لایک و دووبارەبوونەوەی سیستەمی دیکتاتۆری بە تەکنەلۆژیا ؟

Wednesday, 08/01/2020, 14:45

5760 بینراوە


لایک دەورێکی گرنگی هەیە لای مرۆڤی ساپیان، ئەویش بەهۆی بونی مۆلوکولی دۆپامین ( Dopamine) ەوەیە، واتە چەندە ئەو مۆلوکولە لای تۆ زۆر بێت ئەوا لایک و دەستخۆشی کاریگەریکەی زۆرتری دەبێت لەسەرت، هەمو شەریەکەو بازرگانی مۆدێرنیش لەسەر دۆپامین کاردەکەن. بۆیە لایک بۆتە دیاردەیەکی ئاڵۆز؛ ئایا لایکی بکەم یان نەیکەم ؟ من بەش بەحاڵی خۆم ئەگەر باسێک نەخوێنمەوە و بەدڵم نەبێت ئەوا هەرگیز لایکی ناکەم ، گرنگی نوسینێکیش بۆ من ئەوەیە کە زانیاری تێدا بێت، زانیاریش لەهەر بوارێکدا. هەندێک برادەری ئازیز لەسەر فەیسبوک، بۆ ئەوەی کە تێمان بگەیەنن کە پەیجەکەمیان بەدڵە لە پێنج خولەکدا لایکی ساڵێکی نوسینەکانم دەکەن کە بڕواناکە خوێندبێتیانەوە، بێگومان مەبەستیان خراپ نیە، چونکە دەزانن کە ئەو کارە دەبێتە دڵخۆشیم ئەگەریش من بزانم کە ئەو لایکانە ئۆتۆماتیکینو نوسینەکان نەخوێندراونەتەوە ئەوا هەر کاریگەری ئەرێنی ئەبێت لەسەرم، لەبەر ئەوەی کە دۆپامین بیرناکاتەوە، ئەو لایکە وەک دەستخۆشیەک دەبینێت بۆیە هەستی لەزەتو خۆشی بە کەسە لایکپێکراوەکە دەبەخشێت.

دۆپامین مۆلوکولێکی بیۆکیمیاویە بەرپرسە لە پەیوەندی ناو سیستەمی نێرڤزی مێشک. کاتێک خواردنێکی خۆش دەخۆیت، دۆپامین بەرپرسە لەوەی کە تۆ هەست بە لەزەتو خۆشی دەکەیت، واتە بەرپرسە لە جۆرێک لە پاداشت دانەوە و هاندانت، کاتێک تۆ شتێکی باش دەخۆیت یان کارێکی باش دەکەیت ئەو بە هەستی لەزەتو خۆشی پاداشتت دەداتەوە، وەک چۆن لە یاری سیرکدا کابرا کاکاوێت هەڵئەدا بۆ مەیمەنوکە کاتێک بە باشی کارەکەی ئەکات و هەڵئەپەڕیت. بەبێ دۆپامین مرۆڤ ناتوانێت بژی لەبەر ئەوەی کە ئەو وەک ماتۆڕێک ئەگەریش هەڵخەلەتێنەریش بێت پاڵنەرەو یارمەتیت دەدات کە بەردەوام بیت لەهەوڵ دان بەدوای دۆزینەوەی لەزەت، لایکو ئافەرینو دەستخۆشیش هەمان دەوریان هەیە.
دۆپامین خانەیەکە کە کاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر هەڵسوکەوت، هەرچەندە یەک لەسەر سەدی مێشک داگیر دەکات بەلام دەور و کاریگەری زۆرە لەسەر مرۆڤ، لەهەندێک لەزەتی مۆسیقا و شتی ئەپستراکتیش ؛ کاتێک بەتەنیشت کانیەکەوە دادەنیشیتو گوێت لە قاسپە قاسپی کەو و خوڕەی ئاوە، ئەوە دۆپامینە کە پێت دەڵیت ئەو ئاوازو خوڕەی ئاوە خۆشن بۆتۆ، بە ناردنی مەسج.


هەندێک جار زۆری چەندایەتی دۆپامین، کەسەکە بەلای هەندێک کاری سەرپەلی و سەرشێتیدا دەبات، وەک یاری قومار یان کردندێک کاری تودڕەوی یان کردنی شتی ترسناکو خواردنی درەگ لەپێناوی بەدەستهێنانی لەزەت. لەسەردەمی هەرزەکاریشدا دەوری دۆپامین بەشیوەیەکی دیار زیاد دەکات، لای نێرینە زیاتر لە مێینە. ئەو کەسانەی کەدەبنە سەرکردە یان دەیانەوێت ببنە کەسانێکی بەناوبانگ لە ناپۆلیۆنەوە هەتا ئاپۆ، هۆرمۆنی دۆپامینیان زیاترە لەوانی تر، واتە هۆرمۆنەکەیان هێندە زۆرە کە داوای دۆپامین زۆرترە لە هەوڵدان بە بەدەست هێنانی دەستخۆشی، بۆیە توانای زۆرتر بەکار دەهێنن بۆ بەدەستهێنانی پاداشت لەلایەن دۆپامینەوە، واتە دۆپامین پاڵنەرو داواکارە، هەتاوەکو هەست بە بەختەوەری بکەیت.
بودیستەکان دەڵێن باشتر وایە رابوەستیت لە راکردن بەدوای لەزەتا چونکێ هەوڵدانێکی بێ کۆتاییە ؛ کاتێک تۆ هەوڵی ئەوە ئەدەیت پارە وەدەستخەیت بەو هیوایەی کە لەزەت بچێژیتو بەو بۆنەیەوە بەختەوەری، بەپێجەوانەوە تۆ بەرەو ناهەمواری دەچیت لەبەر ئەوەی کە هەر کاتێک دەبیتە خاوەنی شتێک دەترسیت لەکیست بچیتو خۆشی بەردەوام نەبێت، بۆیە هەرگیز تێرنابیتو هەمیشە لەڕاکردندایت لە ترسی ئەوەی کە ئەو لەزەتەت لەکیس بچیت، کەئەمش زیاتر بەلای حاڵەتی پشێوی و ترسو دڵرەواکێتا دەتبات هەتاوەکو بەرەو بەختەوەری. هەر بۆیەش هەندیک لەبودیستەکان دادەنیشنو بە مێدیتاسیۆن لە لەشی خۆیان دەچنە دەرەوە و ئەو لەشە جێدەهێڵن، ئەو لەشەی کە هەڵیان دەخەڵەتێنێت بە شتی بێ هودە .



هەموشمان وەک مرۆڤی ساپیان ئەو مۆلوکولەمان بەکەمی زۆری هەیە . بەناچاری کاتێک لایکت کەمە، دەچیتە سەر کورسیەکەی فرۆیدو دادەنیشیت هەتاوەکو شیکارێکت بۆ بکات کە بۆچی تۆ لایکت کەمترە لە برادەرێکی تر، کە ئەو هیچ شتێکی بەنرخو زانیاری گرنگ باس ناکات، خۆ مەرج نیە کە تۆ شتی خراپتر دەنوسیت، یان ئاستت کەمترە لەوی تر بۆیە خەڵکی باسەکانت ناخوێننەوە و لایکت ناکەن، لەو کەینو بەینەدا دۆپامین ڕازی نیە لە تۆ و پاڵت پێوە دەنێت کە وەک ئەوان بنوسیت، وەک ئەوان هەڵسوکەوت بکەیت، ئەمەش دەبێتە هێنانە کایەی جۆرە زمانێک کە لە دنیای مۆدێرندا پیی دەڵیین زمانی ئونیک ( یەک زمان)، یەک هەڵسوکەوت، واتە هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە یەک جۆر دوانو هەڵسوکەوت، بەیەک ستایل، وەک دەبینین لەهەندێک بواردا لەمێژەوە بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی و مۆدێلێکی دڵگیر و بەرهەمهێنەر، زۆر لە پیاوانی سیاسی بەیەک زمان دەدوێن، کە پێی دەڵین هونەری زمانی سیاسی، چونکە دەزانن کەبەو جۆرە زمانە خەڵکی لێیان رازی دەبێت، یان لە بواری بازرگانیاد لە مەکتەبە بازرگانیەکاندا فێردەبیت چۆن بدوێیت لەسەر کاڵایەک، هەتاوەکو باش بفرۆشیت لەبازاڕدا، یان دادیارێک بە جۆرێک زمان دەدوێت، هەمو ئەمانە دەمان بەنەوە بۆ جۆرێک لەنوسینو هەڵسوکەوت کە لێکۆلینەوەی بۆ کراوە چۆن بنوسیت یان چۆن هەڵسوکەوت بکەیت هەتاوەکو زۆرترین کەس بەلای خۆتا راکێشیت، بۆ نمونە لە هونەری سینەمای هۆڵیودا بۆ ئەوەی فلیمێکی دڵگیر بەرهەم بهێنیت کە بەدڵی هوموان بێت، واتە لایکی زۆرترت بۆ بێت، لەسەدا نەوەدو نۆی فلیمەکان لە چارەکی یەکەمی فلیمەکەدا بە کارەساتێک یان روداوێکی کتوپڕ دەست پێدەکات، دوچارەکی تری فلیمەکە بەدەوری ئەو روداوەدا دەسوریتەوە، پاشان لە چارەکی کۆتاییدا چارەسەرێکی گونجاو، جا ئەگەر ئەو چارەسەرە، هەپی ئێند happy end بێت ئەوا وەک فەرەنسیەکان دەڵێن ؛ گێلاسێکت بۆدەخەنە سەر کێکەکەت .
کاتێکیش نامەیەکت پێدەگات لە شەریەکەیەکەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆر ناکۆکە لەگەڵت لەبەر ئەوەی کە تۆ نامەت بۆ ناردوە کە رازی نیت لەو کالایەی کە پێتی فرۆشتوە و هەڵی خەلەتاندویت، لە کۆتایی نامەکەدا ئەنوسێت ؛ کۆمپانیاکەمان زۆ دڵخۆشە بەوەی کە بەڕیزتان کالای لێدەکڕن، تۆ هەمیشە بۆ ئێمە جێگای ڕیزیت.، تۆ گرنگیت بۆ ئێمە..تاد، ئەبێت ئەوە بزانیت کە ئەو شەریەکەیە لەگەڵ تۆدا بە ڕاستەوخۆ نادوێت، بەڵکو لەگەڵ دۆپامیندا دەدوێت، هەرچەندە لە کوردەواریدا بەمە دەلین سابون دان لەبەری پێ و راستیش دەکەن بەڵام ئەمە جۆرێکە لە رازیکردنی دۆپامین، ئەو کەسانەشی کە بڕیاریان داوە ئەو جۆرە نامانە بنوسن دەزانن بۆچی وەهای دەنوسن خۆ ئەگەر خۆیان بڕیاریان نەدابێت هاندراون، خۆ ئەگەر هان نەدرابن ئەوا بۆتە جۆرێک لە زمانی بازرگانی کەلەسەرەتاوە لەسەر دۆپامین بنیات نراوە.
گەورەترین لایک کرابێت لە مێژودا، لایکی ئێزدانە بۆ جولەکەکان ؛ ( ئێوە گەلی هەڵبژێردراون لەلایەن خوداوە )، لەبەر ئەوەی کە جولەکە هەر لە مێژەوە بە لایکێکی زۆر گەورە فێربون بۆیە تاکی جولەکە هەمیشە بەدوای دەستخۆشی زیاتردا دەگەڕیت و بەم هۆیەوە لەزۆر بواردا یەکەمن. تۆ ئەگەر دەستخۆشی لەمندالەکەت بکەیت کا کتیك کارێکی باش دەکات لەبوارێکدا، مۆسیقا خوێندن...تاد، ئەوا هەول ئەدا باشتری بکات هەتاوەکو دەستخۆشی زیاتی لێبکرێتو بەو پێیەش دۆپامینەکانی شەپۆلی خۆشی و بەختەوەری بۆ دەنێرێت، بۆیە دەبینیت کە مدالەکەت روی خۆشەو بەختیارە بەڵام منداڵی دراوسێکەت خەمگینە لەبەر ئەوەی کە دۆپامینەکانی هان نەدراون. بۆیە تاکی جولەکە هەمیشە بەدوای لایکدا رادەکات هەتا دەگاتە لایکی خەلاتی نۆبڵ لە بوارێکدا.


وەک دەبینین سیستەمی لایک لە سایتەکۆمەڵایەتیەکاندا بەکار دێت، بەڵام سیستەمی پێنج ئەستێرە کەهەر ئەستێرەیەک پێکهاتوە لە سەد خاڵ، واخەریکە وردە وردە جێگایەکی گرنگ دەگرێت لە ژیانی ڕۆژانەماندا، بەتایبەتی لەئەوروپادا لەوەتەی ئەنتەرنێت جێگای خۆی کردۆتەوە لە بواری بازرگانیدا، سیستەمی پێنج ئەستێرە دانراوە بۆ پێوانەی ئاستی باشی شەریەکەیەک، بەگوێرەی هەڵسوکەوتیان ژمارەی ئەستێرەکان کەمو زیاد دەکرێت، بەهەمان شیوەی لایک، کاتێک ئەستێرەت زۆرترە دۆپامین هەست بە بەختیاری دەکات، چونکە تێیان گەیاندویت کە بونی زۆری ئەستێرە جۆرێکە لە ئافەرینو هاندان، ئەم سیستەمە ئێستاکە وەک لایکی فەیسبوک بۆ کرێکارێک یان بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگە کەوتۆتە کار لە وڵاتی چین، لەهەندێک شاردا کامێرا لەهەمو سوچێکی جادەکاندا دانراون کە هەمو کەسێک دەناسێتەوە، بەگوێرەی ئەو شوێنانەی کە بۆی دەچیت ؛ ئەچیت بۆ پارکێک منداڵەکەت ئەگەڕێنیت، ئەچیت بۆ جۆرێک لە سوپەرمارکێت یان کتێبخانە، سیستەمەکە ئەستێرەت بۆ زیاد و کەم دەکات بە پێی ئایدیۆلۆژی حوکمڕانی، خۆ ئەگەر بچیت بۆ خۆپیشاندانێک ئەوا پێ دەچیت ئەستێرەکانت زۆر کەم بکەن، هەمو کەسێکیش ئاگادارە کە تۆ چەند ئەستێرەت هەیە، خۆ ئەگەر ئەستێرەکانت کەم بن ئەوا تۆ بەکەسێکی باش نابیرێیت لەناو کۆمەڵگەدا، بۆیە ناچاردەبیت دوای لەوەڕەکە بکەویت دەنا دەچیتە دەرەوەی کۆمەڵگە.
سیستەمی پێنج ئەستێرە سیستەمێکی نویی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەیە بە تەنکنەلۆژی مۆدێرن، لەبەر ئەوەی کە لە داهاتودا کۆنترۆڵ کردنی ملیارێک کەس نەک گرانە و پێوسیتی بە ژمارەیکی زۆر لە پۆلیسو ئەسکەر هەیە، لەهەمان کاتا بودجەیەکی زۆری پیویستە. ئەم سیستەمە لەئەوروپا مشتومڕی زۆری لەسەرە وەک ئەوەی کە گوایە ئەمە دژی ئازادی تاکە، کە چین دەیەوێت جۆرێک لە سیستەمی دیکتاتۆری ماوتسیتونگ دوبارەبکاتەوە بە تەکنەلۆژی، بەڵام لاڕاستیدا هەمو ولاتانی ئەوروپا ئاواتەخوازی بەکار هێنانی سیستەمێکی لەو جۆرەن لەداهاتودا وەک چارەسەرێکی گونجاو بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەی مۆدێرن کە ئەمڕۆ بۆتا کارێکی گران.
لە ئێستادا بە پیی قانونی ئەوروپی و پارێزگاریکردن لە ئازادی تاک ڕیگە بەو جۆرە چاودێری کردنە نادرێت، بەڵام وەک چۆن جاران خەڵکی دژی کامێراکانی سەرجادە دەوەستانەوە کە گوایە دژی ئازادی تاکە، بەڵام ئیستاکە هەمومان قبوڵمان کردوە بەناوی ئاسایشی کۆمەڵگەوە، یان کاتێک گوگڵ چەندەها زانیاری ئەدا لەسەر تاک، لەئەوروپا هەندێک قانونی بۆ دانا، بەلام هەربەردەوامە و لە گەل زەمەندا خەڵکی بەناچاری قبوڵی دەکەن لەبەر ئەوەی کە لایەنی ئەرێنی تێدایە، بۆیە هەرئاواش لەداهاتودا ئەو سیستەمی چاودێری کردنو پێدانی ئەستێرەیە کە ئەمڕۆ بە دیاردەیەکی نامۆ دەبینرێت، لە داهاتودا قبوڵ بکرێت بۆ کۆنترۆلکردنی کۆمەڵگە کە پۆلیسو سیستەمی کۆن لەتوانایاندا نیە جێبەجیی بکەن. هەمو ئەم ئەستێرە و لایکانە مرۆڤی مۆدێرن دەبەن بەرەو یەک جۆر لە هەڵسوکەوتو جۆرێک لە دوان کە جۆرێکە لە کۆنترۆلکردنی تاک لە سیستەمی مۆدێنرندا.
بیست ساڵێک لەمەوبەر لەسەفەرێکمدا بۆ ئەمەریکا، ڕۆژێک لەناو ئۆتۆمۆبیلێکدا لەگەل هاوڕییەکی ئەڵمانیمدابوم، بوبە دەنگەدەگ لەنێوانماندا، لەسەر پەکەکەو سیاسەت، پاش تۆزێک هاوڕێکەم؛ پیتەر بە پێکەنینەوە پێی وتم ؛ ( ئەزانیت کە زۆر دڵخۆش بوم بەوەی کە تۆزێ بو بەدەمبۆلە لەنێوانماندا، لەبەر ئەوەی کە دوساڵە لەئەمەریکام، کاتێک باسی شتێک دەکەیت، کەس دژت ناوەستێتەوە لەئەمەریکا، هەمویان دەڵێن کە هاوران لەگەل تۆ، ئەگەریش هاوڕا نەبن. ) ئەم مۆدێلە لە ئەمەریکا لەزۆر دێرەوە بۆتە جۆرێک لە هەڵسوکەوت، لەبەر ئەوەی کە ئەمریکیەکان لە مێژەوە بەرەو ئەو جۆرە زمانە دەڕۆن بەو پێیەی کەئەوان لە پێش ئێمەوەن لە ژیانی تەکنەلۆژی مۆدێرندا، ئێمە بەزمانی خۆمان پیی دەڵیین زمانی دورویی و درۆ بەڵام ئەم جۆرە زمانە بەندە لەسەر ناتوری مرۆڤو هۆرمۆنەکای بەتایبەتی میستەر دۆپامین کە زۆر حەزی بەو جۆرە هەڵسوکەوتەیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە