کلیکی ئێرە بکە، تا ئەو وڵاتانەی کە کۆرۆنا گرتوویەتەوە لەگەڵ زنیاریی دیکە بزانیت


دەغیلەیەک .. بۆ ئابڕوى تکاوتان

Tuesday, 01.07.2020, 0:18

3061 بینراوە


ساڵى پار هەڤاڵ ئەبوبەکرى پارێزگارى سلێمانى وتى: باهاووڵاتى فێر ببێت لەهاویندا نەوت بکڕێت، ئیمساڵیش لەسەر هەمان ڕیتمەکەى پار ئەڵێت: با هاووڵاتى دەغیلەیەک بکاتەوە و هەر ڕۆژەى ٢٥٠ دینارى تێبکات هەتا بەرمیلێک نەوتى پێبکڕێت. ئەوە دوو ساڵە پارێزگار لە ئاستێکى میللى بەربڵاودا بووە بەمەزە و نوکتە و هەزاران کۆمێنتى ناڕەزایى و گاڵتە ئامێزیان بۆ نووسیوە ، ئەگەر پارێزگار جۆزەى غیرەتیان دانەدرابێتەوە ئەبوایە خۆى بخستایەتە بەرمیلێکەوە لەبیناى پارێزگا نا بەڵکو لەگردى زەرگەتەوە خۆى و هەڵبدایەتە خوارەوە کە ئەو ژمارە زۆرەى خەڵک دژى وەستاونەتەوە و بە وەڵام هاتون .
دوو شت مایەى سەرنجە:
١- بزوتنەوەى گۆڕان و هەندێ لەنوسەرى دەربارى عەرشەکەى جوتبرا و ئەوانەى بەزو چەورى پارتى بەدەم و لەوسیانەوەیە کەوتونەتە بەرگرییەکى بێرۆح لەکابراى بەرمیلە نەوتەکە و دژ بە کۆمەلانى خەڵک وەستاونەتەوە .
٢- خودى وەستاى دەغیلەکە کەوتۆتە گۆ و بەخەڵک ئەڵێت : ماستاوچى و چڵکاوخۆرى حیزبەکان .
پێمباشە لەوەستاى دەغیلەکەوە دەستپێبکەم ، ئەم ئامۆژگاریەى دەغیلە و پاشەکەوتە و نەوتى هاوینە بێرێزییەکى گەورەیە بەخەڵک وەک ئەوەى خەڵک مناڵۆچکەیەک بێت و چاکە و خراپەى خۆى نەزانێت و پێشبینى کردەوەکانەى نەکرێت ، هەمو ئیش وکارەکانى پارێزگار بووە بە بەرمیلە نەوتێک کە نەک ناتوانێت دابینى بکات بەڵکو جورئەتى ئەوەى نیە بڵێت هەردوو پاڵاوگەى بازیان و کەڵەک کەلەلایەن کۆمپانیاکانى ئەم دوو حیزبە تاڵانچیەوە بەرهەمەکانى بەحکومەتى عێراقى ئەفرۆشرێت و ئەوەى هەیە کەمتازۆر حکومەتى عێراق بڕێک ئەنێرێت .
هەرێمى کوردستان لەسەر دەریایەکى نەوتە ، نەوتى بۆرى و تەنەنکەر بە ٢٤ دۆلارە بۆ تورکیا و ئێران کە بەپێنج قاتى ئەوە خەڵک لە ناو ماڵى خۆیدا ئەیکڕێت ، ناواخنى پلانى گەورە و ستراتیژى نەوت کڕینى هاوین و دەغیلە ، ئەوەیە خەڵکینە : ناڕەزایى مەکەن داواکاریتان نەبێت و بیر لە خۆپیشاندان و ناڕەزایى مەکەنەوە و ئەم پلانەى من پیادە بکەن .

وەستاى دەغیلە و حیزبەکەى قەت نەیانتوانیوە پێشرەوى ناڕەزایەتى خەڵک بکەن بەڵکو هەتا توانیویانە سوارى شەپۆلى ناڕەزایەتى خەڵک بون و بۆدەستکەوتى حیزبى و شەخسى ، لەکاتێکدا کە لەحکومەتى بنکەفروانەکەى خۆیان تێهەڵدران و نەوشیروان مستەفایان وەک تەور وەشێن و کونسڵکوژ و هەڵهاتو لە یاسا ئەناساند ، گۆڕان بەسەر شۆڕى و بەکام ڕێگا شار بەدەر کرابون بەهەمان ڕێگا گەڕانەوە و بون بەئەڵقە لەگوێ و نۆکەرى بنەماڵەى بەرزانى و هەموو یاساکانیان بەدڵى ئەوان پەسەند کردو کەوتنە زوڕنا ژەندن بۆ مەسرورێکى چنگ بەخوێن و هەتا ئێستا ئەو زوڕنایە لەدەمى کاربەدەستە گۆڕانخوازەکانیان نەکەوتۆتە خوارەوە .
ئەم پارێزگارە زەندەقى لەخۆپیشاندانى خەڵک چووە و چونکە ناڕەزایەتى ڕوبەڕوى پارێزگار ئەبێتەوە کە حکومەتێکى خۆجێیە و سەرۆکى یەکەى کارگێریە ، لە کۆتا خۆپیشاندانە گشتگیرەکانى هەرێم بەتەقلاى خۆى و هەوڵى بزوتنەوەکەى ئاراستەى خۆپیشاندانەکانیان گۆڕى بۆ بەردەم دادگاى سلێمانى کەدادگا هیچ پەیوەندیەکى بەو پرسەوە نیە .
وەستا هەڤاڵى دەغیلە بەخەڵک ئەڵێت ماستاوچى و چڵکاوخۆرى حیزبەکان ، بەکارهێنانى ئەم جۆرە وشانە پێش خەڵک سوکایەتیە بەخۆى ، هەرخۆى بوو ئەیوت : (خەڵک نابێت دەرسى ئەخلاق فیرى من بکات، خۆم مامۆستاى ئەخلاق) کەسێک مامۆستاى ئەخلاق بێت لەبرى داواى لێبوردن و گوێڕایەڵى بۆ داخوازى خەڵک ئەیانچوێنێت بەماستاوچى و چڵکاوخۆر .

• ئەبێت ئەم ئەخلاقەى خستبێتە چ دەغیلەیەکەوە و بۆ چ کاتێکى هەڵگرتبێت ؟
ئەگەر باسی پارێزگارى شوێنێک بکرێت ، بەکار و پرۆژە خزمەت گوزاریەکانى لە ئاو کارە با خوێندن ڕێگاو بان و کەرتى تەندروستى و جادەى ١٠٠مەترى ..هتد ئەناسرێتەوە ، بەڵام بەڕێزیان بە هەڵەوەڕى و زمانلوسى و خۆدەرخستن و پێشوازى و قردێلە بڕین و وێنەگرتن .. ئەناسرێتەوە .
ئەگەر بەزمانى دەغیلە قسەبکەین :
• پارێزگارتان بینیوە ببێتە قورئان خوێنى سەر گۆڕەکان بێجگە لەم پاریزگارە بەویژانى کێ ئەمە ڕەوایە ، ئەگەر پارەى قورئان خوێندنەکەى کۆ بکەینەوە ئەبێت چەند و دەغیلە پڕبکات ، خەریکە و ئەو مەلا و نابینایانەى بژێویان لەسەر ئەمکارەیە توشى قەیرانى بێکارى ببن .
• ئەوە ئیشى پارێزگارە ببێتە دارشەقى کۆسرەتێکى دز و پاشاى گەندەڵى و هێنەرى دەرمانى ئێکسپایەر ، ئەو دارشەقە ئەگەر تەختەکەى گردەپۆ ( لەسەر کێشى عەمارە پۆ ) نەبێت ، سى بۆ چل دەغیلەى تیا ئەبێت .
• ئەم پارێزگارە کارى بووە بە پێشوازیکردن , هەر بۆ نمونە لە فەیسبوکەکەى بڕوانن تەنها بۆ دوو مانگ بزانن بێجگە لە پێشوازى بۆ ئەمو ئەو هیچیترى تیایە ، تەنانەت بۆ ناویش بەچکە پرۆژەیەکى تیانیە ، بۆهەر پێشوازیەک کڵۆ شەکرێکمان بخستایە ئەو دەغیلەیەى کەجەنابى پارێزگار ئاماژەى خێرى بۆ ئەکات ، ئەوا پارێزگا ئەبوو بەخاوەنى چەندەها کیلۆ شەکر و یادى کارگەى شەکرەکەش بەزیندوى ئەمایەوە بەوەش کارەکانى پارێزگا ئەبوو بە شانزە هەزار و یەک .
• خۆ دەرخستنى پارێزگا بە شێوەیەکە هەر ڕۆژەى ڕیکلامێک ئەکات و وێنەیەکى نوێى ئەکەوێت بازاڕەوە ، ڕۆژێک وێنە لەگەڵ پینەچیەک دا ئەگرێت کەوا خۆى پیشانئەدات پێڵاوەکانى چاک ئەکاتەوە – درۆ بۆکێ ئەکەیت پێڵاو زۆر هەرزانە – ڕۆژێکیتر وێنەى بەخاکسپاردنى تەهاى حەمەى جگەر ئەوەشێنێت ، با بێویژانى جەنابى پاریزگا وەلا بنێین کە ئەو دەست کورتانە ئەکات بەکەرەسەیەکى ڕیکلامکردن ، ئاخر تەها هەتا مرد لە شۆستەى نێوەندیەکەى بەرامبەر ئوتێلى سلێمانى پالاس سواڵى ئەکرد کەزۆر جار بەشێوەیەکى وەها شۆفێر و سەرنشینانى ئۆتۆمبیلەکانى بێزار ئەکرد ، ئاخر پاریزگا ئەو پیاوەت بۆ لەسواڵکردن ڕزگار نەکرد ؟ بۆ خۆ دەرخستن و وێنەگرتن بەخاکسپاردنى کەبەبێ مەسرەف و تێچونە قوت بویتەتەوە ! لەجێى خۆیدا لەسەر ئەم خۆدەرخستن و بەکار هێنانى ئەم خەڵکە سادەیە دەخیلەیەک بدەیتە دەستى لە جێگەکەى کاک تەهاى ڕەحمەتیدا دایبنێت و نەهێڵیت لە ٢٥٠ دینارى زیاتر وەر بگرێت .


• هەمومان بیر مانە جەنابى پارێزگا ئەیفەرموو فرۆکەخانەیەک ئەکەینەوە بۆ هێنانى شمەک و کەرەستە بەڵام ئەمەش باس و خواسى نەما وەکو شەمەندەفەرى وەزیرەکەى گۆڕان ، سەد بریا ئەو فڕۆکەخایە بکرایەتەوە بۆ ئەمڕۆژە چەند پێویست بوو ئیتر بە هێڵى ئاسمانى دەغیلەمان ئەهێنا بەمەرجى کوالێتى .
• لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا کاک هەڤاڵ ئەیفەرموو هەرماڵەى دوو بەرمیل نەوتى بۆ دابین ئەکەین ، قیروسیا لەنەوتەکە تکایە ئەو بڕگەیەى بەرنامەى گۆڕان بخەنە ڕوو کە باسى دەغیلە ئەکات .

بابگەڕێمەوە سەر خاڵى یەکەم :
کۆى پاشماوەى گۆڕان و جەماعەتى جوت کوڕەکەى نەوشیروان مستەفا چاک ئەزانن هەڤاڵ ئەبوبوکر هیچ بەرهەمێکى نیە جگە لەملشۆرى بۆ یەکێتى و زمانلوسى , جارجار ئەم زمان و درێژ دادڕیەى برینى هاوڵاتیان ئەکولێنێتەوە کە دەنگیان بەچ حیزبێکداوە !! کە ئێستا سەرتاپایان کڕنوش بۆ مەسرورى مەسعود ئەبەن . ئەم ڕوخسارە دەرکەوتوانەى گۆڕان لە بێبەرهەمى پارێزگاردا ئەڵێن دز نیە وەک ئەوەى فەرز بێت ئەوەى لە وەزیفەى حکومەتدا بێت دزە ، زۆر پلەو پۆست هەیە پاش کۆتایى هاتنى ڕاژەکەى خاوێنى ئەو کەسە دەرئەکەوێت بە پارێزگاریشەوە ، پلەدارەکانى گۆڕان نمونەى گەندەڵى و ناپاکى بون و لەوانە مستەفاى سەید قادر ، ڕێباز حەملان ، ئاواتى جەناب ، دەربازى وەزیرى کۆچبەرانى عێراق و دۆسیەکەى لەبەغدا لە دادگاى لێکۆڵینەوەى دەستپاکیە ، ئەوە بابەکردڕەیی و ٢٠ ملیارەکەى ...
ئەم بۆچون و لێدوانانە ڕێک ئەو زمانەیە کەکاتى خۆى بەعس بەرامبەر بەکورد ئەیبزواند ، بەعس ئەیوت کورد لە پارچەکانى ترى کوردستانى ئێران و تورکیا و سوریا هیچ مافێکیانیە و لە عێراق لەمافەکانى بەهرەمەندن ، واتەبەم لۆجیکە فەرزە کەکورد هیچ مافێکى نەبێت ، گؤڕانیش ئەڵێت هەڤاڵ دز نیە واتە لاى ئەمان دزى فەرزە .
عەلى حەمە ساڵحى هاوخەمى هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ ئەم پرۆسەى دەغیلەیە ، لەبەرگریەکى شەرمنانەدا دژى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان وەستاوەتەوە و ئەڵێت :
(چەند کەس باسی ئەوانە دەکات ، ھەموو شەوێک بە زەبری ھێز ٧٠ بارھەڵگر ھێلکەی بۆگەنی قاچاخ داخڵدەکەن ! ھەموو شەوێک ٧٠٠ ھەزار دۆلار لەم میللەتە دەدزن! ھەموو کوردستان و میدیا دەزانێت و کەس باسی ناکات!! ھەموو شەو دزیو قاچاخی ، ھەموان بێدەنگن . چەند کەس باسی ئەوانە دەکات لە ھەر بەرمیلێک نەوت تەنیا ٢٠ دۆلار دەدەنە وەزارەتی دارایی .)
سەرتاپاى ئەوەى عەلى باسى ئەکات و جورئەتى ئەوەى نیە کەناوى کەس بهێنێت و ئەڵێت : ئەبێت خەڵک باسى بکات وەکو ئەوەى کە پەڕلەمانتار ئیشى ئەوە نەبێت چاودێرى حکومەت بکات ، ئەو خاڵە سنوریانە سەربە وەزارەتى داراییە و وەزارەتەکە بەدەست حیزبى گۆڕانەوەیە ، وەزیرى دارایی بۆچى ئەوانە قبوڵ ئەکات ، لە ھەر بەرمیلێک نەوت تەنیا ٢٠ دۆلار بدەنە وەزارەتی دارایی ، ئەوانە بەڵگەى ئەوەن کە حیزبى گۆڕان پاش ئەوەى کەوتە بەر شەق و نەفرەتى جەماوەر چەند لە خەڵک داخ لەدڵن . ئەگەر وەزیرى دارایى سەرقاڵى پرۆسەى بەپارتى بوونە بۆچ عەلى پەنا بۆ مەسرورى سەرۆکى حکومەتەکەى نابات خۆ جەنابیان ئەڵێت : (من دڵنیام بەڕێز مەسرور بەرزانى گەندەڵى لە هیچ کەس قبوڵ ناکات ) .

• ئێستا کاتیەتى , عەلى پرۆژەى دەغیلە و خاوەنەکەى بباتە حزورى مەسرور هەتا نەهێلێت گەندەڵى تێدا بکرێت بەو پێیەى کەگەندەڵى لەکەس قبوڵ ناکات ، ئەو گەندەڵیەى کە عەلى باسى ئەکات ئەبێت لەحکومەتەکەى مەسروردا نەبێت .
• خەڵکانێک بەهیواى گۆڕینى سیستەمى حکومڕانى و کۆتایپهێنانى ستەم وناعەدالەتى و فەراهەمکردنى ژیانێکى ئینسانى و شایستە بەدروشمە قەبە و بریقەدارەکانى گۆڕان ، گۆڕانیانکرد بەژمارە لە گۆڕەپانەکەدا ، لەو پێناوەدا بەقەدەر سێ بۆ چوار یارى ئۆلۆمپى شەقیان بەرکەوت ، هەموو ئەو شەقانە کۆبکەینەوە لە دەغیلەیەکدا و لەیک کاتدا بیدەین لەقەپرەغەى ئەوانەى بەشدارن و پاکانە بۆ حکومەتى تاڵانچى و گەندڵان ئەهێننەوە .
کەواتە :
• ئێستا کاتیەتى حیزبى گۆڕان دەغیلەیک دابنێت بۆکۆکردنەوەى ئابڕوى تکاویان .




(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 5/5)