ڕووداوەکانی ناوچەکە بەرەو کوێ!؟

Saturday, 04/01/2020, 16:27

6885 بینراوە


قاسم سولەیمانی لە دیارترین سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. کەسێکی زۆر چالاک بوو، ڕۆڵی لە سیاسەتە نێوخۆییەکانی "عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن و باشووری کوردستان"دا هەبوو.
هاوکات کەسێک بوو زۆر پیلانی ژەهراوی لەدژی ڕۆژاوای کوردستانیش داڕشت، هەر لە دروستکردنی هێزێک بەناوی حەشدی شەعبی بۆ عەشیرەتە عەرەبەکانی دێرەزوورەوە هەتا دەگەیشتە هاندانی حیزبوڵای لوبنان بۆ پەلاماردانی شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ، بەڵام سیاسەتەکانی لەبەرامبەر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ڕۆژئاوادا سەرکەوتوو نەبوو، هەتا لە کۆتاییدا پیالانی داگیرکردنی عەفرینی بۆ دەوڵەتی تورک داڕشت و هاندەرێکی سەرەکی بارزانیش بوو بۆ دژایەتیکردنی ڕۆژاوای کوردستان و تەنانەت ڕۆڵێ سەرەکی لە تیرۆرکردنی زۆر سەرکردەی دیاری پەکەکەش لە باشووری کوردستاندا هەبوو.
کەسێک بوو لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا دەوەستایەوە و زۆر بەرنامەی ئەمریکای لە ناوچەکەدا پوچەڵ کردەوە، بەڵام نەیتوانی لە بەرامبەر تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوی ئەمریکادا بوەستێتەوە و سەرەنجام شەوی ڕابردوو بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگیەکانی ئەمریکاوە، لە بەغدای پایتەختی عێراق لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس کوژرا.
ئایا کوژرانی قاسم سولەیمانی، کۆتاییهێنانی کێشە و ململانێکانە یان زیتر قوڵباانەوەیانە؟
بە باوەڕی من، کوژرانی قاسم سولەیمانی ئەگەرچی کاریگەری زۆری لەسەر سیاسەتە دەرەکیەکانی ڕژێمی ئێران دەبێت، بەڵام کۆتایی کێشە و ململانێکانی ناوچەکە نابێت و بگرە زۆر قوڵتریشیان دەکاتەوە.
لەبەرئەوەی، بە تەیبەت لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا، ئێران گەرایەکی زۆری لە ناوچەکەدا دانا و باندی تیرسۆریستی زۆریشی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستکرد، هاوکات کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر کوژرانی دیارترین و چالاکترین سەرکردەیدا بێدەنگ نابێت و بە جۆرەها شێوە تۆڵە دەکاتەوە.
باجی ئەو تۆڵەکردنەوەیەش بە پلەی یەکەم گەلانی ناوچەکە دەیدەن و دوور نییە کە ناوچەی کەنداو و بە تایبەت عێراق و باشووری کوردستان بەبنە گەورەترین گۆڕەپانی ململانێی نێوان دوو هێزی دژە بەشەری وەک ئەمریاکا و ئیڕان.
هەڵبەت ئەوەی لە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان چاوەڕێ دەکرێت، هەمان عەقڵیەتە بۆگەن و خیانەتکاریەکەی ڕابردوویانە و دوور نییە باشووری کوردستان هاوشێوەی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق بکەنە گۆڕەپانی جەنگێکی ماڵوێرانی و برینەکانی هەڵەبجە و ئەنفال لە چەندین ناوچەی دیکەدا سەرلەنوێ بکولێننەوە.
دەربارەی پارتە ئۆردوگانشینەکان و بە تایبەت حیزبی دیموکراتیش، چاوەڕوانی کارێکی باشتر لە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانیان لێناکرێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە، تەڤگەری ئاپۆیی بە گشتی و "پەکەکە و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان و پژاک" بە تایبەتییە کە بتوانن زیاد لە خۆیان ڕۆڵ بگێڕن و لانیکەم ڕێگە نەدەن کوردستان ببێتە گۆڕەپانی جەنگی دوو هێزی دژەبەشەری وەک ئەمریکا و ئێران کە جەنگەکەیان بۆ چاوچنۆکی خۆیانە نەک بۆ کەمکردنەوەی ئازاری گەلانی ناوچەکە.
لەو باوەڕەشدام، ئەگەر هێزەکانی ئاپۆیی، بتوانن و ڕێنماییەکانی بەڕێز ئۆجالان بە بنەما بگرن ئەوا دەتوانن بە ئاسانی ڕێگری لە هەر کارەساتێکی نەخوازراو بگرن و لەو ڕێنماییە بێوێنانەش بە بنەماگرتنی "هێڵی سێهەمە".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە