.شانۆی کەرکەدەن و دیاردەی لاسایی کردنەوە

Sunday, 29/12/2019, 17:28

6348 بینراوە


شانۆی کەرکەدەن، وەک شانۆی؛ (لە چاوەڕوانی گۆدۆ )ی ساموێل بیکێت، یەکێکە لە شانۆ بەناوبانگەکانی جیهانو لەهەمان سەردەمدا نوسراوە. باسی دیاردەی بڵاوبونەوەی مۆدێلێک، لە کۆمەڵگەدا دەکات، ئەگەریش ئەو مۆدێلە لەسەرەتاوە شتێکی دڵگیر یان پێویستیەکی سەرەکی نەبێت، چۆن وردە وردە بڵاو دەبێتەوە و خەڵکی شکڵی ئەو مۆدێلە وەردەگرن، بەمەرجێک لەسەرەتاوە وەک شتێکی نامۆ و ترسناکیش دەیبینن. ئیتر ئەگەر ئەو مۆدێلە لەهەر بوارێکدا بێت .
لە شارێکی بچوکی فەرەنسادا دەنگۆی ئەوە بڵاودەبێتەوە کە گوایە شارەوانی وەهای نیازە کە ئاژەڵێکی کەرکەدەن لە ئەفریقاوە بهێنتە شارەکەیان، خەڵکی ترسیان لێ دەنیشیت، سەریان سوڕدەمێنێت لەو روداوە، ودەکەونە باسکردنو رەخنەگرتن لە هێنانی ئەو ئاژەلە نامۆ و ناشرینە بۆ شارەکەیان، پرسیار دەکەن کە ئاخۆ سودی ئەو ئاژەڵە چی بێتو بەچ مەبەستێک شارەوانی دەیەوێت ئەوکارە ناڕەوایە بکات، زۆربەیان هەرلەسەرەتاوە دژی دەوەستنەوە، کە گوایە ئاژەڵێکی ناشرینەو، هەندێکیان وایان باوەرە کەدەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی مندالەکانیان، لە قاوەخانەو لە تەلەفزوێنو بازاڕدا باس باسی ئاژەڵی کەرکەدەنە کە کەس هێشتا نەی بینیوە. دەنگۆی ئەوە هەیە کە هێزی پۆلیسو فریاگوزاری فریای روداوەکانی شار ناکەون کە ئەو ئاژەڵە دەی خولقێنێت .


چەند گەنجێکی ڕۆشنبیریش کە ئێواران پێکەوە کۆدەبنەوە، هەر لەسەرەتای روادوەکەوە دژی ئەو پرۆژەیە دەوەستنەوە، هەر یەکەیان بەجۆرێک باسی خراپەی کەرکەدەن دەکات، هەریەکەیان بە پێی شارەزایی خۆی، بە لۆژیکی کارەکەی شیکار بۆ ڕوداوەکە دەکات و دژی دەوەستێتەوە،بەڵام وا دەبینرێت کە پەیوەندیەکی بەتین نیە لە نیوان لۆژیکی تاکەکاندا لە حوکمدانیاندا بەرامبەر بە روداوەکە، لێکدانو بۆچونەکانیان لەناو ئەقڵی سیستەمەکەدا داخروان جگە لە بێغەنژێ؛ کەسایەتی سەرەکی شانۆکە نەبێت .

پاش سەردەمێکی کەم، یەکێک لە هاوڕێکانیان؛ ژۆن، ئەوەی کە زۆر بە توندی هەر لەسەرەتاوە دژی کەرکەدەن دەوەستایەوە، دەی وت کە روداوی وەها نەدەبوا بونی هەبوایە، کتوپڕ لەبەردەم هاوڕێکەیدا؛ بێغەنژێ، سەری دێتە ژانو لە لە ژورەکەیدا بەدەم ئازاری سەریەوە دەناڵێنێت، هاوڕێکەی دەیەوێت دکتۆری بۆ بانگ بکات بەلام ئەو رازی نابێت، دەبینێت لە دوای سەرئێشەکەی شاخێکی وەک شاخی کەرکەدەن لەسەری دەروێت، پاشان وردە وردە پێستی وەک کەرکەدەن زبر دەبێتو دەنگی گڕ دەبێتو دەمارەکانی هەڵئەئاوسێن، شکڵی کەرکەدەن وەردەگرێت. ئیتر تاکەکانی شار هەمویان، وردە وردە، یەک بەیەکە سەریان دێتە ژانو پاشان شاخێکی کەرکەدەن لەناوچەوانیاندا دەڕوێتو شکڵی ئەو ئاژەلە ناشرینە وەردەگرن، کاتێک دەبینین هەمو خەڵکی شارەکە شکڵێ کەرکەدەنیان وەرگرتوە، تەنانەت ئەوانەشی کە زۆر بەتوندی دژی ئەوەستانەوە ؛ بەقالەکەی کە هاواری دەکرد و ئەگریا کە گوایە کەرکەدەنەکە پشیلەکەی پلیشاندۆتەوە، ئەویش دەبێتە کەرکەدەنو دەڵیت کە کەرکەدەنیش ئاژەڵێکەو مافی ژیانی هیە وەک ئێمە. تەنها گەنجێکی ئەنەلەکتوێل نەبێت لە گروپەکە کە نایەوێت ببێتە کەرکەدەنو بەرگری دەکات، بەڵام لە کۆتاییدا گەنجەکە خۆی دەکوژێت هەتاوەکو نەبێتە کەرکەدەن .

شانۆی کەرکەدەن لە ساڵانی شەستا
سی ساڵ لەمەوبەر کاتێک ئەم شانۆیەم خوێندەوە زۆر کاری تێکردم، خاڵی لاوازی ئەم شانۆیەم لەوەدا دەبینیەوە کە کەسایەتی سەرەکی شانۆکە؛ بێغەنژێ، کە لەکۆتاییدا خۆی دەکوژێت، وەک چیرۆکێکی بێ هیوا و ڕەشبین دەهاتە بەرچاوم، پرسیارم لەخۆم دەکرد کە ئایا بۆچی یۆنسکۆ، نوسەری شانۆکە چارەسەرێکی تری نەداوە بەو گەنجە ؟ بۆچی قەدەری ئەو کەسەی کە لەگەڵ سیستەمدا نەڕوات دەبێت خۆکوشتن بێت ؟ پاش وردبونەوە لە مێژوی هونەرو شانۆ، بۆم رو نبوەوە کە شانۆی کەرکەدەن شانۆیەکی کلاسیکی نیە وەک ئەوەی کە لەرابوردودا راهاتبوین لەگەڵیا، وەک جۆرێک لە ستایلی گێڕانەوەی چیرۆکێکی کلاسیک ؛ بە دەستپێکردنی روداوێک لەسەرەتاوە، پاشان دۆزینەوەی چارەسەرێکی چاوەڕوانکراو، بە پیشاندانی ڕێگە چارەیەک، وەک چۆن لە فلیمە هۆلیودەکاندا بۆتە نەریتێکی چەسپاو؛ بە رودانی روداوێکو دۆزینەوەی چارەسەرێکی لۆژیک وەک مۆراڵێک یان ئاییدۆلۆژیەک. شانۆی کەرکەدەن جۆرێکە لە شانۆی ئەبسورد، لە شەڕی جیهانی دوەمەوە هاتە کایەوە، دوای هیومانسیم سەری هەڵدا، کاریگەری بزوتنەوەی سوریالسیستو دادایسمی بەسەرەوەیە، کە بە جۆرێکی تر روداوەکان باس دەکات، روالەتی مرۆڤ و ژیان وەک شتێکی بێ مانا پیشان ئەدا، بۆیە دەبێت دیاردەی خۆکوشتنی کەسایەتی سەرەکی شانۆکە؛ بێغەنژێ، لەو ڕوەوە ببیرێت، نەک وەک چیرۆکێکی کلاسیک کە نوسەر وەک کەسێکی شۆشسگێڕو خاوەن ئایدیۆلۆژی ڕێگەچارەیەک بخاتە بەردەم خوێنەر وەک جۆرێک لە دۆزینەوەی بەختەوەری .

شانۆی کەرکەدەن چیرۆکێکی ساتیریکە، تێکەڵاوێکە لە وێنەی سوریالیستی و کۆمیکو ڕیالیسم، کەچۆن گروپێکی بچکۆلە وردە وردە ئەتوانێت کۆمەڵگەیەک بەلای خۆیدا بەرێت، لە روی فەلسەفیەوە ئەو پرسیارە لەخۆمان دەکەین کە ئایا رێی تێ دەچێت کە ئێمە بە مرۆڤ بمێنینەوە لەکاتێکدا هەمو دەوروبەرمان جۆرێکی تر بیر دەکەنوە و بونەتە جۆرێک لە ئاژەڵ ؟ .ىێ گومان باسەکە بەچەند شیوەیەک دەتوانرێت لێکدانەوەی بۆ بکرێت، هەندێک کەس ئەم شانۆیە دەبەستنەوە بە هاتنەکایەی فکرەی تۆتالیتاریسمی نازیسم و ستالینیزم لەو سەردەمەدا، کە چۆن ئەم فکرەیە دەتوانێت باشترین مرۆڤ بەلای خۆیدا بباتو بیاکات بە ئاژەڵێکی ناشرین و ترسناک، بە تایبەتی کە یۆنسکۆ بەتوندی دژی ئەو فەرەنسیانە دەوەستایەوە کە لەسەردەمی شەڕی دوەمی جیهانیدا دەستیان تێکەڵکردبو لە گەڵ نازیسمدا.

شانۆی کەرکەدەن ساڵی 1959 نوسراوە و لە ساڵێ 1960 لەسەر شانۆ پیشاندراوە لە پاریس و بۆ چەندەها زمانی بێگانە وەرگێڕاوە، لەم دوایانەدا کاک بڕوا بابان تەرجومەی کردوە بۆسەر زمانی کوردی. چەند ساڵێک لەمەوبەر واتارێکم لەسەر خوێندەوە لە روداودا لەلایەن خانمێکەوە نوسرابو کە زۆر تێنەگەشتم لە وتارەکەی، هەروەها فلیمی بەهمەن قوبادی بە ناوی ؛ وەرزێک لەکەرکەدەن، فکرەیەکی ئەم شانۆیەیەی تێدایە هەرچەندە من خۆم فلیمەکەم نەدیوە و ناتوانم ئەوە بسەلمێنم. هەموشمان ئەم دیاردەی کەرکەدەنە لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەبینین، وەک چۆن لە سەردەمی نوێدا لەکوردوستان چەندها کەسی ڕۆشنبیر بەتوندی دژی پارتێکی سیاسی وەستاونەتەوە و تەنانەت جنێویشیان پێداوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم هەمان کەس بۆتە بەرگریکەرێکی توند لەو پارتە، وەک ئەوەی کە ئەو نەبوبێت ئەو هەڵوێستەی لە رابوردودا نواندبێت، هەروەها لەسەردەمی سەدام حسەیندا هەمومان بینیمان کە چۆن وردە وردە کەسانی دەوروبەرمان دەبونە بەعسی، یان هەر ئەو سەردەمەی کە فکرەی کۆمۆنیستی هەمو جیهانی گرتبویەوە، تەنانەت موسڵمانەکانیش باسی کۆمۆنیستیان دەکرد، مام جەلالیش ببوە کۆمۆنیست، یان لەم دواییانەدا لە هۆڵەندا پیاوێکی سیاسی ڕەگەزپەرست کە هەمیشە دژی موسڵمانان ئەدوا، کتوپڕ بوە موسڵمان.


فاشیزمو دیکتاتۆرەکان توانایان هەیە بە وتارو کاریسمی خۆیان سروشتی مرۆڤ بگۆرن بۆ خراپترین بونەوەر، لەبەر ئەوەی کە مرۆڤ ئەو تایبەتمەندیەی هەیە کە هەر لەتەمەنێکی منداڵیەوە کاتێک پەنجەی ئیشارەتت لەبەردەم مندالیکدا ڕادەکێشیت بەرەو شوێنێک، ئەو هەر خێرا سەیری ئەو شوێنە دەکات کە تۆ پەنجەت بۆ ڕاکێشاوە، کە ئاژەڵ ئەم سروشتەی نیە. زۆر لە پارتە سیاسیەکانو حکومەتەکانیش ئەم سیاسەتە بەکار دەهێنن بۆ بەلادابردنی بیری خەڵکی، بە شاردنەوەی راستیەکانو درۆکردن بە قەبارەیەکی ئێجگار گەورە بە پشبەستن بەو خاسیەتەی مرۆڤ، بەدەست راکێشان بە ئاراستەیەکی تردا، بەلابردنی بیری مرۆڤ بە ئاراستەیەکی تردا.

ئەگەر هەوێنی شانۆی کەرکەدەن بۆ یۆنسکۆ دیاردەی فاشیزم بێت ئەوا لاسایی کردنەوەش پاڵنەرێکی کارایە لەو دیاردەیەدا، لاسایی کردنەوە وەک دایاردەیەکی سۆشیاڵ؛ بۆ نمونە من جل وەک خەڵکی دەوروبەرەکەم دەکەمە بەرم یان گوێ لەهەمان مۆسیقای سەردەمەکەم دەگرم، هەمان هەڵسوکەت دەکەم، نەهێشینی جیاوازیەکانی نێوانمان دەبێتە جۆرێک لەیەک نزیکبونەوە. لاسایی کردنەوە خاسیەتێکی مرۆڤە کە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی تێدایە، بە پێی زۆر لە لێکۆڵەرەوەکان، وای دەبینن کە لاسایی کردنەوە دەورێکی گرنگی بینیوە لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتیدا، لەسەردەمی نیۆلۆتیکدا کاتێک مرۆڤ دەستی کرد بە دروستکردنی کەلوپەل، لاسایی کردنەوە دەورێکی گرنگی بینیوە لە بلاوبونەوەی تەکنیکو جۆری دروستکردنو بەکارهێننی کولوپەل و جل پۆشینو هەڵسوکەوت. لەسەردەمی مۆدێرندا فکری مرۆڤ دۆستی بەهەمان شیوەی فکری فاشستی هەر بەو خاسیەتەی مرۆڤ بڵاو بۆتەوە و ڕەگی داکوتاوە لە کۆمەڵگەدا وەک بینیمان لە سەردەمی نازیەکانو فاشیستەکانی ئیتالیا و ستالینیزمی ئەو سەردەمە، لەم سەردەمەشدا جارێکی تر جیهاندا وردە وردە بەرەوە فکرەی فاشستی و تۆتالیتاریسم هەنگاو دەنێت، ئەم فکرەیەش لەسەرەتادا کۆمەڵەکەسێکی بچوک دەیهروژێنن، بێگومان کاریگەری باری ئابوری و سیاسەتی جیهان بێ بەش نیە لێی، بۆیە وەک ئاژەڵی کەرکەدەن کە لەسەرەتاوە بەتوندی هەمومان دژی دەوەستاینەوە لەکۆتایدا شکڵی ئەو وەربگرین.
هەروەها دەتوانرێت شانۆی کەرکەدەن بەوە لێکبدرێتەوە کاتێک کۆمەڵگەیەک یان شارستانیەتێک دەگاتە لێواری ئاوابون، کاتێک لە بازنەیەکی داخراودا ەخولێتەوە و هیچ هیوایەکی تری نیە بۆ بەردەوام بون، بۆ خۆ نوێکردنەوە پێویستی بە بیرۆکەیەکی نوێیە، پێویستی بە مۆدێلێکی نوێیە، ئامادەیە هەر شکڵێکی نوێ بقۆزێتەوە بۆ خۆی، بۆ هەژاندنو تەنانەت روخاندنیشی، وەک چۆن سانتۆگوستان دەیوت؛ کۆتایی هەمو شتێک لەدایکبونی جیهانێکی نوێیە. هەموشمان وەک ئاژەڵی کەرکەدەن لەسەرەتاوە نامۆین پێێ بۆیە دژی دەوەستینەوە .

ناوی نوسەر ؛ Eugéie Ionesco
ناوی کتێب بە فەرەنسی ؛ Rhinocèros

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە