دوو وێنە لە باشووری کوردستان!

Saturday, 04/01/2020, 15:57

14761 بینراوە



پێشگووتن
:
هیچ گومانم لەوەدا نییە ئەگەر سەددام حوسێن وێنەی بنەماڵەی بارزانی ژیابایە و خەریکی سیاسەت و راپەڕاندی ئەرکی بە رواڵەت سیاسیی بوایە، هێشتاش لە سەر کار بوو و دەسەڵاتی تەواوی عێڕاقی بە دەسەتەوە مابوو! پیاوە دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی بارزانی رووی سەددامیان سپی کردۆتەوە. کردەوە و ئاکارەکانیان لە سەر بەشێک لە باشووری کوردستان بەرادەیەک شەرمێون و قڕێژە کە زۆر جار مرۆڤ لە کوردبوونی خۆی بێزار دەکا. بۆ تاریف کردنی بێحورمەتیی بە مرۆڤی کورد، بێ رێزیی بە خوێنی شەهیدی کورد، بۆ ئەوەی کە خاک و نیشتمان بچووک بنرخێنێ، دەبێ چاو لە ئاکار و کردەوەکانی دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی بارزانی بکەین! چەندە هاسان دۆزیی کوردیان بە سۆخرە گرتووە بە بێ ئەوەی هێج کەس فززەی لێبێ. لە بنەماڵەی بارزانی بێ قیمەتتر ئەو کەسانەن کە لە سەر ناوی پێشمەرگە چەکیان بۆ ئەو بنەماڵەیە دەشان کردوە وخۆیان بە پارێزەری خاکی کوردستان دەزانن. باشووری کوردستان دوای سەددام ئازاد نەبووە تەنیا لە ژێر چەنگی حیزبی بەعس هاتۆتە دەرێ. لە ماوەی دەسەڵاتداریەتیی ئەو دوو بنەماڵەیەش، ئەوەی کە سەددام بە سەرکوردی هێناوە، هی وانە کەمترلە ئاکارەکانی سەددام نەبووە. چون سەددام دوژمن بووە، بەڵام بنەماڵەی بارزانی خۆیان بە رزگاریدەر پێناسە دەکەن! خەڵک لە باشووری کوردستان چی بە سەرهاتووە؟

وێنەی یەکەم:
وێنەی یەکەم نێچیروان بارزانی و لووسکەی کوڕیەتیی کە لە سەر چیاکانی وڵاتی سویسڕا خەریکی خۆشگوزەرانی وخلیسکی سەر بەفرن! هەر وەک ئەوە دەچێ کە باشووری کوردستان خاوەن چیا نەبێ! ئەوان لە سەر پارەی دزیەتیی و سامانی کوردستان، خوێنی شەهیدان گەمە بە کەسایەتیی کورد دەکەن. ژیانی شاهانەی بنەماڵەی بارزانی وێنەی ژیانی شای ئێرانیش نییە، شای ئێڕان بە هۆی چەند ئاکارێکی دزێوی خۆی بوو بە سووتمانیی سیاسەتی زلهێزەکان و لە سەر کار لابرا.
کاتێک راپەڕێن لە باشووری کوردستان روویدادامودەزگای سەرکوتکاریی حیزبی بەعس داماڵدرا، ئیدی هێدی هێدی چەتەکانی سیاسەت بەرەو خاکی باشوور خلۆر بوونەوە و خۆیان وەک رزگاریدەر بە خەڵكی خاوەن شەهید پێناسەکرد! مەسعود بارزانی لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا کاتێک بنێشتی دەجووت گووتی ئیدی ئیـمە بە هیچ شێویەک ناخوازین ئاوارە ببینەوە! ئەو رستەیە تا ئەوڕۆش مەترسیدارە، واتای ئەو بۆچوونە شڕۆڤەکەی زۆر هاسانە، .یانی حازرین بە دڵ و بە گیان نۆکەرایەتیی داگیرکار بکەین بە مەرجێک دەسەڵاتمان بۆ مسۆگەر بکەن.
بەداخەوە چین وتوێژی رووناکبیر و شاعیر و زانکۆکار و رۆژنامەوانی سەر بە دەسەڵات لەو هەڵوێستەی بارزانی تێنەگەیشتن. بارزانییەکان بە قیمەتیی فرۆشتنی خاک و سامانیی ئەو خەڵكە هەژارەیە کە لە تێكۆشان و ئازادکرنی خاکی کوردستان خۆیان بە دوور ڕاگرتووە، مەبەست مانەوەی خۆیانە، ئیدی خەڵک چی بە سەر دێ هیچ گرینگ نییە. کاتی خۆی هەروا هاسان پێشمەرگەکانی وەفادار بە کۆماری ئیسلامی و پاشان قیادە مووەقەت دروست نەبون.ئەو گزیرانە بە کردوە سەلماندیان کە سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن سەرکوت بکەن.ئ ەوان حیزبەکانی ئەو بەشە لە وڵاتیان خستە ناو کەمپەکان تا بتوانن وەک / شا/ بژین.

وێنەی دووهەم:
ئەووێنەیە کرێکارێکی هەژارە کە بۆ نانی رۆژانەی شەکەتووماندوولە سەر عەڕيبانەکەی خەوی لێکەتووە! رەنگە دەو خەوەدا بیر لە رۆژگارێک بکاتەوە کە ئاخۆ ئەو سەردەمە دەگا کورد لە چەنگ دڕندەیەکی وەک سەددام رزگاریی ببێ؟ کاتێک لەو خەوە ڕادەچڵکێ وهوشیار دەبێتەوە ئەو جار دەزانێ دەسەڵات، دەسەڵاتی کوردەکە دوای ئەنفال و هەڵەبجە وهەزاران شەهیدی دڵپاک جڵەوی حوکمڕانیان بە زەبریی چەک و پارە بە دەستەوە گرتووە وخۆیان بە رزگاریدەریی وڵات دەزانن!
پیاوێک بۆ لەتە نانێک بۆ بژیوی منداڵەکانی لە سەرشەقامەکانی شوێنێک خەو دەیباتەوە کە هیچکات بیری لەو نەدەکردوە ئەو کەسانەی سەردەمانێک لە چیاکانڕا دژی دووژمن شەڕیان دەکرد ئەوڕۆ وەک دۆلپا خەریکی مژتنی خوێنی رۆڵەی کوردن! دیتنی ئەو وێنەیە بێویژدانیی وبێ ڕەحمی کەسانێک نیشان دەدا، کە بۆ مانەوەی خۆیان هیچ سنوورێک لە بێ ئەخلاقیی ناناسن.
خەوی کرێکارێکی سەر شەقامەکانی باشووری کوردستان بەدیهێنەری خەونێکە بۆ پەیداکردنی لەتە نانێک بۆ بژیوی رۆژانەی منداڵەکانی! کرێکارێکی ماندوو و شەرمێون لە ئاست نیگای چاوەڕوانیی ژن ومنداڵەکانی کە ئێواران لە گەرانەوە بۆ ماڵێکی سارد و سڕ و خێزانێکی هەژار.
خەونی بنەماڵەی بارزانیش بۆ پەرەپێدانی داگیرکاریی لە باشووری کوردستان، خەونێكی ترسناکە، کە وەڕاست گەڕاوە. هیچ کەس وای نەدەزانی ئەو سیستمەی کە باشووری وڵاتی داگیرکردوە بەو جۆرە گەمە بە کۆمەڵگا و ئەقڵیەتی تاکی کورد بکا. وێنەی یەکەمی ئەو بابەتە قسەی زۆریی پێیە. کوڕەکانی سەددامیش ئاوا نەژیاون! تەنیا رێچار بۆ ئەو زۆردارییە کە لە باشووری کوردستان رۆژانە دەبینرێ راپەڕینی چین وتوێژی هەژار و خاوەن شەهیدە.

خودای راستان:
دوو ڕۆژە قاسم سلێمانی لەلایان فڕۆکەکانی ئامریکاوە کوژراوە، مێشکی سەریی خەڵكیان بردوە ئەوەندەی مێدیاکانی جیهانی و ناوخۆیی کورد باسی بکەن. بۆ نەهامەتیی نەتەوەی کورد هیچ کەس قاسم سڵێمانییە کوردەکانی لە بیرنییە. قاسم سلێمانی نە کوردبووە نە دۆستی کورد ئەو بە مافی خۆی دەزانی دژی کورد سیاسەت بمەشێنێ، بەڵام قاسم سلێمانییە کوردەکانی دەسەڵات لە باشووری کوردستان سەد هیندی دەسەڵاتی ئاخووندەکان بە بەژن و باڵای قاسم هەڵادەڵێن و وەک چێگوارای پێناسە دەکەن! تەنانەت بە برای باوکی تاڵەبانی و بارزانی لە قەڵەم دەدەن!
من لەو کەسانە دەپرسم بە بێ ئەوەی هیچ پاکانەیەک بۆ قاسم سلێمانییەکان بکەم، ئێوە زیاتر کوردتان بە کوشتداوە یان قاسم سلێمانی؟ ئێوە زیاتر خاکی کوردستانتان بە ئانقەست رادەستیی داگیرکار کردوە یان قاسم سلێمانی؟ کێ قاسم سلێمانی هێنایە باشووری کوردستان؟ کێ بنکە و بارەگای سپای قودسی هێناوەتە باشووری کوردستان؟ کێ بنکە و بارەگای سەربازانیی ئەردۆغآنی هێناوەتە باشووری کوردستان؟ کێ کەرکوک و دەورووبەریی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردارادەستیی حەشدی شەعبی کرد؟
ئەو دوو وێنەیە کە لە سەر ناوەرۆکی ئەو بابەتە نیشانی خوێنەریی هوشیار دەدرێ زۆری قسە پێیە. چاو لە ژیانی بنەماڵەی بارزانی بکەن، چاو لە ژیانی رەنجدەرێکی کوردیش بکەن کە دوای دەسەڵاتی حیزبی بەعس بۆ لەتێك نان دەبێ خەون ببێنێ!
قاسم سلێمانی نە کوردە نە سووننە، نە دۆستی کورد. ئەوە ئێوەن قاسم سلێمانییەکانی دەسەڵاتداریی کورد کە وڵاتتان دابەش کردوە، خاکتان دابەشکردوە، شەهیدتان بێ نرخ کرد، کێل وبەردیی شەهیدتان لەت کرد.

سندوقی کوردستانپۆست.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە