گەرایەکی تر لە گردەکەى جوتبرا، تروکا

Thursday, 02/01/2020, 21:31

20444 بینراوە


دیاردەى تروکاندنى ئەو گەرایانەى پارتى وپاراستن وەک کیسەڵ لەگردى زەرگەتە دایانناوە بەردەوام لەتروکاندایە و هەرجارەى زەڕنەقوتەیەک لەژێر پیرە باڵەکەى سەید عومەردا سەردێنێتەدەر، تازەترین گەراى تروکاوە پەیمان عیزەدینە.
 ئەم ژنە ساڵانێکى دوور و درێژ لە یەکێتى ژنانەکەى جەلال تاڵەبانى زریکەى میدیاکانى ئەو کاتەى کاسکردبوو ، وەکو داکۆکیکارێکى سەرسەختى دۆزى ژنان خۆیئنواند ، لەکاتێکدا وەکو ژنێک مێردەکەى بەخەفەت و کەسەرى ئەوەو سەرى نایەوە و هەستى ناسک و هونەرەکەى بوو بەژێر گڵەوە.
ئەم داکۆکیکارە درۆینیەى ژنان ئێستا بۆتە داکۆکیکارى بنەماڵەیەکى دواکەوتو و پەڕپوت کە ژن و مێینە لەلایان هیچ بەهایەکى نییە، یاساغە و هێڵى سورە ژنان و کچانیان دەربکەوێت و وێنەى ئەمانە لە سعودیە و وڵاتانى کەنداویشدا بەرەو نەمان ئەچێت.

پەیمان عێزەدین .. وەکو زۆریتر ئەیانزانى هەلى قەپگرتن و خۆبردنە پێشەوە و دەستکەوت لەحیزبێکى تازەدا زۆر لە بارترە ، لەبەر ئەوە لە یەکێتیەوە بە پەڕو باڵەوە هاتە ناو بزوتنەوەى گۆڕانەوە کە ئەو زەمینەیە زۆر لەبار بوو، بوو بە ئەندام پەڕلەمان و لەهەموو ئیمتاز و دەستخۆشانە و ٤٩ ملیۆن دینارى کۆتایى ڕاژەکەى سود مەند بوو و ئێستا خانەنشینە بە موچەیەکى قەڵەوەوە.

ئەگەر بزوتنەوەى گۆڕان بەسەرکردایەتى و بنکردایەتیەوە لۆژ لۆژ ڕێگەى سەرى ڕەشیان گرتووە، ئیتر چۆن ئەمیش لەم کاروانى سەڕشۆڕیە دوا بکەوێت ، لەبەر ئەوە کەوتۆتە ستایش و پیاهەڵدان بە وشکە درۆ و خاڵى لەهەموو مۆراڵێک بە بنەماڵەى خائین پیشەى بەرزانى بەشێوەیەکى شەرمهێنەر و سوک کە لە جاشنوسەرەکانى پارتى و گۆڕان ئەوەشێتەوە ، لەکاتێکدا گۆڕان بانگەشەى سیستەم گۆڕینى لەکوردستاندا ئەکرد و خودى نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو مەجید ساڵح ئەیوت واز لەبەرزانى بهێنن خەونى هەیە، واتە ئاوەکە لەمێژە ڕژاوە تازە پەیمان عێزەدین قاچى لێئەخشێنێت .
ئەم ژنە قوتابیەى ڕێبازەکەى کاک نەوشیروان ئەڵێت: (وابزانم غەدرمان لەپارتى کردووە) ، بابزانین هۆى چیە؟
ئەڵێت: (پارتى دیموکراتى کوردستانم بە حیزبێکى بنەماڵەیی زانیوە و بەتەنیا لەبەر بارزانى بونیان پۆستەکانى ناو حیزب و حکومەتیش وەردەگرن  پێموابووە کە بەناهەق ڕووبەرێکى گەورەى خاکى کوردستانیان دەست بەسەراگرتووە ، لەسەرى ڕەشدا حیزبایەتى ئەکەن .)
واتە : نابێت غەدر لەبنەماڵەى بەرزانى بکەین و حیزبەکەیان بنەماڵەیی نیە و پۆستەکانیان لەناو حیزب و حکومەت بەشایستەى خۆیان وەرگرتووە و ڕوبەرێکى گەورەى کوردستانیان داگیر کردوە لێیان نەفرۆشتووە و سەوزییان کردوە ، شەرمهێنەرە ئینسان وەڵامى ئەم ژنە گۆرانخوازە بداتەوە هەموو خەڵکى کوردستان ماهیەتى بنەماڵەى بەرزانى خاینپیشە ئەناسێت و ئەزانن لە پێناوى مانەوە و تاڵانى و کەڵەکەکردنى سامانیان سڵ لەهیچ کارێکى نا ئینسانى و دژە نیشتمانى ناکەنەوە و لە هەموو مۆراڵێک داماڵراون، سەرى ڕەش کە بووە بە قیبلەى بزوتنەوەى گۆڕان سەرى ڕەشى هەموو خیانەتێکە دژ بەوەى بۆنى کوردى لێبێت لەهەر پارچەیەکى کوردستاندا بێت . 


قسەکانى ئەم ژنە گۆڕانخواز و سیستەم گۆڕە لە قسەکانى ئومێد خۆشناو ئەچێت و تامى نووسینەکانى جاشولکە پاراستنەکەى باسنیوز بەرزانى عەلى حەمە ئەدات، بەڵام بیرى چووە بڵێت ماڵى نێچیرى داماو بەم زستانە دڵۆپێک نەوتى تیانیە، لەگەڵ ئەوەدا نەوتى کوردستان مڵکى خۆیانە.
عەلى فەیلى ئەڵێت ماڵەکەى مەسعود بەرزانى وەکو ماڵى خەڵکیە و هێمن هەورامیش ئەڵێت ماڵەکەى مەسعود بچوکە کە میوانى دێت خۆى بە پێوە ئەوەستێت.
سیاسەت دایک و باوکى نییە تۆ بڵێیت بزوتنەوەى گۆڕانیش ئەم ژنەى نەخستبێتە کایەکەوە هەتا پێشبڕکێى ئەو دوانەى پێبکات .
هەڤاڵ ئەبوبەکرى سەردەستەى گۆڕانخوازان لە پێشنیارێکى ستراتیژى دا ئەڵێت باخەڵک دەغیلەیەک دابنێت هەر ڕۆژەى ٢٥٠ دینارى تێبکات هەتا کۆببێتەوە و بەرمیلێک نەوتى پێبکڕێت، هەر لەسەر ئەم ستراتیژ و پیلانە گرنگە باشتر نییە گۆران دەغیلەیەک بکاتەوە، ئەم وەسف پیاهەڵدانانەى بە بنەماڵەى بەرزانى و مەسرور و نێچیر و سەرى ڕەش و شێخ باز بخاتە دەغیلەى گردەکە و پاشەکەوتى بکات هەتا هەڵبژاردنێکیتر دێت بۆ ئەوەى پارتى وەک مونا قاوەچى تورک بەدەنگى زێرەفانى ، یەک دوو کاندیدى لاکەوتە و دواکەوتەى چیا و نماى نەوشیروان مستەفا بۆ پەڕلەمان سەربخات .
زستانەکەى خۆشە .. گەراکان لە تروکاندان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە