چۆن هەڵکەوت زاهیر بۆ یەکەم جار دە هەزار دۆلار خەڵات کرا؟

Monday, 30/12/2019, 18:15

23141 بینراوە


سەخیفترین و بێ ئەرزشترین بەرنامەی کێبڕکێ و پرسیار، لە مێژوودا لە کەناڵێکی لۆکاڵی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
ئەو بەرنامەیە بە پارەی دزراوی میللەت و قووتی هەژاران لە هەولێری پایتەخت بە ڕێوە دەبرێت، وابزانم ناوی "بەرنامەی فرسەتە"
میوانی ئەوجارەیان هەڵکەوت زاهیرە، کە بە مامۆستا و زانا و ئاوازدانەر! ناوی دەهێنن، لەگەڵ کچە گۆرانیبێژێک بە ناوی دینە، کە هەر زوو زوو بە هەڵکەوت زاهیری دەیگوت مامۆستا.. مامۆستا ...
پرسیارکە بۆ خەڵاتی 10,000 دە هەزار دۆڵار ئامادە کرابوو، لەو جۆرە پرسیارانەیە کە لە دایەنگا و باخچەی ساوایاندا بۆ مناڵان دادەنرێت تاکو مناڵان فێری وەڵامدانەوە و بیرکردنەوە ببن...
پرسیار: ناوی ئامرازێکی گواستنەوەی گشتی؟
وەڵام: "هەڵکەوت زاهیر": پاص!
جمهوری دەوری مەنەسە: چەپڵە و دەستخۆشی
پرسیاری دووهەم: ئەگەر شەو لە نەخۆشخانە بمینیتەوە جی لەگەڵ خۆت دەبەی؟
وەڵام: جلی خەو!
جمهور: چەپڵە و دەستخۆشی
پرسیاری سێهەم: ناوی شتێک بڵێ کە دەفڕێ؟
وەڵام: باڵندە!
جمهور: چەپڵە و دەستخۆشی
پرسیاری چوارهەم: چ شتێک لە ئاوێنەی ناو ئوتۆمبێل هەڵدەواسرێ؟
وەڵام: تەزبێح!
جمهور: چەپڵە و دەستخۆشی
پرسیاری پێنجەم: ناوی زاراوەیەکی زمانی کوردی بڵێ؟
وەڵام: سۆرانی!
جمهور: چەپڵە و دەستخۆشی
هەمان پرسیاریش بۆکچە گۆرانیبێژەکەش دووبارە کرایەوە!
هەژار موکریانی کە باسی خاوەن بروانامەکانی کورد دەکات، کە چۆن لە ساڵانی شەستەکان و حەفتاکاندا لە ڕووسیا گەڕاونەتەوە و بوون بە زانا و دکتۆر ئەڵێ:
ئەوەی لێیانەوە فێر بووم ئەوە بوو، زانیم شتێک کە ئەیزانن و فێری بوون تەنیا (نەزانینە...!)

ئاوەها  ئەوەها دەگێڕێتەوه.

ئەڵێ: شەوێک میوانی"پرۆفیسۆر بەکاییف" بووین، کە کوردێکی ئەرمەنستانە و مامۆستایە لە دانشگای زمانەکانی رۆژهەڵات. پرۆفیسۆر " قەناتی کوردیف" هاتبوو بۆ مۆسکۆ فەرهەنگی ڕووسی - کوردی چاپ بکات. لەو دانیشتنەدا باسی دەردە دڵ و حاڵی پەرێشانی کورد دەکرا:
بەکاییف گوتی: کچەکەی " گیو موکریانی " بە ناوی "کوردستان" هاتبوو لەسەر زمانی کوردی لێکۆڵینەوە بکات و بخوێنێ. . پێم خۆش بوو کە بە منیان سپارد.
لێم پرسی: کچم لە کام زاراوەی کوردیدا دەتەوێ لێکلۆلێنەوە بکەی و دکتۆرا بستێنی؟
کوردستان گیوموکریانی لە وەڵامدا وتی: لە زمانی مامم؛ حوسێن حوزنیدا.
هەر کە ئەمەی وت خۆم لەدەرس پێگوتنی کێشایەوه! چونکە نەمزانیبوو ، کە حوسێن حوزنی زمانێکی سەربەخۆی تایبەت بەخۆی هەبووە.
گوتم: زۆر لەوانەی لە ڕووسیا دەرچوون و هاتوونەتەوە عێراق، ناویان دکتۆرە و هیچ نازانن!
بە کاییف گوتی: هەموو گوناهی ئەم قەناتی کوردیفەیه!
لەو لاوە کە کوردیف دانیشتبوو،  توڕە دەبێت و دەڵێت: من بۆچی؟
ئەویش وەڵامی ئەداتەوە و دەڵێت: چەند جارم پێگوتی کەسێکی وەک نەسرین فەخری، مارف خەزنەدار و کاوس قەفتان بە ئاسانی و بەناوی تەعەسوبەوە کارنامە (بروانامە) یان مەدەیە؟ ئەوانە دەچنەوە لە کوردستان دەبنە مامۆستا، مێشکی هەزاران کوڕ و کچی کورد تێک دەدەن! هەر گوتت: ئاخر کوردن؛ چۆن دەریان نەچێنم؟!

جا هەژار موکریانیەکی ترمان چۆن دەست بکەوێت ئەم نەهامەتی و داماویە و ڕاوڕووتەمان بە نەوەکانی داهاتوو بگەیەنێت، کە مامۆستاکانمان لەسەردەمی شۆڕشی تەکنۆلۆجیایە بە چ پرسیار و وەڵامێکەوە خەڵات کراون!
یا کێ دەبێتە قانع و بە هۆنراوەیەک باسی ئەم سەردەمی جەهالەتەی دەسەڵات و مییدیای کوردییان لە داهاتوودا بۆ بکاتەوە.
قانعی شاعیر ئاوەها ئەویش باسی سەردەمەکەی خۆیان و جەهالەت و نەزانی ئەوساتانەمان بۆ دەکات:
وا دراوسێ کەشفی مانگ و ڕۆژ ئەکەن، ئێمەش شوکور
کاکە دەروێش وا خەریکە، کەشفی دۆڵەی نان ئەکا
مامۆساکانمان ئەڵێن زۆر سوننەتە سواری بە کەر
ھەر کەسێ سواری بە فۆرد کا، خۆی شەریک شەیتان ئەکا
ئەو بە تەییارەی نەفاسە تەی ئەکا ڕێگەی وڵات
ئەم بە سواری کەر خەیاڵی سوریا و لوبنان ئەکا
کافرە سەگبابەکان کەی سنعەتە تەلسز ئەکەن؟
حەمدولیللا کوردی ئێمە قووڵینە و تەیمان ئەکا
قانعا! بێ سوودە، یا شێخ دوژمنی پێشکەوتنە
ھۆش و بیر و یەکیەتی، دەردی وڵات دەرمان ئەکا

ئاخر لەوانەیە هەر ئەم هۆکاری مامۆستا مامۆستایەش بووبێ، کە کاتی خۆی  وا لەکابرایەکی نەخوێنەواری وەکو مەلا مستەفای بارزانی دەکات تا بڵێ: قەبووڵمە پێم بڵێن " گەواد " نەک بانگم بکەن "مامۆستا" !

وەک باس دەکەن، جارێکیان مامۆستایەکی ئاینی ناودار سەردانی مەلا مستەفا دەکا و وەک ڕێزیک بۆ بارزانی پێی دەڵێت "جەنانبی مامۆستا" ، بەمە بارزانی زۆر تێکدەچێت و بەسەر مەلای داماودا دەشیڕێنێت! ئیتر بۆ دامرکاندنەوەی ڕق و هەڵچوونەکەی مەلا مستەفا، کەسیک لە مەجلیسەکەدا ڕوو دەکاتە مستەفا بارزانی و ئەڵێ: ئەزبەنی مەبەستی لە ناوهینانی مامۆستا بۆ من بوو نەک بۆ تۆ بەڵام کابرا لیی تێکچوو، ئەڵێن ئیتر بەمە مەلا مستەفا لە کابرا خۆش بووە. جا ئەم بەسەهاتەی مەلا مستەفا زۆر جار کابرایەک هەبوو ساڵانی حەفتاو هەشتاکان، ئەو سەردەمە ئیمە مناڵ بووین ئەویش ئەسپ و عارەبانەی هەبوو دەسوڕایەوە وابزانم نەوت یان سەوزە بوو دەیفرۆشت زۆر یادم نەماوە، ئیتر مناڵ بووین دوای عەرەبانەکی دەکەوتین و لە دواوە خۆمان پیادا هەڵدەواسی و هاوارمان دەکرد " دەمانگوت:
حاجی بەغای نەدیوە"
ئیتر کابرا بەمە گڕی دەگرت و بە جنێوو قامچی وەشاندن دوامان دەکەوت. جا ئەم مەسەلەی بەکارهینانی ووشەی مامۆستایە بۆ بارزانی تا ڕادەیەک وەک کابرای عارەبانچی وابوو بەڵام ئەم چونکە سەرکردەی حزب بووە کەس نەیوێراوە بەمە تووڕەی بکا!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە