عەلی خامەنەئی، هەقێتی بۆ قاسم سولەیمانی قوڕ بپێوێت!

Tuesday, 07/01/2020, 11:26

11439 بینراوە


قاسم سولەیمانی، وەک سەرکردەیەکی دڵسۆز بۆ مەزهەبی شیعە و ئایەتوڵا خامەنەئی و ملکەچی دەسەڵاتدارانی ئیران و دژی ئەمریکا خۆی دەنواند. ئەو توانی ببێت بە دەستەڕاستی عەلی خامەنەئی و سوودمەند بێت لە پێگەی ئاینیی و جەماوەریی ئەو لەنیو کۆمەڵگەی ئیرانی و دەسەڵاتی حوکمڕانییدا.
قاسم سولەیمانی جگە لەوەی هەوڵی دەدا لە داهاتوودا ببێت بە کەسی یەکەم لە دەسەڵاتی حوکمڕانی ئیراندا، لەهەمان کاتدا خەونی ئەوەبوو ببێت بە سەڕۆکی ئیمرپاتۆریەتی هیلالی شیعی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە خەریک بوو بەدەستوبازووی خۆی تۆی دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتێکی لەو جۆرەی دەچاند. بۆ ئەو مەبەستە هەمیشە لە مەیدانی کارکردندا لەنێو شیعەکانی ئەفخانستان، لوبنان، سوریا، یەمەن، عیراق و چەند وڵاتێکی دیکە چالاکانە کاری دەکرد، بە سەدان پەیوەندیی شەخسی لە نێویاندا لە هەردوو ئاستی شەقام و پارت و سەرانی گروپ و میلیشیای ئەو وڵاتانەدا بەستبوو. داڕشتنی ئەو جۆرە ستراتیژەیەت و پێکانی ئامانجێکی لەو جۆرە بۆ ئەو گرنگ نەبوو بە پەیڕەوکردنی سیاسەت بوایە یان لەسەر خوێنی خەڵکی بێتاوان و هەژاران بوایە.
سەرهەڵدانی گروپ و هێزی میلیشیای توندڕەو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بووە بە دیاردەیەکی زەق کە لەسەر ئاستی ناوەخۆی ناوچەکە و دنیادا هەستی پێدەکرێت و دیاردەیەکی ترسناکە، نەک تەنیا بۆ بەرپابوونی شەڕ و ناسەقامگیری سیاسی و ئابووریی سەربازیی لە ناوچەکەدا، ئەڵبەتە مترسیدارترین خاڵ ئەوەیە کە کاردانەوەی دەبێت لەسەر جۆری پەروەردەبوونی تاکەکان و نەوەی داهاتوودا و پێشبینی دەکرێت لە ئاکامدا بە سەدان هەزار کەسی توندڕەو و پیاوکوژی بەرهەم بێت. 

لە هەندێک خاڵدا قاسم سلێمانی دەچووەوە سەر  ئەبوبەکرد بەغدادی!
دیارترین گروپی توندڕەو لە ناوچەکەدا لەو ساڵانەی دواییدا کە ناسران، گروپی توندڕەوی ئەلقاعیدە و داعش بوو، کە سەرکردەکانیان بیلادن و ئەبووبەکر ئەلبەغدادی بوو، کە پلەی سەربازیی و سیاسیی سەر بە وڵاتێکی دیاریکراویان نەبوو، وەک ئەوەی قاسم سولەیمانی هەیبوو و پێگەی فەرمیی سەربازیی و سیاسیی خۆی بەکاردەهێنا بۆ هەمان مەبەست.
قاسم سلێمانی پلەی سەربازیی ددانپێنراوی هەبوو، جەنەڕاڵ لە هێزی پاسەوانی شۆڕشی ئیران و سەرکردەی هێزی قودسی ئیرانی بوو، کە بە فەرمیی بەشێک بوو لە سوپای پاسدارانی ئیران کە وڵاتێکی ددانپێنراوە لەنێو کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی واتە توانی بووی خۆی لە دیاردەی نازناوی سەڕۆکی میلیشا دەرباز بکات، کار و فەرمانەکانی فەرمی بێت، نەک وەک ئەبوبەکر بەغدادی و بلادن تەنیا گروپ و میلیشیای نافەرمیی لە خۆی کۆبکاتەوە. بەکارهێنانی پلە و پێگەی سەربازیی و سیاسیی و فەرمی قاسم سولەیمانی لەکارکردندا بە تایبەتی لە دامەزراندنی گروپ و میلیشیادا مەشروعیەتی هەبوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک ئەبوبەکر بەغدادی و بلادن چاویان لێ نەدەکرد، دەسەڵاتداران و یاسای ئیرانیش ددانیان بە کار و چالاکییەکانی نابوو و ڕێزی تایبەتیان دەگرت لە عیراق، لوبنان، سوریا، یەمەن و ئەفغانساتاندا وەک نوێنەری ئیران مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرد و گوێڕایەڵی بوون. واتە قاسم توانی بووی لە نێوان بوونی میلیشیای چەکداری نافەریی و بوونی لە سوپادا مەشروعیەت ورەبگرێت، نوێنەری سلکی دیبلوماسی و سەربازیی ئیران بکات. لە چەند ساڵی ڕابردوودا قاسم سولەیمانی یەکێک بوو لەو کەسانەی کە بە ئەندازیار و سەڕۆکی زانستییانەی بیرۆکەی دامەزراندنی گروپ و میلیشیای فەرمیی و نافەریی سەر بە ئیران بوو، ئەو بوو کە گروپی فاتیمیون، زەینەبیون، حەیدەریون، حوسەینینونی لە ئەفغانستاندا دامەزراند.
دوای ڕوخانی سەدام، بەهاری عەرەبی و شڵەژان و دۆخی ئاڵۆزی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست، هاتنی زلهێزەکان بۆ ناوچەکە و ناکۆکیی نێوانیان، ناتەبایی نێوان پێکهاتەکانی نێو کۆمەڵگەی ئەو دەڤەرە، لەو دۆخەدا ئیران پلان و ستراتیژی دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی شیعەی ئامانج بوو. هەلێک لە ناوچەکەدا ڕەخسا دەتوانم بڵێم بە بێ دەنگی ئیران سوودمەندی یەکەم بوو لە بارودۆخەکە، توانی پەلوپۆ بۆ وڵاتانی دەوەروبەر بهاویت بەتایبەتی لە سوریا، لوبنان و عیراق و قاسم سلێمانی بەفەرمیی نوێنەری دەسەڵاتدارانی ئیران و پەیامهەڵگری عەلی خامەنەئی بێت کە هەڵگری بیرۆکەی دروستکردنی گروپ و میلیشیای چەکدار بوو.
لە دوو دەیەی ڕابردوودا هەموو ئەو هێزانەی کە سەر بە ئیران بوون گەشەیان سەند، بە تایبەتی حزبوڵای لوبنانی بە سەڕۆکایەتی حەسەن نەسروڵا وەک سەڕۆکی مقاومە لە ناوچەکەدا ناسرا. دوای جەنگی لەگەڵ ئیسرائیل و بردنەوەیان لە ساڵی ٢٠٠٦دا پێگەی جەماوەریان لە لوبنان و ناوچەکە هەڵکشا، هەنووکە ڕۆڵی سەرەکیی دەبینن لە داتاشینی پەیکەری سیاسیی و سەربازیی لوبنان، بە دڵنیاییەوە قاسم سولەیمانی ئەڵقەی گرێدانی پەیوەندیی نێوان ئەو پارتە و ئیران بوو لەو چەند ساڵەی دواییدا. زەینەبی کچی قاسم سلێمانی دوای کوژرانی باوکی لە میدیاکاندا داوای لە حەسەن نەسەروڵا کرد کە تۆڵەی باوکی بکاتەوە.
دوای ڕووخانی سەدام لەلایەن ئەمریکاوە، قاسم سلێمانی توانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە شیعەکانی عیراق نزیک ببێتەوە و خوێندنەوەی تایبەتی بۆ دۆخی ئەوان و ناکۆکییەکانی نێوانیان و ئیعتیقادی مەزهەبیان بکات. قاسم سولەیمانی لەو ڕاستییە گەیشتبوو کە گشت شیعەکانی عیراق بڕوایان بە مەسەلەی مەزهەب نییە، ئینجا یان عیلمانین یان خەڵکی نیشتمانی و نەتەوەیین، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ مێژووی حزبی شیوعی لە عیراق بۆمان دەردەکەوێت کە زۆربەی سەرکردەکانی حزبی شیوعی عیراقی خەڵکی نەجەف و کەربەلا بوون، هەروها یەکگرتووی شیعە مەزهەبی عیراقییان لە بەرژەوەندیی خۆیان نەدەدی، لەبەرئەوە بوو لەنێو جەیشی ئەلمەهدی سەدرادا دەستی کرد خەڵک دروست بکات و لە ئاکامدا زۆربەی ئەوانەی لە کەتایبی ئەهلی حەقی قەیس ئەلغەزعەلی بوون پێشووتر لە جەیشی مەهدی سەدردا بوون. لەو دیدەوە ئیرانییەکان یەکگرتووی شیعەی عیراقییان لە بەرژەوەندیی خۆیان نەدەدی و قاسم سلێمانی لەسەر ئەو زەمینە مەزهەبییەی کە هەبوو چەند گروپ و پارتی شیعەی لەژێر سەرکردایەتی جیادا دامەزراند. ئەمە ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ قاسم بۆ ئەوەی بە جیا بتوانێت هەژموونی خۆیانی بەسەردا بسەپةێنێت، کۆنتڕۆڵی سەرانی ئەو گروپ و پارتانە بکات، خۆی لە سەنتەری بڕیارداندا بێت و زۆربەی شیعەکانی عیراق ڕاستەوخۆ بە دەسەڵاتدارانی ئیران ببەستێتەوە، نەک بە سەدر یان بە عەلی سیستانی.
قاسم سلێمانی لە مەسەلەی مەزهەبی و نیشتمانی تێگەیشتبوو کە ڕەنگە ڕۆژێک ڕۆحی نەتەوەیی و نیشتمانی کاردانەوەی هەبێت لەسەر مەسەلەی مەزهەب و خەڵک داوای کۆتایی هێنانی هەژموونی ئیران بکات، لە ئەنجامدا کاردانەوەی هەبێت لەسەر دروستکردنی هیلالی شیعی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دابەشبوونی هێز و نفوزی شیعەی عیراقی لە بەرژەوەندیی پلانی سەربازیی و سیاسیی ئیران بوو. قاسم لە نەفسیەتی ئەو کەسانە گەیشتبوو کە دەیانویست پۆست و پارە یان پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە عیراقدا بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. لەسەر ئەو بیناغەیە کۆمەڵێک گروپی چەکدار و پارتی شیعی بە سەڕۆکایەتی کەسانێک دامەزراند کە ئەو توانی بە پارە ترس هەژموونی خۆیانی بەسەردا بسەپێنێت.
لەسەر ئەو بیناغەیە و ڕۆشنایی ئەو واقیعەدا قاسم سولەیمانی لەسەر زەمینەی شیعە مەزهەبەکانی سەر بە ئیران چەندین میلیشیا و گروپی چەکداری دروست کرد وەک، حەشد الشەعبی، بەدر، کەتایبی ئەهلی حەق، حزبوڵا، خراسانی، ئەلشوهەدا و کەتایبی ئیمام عەلی". هەمووشیانی لە چوارچێوەی قەوارەی حزبیدا یان سەربازییدا بە خەڵک ناساند و بەگوێرەی یاسا و دەستوری عیراقی بە فەرمیی ددانیان پێدانرا وەک، حەشدی شەعبی کە بوو بەشێک لە سوپای عیراقی و دواتریش هەندێک لە ئەندامانی ئەو لایەنانەی بۆ پەرلەمانی عیراق ئامادەکرد بۆ ئەوەی بتوانێت چی بە ڕێگەی سەربازیی و چی بە ڕێگەی سیاسی و دەستور گوتە، ئامانج و پلانەکانی سەربخات. لەو دیدەوە دەردەکەوێت کە قاسم سلێمانی وەک سەرکردەیەک بۆ سەرکەوتنی مەزهەب و مەرامە سیاسییەکانی زیرەکانە و بە هۆشیاری کاری کردوە. ئەم جۆرە کارکردن و ناساندنەی خۆی بە میللەت، کاردانەوەی هەبوو لە ئەنجامدا لەنێو مەزهەبیەکانی شیعەی ئێراندا پێگەیەکی بەهێزی بۆ خۆی دابین کرد بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش، لە میدیاکاندا دیتمان کە لە کاتی ناشتنی تەرمەکەی جەماوەرێکی ئێجگار زۆر بەشدارییان کرد.
قاسم سلێمانی تەنیا لەسەر شیعە مەزهەبەکانی عیراقدا کاری نەکرد، ئەڵبەتە ئەو لەوە گەیشتبوو کە کۆمەڵگەی عیراقی پێکهاتوون لە ئایین، مەزهەب و نەتەوەیی جیا بە تایبەتی نەتەوەی کورد کە لە ٢٠% عیراق پێکدەهێنن و خاوەن پارت و سەرکردەن، بێ گومان قاسم سلێمانی ئەو بەشەی عیراقی فەرامۆش نەکرد، لەسەر ئەو زەمینەیەی کە پێشووتر هەبوو کە زۆربەی سەرانی پارتی و یەکێتی و ئیسلامییەکان کرێگرتەی ئیران بوون کاری کرد، هەروها ئاگاداری مەسەلەی بە بنەماڵە و بە خێزانکردنی سیستەمی دەسەڵاتی حوکمڕانی باشووری کوردستان بوو، لەبەرئەوە بە شەخسی پەیوەندیی لەگەڵ سەرانی پارتی و یەکێتی و منداڵەکانیان، برازا، خێزان و ماڵە خەزورانی تاڵەبانی بەست. چەند جارێک ڕوحانی گوتی: "ماڵی تاڵەبانی هێڵی سوورن". ئەو دەیزانی ئەو پەیوەندییە لەسەر بیناغەی هاوکێشەی سیاسییدا نییە تەنیا بە پارە و چاوپۆشین لەگەندەڵی دەتوانێت بیانکات بە ئەنگوستیلەیەک لە دەستی خۆیانی بکات، بۆیە بە درێژایی ٢٨ساڵ قاسم سلێمانی هەموو مەرجێکی بەسەریاندا سەپاند گەیشتبووە ئاستێک دەبوو بە نێوبژیوانی نێو یەکێتی و تا دەگات بە نێوبژیوانی نێوان سەرانی یەکێتی و گۆڕان.
بێ گومان ئەو جۆرە کارکردنە هونەر و کەسایەتی بەهێزی خاوەن کارێزمای دەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەرکەوتنی کارێزمای قاسم سلێمانی لە کەشوهەویەکدا بوو کە مەیدانی سیاسیی عیراقی پڕ بوو لە کەسایەتی بێهێز، کە تەنیا بۆ بەرژەوەندیی و پارە کاریان دەکرد ئەویش بۆ خۆی خاڵێکی گرنگ بوو بۆ دەرکەوتنی قاسم سلێمانی وەک ئەستێرەیەکی شیعی دەسەڵاتداری بڕیاربەدەست.
قاسم سلێمانی بۆ دوو دەیە توانی سەرکەوتوانە بە سەدان گروپ و میلیشیای سەر بە ئیران دابمەزرێنێت و بە خێرو بێری وڵاتەکەی خۆیان خەرجیان بکێشیت و شەڕی بە وەکالەت بۆ ئیران بکەن، بە دەیان هەزار چەکدار لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەست لەسەر سنگ بۆی ڕاوەستن. قاسم سلێمانی بۆ حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئیران ڕۆڵی گرنگی هەبوو و دەستەڕاستی عەلی خامەنەئیی بوو، ئامرازێکی کارا بوو بۆ سەرکەوتنی دامەزراندنی هیلالی شیعی، پێشبینی دەکرا لە داهاتوودا ببێت بە سەرۆک وەزیرانی ئیران، زیاتر ڕۆڵی هەبێت لە دامەژزراندن و مسۆگەرکردنی ئیمپراتۆریەتی شیعی لە ناوچەکەدا، بۆیە ئەمریکا دارێکی لە دەست بوو زانی بۆ کوێی سەرانی ئیران دەوەشێنیت!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە