ئەوەی لە بەغداد گەڕایەوە یان ڕاونراوە یان بووە بە مردووی ناوپێخەف!

Sunday, 29/12/2019, 22:46

8484 بینراوە


بەغداد هەمیشە لە لایەن زلهێزەکان، ئیران و پارتە عەرەبیی و کوردییەکان کراوە بە ناوەندێکی سەرەکیی بۆ کێشانی نەخشەی سیاسیی ڕابردوو و داهاتووی عیراق و باشووری کوردستان، لە هەموو بارودۆخێکدا کە بەغداد بەهێز بووبێت یان بێهێز ئەوا سەرانی پارتی و یەکێتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان چارەنووسی پرسی کوردیان خستۆتە ژێر ڕەحمەتی دەسەڵاتدارانی بەغداد و گەمەی سیاسەتی نێودەوڵەتی.
دوای ڕووخانی سەدام، سیستەمی پشک و تەوافقی سیاسی لەلایەن ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی ئیرانەوە کرا بە بنەمایەک بۆ داتاشینی پەیکەری دەسەڵاتی حوکمڕانی لە عیراقدا. ئەوان هەمان سیستەم + دەسەڵاتی بنەماڵە و خێزانیان لە هەرێمیشدا بەسەر گەلانی کوردستاندا سەپاند. واتە بارودۆخ و سروشتی دەسەڵاتی حوکمڕانی بەغداد و هەرێم هاوشێوەن، پارتەکان لەسەر بیناغەی پشک لە پۆستی سیاسی و دزینی سامانی گشتی حکومەتی بنەکە فرەوانیان لە هەرێم پێکهێناوە و عیراق ئاسا بەگشتی زۆرینەی سادە بێبەشن لەو پشکە و دەسەڵات بە دەست حزبەکانە!
دەسەڵاتدارانی هەرێم وەک دەسەڵاتدارانی عیراق هەمان بەرهەمی سیاسیان هەیە، گەندەڵی لە دەسەڵاتی حوکمڕانیدا دیاردەیەکی زەقە، هەردوو دەڤەر بوون بە یەکێک لە ویلایەتەکانی ئیران و قاسم سلێمانی دەسەڵاتی ڕەهای هەیە. ئەم واقیعە ١٦ ساڵە لە عیراقدا پەیڕەو دەکرێت بەڵام لە هەرێم تەمەنێکی درێژتری هەیە کە ٢٨ساڵە، سەرەڕای ئەوەش لە ئەنجامدا خەڵکی ناڕەزاو نیشتمانیپەروەر لە عیراقدا دەنگی بەرزکردۆتەوە و داگیرکردنی ئیرانی قبوڵ نییە، بەڵام ئەو هەستە نیشتمانییە و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی ئیران لە باشووری کوردستاندا لەنێو زۆرینەی سادە و شەقامی کوردیدا ئەگەر هەش بێت لە نوزەیەک بەولاوە هیچی دی نییە! لەسەر ئاستی پارتی ئۆپۆزسیۆن و سەرانیشیان ئەو خاڵە بێ دەنگی لێ کراوە، تا هەنوکە هیچ لایەنێک هیچ سەرکردەیەکی سیاسی ئەو خاڵەی نەوروژاندوە، کە بۆ دەبێت باشووری کوردستان لەلایەن ئیرانەوە داگیر بکرێت؟ بۆ دەبێت قاسم سلێمانی دەسەڵاتداری یەکەم بێت؟ ئەو کەی بیەوێت پارتە کوردیەکان لە یەک نزیک بکات و کەی بیەوێت لە یەکیان بەردات! بۆ دەبێت قاسم سلێمانی کاندیدی پارتێکی کوردی بۆ پۆستە باڵاکانی وەک سەڕۆک کۆماری عیراق لە سێ خولدا سەربخات، کەی ئارەزووشی بوو بە چاوسوورکردنەوەیەک دەریانپەڕێنێت! بۆ باشوورییەکان ئەو پاشکۆیە و جاشایەتیەی حزبە کوردییەکان ناخەنە ژێر پرسیارەوە؟
ئەگەری هەیە کە زۆرینەی سادە و شەقامی کوردیی بێ ئاگابن لەو واقیعە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوانەی لە بواری میدیا و سیاسەت کار دەکەن، ڕۆشەنبیری کورد و نووسەر و شاعیرەکانی ئەو ڕاستییە دەزانن و دەرکیان بە مەترسیەکانی کردوە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ڕۆڵی مێژووی خۆیان ببینن، خەڵک هۆشیار بکەنەوە لەوەی کە باشووری کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە سەرانی پارتەکان سازشیان لە سنووری جوگرافیای کردوە، ئەزموونی هەرێم جگە لەوەی کە لەژێر دەسەڵاتی ناوەندە لەلایەن ئیران و تورکیاوەش کۆنتڕۆڵ کراوە، واتە باشوور داگیرکراوە لەسەر ئەو بیناغەیە هەستی نیشتمانیی خەڵک ببزوێنن و لە قەوارەیەکدا کۆیان بکەنەوە لەبری ئەوەی لە خۆپیشاندانەکان داوای موچە بکەن داوای ڕزگارکردنی نیشتمان بکەن!
ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە کە هەمان هۆی سیاسیی و ئابووریی و ئیداری لە کوردستانیشدا هەن، کە تا ئێستا هیچ کەسێک بەرەنگاری نەبۆتەوە وەک ئەوەی کە شەقامی عەرەبی لە عیراقدا ئەمڕۆ بەرەنگاری بۆتەوە، هەروها پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە تا هەنووکە زۆرینەی سادە و خەڵکی شەقامی باشوور لە داگیرکردنی کوردستان بێ ئاگان یان خۆیانی لێ گێل دەکەن، بۆیە دەبینین چەند جارێک خۆپیشاندان بووە بەڵام کەس دروشمی ڕزگارکردنی کوردستانی هەڵنەگرتووە! کەس نەیگوتوە ئیران بۆ دەرەوە! نا بۆ دەسەڵاتی قاسم سلێمانی!
زۆرن ئەوانەی پێیان وایە کە دۆخی ئەمڕۆی عیراق، ڕاپەڕینی میللی لە باشوور و ناوەڕاستی لەبەرئەوەیە کە پارتە شیعیەکان لەنێوان خۆیاندا نەگونجاو ناتەبان و میللەت دژ بە یەک هاندەدەن! ڕاستە ماڵی شیعە یەکگرتوو نییە، بەڵام هەرگیز ئەو جوڵانەوە میللیەی عیراق هۆیەکەی ئەوە نییە، ئەڵبەتە سروشتی دەسەڵاتی حوکمڕانی و جۆری بەڕێوەبردنی وڵاتەکە هۆی سەرەکیی ئەو ڕاپەڕینەن، بەڵام گریمان ئەوە ڕاستە، بەگوێرەی دروشمی خۆپیشاندەران بێت ئەوا ناتەبایی ماڵی شیعە لەسەر چەند خاڵێکی مەبدەئییە وەک، ناکۆکی دەربارەی سەربەخۆی عیراق و دەرکردنی ئیران. هەموارکردنەوەی دەستور، پاراستنی یەک پارچەی عیراق! یان کاندید بۆ پۆستە باڵاکان لەسەر بیناغەی هاووڵاتی بوون بێت نەک لەسەر بیناغەی پشک! لە باشووری کوردستاندا ناتەبایی ماڵی کورد هیچ کاتێک لەبەرئەوە نەبووە کە دەبێت سەربەخۆی کوردستان بپارێزێت، یان دەبێت سوپای تورکیا لە باشوور نەمێنێت، یان گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر کوردستان! یان قاسم سولەیمانی نابێت دەسەڵاتدار بێت لە کوردستان! یان نابێت چاوشئۆغلو بۆ کوردستان بێت!
هەر لێپرسراوێکی کورد کە لە بەغداد لەسەر میلاکی نەتەوەی کورد پۆستی باڵای وەرگرتووە کە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان لەبەرئەوە نەبووە پێداگری کردوە لە پرسی کورد، یان گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکان بۆ سەر هەرێم، یان هەڵوێستێکی پیاوانە و مەبدەئیانەی نواندبێت، یان سەرپێچی لە یاسایەک کردبێت کە دژی بەرژەوەندییە نیشتمانیی و نەتەوەیەکانی میللەتی کورد بووبێت، ئەڵبەتە ئەوانە کاتێک کە بەغدادیان بەجێهێشتووە یان ڕاونراون وەک ئەندام پەرلەمانەکانی خولی ڕابردوو کە بە چەپڵەڕێزانەی خۆپیشاندەران لە بەغداد وەدەرنران، یان کەوتوون و بوون بە مردووی ناوپێخەف وەک جەلال تاڵەبانی، یان خولی پۆستەکەیان تەواو بووە وەک فوئاد مەعسوم، یان لەسەر دزی وەدەرنراون وەک هۆشیار زێباری، یان ئیران هەڕەشەی لێ کردوون ڕایانکردوە بۆ سلێمانی وەک بەرهەم ساڵح!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە