وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت کاری تیرۆریستی لە دڵشاد بارزانی قبوڵ ناکەین


ڕای من لەسەر وتە بەنرخەکەی بیرمەندی گەورەی عەرەب (حەسەن عەلەوی)

Thursday, 01.02.2020, 8:47

2207 بینراوە


ئەو کەسایەتییە کە دەمانەوێ ئەمڕۆ لە ووتارەکەمان دا باسی کەین تەمەنی ڕامیاری و ڕۆژنامەگەریی لە ماوەی تەمەنی نووسەری ئەم ڕستانە درێژترە. تۆمارگەی ژیانی پڕە لە شەڕە قەڵەم و ڕوو بەروو بوونەوە لەگەڵ نەیارەکانی و ڕەکەبەرەکانی ڕامیاریی دا. هەر لەسەرەتای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دا تاکو ئێستا لە ململانی هزری دایە لە گۆڕەپانی ڕامیاری و ڕۆژنامەگەری عەرەبی و عێراقی دا. ئەم بیرمەندە گەورەیە (حەسەنی عەلەوی)ه کە ئەمڕۆ تەمەنی نزیکەی نەوەد ساڵە پڕە لە پێدان و ڕوو بەروو بوونەوە. بەلام، هێشتا دەنگێکی بەرزی هەیە وەکو گەنجیکی سی ساڵە، بەتایبەت کاتی کە بە شێوازی بەغدادی وڵامی پڕسیارەکانی وتەبێژەکە ئەداتەوە. خوێنەری هێژا، لەم پێشەکیە کورتە دا ئەمەوێ شتێک بڵێم دەر بارەی شاری بەغدا کە تەنها خۆم بەرپڕسم لێ، ئەمەیش وەهایە: ئەوانەی کە شاری بەغدایان دروست کرد لەسەرەتای هەزارەی دووەم پێش زایین کوردونیاشەکان (کاشیەکان =کاسییەکان) بوون. نێویان لەو شارە نا بەغدا، واتا بەغ بە ئێمەی دا، بەغیش لەو سەر دەمە نێوی خودا بوو، پاشان کە دینە کوردیەکە ونبوو ڕۆژگار کارتێکرد بەغ یا بەگ لەبەر کرا وکو چۆنیەتی بۆ کەسایەتی نێودار. بەهەر حاڵ. بابەتەکەمان ئەمە نییە، بابەتەکە ئەوەیە کە پێش چەند ساڵێک نازناوی "شێخی بەغدا" دایان بە کابرایەک بە ناوی (عبد الحسين محفوظ)، بەڵام من کە نەوەی ئەو کوردانەم کە بەغدایان دامەزراند پێشنیار ئەکەم نازناوی شێخی بەغدا بدرێ بە بیرمەند (حەسەن عەلەوی) کە شایانێتی. خوێنەری بەڕێز، لەسەر ئاستی نەتەوەی عەرەب، هەرچەند خۆی ناشونالیستیکی عەرەبە، بەڵام هەر قسەی خۆی ئەکا ئەگەر لە بەرژەوەندی عەرەبیش نەبێ و هەندی عەرەبی سەر گەرم تووڕە لێ بن. پێش چەند ساڵێک بە چاوی خۆم حەسەنم بینی لە یەکێک لە تەلەفیزیونە عەرەبیەکان بەدەنگی بەرز گوت: کەرکووک شاریکی کوردیە، باو باپیران کوردەکان پێش پێنج هەزار ساڵ لە شاخەکانی دەوروبەری کەرکووک هاتنە خوار و دروستیان کرد. پاش ئەم قسە نەستەقە، وتە دروستە بە چەند ساڵێک، دیسان جارێکی تر (حەسەن عەلەوی)م بینی لە چاو پێکەوتنێک دا لە گەڵیا لە یەکێک لە کەناڵە عەرەبیەکان گوت: ڕؤژێک لە ڕۆژان لە یەکێک لە وڵاتە ئوروپیەکان بووم، ڕۆیشتم بۆ یەکەێک لە مۆزەخانەکانیان - ئەگەر هەلە نەبم مۆزەخانەی "لۆڤەر= Louvren" بوو- ئەڵێ چاوم کەوت بە بەردەنووسێک بە خەتی بزماری چەند دێڕیک لە سەری نووسرا بوو، ئەڵێ: لە بەرپڕسی ئەو یەکەیە پڕسیاری لێ کرد ئایا دەتوانی ئەمە وەڕگێری بۆم؟ وتی بەڵێ. گوتم چیە؟. گوت: ئەمە پەیمانیکە تەمەنی هەزاران ساڵە لە نێوانی شای فارس و شای بابل دژ بە خەڵکی شاخەکانە. هەڤاڵ (حەسەن عەلەوی) گوت: ئەم پەیمانە دژ بە کورد بوو. بەدوایا وتی: ئەم پەیمانە شێوەی هەمان پەیمانی جەزائیرە کە لە ساڵی ١٩٧٥ی زایینی لە نێوان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرش لە عێراق سەدام حوسەین و شای ئێران محەمەد رەزا پەهلەوی بەسترا دژ بە گەلی کورد. بەڵام مەبەست لەم ووتارە ئەم دواییە کە ئێستە باسیکەم. پاش ماوەییک کەناڵی تەلەفیزیونی "سامرا" لە بەرنامەی "پانوراما" چاوپێکەوتنێک لە گەڵی بیرمەندی عێراقی (حەسەن عەلەوی) ئنجام دا. من لێرا ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە کوردەوە هەیە ئەی نەمە بەر دەستی خوێنەری کوردی بەڕێز، هیوادارم سەرکەوتو بم لە وەڕگێرانەکەی چونکە من ئەم ووتارە بە زمانی عەرەبی نووسیم پاشان بینیم باشترە ئەگەر وەڕیگێرم بۆ زمانی کوردی تا خوێنەری کوردی کە عەرەبی نازانی کەڵکی لێ وەرگری. پێشکەشە عەرەبەکە بەهۆی لووت بەرزی ڕەگەزپەرستی عروبی دا پڕسیاری لێ کرد: کام نەتەوە لایانگری عەرەبە - بەڵام ماناکەی بە عەرەبی ناشرینە پێ ئەڵێن موالي- هەڤاڵ حەسەن یەکسەرە وڵامی توندی دایەوە و گوت پێ: ئەمانە - کوردانە- لایانگر نیین " ليسوا موالين" ئەمانە هاوبەشن "شركاء" پاشان قسەکەرەکە قسەکەی ڕاست کردەوە و گوت: بێگومان هاوبەشن بۆ نەتەوی عەرەب. پاشان هەڤاڵ حەسەن بەردەوام بوو لە قسەکانیا وتی: گەلی کورد لە عێراق دا دەبێ مافیان لە عەرەب زیاد تر بێ، چونکە ئەمان بوونیان لەسەر ئەم ئەرزە کۆنترە لەعەرەب. قسەکەرەکە پڕسیار دەکا: ئایا لە خودی عەرەب؟. مامۆستا عەلەوی دەڵێ: بیگۆمان "طبعا". دیسان پێشکەشکەرەکە پڕسیار دەکا: کەی عەرەب هاتن - بۆ عێراق-. هەڤاڵ حەسەن ئەڵێ: ئەمە ١٥٠٠ ساڵە. پێشکەشکەرەکە قسکە پێ دەبڕی: بەمانای لە سەرەتای فتوحاتی ئیسلامی. مەبەستیەتی داگیرکردنی عەرەبی ئیسلامی بۆ ئەو وڵاتانە کە عەرەب نبوون. هەڤاڵ حەسەن وڵامی دەداتەوە: بەڵێ ئەمە١٥٠٠ سالە، پڕسیار دەکا: ئێستە چ ساڵیکی کۆچیە؟ ١٤٥٠یە، بە گوێرە ئەم مێژووە ئێمەی عەرەب پێش ١٤٥٠ ساڵ هاتینە ئێرا، دیسان حەسەن ئەڵێ: بەڵام گەلی کورد ئەمە ٦٠٠٠ ساڵی لێرایە؟. پێشکەشکەرەکە قسەکە پێ دەبڕی: بێگومان، ئەکەدیەکان و سۆمەریەکان و کوردەکان لە شیمال بوون. خوێنەری بەڕێز، پێشکەشکەری گەوج نازانی کە سۆمەریەکان دیسان کورد بوون، هەروەها نازانی کە نێوی کوردستان لە نێوی عێراق بەم سنوورە کە ئەمڕۆ هەیەتی زۆر کۆنترە؟ ئاخر کام شیمال ئەی بێگانە؟ برۆ سەیری دەستوورەکەتکە کە پێنج بار نێوی هەرێمی کوردستان تیا هاتووە بە بێ پاشگەزی عێراق؟ ئاگادار بە، هەوڵ نەدە کۆمەڵە وشەی ڕەگەزپەرستی لە فەرهەنگەکانی ڕەگەزپەرەستەکانی عەرەب لەبەرکەی، نیشتمانی کورد نێوی کوردستانە؟. بۆ زانیاری، پێش هاتنی عەرەب بۆ ئەرزی میسوپۆتامیا "مەیاندوو ئاو" وەکو تاڵانکەر، پێش ئەمانیش، هەر لەسەرەتای شارستانیەت دا نێوی نیشتمانی کورد بە نێوی خۆیەوە بووە، بە نێوی ئەم گەلە بووە لە پاڵ یەکدان پێ ئەڵێن: "سەرزەمینی کوردان= أرض الأكراد". خودی سۆمەریەکان پاش ئەوەی لە شاخەکانی کوردستان هاتنە خۆارەوە و لە کناری روباری دیجلە و فورات نیشتە جێ بوون بە کوردستانیان گوت: سەرزەمینی کاردا. ئاشوریەکانیش پێش لەناوبردنیان بەیەک جاری پێ گوتن: کورتی. بابلیەکانیش پێ گوتن: قاردو. بۆ زانیاری، سامیەکان باوە لایان پیتی "ک" دەیگۆرن بە "ق" هێشتا خرستیانەکان بە بەنک ئەڵێن بانق؟ بە کارت ئەڵێن قارت؟. عەرەبیش بە گریک کە یونانە ئەڵێن: ئیغریق؟. هەروەها برا سورانیەکانمان لە ئەوان وەریان گرتووە بە بانک ئەڵێن: بانق، بە فێرگە، خوێندنگە، ئەلێن قوتابخانە کە لە کێتابەوە "پەڕتووک" هاتوە. بمبورن، تۆزێک لە بابەتەکە دەرچوین. با بچینەوە سەر هەڤاڵ حەسەن کە ئەڵێ: نەتەوی کورد دەکەوێتە نێوان عەرەب و فارس. دیسان ئەڵێ: دان پێ نان بەم نەتەوەیە شتێکە و بوونی لە سەر ئەم ئەرزە شتی ترە. دیسانەوە ئەڵێ: نەتەوەی کورد لە مێژە بوونی هەیە ئەمە ٦٠٠٠ ساڵە لەم دەڤەرەیە، بەڵام عەرەبەکان ئەمە ١٤٥٠ ساڵە لێران؟. دیسان باسی نەتەوەی چوارم دەکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەڵێ: دەڤەرەکە وەهایە، عەرەب، تورک، فارس، ئەڵێ بەڵام ئێمەی عەرەب جوولەکە کردن بە نەتەوەی ژمارە چوار، کەچی ئەبێ کورد نەتەوەی ژمارە چوار بێ. هەر وەها ئەڵێ: کاتی کە کوردەکە قسە دەکا تاوانباری دەکەن کە زایۆنیستە، ئەڵێ بە دەسەڵات دارانی عەرەب: ئێوە زایۆنیستین کە دانتان بە ئیسرائیل نا، باڵویزخانە بۆی بازکردن، ئێوە زایۆنیستن نە کوردەکان، ئاخر کورد چی هەیە لە گەڵ ئیسرائیل؟. پێشکەشکەرەکە ئەڵێ: کورد هیچ پەیوەندیکی لەگڵ فەلەستین نییە. هەڤاڵ حەسەن وڵامی ئەداتەوە: بۆ، مەگەر نێوەی ئەفسەرانی سوپای عێراق کورد نەبوون لە فەلستین کوژران؟ دیسان پێشکەشکەرەکە ئەڵێ: "سەلاح الدین" لە کوردانە. هەڤاڵ حەسەن ئەڵێ: بەڵێ سەلاح الدین بەوکیانە. خوێنەری هێژا با لێرا کەوانەی بیکەمەوە تا شتێک لەم بارەوە بیگەم. لە ساڵی ١٩٤٨ گۆرانی بێژ (عەلی مەردان) چوو بۆ فەلستین لە وێ ئاهەنگێک سازکرد بۆ سەربازە کوردەکان کە ئەفسوس شەڕیان کرد دژی جووەکان. دیسان لە ساڵی ٢٠١٨ گۆرانی بێژی عێراقی "سەعدوون جابر" چوو بۆ شاری قودس و جەنین لە ئیسرائیل لە وێ چووە سەر قەبرانی ئەو سەربازانە لە وێ کوژران بەڵام ناوەکانیان و ناو شارەکانیان هێشتا لەسەر قەبرەکان ماوە، ئەمەی خوارەوە ناوی هەندی لەو سەرباز کوردانەن کە لە وێ کوژران: ١- إبراهيم يونس خەڵکی شاری زاخۆ. ٢- حجي محي الدين خەڵکی شاری كوێسنجق. ٣- هرتي يونس خەڵکی أربيل (هەولێر) پایتەختی هەرێمی كوردستان.٤- قيصر أحمد خەڵکی شاری کەرکووکی دڵێ کوردستانە.٥- محمد رجب لە شاری دهۆك. ٦- محمود حسين لە شاری هەولێر (أربيل).٧- معروف درويش شاری زاخۆ.٨- هادي صالح شاری کەرکووک. ٩- ياسين أمين شاری مویسل، هەتادوایی.
خوێنەری هێژا، ئەو شتەی من هان دا تا ئەم ووتار بنووسم بە عەرەبی و دیسان بێکەم بە کوردی تێشکانی، لاواز بوونی ڕاگەیاندنی کوردیە لە هەرێمی کوردستان. ئایا ئەرکی سەر شانی ڕاگەیاندنی کوردی چ ڕۆژنامەکان چ کەناڵە تەلەفیزیونەکان و ئەوانی تر ئەوە نیە کە هەر قسەیکی بەڵگەدار و باش دەوتری لەلانی ئەو کەسایەتیانە کە کورد نیین؟ چ کەسانی ڕامیار بن یا ڕۆژنامەگەر یا هونەرمەند هەتادوایی بە مانشێتی گەورە بڵاو بکاتەوە؟. ئەگەر کورد ڕاگەیاندنیکی کوردستانی نەتەوایەتی نە حزبی هەبوو بۆ ڕۆژ دووەم قسەکانی بیرمەند (حەسەن عەلەوی) بە مانشێتی گەورە و لە لاپەرە یەکەمی بڵاو کردەوە و لە کەناڵە تەلەفیزیونەکانی باسی کرد، کە بیرمەندی گەورەی عەرەب ئەڵێ: کورد پێش ئێمەی عەرەب بە ٤٥٠٠ ساڵ لێرایە و لە ئێمەی عەرەب زۆر کۆنترە لە دەڤەرەکە و کورد نەتەوەی چوارمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.
هەڤاڵ حەسەن، بابی عومەر،بەداخەوە، منی هاووڵاتی کوردی بێ دەسەڵات بێجگە لە پێنووسەکەم شتی ترم نییە، لێرەوە بە پێنووسەکەم بە دڵێکی ساف و نیەتێکی پاک و بە دەنگیکی بەرز پێت ئەڵێم زۆر سوپاس هەڤاڵی بەڕێز (حەسەن عەلەوی) بۆ هەمیشە پشتگیریەکەت لە گەلی کوردی ماف خۆراو.

" بزن بۆ شەوێکیش شوێنی خۆی خۆش ئەکات"




(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 4/5)