بۆ ئەوەی لەزەت لەژیان بچێژیت دەبێت هەموشتێک بکەیت بە سەرەمۆنی

Wednesday, 25/12/2019, 0:59

6437 بینراوە


کۆنیاک چۆن دەخۆیتەوە و چۆن دروستدەکرێت .

هەی ئاغا و ئاغاو ئاغا
بۆم تێکە لەو قۆنیاغە.
ڕێواسی کەلی خان، هەناری شارەبان، گوێزی هەورامان، برنجی بازیان.....تاد، ئەمانە هەموی بەرهەمی سروشتین، بەڵام کەبابی سلێمانی و ماستی هەولێرو کڵاشی هەورامان، بەرهەمی مرۆڤن. لە ئەڵمانیا هەمو شارێک بەرهەمێکی خۆی هەیەو هەڵگری ناوی شارەکەیە، وەک قۆڵۆنیا کە هەمومان بیستومانەو خەڵکی بەکاریان دەهێنا دوای ڕیشتاشین، لە شاری کۆلۆنی ئەڵمانیا دروست دەکرێت، شاری فرانکفۆرت بە سۆسیسی فرانکفۆرت بەناوبانگە کە لە هەمو ولاتێکدا بەو ناوەوە دەفرۆشرێت، شاری هامبورگ بە هەمبەرگر، واتە وشەی هەمبەرگر لە هامبورگەوە هاتگە.....تاد
ئێمەش کاتێک ئەو گۆرانیەمان دەگوت بەسەر کۆنیاکا لە کوردوستان، نەمان دەزانی کە قۆنیاغ لە شاری کۆنیاکی فەرەنسا دروست دەکرێت بەناوی شارەکەوە، ئیتر نازانم بۆچی کورد هەمو پیتێکی ( ک ) دەکات بە ( ق) لەگەڵ ئەوەشدا رقیان لە پیتی ( ق) ه، پێدەچێت لە تورکیاوە هاتبێت.
کۆنیاک یەکێکە لەو کحولانەی کەبە دو ئۆپەراسیۆنی بە کحولبوندا تێ دەپەڕێت، وەک خواوەندی دیۆنیزۆسی یۆنانی دوجار لە دایک دەبێت، دوای ئەوەی شەرابێکی سپی لە ترێی سپی ناوچەکە دروست دەکرێت، هەر خێرا ئەم شەرابە بە ئۆپەراسیۆنی بە هەڵمبونو ساردبونەوەدا تێپەڕدەبێت بەو مەرجەی کە ئالەتەک لە مس دروستکرابێت و بە دارو خەڵوزیش گەرمکرابێت، پاشان لەدوای ساردبونەوە شلەیەکی لێ دروست دەبێت، پێی دەڵێن؛ بغویی. ئەم شلەیە دەرەجەی کحوەلی 37 ە.
جاڕێکی تر شلەکە کە ناوی بغوییە گەرم دەکرێتەوە و بە پرۆسەی بەهڵمبونو ساردبونەوەدا تێپەڕ دەبیت، ئاستی کحولی دەبێتە 70 دەرەجە و پێێ دەڵێن؛ ئاوی حەیات، ئەم شلەیە وەک دڵی شەرابەکە دەبینرێت، پاشان ئەم کحولە کۆن دەکرێت لەناو سندوقی تایبەت بە شەراب کە لە داری بەروی ناوچەی کۆنیاک دروستکراوە، بۆ ماوەی دوساڵ هەتا بیستو پێنج ساڵ، سندوقەکانیش لەوەو بەر شەرابی سپیان تێدا دروستکراوە، بۆیە ڕەنگی کحولەکە لەگەڵ کاتا ڕەنگو بۆنی ترێکەو داربەروەکە وەردەگرێت. چەندە تەمەنی درێژ بێت ئەوەندەش تامو بۆنی خۆشترو نرخی گرانتر دەبێت، بۆیە کورد دەڵێت ؛ تەمەن درێژبیت. پێوستت بە دە لیتر شەرابە بۆ دروستکردنی بتلێک کۆنیاک.

کۆنیاک لە کۆمەلەی دێژستیڤ ( هەرسکەر)ە، مەنجەڵێک گیپە بخۆ، پێکێک کۆنیاکی بەسەردا بخۆرەوە هەر خێرا هەرسی دەکەیت. لەشەڕی دوەمی جیهانیەوە ویسکی کۆدێتای کرد بەسەر کۆنیاکدا، ئێستاکە کۆنیاک زیاتر دەڕوات بۆ ولاتانی ئاسیا بەتایبەتی ژاپۆن.
کە دەڵیین پێکێک مەبەست لە پەرداخێک نیە کە کوردانە پڕی بکەیت هەتا سەر لێواری پەرداخەکە، پێکێک کۆنیاک بریتیە لە دو سانتی لیتر کحول، پەرداخەکە وەک لە وێنەکەدا دەیبینیت پاڵبخە، نابێت کۆنیاکەکەی لێ بڕژێت، ئەوە پێکێک کۆنیاکە. کاتێکیش دەی خۆیتەوە هەر خێرا ماستو خەیارەکەی ناکەیت بەسەریا بۆ ئەوەی تامی بڕوات، بە پێچەوانەوە، چەند دڵۆپێک دەکەیتە دەمتو چاوەڕوان دەکەیت کە بۆنو بەرامەی بە دەمو لوتا بلاو بێتەوە.
پەرداخی تایبەت بە کۆنیاک وەک کوپەی شەراب خڕو سەرەکەی تەسکە، هەتاوەکو کۆنیاکەکە تیایدا پەنگ بخواتەوە و بۆنی تێدا قەتیس بێت، بەو جۆرە پەرداخەکە دەخەیتە مشتەوە هەتاوەکو تۆزێک گەرم ببێتو چەند جارێک کۆنیاکەکە رادەوەشینێت لە ناو پەرداخەکەدا و ئەوسا بۆنی دەکەیت، کەسانی بەساڵاچو تەنها بۆنی دەکەنو نایخۆنەوە لەو تەمەنەدا.
فەرەنسیەکان جگە لەوەی کە کۆنیاک دوای نان خواردن دەخۆنەوە هەروەها کۆنیاک زۆر بەکار دەهێنن لە چێشت لێناندا، بۆ نمونە بۆ ئامادەکردنی جگەری قاز، کەمی و زۆری کۆنیاکەکە تامی دەگۆڕیت، یان بۆ هەندێک گۆشتو شیرینی، پارداخێک کۆنیاک گەرم دەکەنو دەیکەن بەسەریا و گڕی تێبەردەدەن، بە گڕێکی شینی جوان دەسوتێت، دوای ئەوەی کە کحولەکە دەسوتێت تەنها تامی کۆنیاکەکە دەمێنێتەوە.
سەردەمێک لەمەوبەر ڕێم کەوتە ماڵی کابرایەک کە کۆنیاکی دروستدەکرد، تەمەنی کۆنیاکەکانی بیسستو پێنج ساڵبون، واتە لە ئەشکەوتی یەکەمدا تەمەنیان یەک ساڵبو، لە ئەشکەوتی دوەمدا دوسال هەتا دەگاتە بیستو پێنج ساڵ. لە ماڵەکەیدا ئۆفیسی گومرکی تێدابو، لە بیستو پێنج ساڵیدا پۆلیسی گومرگ دێنە مالەکەیی و بتڵ بتڵ کۆنیاکەکان تاکس دەکەنو دەیجەنە بازاڕەوە. واتە دوای مردنی خۆی دەتوانێت بیستو پێنج ساڵ کۆنیاک بفرۆشێت، بێگومان زۆر بەتەمن بو، تەنها پەرداخەکەی دەهێنا بەبەر لوتیا. مێزێکی پیشاندام لەماڵەکەیدا کە لە شای ئێرانی کڕیبو، دەیوت گوایە بۆیە شا فرۆشتویەتی لەبەر ئەوەی کە عەیبێکی تێدایە، هەرچەند تێم ڕوانی عەیبەکەم نەدی ، ئەو سەردەمەش سەردەمی ئایفۆ نەبو هەتا خێرا وێنەیەکی بگرمو لەسەر فەیسبوک بڵاوی بکەمەوە.
پەرداخێک کۆنیاکم لەگەڵداخواردەوە، نە ژنی هەبو نە منداڵ، نە خزمو کەسوکار، زۆر بەدەوریدا هاتم وتم بەشکم وەسیەت بکاتو سەروەتو کۆنیاکەکانی بە میرات بۆ من بەجێ بهێلیت، بەلام نەبو، بێ شک ئێستاکە ئێسکو پروسکی لە گۆردایەو بەلام کۆنیاکەکانی هێشتا لەناو ئەشکەوتەکاندان.
***
ئەشکەوت ؛ کاڤ بەفەرەنسی، کەهف بە عارەبی، ئەو شوێنەیە لە ژێرخاندا کە شەرابی تێدا کۆن دەکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە