تا خۆشەویستی بۆ نیشتمان نەبێت، قوربانیدانیش بۆی نابێت

Sunday, 29/12/2019, 20:35


لەم ڕۆژانەی دواییدا، مامۆستای وانەی کوردیمان لەکاتی باسکردنی ھەستی نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی لە شعری شاعرانمان، وتی "تا خۆشەویستی بۆ نیشتمان نەبێت، قوربانی دانیش بۆی نابێت." بەڵام ھەر لەھەمان رۆژا تەنھا یەک وانە پێشووتر، لەکاتێکدا لەگەڵ یەکێک لە ھاوڕێکانما قسەمان دەکرد دەربارەی کوردستان و ژیان تیایدا، وتی "ئامادەم تەنھا لەپێناو دابینکردنی داھاتوویەکی باش بۆ ژیانم ھەموو کورد و خاکی کوردستانیش لەگەڵی بفرۆشم." منیش لە وەڵامدا وتم، "ھەرچەندە قێزم لەم حاڵەی کورد دەبێتەوە، بەڵام ھەرگیز ئامادەنیم تەنانەت بستێکی خاکی کوردستان بەھەموو جیھان بدەم." گاڵتەی پێدەکردم و پێکەنینی پێم دەھات، لەکاتێکدا من ھەر ئاھوناڵم بوو لەو ساتە بۆ حاڵی ئەم میللەتە!...
ئەم ھاوڕێیەم، تەنھا گەنجێکی تازە پێگەیشتوو بوو بەم شێوەیە خۆفرۆش و خاکفرۆش بیری دەکردەوە، دەموت گەر ئەمە وابێت ئەی دەبێ ئەوانە چۆن بیربکەنەوە کە خۆیان بە ڕیش سپی ئەم میللەتە داناوە؟! باشە ئەی دەبێت، چەند گەنجی تری تازە پێگەیشتووی لەم شێوەیە ھەبێت لەھەموو خوێندنگاکان و زانکۆی و پەیمانگانیش کە ئامادەن بەم شێوەیە خۆفرۆشی و خاکفرۆشی بکەن لەپێناوی دابینکردنی ژیانی تایبەتی خۆیان؟!...
خۆ ھەموو ئەم کێشانەی ئەمرۆ کە لە کوردستان ھەیە ھۆیەکەی تەنھا ئەوەیە کەوا ئەو دوو بنامەڵە خێڵەکییەی ھەموو حکومەتی کوردیان لەناو چنگە تا سەر ئێسقان خۆفرۆش و خاکفرۆشن، بە ئاستێک کەوا تەنانەت بوون بە بەکرێگیراوی دوژمن! کەوابێت گەر بێتوو، گەر بێتوو، بە بەخت و ئەگەرێکی مەحاڵەوە، دەسەڵاتی ئەم دوو بنەماڵەیە کۆتایی ھاتوو و ھەرکەسێکی تر جێگای گرتەوە چ گۆڕانکارییەک دروست دەبێت گەر ئەوانیش ھەر بەھەمان شێوەی ئەوان خۆفرۆش و خاکفرۆش بن لەپێناو ژیانی تایبەتی و حەز و ئارەزووەکانی خۆیان ھەر ببنەوە بە بەکرێگیراوی دوژمن؟!... بەدڵنیاییەوە ھیچ، ئەمە ئەم گەنجە تازە پێگەیشتووانەی ئەمڕۆن کە ھەروەکو ئەو ھاوڕێیەم خۆفرۆش و خاکفرۆشن لەداھاتوودا جێگای ڕیش سپییەکانی ئەمڕۆ دەگرنەوە، ھیچ جیاوازییەک دروست ناکەن گەر ئەوانیش ھەمان ڕێچکەی خۆفرۆشی و خاکفرۆشی بگرن تەنھا لەپێناوی پارە و ژیانی تایبەتی و حەز و ئارەزووەکانی خۆیان!...
لەم حاڵەتەدا، ئێمە نیشتمان دەکەینە قوربانی ژیانی خۆمان، لەجیاتی ئەوەی ژیانی خۆمان بکەینە قوربانی نیشتمان! واتە ڕێک پێچەوانەی ئەوەی مامۆستاکەم وتی، چونکە لە بڕی نیشتمانپەروەری، ئێمە خۆفرۆش و خاکفرۆشین. من لەمە دەیگەیشتم بۆیە ھەر ئاھوناڵم بوو، بەڵام ئەو ھیچ ھەستی بەمە نەدەکرد بۆیە کوێرانە گاڵتەی بە حاڵەتەکە دەھات! ئاخر ئەمە کەی شایەنی پێکەنینە؟! گەر تەنھا تۆزقاڵە زەڕەیەکیش ھەستی نیشتمانپەروەری لەم میللەتەیا مابا دەبوو تاک بەتاکی فرمێسکی خوێناوی ھەڵڕشتبا کاتێ دەبینێت چۆن گەنج بە گەنجی ئەم کۆمەڵگایە ھەمووی خۆفرۆش و خاکفرۆش دەرچووە!... تۆ بە چ ڕوویەکەوە چاوەڕێی گۆڕانکاریت، و ھیواخوازی باشتریت، گەر تۆ نەوەی داھاتووت بەم شێوەیە خۆفرۆش و خاکفرۆشانە بیربکاتەوە و تۆش نەوەکو دەستەوەستان و بێ وەڵامدانەوە بۆ ئەم حاڵەتە پاڵکەوتبیت بەڵکو تەنانەت گاڵتەی پێبکەیت و پێی پێبکەنیت کاتێ بە چاوەکانت دەیبینیت؟!
من لێرە قسە لەگەڵ خۆفرۆش و خاکفرۆشە لەدەستچووەکان ناکەم، چونکە ئەوان تەنانەت توانای خوێندنەوەی ئەمە و گوێگرتنیشیان نییە ھێندە لەدەستچوون! کوان ئەو دەگمەنانەی وەکو من وتم ئەڵێن "تەنھا بستێکی ئەم خاکە بەھەموو جیھان نادەین"؟ تاکە ئامانجی من کارکردنە لەگەڵ ئەم گەوھەرە دەگمەنانە پێش ئەوەی کار لەکار بترازێت و ئەو سەربەستی و ئازادییە کەمەشی ماومانە لەدەستی بدەین. پێمبڵێ، تۆ، گەر پارچەیەکیت لەم گەوھەرە دەگمەنانە و بەخۆت دەڵێیت نیشتمانپەروەر، وەکو کوردێک لەپێناو خەمخۆریت بۆ کورد و کوردستان چی دەکەیت بۆ ئەم دیاردەی خۆفرۆشی و خاکفرۆشییەی نەوەی داھاتوومان؟! ھیوای خۆت بۆ داھاتووی ئەم خاکە بە چ چارەسەرێکەوە پەیوەست کردووە؟! با من پێتی بڵێم کەوا ھیچ ھیوایەکی گۆڕانکارییەکی دەستبەجێ بوونی نەماوە، چونکە کاتێ دەسەڵاتێکی فاشیمزمی وەکو ئەم دوو بنەماڵەیەی ئەمڕۆ بەتەواوی خۆی جێگیر دەکات لەناو نەتەوەیەکی نەزانی وەکو کوردا ئیتر تاکە ھیوا گۆڕانکارییە لەڕێگای نەوەی داھاتووەوە. دەزانیت ئەم گەنجانە لەخۆوە خۆفرۆش و خاکفرۆش دەرنەچوون، ھەر ھەمان ئەو دوو بنەماڵە خۆفرۆش و خاکفرۆشەیە مناڵان ھەر لە بچووکییەوە ھەتا پێگەیشتن خۆفرۆش و خاکفرۆش پەروەردە دەکات، ئەگینا مناڵێکی لەم شێوەیە کە ھیچ ئاقڵی بە ژیان ناشکێ چۆن بەشانازییەوە ئەڵێ من خۆفرۆش و خاکفرۆشیشم و گاڵتەی بە کەسێک دێت کە دەڵێت نیشتمانپەروەرم؟! نەخێر، ئەمەش تەنھا یەکێکی ترە لە پلانەکانی ئەم دوو بنەماڵە خێڵەکییە بۆ گەمژەکردن و نەزانکردنی ئەم میللەتە دواکەوتووە، ئەویش بەوەی ھەر لە مناڵییەوە خۆفرۆش و خاکفرۆشیان بکەن!...
پەروەردە بەھێزترین چەکی ھەموو ژیانە، سەیرێکی مێژوو بکە... سپارتا جەنگاوەرانی ھەر لە مناڵییەوە بەشێوازێک پەروەردە دەکرد کەوا گەورەترین سەربەرزی ژیان بریتییە لە مردن بەلای پاشاکەیانەوە لەجەنگدا. گەر پەروەردەیەکی لەم شێوازە نەبا چۆن سپارتاکان ئامادە دەبوون لە جەنگێکی وەکو ثێرمۆپیڵی تەنھا بە 300 سەرباز ڕووبەڕووی زیاتر لە 100,000 سەربازی فارس ببنەوە بەبێ گومانی ئەوەوە کەوا ھیچ بەختێکی سەرکەوتنیان نییە و لەکۆتاییا ھەر دەمرن؟! بەڵام مردن لەو حاڵەتەدا ھیچ گرنگ نەبوو، چونکە ئەوان وا فێرکرابوون کە ئەمە مردنێکی شکست خواردووانە نییە، بەڵکو ئەمە مردنێکی جوانە بەلای پاشاکەیانەوە، لیۆنایدەس، و تەنانەت گەورەترین سەربەرزی ژیانە! سەیرکە، بەم پەروەردەیە ھەستێکی ھێندە بەھێزی نیشتمانپەروەری لەناو جەنگاوەرانی سپارتا جێگیرکرا کەوا بوو بە سیمبولێک کە دوای زیاتر لە 2,000 ساڵیش ئەمڕۆ ھەر پەندی لێوەەدەگیرێت و بە نموونە دەھێنرێتەوە! دەزانیت گەر ئەم ھەستە نەبا ھەموو یۆنان لەناو دەچوو و دوابەدواشی کێ دەیزانی فارس چی لە ئەوروپا دەکرد گەر پێی گەیشتبا؟!...
سیمبولێکی تری نیشتمانپەروەری لەم شێوەیە لە نەتەوەی ساموڕایدا دەبینرێت. دوای جێگیربوونی سیستمی حکومڕانی ئەوروپی لە یابان، حکومەتی یابان بڕیاریدا ساموڕای لەناو ببات تا بەتەواوەتی ژیانێکی ئەوروپی لە یابان جێگیر بکات و کۆتایی بەژیانی کلتوری و نەتەوەیی کۆنی ساموڕای بھێنێت لەخاکەکەیدا. ڕوون بوو کەوا شمشێر و تیروکەوانەکانی ساموڕای ھیچ ھەلێکی سەرکەوتنیان نەبوو دژی تۆپ و گوولە و ڕەشاشی سەربازانی یابان، بەڵام بەشانازییەوە بە سواری ئەسپ و پۆشینی بەرگی ساموڕای و ھەڵدانی ئاڵا و دروشمی نەتەوەیی و بە پێشڕەوی دوا سەرکردەیان بەناوی کاتزیمۆتۆ، ڕووبەڕووی سەربازانی یابان بوونەوە و تا دڵۆپە خوێن قوربانیان بۆ خاک و گەل و نیشتمانی خۆیان دا. ئەمەیە ھەستی نیشتمانپەروەری خۆشەویستی بۆ خاک و گەل، گەر پەروەردەی ژیرانەی ژیانی ڕێچکەی ساموڕای نەبا چۆن قوربانییەکی لەم شێوەیە دەدرا ھەر لەلایەن گەنجترین تاکی ساموڕایەوە تا پیرترینی گەرچی مردن دەرەنجامێکی ڕوون و ئاشکرابوو لەو جەنگەدا؟! خۆ ھەرچەندە لەدوای ئەو جەنگە بەتەواوی نەتەوەی ساموڕای کۆتایی ھات، بەڵام ئەم ھەستە بەھێزەی نیشتمانپەروەرییە ھەرگیز ڕێگەی نەدا قوربانییان بەزایەبچێت، بۆیە تا ئەم دنیایە ھەبێت ساموڕای ھەر ناوی دەبێت...
دەزانیت کەوا ھەر ئەو یابانەی ئەمڕۆ دەیبینیت، کە باوکی زانست و تەکنەلۆژیایە لەھەموو کیشوەری ئاسیا، ھەر ئەو یابانە بوو کە یەکەمین چەکی ئەتۆمی لەسەر تاقیکرایەوە و خوێندکارانی دوای جەنگی جیھانی دووەم لەسەر شەقامەکان وانەیان دەخوێند لەبەر ڕووخانی ھەموو خوێندنگاکانیان؟! گەر پەروردەی ژیرانەی یابان نەبا بۆ ئەو خوێندکارانە تا زانست و تەکنەلۆژیا بکەنە سەروەر لەژیان ئیتر چۆن دەگەیشت بەم ئاستەی ئەمڕۆ لەکاتێکا لەسەر شەقامەکان وانەیان دەخوێند؟!...
پێمبڵێ، چۆن کەسێکی تیرۆرستی وەکو داعش، ئامادە دەبێت تەقەمەنی لەھەموو جەستەی خۆی ببەستێت و بەشانازییەوە خۆی بکاتە قوربانی و خۆی بتەقێنێتەوە گەر بەشێوازێک پەروەردە نەکرابێت کەوا خۆتەقاندنەوە بەم شێوەیە سەربەرزییە و گەورەترین پاداشتی ژیانی لەپشتە؟!
ئەی چ ئەقڵێک وێنای ئەوە دەکات کەسێکی وەکو ھیتلەر لەکاتێکدا وتار دەدات و ھاوار دەکات کە من ھەموو جیھان داگیر دەکەم و خوێن دەڕێژم ئەو خەڵکەشی کە گوێی بۆ دەگرێت شانازی پێوەبکات و سەربەرزبێت پێیەوە، گەر ئەوە پەروەردەی زیرەکانەی ھیتلەر نەبێت بۆ ئەو خەڵکە کەوا ئەو داگیرکاری و خوێنڕشتنەی دەیکات سەربەرزی و شانازییە؟!...
ئێستاش پێمبڵێ، گەر ئەوە پەروەردەی ئەم دوو بنەماڵە خۆفرۆش و خاکفرۆشە نەبا بۆ ئەم میللەتە ئەوا گەنجەکان و نەوەی داھاتوومان بەم شێوەیە خۆفرۆش و خاکفرۆش دەبوون و شانازییان دەکرد بە قوربانی کردنی خاک و نیشتمانیان تەنھا بۆ ژیان و ویست و خواستە تایبەتی خۆیان؟!
ھەرگیز ھیچ ھەستێکی نیشتمانپەروەری و قوربانی دانێکی وەکو سپارتا و ساموڕای دروست نابێت گەر پەروەردە نەبێت، وە ھیچ ھەستێکی زانست و تەکنەلۆژی پەروەری وەکو یابانیش نابێت گەر پەروەردە نەبێت، تەنانەت ھیچ ھەستێکی داگیرکاری و خوێنڕێژی وەکو ھیتلەر و داعشیش نابێت گەر ھەر پەروەردە نەبێت، وە بەدڵنیاییشەوە ئەم ھەستی خۆفرۆشی و خاکفرۆشی تاکی کورد نابێت گەر پەروەردەی خۆفرۆشی و خاکفرۆشی ئەو دوو بنەماڵە پارە پەرستە نەبێت. پەروەردە باوکی ھێز و دەسەڵاتە بەسەر گەل و دایکی قوربانی دانە بۆ خاک و نیشتمان! تەنھا بزانە چۆن پەروەردە بەکاربھێنیت، ئیتر تۆ کلیلێکی ھێز و دەسەڵاتت لەناو دەستە. ئینجا بۆ باش بەکاریدەھێنێت یاخود خراپ دەکەوێتەوە سەر خودی خۆت، ئایا تۆ وەکو ئەم دوو بنەماڵەیەی ئەمرۆ خۆفرۆش و خاکفرۆشیت، یا ئەوەتا وەکو سپارتا و ساموڕای نیشتمانپەروەریت.
وەک وتم، کاری من لێرە تەنھا لەگەڵ ئەو نیشتمانپەروەرە دەگمەنانەیە کە تەنانەت دوای ئەم ھەموو سوکایەتی و گاڵتەجارییەی لەم خاکەیا دەکرێت ھەر کۆڵنادەن و ھێشتاش ھیوایەکیان تیا ماوە. بۆیە ئێستا بۆ ھەموو ئەو نیشتمانپەروەرە دەگمەنانەی کە وەکو من لەم ناوجەرگەی خۆفرۆشی و خاکفرۆشییە لێرە کۆبوونەوە دەنگی منیان پێدەگات، تاکە پەیامم بۆ ئێوە و داواکاریم بۆتان تەنھا بریتییە لە دووبارە پەروەردەکردنەوەی گەنجەکانمان بە نیشتمانپەروەری. تاکە چەک بتوانێت بەرپەچی پەروەردە بداتەوە ھەر تەنھا خودی پەروەردە خۆیەتی، بۆیە گەر ئەوان پەروەردەیان بەکارھێنابێت بۆ ڕووخاندنی ئەم میللەتە بە خۆفرۆشکردن و خاکفرۆشکردنیان ئەوا ئێمەش ھەر پەروەردە بەکاردەھێنین بۆ ھەستاندنەوەی ئەم میللەتە بە نیشتمانپەروەرکردنیان. ھیچ چارەسەرێکی تر بوونی نییە، کورت خایەن یا درێژخاین، تاکە چارەسەر تەنھا پەروەردەکردنەوەی نەوەی داھاتوویە پێش ئەوەی ئەمانیش بەتەواوی لەدەست دەربچن و بگەنە پێگەیەک وەکو ئەمانەی ئەمڕۆ شانازی بە خۆفرۆشی و خاکفرۆشییەوە بکەن. گەر ئێمە توانیمان بەشێوازێک پەروەردەیان بکەین کەوا "قێزیان لەم حاڵەی کورد ببێتەوە،" بە ھەستکردنیان بەوەی کە ھەموو سەرکردە و پێشڕەوان و نوێنەرانیان خۆفرۆش خاکفرۆشن، ئیتر بوێری ئەوەیان دەبێت چیتر ئەمە قبوڵ نەکەن و بەھەر ڕێگایەک بێت بەدەنگ بێن لەئاست ئەم ھەموو سوکایەتی و گاڵتەجارییەی بەم میللەتە دەکرێت لەلایەن ئەو دوو بنەماڵەی خێڵەکییە پارە پەرستەوە، و بەدڵنیاییەوە، گەر دەنگی نیشتمانپەروەران بەپێی کات بەرزتر و بەزرزتر بۆوە ئەوا دەسەڵاتی خۆفرۆش و خاکفرۆشان نزمترم و نزمتر دەبێتەوە.
ئەمە، تاکە ھیوا و چارەی ڕزگاربوونی کورد و کوردستانە، تەنھا پەروەردە و کات. گەر نیشتمانپەروەری لەناو نەوەی داھاتوو جێگای خۆی گرت، قوربانی دانیش بۆ خاک و نیشتمان جێگای خۆی دەکاتەوە لە داھاتوودا. کە مرۆڤیش گەیشتە ئەو ئاستەی بە شانازییە خۆی بکاتە قوربانی ئیتر تەنانەت خوێنڕێژیش توانای وەستاندنی نابێت، بۆیە ھیچ دوور نییە ئێمەی گەوھەرانی نیشتمانپەروەری ئەمڕۆی کورد گەر نەوەی داھاتوومان بەو ڕادەیە نیشتمانپەروەر پەروەردە کرد کەوا ئامادەی قوربانیدان بن ئەوا لەداھاتووا ببینە ڕەگی بەرپابوونی شۆڕشی ئازادی کورد و کوردستان لەژێر دەسەڵاتی بێ ئابڕووی دوو بنەماڵەی خێڵەکی بەکرێگیراوی دوژمنانمان....!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە