هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


لەسەر لا بردنی گوتارەکەم لەسەر قاسمی سلێمانی لە فەیسبووک

Tuesday, 07/01/2020, 3:15

4319 بینراوە


ئاری محەمەد هەرسین
هەمیشە چەندبارەم کردۆتەوە کە بۆ بەندە، پە یجیەکەم لە فەیسبووک وەک ڕۆژنامەیەکی شەخسی وایە بۆ دەربڕینی بۆچونەکانی خۆم لە بوارە جیاوازەکانی سیاسەت، هونەر، ئەدەبیات و… تادێت. تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بواری ئازادیەکی شەخسیان ڕە خساندوە کە ئینسان لە کۆت و بەندی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ڕزگار ئەکات. بێ گومان وەک هەموو ئازادیەکی تر، سنووری ئەم ئازادیە ش هەتا کەنارەکانی ڕێزگرتن لە ئازادی کەسانی تری کۆمەڵگە بایەخی هەیە، ئەگینا بەرەڵایی و دوور کەوتنەوەیە لە ئەخلاقی بەرزی ئینسانی.

حاجی قاسمی سولەیمانی لە لایەن ئەمریکیەکانەوە کرایە ئامانج و بەندەش گوتارێکم لەسەر نوسی. ئەم گوتارەشم لە پەیجەکەی خۆم بڵاوکردەوە. بە سوپاسێکی زۆرەوە هەندێک لە ڕاگەیاندنەکان گوتارەکەی بەندەیان بڵاوکردەوە.

بەندە بە درێژایی ١٣ ساڵی ئەندامەتیم لە پارتی سۆشیالیستی کورد و، ٢٦ ساڵی ئەندامەتیم لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ڕۆژێک لە ڕۆژان جاش نەبوم. هیچ عەمەلیاتێکی موشتەرەکم لەگەڵ سوپای پاسداران نەکردوە. بۆ چرکە ساتێک بەرگی سوپای هیچ داگیرکەرێکی خاکی پیرۆزی کوردستانم لەبەر نەکردوە.

بە تەمەنێکی ٥٠ ساڵ و ئەندامەتی پاڕلەمان لە شەڕی داعشدا و، بۆ پاراستنی ئەم خاکە پیرۆزە لە پێشەوەی شەڕەکاندا بووم. ئیتر ئەم هەموو خۆ سەخڵەت کردنە لە سەر گوتارەکەی کوشتنی قاسمی سلێمانی بۆ؟

ئەمتوانی ئەم گوتارەی ئێستا زوتر بڵاو بکەمەوە، بەڵام چاوەڕێی ئەوەم ئەکرد سەرکردایەتی حیزبەکەی بەندە هەڵوێستی فەرمی ڕابگەیەنێت، ئینجا بڵاو ببێتەوە. بەڕێز کاک فازیل لە سەردانەکەی بۆ پرسەی سولەیمانی لە قونسوڵخانەی ئێران، زۆر بە ڕێزەوە باسی لە گەورەیی قاسم سلێمانی کرد و بە دۆستی کورد ناوی برد و، بە ناوی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرکردایەتی پارتیەوە سەرەخۆشی لە خێزانی سلێمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران کرد. بەڕێز سەرۆکی هەرێمیش لە پەیامەکەیدا زۆر بەڕێزەوە باسی لە قاسم سلێمانی کرد و بە (قوربانی) ناو برد.

بەندە بە ناوی خۆمەوە و لە پەیجی شەخسی خۆمەوە، گوتارێکم لەسەر کوژرانی قاسمی سلێمانی نوسی. من نە سەرۆکی هەرێمم، نە سکرتێری مەکتەبی سیاسی و نە ئەندامی سەرکردایەتیش.

بۆ ئەوانەشی بەناوی ئازادیخوازی کوردستان لە ڕۆژهەڵات قسە ئەکەن، بڕۆن لە سەرکردەکانتان بپرسن، هەڵوێستی بەندە بەرامبەر بە خۆرهەڵاتی کوردستان چۆن بوە و چۆن هاوکاریم کردون، کە هەندێک جار بە ژیانی خۆم تەواو بوە.

دواجار ئەوانەی لە شەڕ دوورن شمشێریان تیژە. هۆکاری سڕینەوەی گوتارەکەم لە پەیجە شەخسیەکەم لە فەیسبووم، نە فرمانی سەرکردایەتی حیزبەکەم بوو، نە هەڕەشەو گوڕەشە. باوکی ترسەکان لە ئینسانا ترسە لە مردن. بەندە ئەگەر لە مردن بترسامایە یەک ڕۆژ پێشمەرگە نەدەبووم. نە ئوتۆمبێلی درعم هەیە و نە فەوجێکیش حیمایە، ماڵەکەشم لە سلێمانیش و لە هەولێی شوێنێکی نهێنی نیە. جا ئینسان لە مردن خۆی نەترسێت، تۆ بڵێی لە هەڕەشە بترسێت. گەوروترین ڕێزی سەرکردایەتی حیزبەکەم لای بەندە ئەوەیە کە بۆ ساتێکیش فشاری نەخستۆتە سەرم کە کۆیلە بم. هەرگیز لەسەر گوتارێک و مەوقیفێکی سیاسی سزا نەدراوم، هەرگیزیش داوایان لێ نەکردووم بە وەکالەت مەوقیف وەرگرم… بۆیە پارتیم چونکە پارتی (تەفتیشی عەقایدی) نەکردووم. دیارە ئەمەش ڕێزگرتنێکی هێجگار گەورەیە لە بەندە و، من زۆر پێی ئەزانم.

کەسی سیاسی، ئەگەر لە پۆستێکی فەرمی حیزبی و حکومیدا بوو، ئەبێت بە تەنسیق لەگەڵ برادەرەکانی قسە بکات، بەڵام وەکووتر، ئەبێت لە بەرژەوەندی نیشتیمان و، ئینجا حیزبەکەی قسە بکات و، لێرەدا مەسەلەی جورئەت و مەبدەئیەت و داهێنانی سیاسی دەوری سەرەکی ئەبینن.

هۆکاری سڕینەوەی گوتارەکە م لە پەیجەکەم، سڕینەوەی جنێوەکان بوو. چونکە پەیجی بەندە (لوحە الاعلاناتی) خەڵکی نەفس نزم نیە و بەس. ئەگینا گوتارەکەی بەندە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو بۆتەوە و لە شوێنی خۆی ماوە.
بابەتی پەیوەست:


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە