگا فەرهەنگی و ئابوورییەکان و شارەوانییەکان و زانستگاکان و کۆمپانیا بازرگانییەکان و کۆمپانیا تەکنەلۆژیاکان و یانە وەرزشییەکان و ڤیستیڤال و بۆنە و یادەکانیش خاوەن ئاڵا و نیشانەیەکی تایبەتی خۆیانن. ئاڵای هەر نەتەوە و وڵاتێک لەگەڵ ئاڵای هەر نەتەوە و وڵاتێکیتر جیاوازە، بەهەمان شێوە ئاڵای رێکخراوە و دام و دەزگانیش لەگەڵ یەکتری جیاوازن، هەریەکەیان خاوەن رەنگ و شێوە و واتای جیاواز و تایبەت بەخۆیەتی.
واتا و هێمای هەندێک لە رەنگە سەرەکییەکانی ئاڵاکان لە لایەن پسپۆرانی ئاڵاناسی Vexillology بەمجۆرە لێکدراونەتەوە:
رەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەکسانی.
رەنگی زەرد: رووناکی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.
رەنگی سپی: ئاشتی، ئارامی، ئاگربەست.
رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتی.
رەنگی شین: ئاو، ئاوەدانی، دەریا، ئاسمان، ئازادی.
رەنگی نارنجی: ئازایی، خۆبەختکردن، قوربانیدان
رەنگی رەش: پرسە، مەرگ، نەمری.

٭ مێژووی ئاڵاکانی کورد

٭ بیلۆگرافیای ئاڵاکانی کورد

ئاڵای ئیمپراتۆریەتی مادد


مێژووی ئاڵای کورد بۆ کاتێکی زۆر دوور لە ناو مێژووی دێرینی خاوەن شارستانی نەتەوەی کورد دا دەگەڕێتەوە، وەکو سەرچاوە مێژووییەکان باسی دەکەن: نەتەوەی کورد لە سەردەمی دەوڵەتی ماد دا ئاڵای سێ ڕەنگی زەرد لە سەرەوە، ڕەنگی سوور لە ناوەڕاست و ڕەنگی سەوز لە خوارەوەیدا هەبووە.
بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکانیش زۆربەی ئاڵای هۆز و نەتەوە ئارییەکان لە رەنگەکانی (سوور، سپی، زەرد، سەوز، شین) پێکهاتبوون.

ئاڵای دەوڵەتی ئەیوبییەکان
ئەیوبییەکانی دیاربەکر و میافارقین و نسێبین و شام و یەمەن هەر یەکەیان خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان بوونە، بەڵام لە سەردەمی (سەلاحەدینی ئەیوبی) ئەویبوییەکان بوون بە خاوەنی یەک ئاڵا کە لە شێوەیەکی بازنەیی و درێژ لە رەنگێکی سەوز پێکهاتبوو، لەسەر سەوزرەکە بە رەنگی رەش و لە سەر دوو هێلی زەرد بە زمانی عەرەبی نووسرابوو (لا الە الا اللـە) لەسەرەوەی ئاڵاکەش خۆرێکی زەرد لە ناو مانگێکی هیلالیدا هەبووە.

ئاڵای دەوڵەتی زەند

کەریم خانی زەند (1705-1779)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی زەند کە خۆی و بنەماڵەکایەن لە ماوەی (1750- 1794) فەرمانڕەوایی ئێرانیان کرد، خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان بوون کە لە شێوەیەکی سێگۆشەیی پێکهاتبوو لە سەر زەمینێکی سپی هەتاو لە پشت شێرێکەوە دەبینرا و لەسەر هەرسێ لای ئاڵاکەشدا هێلێکی باریکی سەوز هەبووە.

ئاڵای میرنشینەکانی کوردستان

میرنشینەکانی کوردستان هەریەکەیان لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەربەخۆ یاخود نیمچە سەربەخۆبوون. کورد لە ماوەی سەدەی دەیەمی زایینی تاکو کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم خاوەنی ژمارەیەکی زۆر میرنشین بووە وەک میرنشنی (شەدادی، مەروانی، بابان، ئەردەلان، بێدلیس، سۆران، هەکاری، بادینان، لوڕی گەورە، لوڕی بچووک، حەسەنکێف، بۆتان....هتد، کە هەندێک لە میرنشینەکان تەمەنیان کەمتر لە سەدەیەک بووە و ئەوانیتریش تەمەنیان لە نێوان یەک سەدە تاکو حەوت سەدە بووە. بەشێک لە میرنشینە کوردییەکان لە سەدەی هەژدە و نۆزدە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەربەخۆ بوون وەک بەرزکردنەوەی ئاڵا، لێدانی سکەی پارە، دروستکردنی خوێندنگا و مزگەوت، دروستکردنی کەلوپەلی سەربازی وەک تۆپ و چەک، هەوڵدان بۆ فراوانکردنی سنووری میرنشینەکەیان. میرنشینی بۆتان و میرنشینی سۆران دووان لە میرنشینە بەهێز و ناسراوەکانی مێژووی کوردستانن کە شوێنەگەی دیرۆکی و جوگرافیان کەوتۆتە ناو ئینسکلۆپیدیا و ئەتلەسە کۆنەکانی جیهانەوە. میرنشینی سۆران بوو کە پایتەختەکەی رەواندوز بوو، لەسەردەمی پاشای گەورە (میر محمد، پاشای کۆرە) خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی بووە کە لە دوو رەنگی رەش و سپی پێکهاتبوو، رەنگی رەش لە بەشی سەرەوەی و رەنگی سپی لە خوارەوەی ئاڵاکەی هەڵکەوتبوو.

بە درێژاییی سەدەی بیستەم، دوای كۆتاییهاتنی جەنگە جیهانییه‌كان ‌و دروستبوونی دەوڵەتان ‌و ڕێكخراوی گەورەی سەر ئاستی جیهانی بە نموونەی نەتەوە یەكگرتووەكان، دەبینین ئاڵا، بە بەراورد بە ڕەمزە نەتەوەیییەكانی تر، ڕۆڵێكی بەرچاوی لە یەكخستنی گەل ‌و نەتەوەی ناو دەوڵەتەكاندا گێڕاوە؛ بە جۆرێك ئاڵای نەتەوەیی، بوو بە بەشێك لە پرۆسەی دروستكردنی سنووری نەتەوە و نیشتمان، كە كۆمەڵگه‌ بە سنووری جیاكردنەوەی خۆی لە دونیای دەره‌وەی خۆی دەزانێت. بەمەیش ئاڵا، بوو بە چەقی سیمبۆلێكی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتمانی لە سەدەی بیستەمدا.

ڕاپەڕینی بەتلیس لە ساڵی 1914 ئاڵایەكی هەبوو بە قوماشێكی زێڕین دروست كرابوو ئایەتێكی قورئانی تێدا بوو.

بە پێی سەرچاوە مێژوویەكان بۆیەكەمجار ئاڵایەك بەناوی ئاڵای كوردستانەوە هەبووبێت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1918) و لەسەردەستی كەسێك بەناوی (خەلیل بەگ) كە سەرۆكی رێكخستنی ئازاد بووە، بە دیاری داویەتی بە (ئیحسان نوری پاشا) ی دەسەڵاتداری میرەكانی ئارارات، هەر لەو كاتەدا (حیزبی خۆییوون) لەباكوری كوردستان، هەر لەوكاتەوە لە زۆرینەی ئەو شوێنانەی دەسەڵاتیانی تێدابووە ئەو ئاڵایەیان وەك ئاڵای كوردستان بەكار هێناوە، خۆییبوون ئاڵایان خستۆتە نێو میدیای سەردەمی خۆیان وێنەی ئەم ئاڵایەیان خستۆتە سەر بەرگی گۆڤاری (هاوار) كە لەلەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەردەچوو.

ئاڵای سەردەمی شێخ مەحموود لە ساڵی 1919 لەسەر باڵەخانەی ئەفسەری سیاسی بەریتانیا هەڵكرا كە بریتی بوو لە مانگێكی سور و ڕووبەرێكی سەوز.

کۆمەڵەی جەمعیەتی تەعالی کوردستان، لە سالی 1920 دا، ئاڵاکەی لە تەختێکی ڕەنگ سەوز و بوونی خۆرێک لە ناوەڕاستیدا پێکهاتبوو، لەسەر پێناسی ئەندامەکانیان چاپ کرابوو.

هەروەها تەشکیلاتی کۆمەڵایەتی جەمعیەتی تەعالی کوردستان، ئاڵایەکی سێ ڕەنگی، کە پێکهاتبوو لە ڕەنگی سوور لە سەرەوە، ڕەنگی سپی لە ناوەڕاستدا لەگەڵ بوونی ڕۆژێک، و ڕەنگی سەوز لە خوارەوەیدا بۆ ئاڵای نەتەوەی کوردستان نەخساند.

هەندێک سەرچاوەی تر دروست کردنی ئەم شێوەیەی ئاڵای کوردستان دەگەڕێننەوە بۆ هەوڵە نەتەوەییە سەرنەکەوتووەکەی (ڕەمزی نافیع)ی شۆڕشگێڕ و میولەری ڕاوێژکاری سەربازی ئەڵمانی نازی، کە ویستیان گەلی کورد بکەنە هاوپەیمانی ئەڵمانیای نازی لە دژی ئینگلیز لە ناوچەکەدا، لە سەرەتای ساڵانی چلەکانی سەدەی بیستەمدا.

ئاڵای راپەڕینی کۆچگیری 1921
دوای ئەوەی کورد قۆچگیری لە هەرێمی دێرسیمی باکووری کوردستان ئامادەنەبوون بچنە ژێر رکێفی تورکەکان و داخوازییەکانی مستەفا کەمالەوە، رووبەرووی هێزەکانی تورک بوونەوەو و ئاڵای سەربەخۆیی خۆیان هەڵدا. ئەو ئاڵایەش لە ژێر کاریگەری ئاڵاکەی ساڵی 1919ی (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی) دروستکرابوو.

ئاڵای سەردەمی شۆڕشەكەی سمكۆخانی شكاك لەساڵی 1922 هەڵكرا تێیدا نووسرابوو كوردستانی ئازاد.

ئاڵای حکومەتی کوردستانی خوارو 1922

لەپاش ئەوەی کە ئینگلیزەکان ناچابوون سەر بۆ ویستی گەلی کورد دانەوێنن، شێخ مەحمودی حەفید (1882-1956)یان لە هیندستان گەڕاندەوە بۆ کوردستان. شێخ مەحمود لە رۆژی 30/9/1922 گەیشتەوە شاری سلێمانی و هەر زوو تەنگی بە هێزەکانی ئینگلیز هەڵچنی و ناچاریکردن، کە شاری سلێمانی بەجێبهێلن. ئەوەبوو لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1922 شێخ مەحمود ئاڵای کوردستانی هەڵکرد و (حکومەتی خوارووی کوردستان)ی راگەیاند و هەردوو رۆژنامەی (بانگی کوردستان) و (رۆژی کوردستان)یش لەلایەن حکومەتی خوراووی کوردستان بڵاوکرانەوە. ئەو ئاڵایەی کە لەلایەن حکومەتی خوارووی کوردستان بە رێبەرایەتی شێخ مەحموود هەڵدرا، کە پێکهاتبوو لە تەختێکی سەوز و بوونی بازنەیەکی سوور و مانگێکی هیلالی سپی لە ناوەڕاستیدا.

شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی 1925 ئاڵایەكی كردە پێشەوایەتی بۆ شۆڕشەكەی ڕەنگی سەوز بوو كە ڕۆژێكی لە ناوەڕاست بوو.

ئاڵای راپەڕینەکەی ئاگری 1929 - 1930

له‌ساڵی‌ 1927دا كه لەوڵاتی لوبنان لە ئەنجامی له‌یه‌كگرتنی‌ (جمعیه‌ت ته‌عالی‌ كوردستان و كۆمیته‌ی‌ ئیستقلال و كوردستان میلیه‌ت و كوردستان ته‌شكیلات) كۆمه‌ڵه‌ی‌ خۆیبون پێكهێنراو دواتر له‌ساڵانی‌ (1928-1930) مه‌ڵبه‌ندی‌ گشتی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌شاخی‌ ئارارات له‌ئاگریداغ به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ (فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان ئیحسان نوری‌ پاشا) ده‌سه‌ڵاتێكی‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردنیان دامه‌زراند، له‌و سه‌رده‌مه‌دا جگه‌ له‌ هه‌بونی‌ ئاڵایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌و راپه‌ڕینه‌ ئاڵای‌ كوردستانیش به‌رزكراوه‌ته‌وه‌. کە (رەنگی سەوز لەسەرەوە و رەنگی سوور لە خوارەوەو رەنگی سپی لە ناوەراستدا و هەبوونی خۆرێكی زەردی بازنەیی كە هەر دوو رەنگی سەوزو سوورەكەی بەیەك گەیاندووە بە شێوەی بازنەیی و لەناویدا وێنەی چیای (ئاگری) لەسەر دروست كراوە كە بەفر ترۆپكەكانی داپۆشیووە. ئەم ئاڵایەش تایبەت بووە بە راپەڕینەکە، جگە لە ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کە هەر لەوسەردەمەدا هەڵدرابوو.

لە سەردەم كۆمەڵەی هیوا لە ساڵی 1937 ئاڵایەكیان هەبوو، ئەندامانی ئەم كۆمەڵەیە بە قورئان و خەنجەر و ئاڵا دەبوو سوێند بخۆن.

حزبی ئازادیی كوردستان لە ساڵی 1938 دەمەزرا، ئاڵایەكەیان بریتی بوو لە دوو خەنجەر و سێ ئەستێرە.

لە کۆبوونەوەی سێ سنووری چیای داڵانپەڕ لە ساڵی 1942 دا، لە نێوان کۆمەڵەی ژێکاف و کۆمەڵەی خۆیبوون و پارتی هیوا دا لە سەر بوونی ئاڵای سێ ڕەنگی سوور و سپی و سەوز بۆ کوردستان ڕێککەوتوون.

ئاڵای کۆماری کوردستان لە مهاباد
لە17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 1945خەڵکی دڵسۆز و نیشتیمان پەروەری شاری (مهاباد)ی خۆرهەڵاتی کوردستانی لە دژی دام و دەزگاکانی ئێران ڕاپەڕین و سەرکەوتن بەسەر ڕژێمی ئێراندا و ئاڵاکانی ڕژێمیان لەسەر بنکە و بارەگاکانی شاری مهاباد هێنایە خوارەوە و ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە و دواتریش لە ساڵی 1946 - 1947 ئەو ئاڵایە بە ڕەسمی لە کۆماری کوردستان لە مەهاباددا بە سەرکردایەتی قازی محەمەدی نەمر بووە ئاڵای ئەم کۆمارە و لە هەموو شارەکە و بنکە و بارەگاکان دەدرەوشایەوە.

٭ مێژووی ئاڵای باشوری کوردستان

سەرەتای دروستبوونی ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ وەک ئاڵای کوردستان و نەتەوەی کورد دەناسرێت دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. کاتێک کۆمەڵ و رێکخراوە کوردییەکان لە ئەستەنبوڵ خەریکی دامەزراندنی کۆمەڵ و دەرکردنی گۆڤار و رۆژنامەی کوردی بوونە، لە هەمان کاتیشدا لە هەوڵی دروستکردنی ئاڵایەکی نەتەوەیی بوونە بۆ کوردستان. ساڵی 1919 (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی کوردستان) کە لە ئەستەنبوڵ لەلایەن ژمارەیەک رووناکبیر و سیاسەتمەدار و کەسایەتی ناسراوی ئەو سەردەمەی کورد دامەزرا، لەگەڵ دامەزراندنی خۆی ئاڵای نەتەوەیی کوردستانی دروستکرد و داوای سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد. ئەو کەسانەی بەشداریان لە دامەزراندنی رێکخراوەکە و ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کرد بریتیبوون لە: ئەمین عالی بەدرخان (جزیرە بۆتان)، دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت (عەرەبگیر)، ئەکرەم جەمیل پاشا (ئامەد)، مەولانا زادە رەفعەت بەگ (سلێمانی)، نەجمەدین حوسێن (کەرکوک)، کەمال فەوزی (بێدلیس)، شوکری بابان (سلێمانی)، مەمدوح سەلیم (وان)، حیکمەت بابان (سلێمانی)، فوئاد بابان (سلێمانی)، دکتۆر شوکری محەمەد و فەرید بەگ.
ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ بۆمان ماوەتەوە هەمان ئەو ئاڵایەیە کە ئەو رێکخراوە نزیکەی 90 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری لەسەر دابوو، بە گوێرەی ئەو ئاڵایە رەنگی سوور لەسەرەوە و رەنگی سەوز لە خوارەوە و رەنگی سپی لە ناوەڕاستدا و لەسەر زەمینە سپیەکەش خۆرێکی زەرد دەدرەوشایەوە. بەگوێرەی نووسراوێکی نوورەدین زازا، ئەو بەچاوی خۆی بینویەتی کە هەمان ئەو ئاڵایە لەسەردەمی راپەڕینەکەی ساڵی 1925ی باکووری کوردستان لە جێگای ئاڵای تورکیادا بەرزکراوەتەوە. لە یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی رێکخراوی (خۆیبوون)یش هەمان ئاڵا لە ساڵی 1927 دووبارە وەک ئاڵای کوردستان بڕیاری لەسەردراوەتەوە.

(کۆمەڵەی ژێکاف)یش لە خۆرهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1942 بەدوا هەمان ئاڵای لە بۆنە و یادەکاندا لە شاری مەهاباد بەرزکردۆتەوە. ئەگەرچی ئەو ئاڵایە لەسەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بوونی هەبووە، بەڵام کۆمارە یەک ساڵیەکە خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی بووە کە زۆر نزیک بووە لە هەمان ئەو ئاڵایە. دکتۆر کامەران بەدرخانیش هەمان ئاڵای ساڵی 1919ی وەک ئاڵای کوردستان نیشانی وڵاتانی ئەوروپای داوە. لە ساڵەکانی 1960یشدا (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا) لە چەند بۆنە و یادێکدا هەمان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردۆتەوە. رەوەندی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستانیش لە ساڵانی 1970 بەدوا ناو بەناو لە بۆنە و یادەکاندا هەمان ئەو ئاڵایەیان وەک ئاڵای کوردستان بەرزکردۆتەوە.

دوو ساڵ بەر لە دامەزراندنی (كۆماری كوردستان) ئەم ئاڵایە لە هەردوو شاری مەهاباد و نەغەدە بە بەشداری جەماوەرێكی زۆر ئاڵای كوردستان بەرزكراوەتەوە، هاوكات بووە لەگەڵ ڕۆژی دووشەمە ڕێكەوتی( 17/12/1945 ) دەچێتەوە پێش دامەزراندنی كۆماری كوردستان ئەمەش دەرخەری ئەو راستەیەیە كە، زیندوو كردنەوەی ئەو رۆژە بۆ هەمان رێكەوتی (17/12) هیچ پەیوەندی بەوە نییە كە لەورۆژە بۆ یەكەم جار بێت كورد بیری لە ئاڵای كوردستان كردبێتەوە ، چونكە پێش كۆماری كوردستان بەسەرۆكایەتی قازی محمەد ئاڵای كوردستان بەرزكراوەتەوە. دوای راپەڕینی بەهاری (1991)یش تا ئەم دواییانە ئاڵای كوردستان بەرزكراوەتەوە.

پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، کە لە ساڵی 1995 دامەزارو و لە ساڵی 1999 کۆتایی بە ژیانی سیاسی هات، ئاڵایەکیان لە بۆنە و یادەکانیان بەرزدەکردەوە و بەگوێرەی ئەوان ئەو ئاڵایە هەمان ئاڵای سەردەمی مادەکان بووە کە لە سەرەوە هێلێکی سوور و لە ناوەڕاستدا هێلێکی زەرد و لە خوارەوەش هێلێکی سەوز هەبووە. پەرلەمانی باشوری كوردستان رێكەوتی( 17/12/1999) هەستاوە بەپەسەندكردنی ئاڵای كوردستان، بە پشت بەستن بە زیندوو كردنەوەی ئەو ڕۆژانە.

٭ ئاڵای باشوری کوردستانی

پەرلەمانی باشوری کوردستان لە 19- 6 - 2004 بە بڕیاری ژمارە 48، ڕۆژی 17ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکی کردە ڕۆژی ئاڵای کوردستان و دایکانی کوردستان ئەو دوو سیمبوولە (ئاڵا و دایک) پیرۆز کراوە، چونکە دایکان ڕۆلەکانیان بەخت کردووە لە پێناوی بەرز ڕاگرتنی ئاڵا جەنگاون لەم پێناوەدا.

ئاڵای باشوری کوردستان لە لاکێشەی ئاسۆیی پێکھاتوە و چوار ڕەنگە: سور لەسەرەوەی ئاڵایە و بە مانای شۆڕش و خوێنی شەهیدانە و ڕەنگی سپی لەناوەڕاستیدا بەمانای ئاشتییە ڕەنگی زەرد بەشیوەی خۆرێکی زێڕین لە ناوەڕاستی بەشە سپییەکەدایە نیشانەی بەردەوامی ژیان و خۆری ئازادییە ڕەنگی سەوز لە بەشی خوارەوەیە نیشانەی ئاوەدانی و سەوزایی و جوانی سروشتی کوردستانە، پانی ئاڵاکە دوو لە سەر سێی درێژییەکەیەتی، ئەوەی جێگای سەرنجە ئاڵاکەمان لاکێشەییە و تیشکی خۆرەکەش 21 تیشکی هەیە.

لە ساڵی (2009)دا پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دا ڕۆژی (17)ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک، وەک ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە. بەڵام ئەو بریارە تەنیا لەمانگی (12) ئاڵای فەرمانگەو دامەزراوە حكومیەكان نوێ دەكرێتەوە لەمانگەكانی تری ساڵدا بەدەست دڕان و كۆن بون بێ ناز دەكەوێت و كەس لێی ناپرسێتەوە، جگە لەوەش لەنێو ئەدەبیاتی حیزبەكانی كوردستاندا هێشتا جێگەی مش و مڕەو ئەوەندەی ئاڵای حیزبەكان دەبینرێت لەنێو ئاپۆرا جەماوەریەكانیاندا ئەوەندە ئاڵای كوردستان نابینرێت و لێرەشەوە یەكێك لە بنەماكانی نەتەوە دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە.

دروشمی نەتەوەیی

دروشمی نەتەوەیی ئاڵای کوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە 21 پەڕ (تیشک) ی یەکسان و ھاوشێوەی ھەیە کە ڕێکەوتی (21 ی 3 )دەگەیەنێت کە سەرەتای ساڵی کوردییە. بە لەبەرچاوگرتنی دوو لەسەر سێ یەتی قەبارەی ئاڵا، خۆری زێڕین بە پەڕەکانییەوە یەک پێوەرە و بەبێ پەڕەکان نیو پێوەر، ئەم پەڕانە شێوەیان ڕاستە و لە خاڵێکی تیژ دروست دەکەن. خۆرەکە دەبێ ڕێک لە چەق (ناوەندی) ئاڵای کورستان جێگیر بێت. خۆر بەشێوەیەک جێگیر کراوە کە ستوونی ناوەندی ئاڵا بە ناو خاڵی تیژی بەرزترین پەڕ (تیشک) تێدەپەڕێت.

بە سەرنج دان لەوێنەی ئەو ئاڵایە لەوە تێدەگەین كە ئەو ئاڵای كوردستانەی ئەمڕۆ تەنها دوو گۆڕانكاری بەسەر دا هاتووە، جیاواز بێت لە ئاڵای شۆڕشی ئاگری، ئەوانیش خۆرەكە (21) تیشكی لێكراوەتەوە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەری ساڵی كوردی (نەورۆز) دەكەوێتە (21/ 3) ی هەموو ساڵێكی میلادی، هەرچی گۆڕانكاری دووەمیشە نەهێشتنی (چیای ئاگری) یە لەنێو خۆرەكەدا، پێدەچێت لەبەر ئەوە بووبێت كە ئاڵای كوردستان دەبێت سومبولەكانی ناوی گوزارشتی فراوانتری هەبێت و ناوچەگەری یان بەستنەوەی بەناوچەیەكەوە نەبێت. ئیدی ئەو ئاڵایەی ئەمڕۆ دەیبین هەمان ئاڵای سەردەمی (خۆییبوون)ە، و تا ئێستاش بەردەوامە.

٭ ئاڵای خۆرئاوای کوردستان

کاتێک جەنگی ناوخۆی سوریا بە دەستێوەردانی زلێهزەکان و ووڵاتانی ناوچەیی لە(15/3/2011)لە سوریا ده‌ستی پێکرد، ئه‌وه‌بوو سوپای سوریا له‌به‌شێک له‌خۆرئاوای کوردستان کشایه‌وه‌ و‌ئه‌و ناوچانه‌ که‌وتووه‌ ده‌ست یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل(یه‌په‌گه‌ و یەپەژە)ی سه‌ربه‌ پارتی یه‌کێتی دیموکراتی خۆرئاوای کوردستان(په‌یه‌ده‌)ی باڵی خۆرئاوای کوردستانی پارتی کرێکارانی کوردستان(په‌که‌که‌)له‌ڕێکه‌وتی(17/ئازار-3/2013)سیسته‌می فیدڕالی دیموکراسی باکوری ڕاگەێنرا. ئاڵای خۆرئاوای کوردستان پێکهاتەیەکی لاکێشەیی هەیە و لە سێ ڕەنگ پێکهاتووە، ڕەنگی زەرد لە سەرەوە و ڕەنگی سور لە ناوەڕاست و ڕەنگی سەوز لە خوارەوە. هەروەها هێزەکانی یەپەگە ئاڵاکەیان پێکهاتەیەکی سێگۆشەیی هەیە و ڕەنگی زەردە و ئەستێرەیەکی سور لە ناوەڕاستەکەیدایە و بە دەوری ئەستێرەکەدابە پیتی لاتینی نوسراوە (YPG)، بەڵام هێزەکانی یەپەژە (یەکینەکانی پاراستنی ژنان) ئاڵاکەیان پێکهاتەیەکی سێگۆشەیی هەیە و ڕەنگی سەوزە و ئەستێرەیەکی سور لە ناوەڕاستەکەیدایە و بە دەوری ئەستێرەکەدا بە پیتی لاتینی نوسراوە (YPJ). کاتێک هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە ساڵی 2015 دامەزرا، ئاڵایەکی تایبەتیشی بۆ دروستکرا، کە پێکهاتەیەکی چوارگۆشەی هەیە و ڕەنگی زەردە و نەخشەی سوریا لە ناوەڕاستی ئاڵاکەدا بە ڕەنگی سپی نەخشێنراوە و بە هێڵێکی شین لە ناو نەخشەکەدا جوگرافیای خۆرئاوای کوردستان دیاری کراوە و لە خواری نەخشەکەی سوریاش دا بە هەر سێ زمانی کوردی و عارەبی و سریانی نوسراوە هێزەکانی سوریایی دیموکرات.

٭ پارتەکان و ئاڵا

ئێستا لەهەر چوار پارچەی کوردستان پارت و ڕێکخراوە کوردییەکان هەریەکە و ئاڵای جیاوازی خۆیان هەیە. لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەش هەموو ئەو پارت و ڕێکخراوانەی لە سەر ئایدۆلۆژیایی (پەکەکە)ن ئەو ئاڵایە بە ئاڵای نەتەوەیی کورد دەزانن کە پێکهاتەیەکی لاکێشەیی هەیە و سێ ڕەنگە و بەشی سەرەوەی زەردە و ناوەڕاستەکەی سورە و بەشی خوارەوەی سەوزە، بەڵام پارتەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان ئەوانەی ئایدۆلۆژیایان جیاوازە لە پەکەکە، هەمان ئاڵای باشوری کوردستان بەرزدەکەنەوە، چونکە پێیان وایە ئەم ئاڵایە هەمان ئاڵای کۆماری کوردستانە لە مهاباد بە کەمێک دەسکاریکردنەوە.

لە ئێستایشدا بەپێی عورفی دیبلۆماسی، دانان ‌و هەڵكرنی ئاڵا لە ڕێوڕەسمە پرۆتۆكۆلییەكانی پێشوازی لە سەرۆكی وڵات ‌و شاندی باڵایان، گرنگی ‌و بایەخی خۆی هەیە؛ بە جۆرێك هەر مامەڵەیەكی ناتەندروست لەگەڵ ئاڵای وڵاتی میوان لە لایەن وڵاتی خانەخوێوە، بە پێشێلكاری لە سەروەریی وڵاتی بەرامبەر دادەنرێت و، بەپێچەوانەیشەوە ڕاستە، كە هەر مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ ئاڵای نەتەوەییی وڵاتان، بە ڕێزگرتن لە سەروەری ‌و شكۆ ‌و سیمبۆلی نەتەوەی وڵاتان هەژمار دەكرێت.

ئومید ناسح جیهانی، ماستەر لە مێژوو دا

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە