کوشتنی قاسم سلێمانی بە پلانی ئەمریکا و ئێران

Sunday, 12/01/2020, 15:54

4338 بینراوە


لە دوایی تێکچوونی ڕەووشی عێراق و خۆپیشاندانەکان دژی ھەژموونی ئیران و کوشتنی قاسم سلێمانی، قۆناغێکی نوێ لە ناوچەکە دروست بووە، ناکۆکی و ئاڵۆزی و فشارەکان بەرەوھەڵکشان دەچن، بێگومان دەبێت چەند ئەگەرێک چاوەڕوانکراو یان چاوەرواننەکراو ڕووبدەن، ھەرچەند ئەگەر و پێشھاتەکان بۆ بەرکەوتەی شەڕێکی چاوەڕوانکراو ڕوونتردیار دەکەوێت، سیاسەتێکی زۆر خێرا و ناجێگیر و ئاڵۆز دەگوزەرێت کە حەقیقەتی ڕاستی بابەتەکە شێوێنراو گوماناوی دیارە و ھەرکەسێک لەبەندەواری ئەوەیە ئێران چی بکات.!

لە کوژرانی سولێمانیدا زۆر شتی شاراوە و مژاوی ھەیە، ئەم بابەتە وەک قاچک لە ناکاو ھەڵتۆقی.! ھەرچەند پێشتر کێشە و ململانێکە زیاتر بوو!؟ نەگەشتە ئەم قۆناغە ھەستیارە وەک ئەوەی زەنگی شەڕ لێدرابێت.شەڕی ڕاگەیاندنەکان زۆر توند بەڕێوەدەچێت، زیاتریش وەک نمایش سەر سەحنی شانۆ دیارە!کە ئێران و ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن جیھانیشیان بەخۆیانەوە مەشغوڵ کردووە. پێدەچێت ھەردوولا لە سەرچەند خاڵێک ڕێکەوتبن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. لەلایەکیش ئەم سینارۆیە ئاڵۆزەشیان ئامادەکردبێت.

ھەموو ئاگادارین یان دەزانین کە ئێران لە چ دۆخێکدایە لە ناوخۆ و دەرەوەشدا، لە سیاسەتیی دەرەوەدا گۆشەگیر بووە و ناتوانێت ڕێچکەی سیاسەتێکی بەھێزوکاریگەر بەڕێوەبەرێ، لە ناوخۆشیدا تووشی کێشە بۆتەوە، دەنگی ناڕازایی ھەموو جێگایەکی گرتۆتەوە لە دژیی دەسەڵاتی ئاخوندەکان. خۆپیشاندانەکانی دوای شاھیدی ئەوەن کە دیوارەکانی دەوڵەت ڕزیوە و بەرگەی بەردەوامی و خۆپاراستنی نەماوە، ھەرچەند ھەژموونی ئێران برەوی سەندووە و بە ئاشکرا بەرفراوان بووە، بەڵام لەگەل خۆیدا زیاتر لە چارەسەری بەرکەوتە و کاولکاری و نائارامی بۆ ناوچەکە ھێنانەوە و ئەو ھێزانەی بەکگراوەندی ئێرانیان ھەیە بەرەو تێکچوون دەچن و بێکاریگەر دەبن، لە ئامانجەکانیان شکستیان ھێناوە و ناتوان ئەوەشی بنیاتیان ناوە بیپارێزن، بۆئەوەش ئێران خۆی درکی بە ڕاستی ئەم بابەتە کردووە، بۆئەوەش چی بکەوێتە سەرشانی و چی پێوویست بێت بۆ ئەوەی پێگەی خۆی بێڵێتەوە ئامادەیە پێشکەشی بکات.

لەگەل ئەوەی ئێران لەناوەخنیدا داڕزیوە و خەڵک بێزار بووە لە دەرچەیەک دەگەرێت کە گۆڕانکاری لە سیستەمی حوکمڕانی بکات، دەسەڵاتیش بۆمانەوەی ئەوەی پێوویستە دەیکات، ئەم بابەتەش وەک ھەنگاوێک بۆ پاراستن و مانەوەی یان درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی خۆی لەبەرچاوبگیرێت لە جێگای خۆیدایە، چونکە لە ھەموو جێگایەک ھاوسۆزەکانی سلێمانی پەیوەست دەبنەوە و لەلایەکیش ئیرادەی ڕۆحیان تێک دەشکێت و بێ ھیوا دەبن، چونکە لەکەسایەتی سلێمانیدا گۆڕانکاری دەکرێت.
لەکاتێکدا ئێران کێشەی سیاسەتی نێودەوڵەتی ھەیە و لە ژێر گەمارۆی ئابووریدایە و ھەردەچێت دەنگی نارازی لەناوخۆ پێشدەکەوێت و خەڵک لە مۆدێلە چل ساڵییە بێزار بووە، بۆدەسەڵاتی ئێران ئەو ڕووئیا مەزھەبیە پێوویستی بە دەمەزەرد و تیژکردنەوە ھەیە، تاکوو ڕۆحێکی بکاتەوە بەبەریدا، بۆیە ئەگەر کوشتنی سڵێمانی وەک پلانێک بێت بۆ تێپەڕاند ئەو ڕەوشەی ھەیە واتادارە و کاریگەرە، لێرەوە ھەستی گشتی ناوخۆ دەجوڵێنێ ئەو پۆتانسێل و ھێزەی ناوخۆ بۆ دژایەتی نەیارانی دەجوڵێنێ، تاکوو بتوانێت کێشە ناوخۆیەکان بەلاوەبنێ، بۆیە قوربانیەکی باش و بەکاریگەر پێشکەش کرد کە قاسمە.

لە ماوەی ڕابووردوودا خۆپیشاندانەکان چۆن دەسەڵاتی ئێرانیان ھەراسان کرد، ئەمڕۆش پێچەوانە بەخرۆشانێکی کاریگەر ئێران بەیەکدەنگ دەسەڵات ھەڕەشە لە جیھان دەکات.

بۆیەکوشتنی قاسم سڵێمانی باشترین دەسکەوتە بۆ مانەوە و نۆێ بوونەوەی دەسەڵاتی ئێران و تایبەت باڵی موحافەزەکاری خامنەیی، و خامۆشکردنی ھەموو دەنگە ناڕەزاکانی ناوخۆ و ھێنانەوەیان بۆ ناو سیناریۆکانی دەسەڵات و چاوگرتنیان لە ھەموو زوڵم و نادادی و برسیەتیەک کە بگوزەرێت لەژێر ناوی پاراستنی بەھا دینی و مەزھەبی ئێراندا.
بۆیە گرنگە پرسیار بکرێ چۆن لە ناکاو ئەم کەسایەتیە دەکرێتە ئامانج و لە کارنامەی لەناوبردن بە خێرایەکی زۆر ماوە کورتی چەند کاتژمێری دەکەوێتە ناو تۆڕیی نەیارەکانی و ڕاودەکرێت بە شێوەیەکی زۆر ئاسان کە ھیچ کەسێک باوەڕ بە ڕووداوێکی بەم شێوەیە ناکات!؟.
بۆیە بپرسین ئایا لەناو دۆسیەی سیاسی ئێران و ئەمریکا سلێمانی ئاستەنگ و بەربەستێکی گەورە نەبوو بۆ ھەردووکیان!؟ لەناوبردنیشی دەبێت خزمەت بە بەرژەوەندی باڵایی ھەردوولا ناکات لە داھاتوودا!؟
چونکە دەبێت بزانین لە سیاسەتی ناوخۆی ئێراندا قاسم سلێمانێ کەسایەتیەکی زۆر خۆشەویست نەبووە و ھەمیشە وەک کەسی باڵا لەسەروھەموو کەسانی تر ھەڵسوکەوتی کردووە. خۆی بە پێشەنگ و فریادرەسی ئێران بینیوە و لە ژێر ناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی ئێران ھەرچی وویستووە ئەنجامیداوە.
لەلایەکی تریشەوە ناوچەکە لە دوای تێک شکاندنی داعش پێوویستی بە خوێندنەوە و گۆڕانکاری ئەساسی ھەیە، ناوچەکە لە بۆشاییەکی سیاسیدا دەگوزەرێ و بەرکەوتەیی سیاسی و نەبوونی ئیستقراری سیاسی تایبەت لە عێراق و سوریا ھەڵدەکشێ و لەگەل ئەوەش لێگەرین ھەیە بۆچارەسەری سیاسی، بەڵام ئێران ھەمیشە ھەوڵی داوە ئاڵۆزی دروست بکات، سلێمانیش ھەمیشە بەرنامە دارێژەری ئاڵۆزییەکان بووە و بەردەوام ھەوڵی داوە گورزی بەھێز لە بەرژەوەندی و لایەن و کەسایەتیەکانی نزیک ئەمریکا بدات و ھەرھەوڵدانێک بۆ ئارامیەکی سیاسی لەسەردەستی ئەمریکا لەناوبەرێت. ئەمەش بۆتە گرێ کوێرەیەک و مۆتەکەیەک لە نێوان ئێران و ئەمریکادا و بەردەوام ھەر ھەوڵ و کۆششێک بۆ نزیک بوونەوە و چارەسەری کێشەکان بە ڕێبازی سیاسی بە گەڕکەوتبێت لەلایەکی تریش ئاڵۆزی لەسەردەستی سلێمانی ئەنجام دراوە و بێ ئەنجام ھەوڵەکان کۆتایی ھاتووە. قاسم سلێمانی ھەمیشە ھەوڵیداوە بە زەبری ھێز جڵەوی ناوچەکە بگرێتە دەست، کە زۆرینە ھاوفکری مەزھەبین و دیدی مەزھەبگەرایی شیعەن. ھەر پرۆژە و بەرنامەیەکی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵۆزیەکان لە دەرەوە پێشکەش کرابێت، بێشک قاسم سلێمانی ڕۆڵی تێکدان و ئاستەنگ کردنی لەسەرشان بووە.
لەھەلومەرجی ئەمڕۆدا ڕۆژھەلاتی ناوین لەناو کێشەی حوکمڕانە دەستپۆتەکان و موحافەزەکاران بە شێوەیەکی سروشتی لەبەریەک ھەڵدەوشێنەوە و کۆمەڵگا لە لێگەرینێکی نوێدا ھەنگاو ھەڵھێنێت. بۆیە ئێران بە ئاسنترین ڕێگا دەیەوێت باڵادەستی خۆی داسەپێنێت ئەویش بە شێوەی بژاردەی سەربازی. بۆئەوەش ھەرچەشنە سیاسەتێکی دیموکراتیک و مەدەنی و ئەقڵی نەرمی سیاسی بۆ چاروسەری و بەڕێوەبردنی دەسەڵات وەک ترسێک بۆسەردەسەڵاتی و ھەژموون و مانەوەی خۆی دەبینێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە