ساسانیەکان فارس نەبوون بەڵکو کورد بوون (1 - 2)

Monday, 13/01/2020, 0:57

14652 بینراوە


نوسینی: د. مەهدی کاکەیـی
وەرگێڕانی: جۆ ولیام
------------------------------
زۆربەی هەرە زۆری مێژوو نوسانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواش ساسانیەکان بە فارس لە قەڵەم دەدەن، لە کاتێکدا سەرچاوە باوەڕپێکراوە مێژوویەکان بەبێ دوودڵـی دەیسەلمێنن کە ساسانیەکان کوردن. دەبێت مێژووی دێرینی گەلی کورد و ڕاستیە مێژوویەکان دەربارەی بە ویژدانەوە و بە بابەتیانە باس بکرێت، بەدور لە ئارەزو خواستی کەسێتی و کێشمەکێشمی ڕەگەزپەرستیانە.

ئەم بەڵگانەی خوارەوە ڕاستی کوردبوونی بنەماڵەی حوكمڕانی ساسانی دەسەلمێنن:
1. نیشتمانی باپیرە گەورەی پادشای ساسانیەکان (ساسان) کوردستان بووە، کە کۆچی کردووە بۆ ویلایەتی فارس، ئەویش لەدوای هەڵهاتنی لە دەست ئەو پێشبینیەی کەوا یەکێك لە وەچەکانی فەرمانڕەوایی وڵاتی ئاریانا دەکات[1][2]. بەم جۆرە دەبینین کە (ساسان) کورد بووە و فارس نەبووە و خەڵکی ویلایەتی فارس نەبووە، و گەڕاندنەوەی ڕەچەڵەکی خۆی بۆ (بەهمەنی کوڕی ئەسفەندیاری کوڕی گوشتاسپ) جێی گومانە. (ساسان) حوشترەوان بووە لەلای یەکێك لە ئاغاکان[1]. هەر وەها (دهخدا) لە ئینسایکلۆپیدیاکەیدا دەڵێت (پاپەگانی کوردی)، كه باوکی پادشای ساسانی (ئەردەشێر)ه، شوان بووە"[3].
مامۆستاى زانکۆی تاران، دکتۆر ڕەشیدی یاسەمی باسی ئەوە دەکات (ساسان) کە باپیرەی (ئەردەشێرە)، سەر بە خێڵی (شوانکارە)ی کورد بووە و دایکی (پاپەگان Papagan) کچی یەکێك لە سەرۆك هۆزەکانی (بازرەنگی) کورد بووە. وڵاتی ئەم خێڵە ناوچەیەکی کوردیە لە هەرێمی فارس. هەروەها مامۆستا یاسەمـی لە درێژەی باسەکەدا دەڵێت: دەتوانین بڵێین کە (ئەردەشێر) کوردە [4].

(پاپەگان) کوڕی (ساسان) سەربە یەکێك لە ماڵەکانی ئاگرى (ئاناهیتا) بوو. (پاپەگان) کوڕێکی دەبێت ناوی دەنێت (ئەردەشێر Ardashir) کە هەستا بە دامەزراندنی دەوڵەتی ساسانی. (ئەردەشێری یەکەم) لە شاری (پیرسی پۆلیس)ی ولایەتی فارس لە دایك بووە، کە کاتی خۆی باپیرەی (ساسان) بۆ ئەوێ کوچی کرد بوو. (ئەردەشێر) حەزی بە ژیانی سەربازی دەکرد بۆیە دەبێتە فەرماندەیەکی باڵای سەربازی. براکەی ئەردەشێر فەرمانڕەوای ویلایەت دەبێت و ئەردەشێریش لە دژی ڕادەپەڕێت و ناچاری دەکات بە وازهێنان لە فەرمانڕەوایی بۆ ئەردەشێر. پاشان کە ئەردەشێر فەرمانڕەوایی ویلایەتەکەی گرتە دەست، و هەستا بە فراوان کردنی شانشینەکەی و هەریەك لە وڵاتەکانی کەناراو (کەنداوی هورمز) و (ئیلام) و (ئەسفەهان) و (میدیا)ی خستە ژێر ڕکێفی شانشینەکەی.

2. فراوانکردنی شانشینەکەی ئەردەشێر کۆتا پادشای ئەشکانیە فارسەکانی (پادشا ئەردەوانی پێنجەم)ی ترساند، بۆیە هەستا بە ناردنی پەیامێك بۆ (ئەردەشێر) بە نامەبەرێكدا. (پادشا ئەردەوانی پێنجەم) لە نامەکەیدا ڕەچەڵەکی (ئەردەشێر) بە کەم و بێ بایەخ باس دەکات. پاشان نامە پڕ سوکایەتی پێکردنەکەی (پادشا ئەردەوانی پێنجەم) لە کۆشکی پاشایەتی و لە بەردەم کاربەدەستانی شانشینی ساسانیدا دەخوێنرێتەوە. لە نامەکەدا ئەمەی خوارەوە نوسرابوو:
(هەی بەچکە کورد تۆ سنوری خۆتت بەزاند و مەرگی خۆتت دیاری کرد، تۆ لە ژێر دەواری کوردیدا پەروەردە بوویت، کێ ڕێی پێداوی بە لەسەرکردنی ئەو تاجە؟).

شایەنی باسە کە هەر یەك لە تەبەری[5] و ئیبن ئەسير[6] ئاماژەیان بەو نامەیە داوە. نامەکەی پادشای ئەشکانیە فارسەکان (ئەردەوانی پێنجەم)، بە ڕوونی دوپاتی ئەو ڕاستیە دەکاتەوە کە بنەماڵەی ساسانیەکان کورد بوون.

پادشاکانی ساسانی بەهۆی کوردبوونیان تەنها لەلایەن (ئەردەوانی پێنجەمی ئەشکانیەوە) لۆمەنەکران، بەڵکو دەسەڵاتداری ناوچەی ئەرمینیا و ئازربایجانیش لەسەردەمی دەوڵەتی ساسانیدا، (بەهرامی چویین) کە کوڕی (بەهرامی گوشتاسپ) بوو، لۆمەی پاشای ساسانی (خەسرەوی دووەم 'خەسرەو پەروێز") ی کرد لەبەر کورد بوونی کاتێك (بەهرام) هەوڵیدا کە دەسەڵات لە (خەسرەوی دووەم) بستێنێت، کە پێی گووت (هەی کوڕی زینا، تۆ لەژێر دەواری کورداندا پەروەردە بوویت)[7].

3. (ساسان) سەر بە هۆزی (شوانکارە)ی کورد بووە. ئەم هۆزە خەریکی کشتوکاڵ و مەڕداری بوون. ئەوان لە کۆتایی سەردەمی (بوهەویەکان)دا هەستان بە دامەزراندنی زنجیرە فەرمانڕەواییەك بە ناوی (ئەتابکە، پادشاکانی شوانکارەی کورد لە وڵاتی فارس)[8]. هەروەها ڕۆژهەڵاتناسی نەمساوی (ئێدوارد ڤۆن زامباور) لە کتێبی (معجم الأنساب والأسرات الحاكمة في التاريخ الإسلامي)دا ئاماژە بەوە دەکات کە هۆزی (شوانکارە) دەگەڕێتەوە سەر ڕەچەڵەکی دامەزرێنەری دەوڵەتی ساسانی (ئەردەشێری کوڕی پاپەگان) [9].

4. هەروەها (یاقوت ئەلحەموی) لە کتێبی "معجم البلدان" کە لەساڵی 1224 زاینی تا ساڵی 1228 زاینی خەریکی نوسینەوەی بوو، ئاماژە بەوە دەکات کە زنجیرە پادشاکانی ساسانی کاتێك کە شاری "مەدائین"یان بونیات نا، لە ناویدا گەڕەکێکیان بە ناوی {"کوردئاوا" [10]، واتە ئەو گەڕەکەی کە لەلایەن کوردەوە دروستکراوە} دروستکرد، چونکە خۆیان سەر بە نەتەوەی کورد بوون. نوسەر ناوی شەش گەڕەک دەهێنێت، كە پادشاکانی ساسانی دروستیان كردوە لەم شارەدا و یەكێك لە گەڕەكەكان " کوردئاوا"يه.

جێگای ئاماژە پێکردنە ناوی شاری مەدائین لە "مادیان"ەوە هاتووە، کە ناوێکی کوردیە و لە هەردوو ووشەی "ماد" و پیتەکانی "ان" پێكدێت. "ماد" بە واتای "میدی" دێت و "ان" بۆ "کۆ" لە زمانی کوردیدا بەکاردێت. بەم جۆرە ووشەی "مادیان" دەبێتە "مادەکان یاخود میدیاکان"، کە ئەوانیش باپیرە گەورەی کوردن. لە لایەن عەرەبەکانەوە ناوی "مادیان" دەگۆڕێت بۆ "مەدائین" و فارسەکانیش ناوی "تەیسەفۆن"ی لێ دەنێن. هەروەها ئەردەشێری پادشای ساسانی شارێكی تایبەت بە کورد لە نزیك شاری موسڵی ئێستا دروستکردوه و ناوی ناوه "بوز ئەردەشێر"[11].
هەریەك لە پادشاکانی ساسانی (قوباد) و (ئانەوشیروان) هەستان بە دروستکردنی زیاتر لە سی شار لە دەشتی (ئاران)، و یەکێك لەم شارانە ناوی (مەلازکورد) بووە[12][13]. ناونانی گەڕەکێك لە پایتەختی ساسانیەکان بە ناوی کوردەوە و هەروەها بونیاتنانی چەند شارێكی تایبەت بە کورد لە شوێنە جیاوازەکاندا لە لایەن ساسانیەکانەوە، ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ کوردبوونی ساسانیەکان.

5. پادشاکانی ساسانی نازناویان "خاسرەو" بوو، کە ئەم ووشەیە پێکهاتووە لە دوو ووشەی کوردی "خاس" کە بە واتای "باش" دێت لە کوردیدا[14] و ووشەی "رەو" کە ئەویش بە واتای (هەڵسوکەوت) دێت. بەم شێوەیە ووشەی "خەسرەو" بەواتای "کەسی هەڵسوکەوت جوان" دێت واتە کەسێکی بەڕێز و خاوەن پێگەیەکی بەرز. فارسەکان لە کوردیان وەرگرتووه بە شێوازی "خوسرەو" بەكاری دەهێنن. هیچکام لە ووشەکانی "خاس" و "رەو" لە زمانی فارسیدا بوونیان نییە. عەرەبەکان لای خۆیانەوە هەستان بە عەرەباندنی ئەم ووشەیە و کردیان بە "کیسرا /کەسرا". بەم شێوەیە نازناوی کوردی پادشا ساسانیەکان بەڵگەیە لەسەر کوردبوونی ساسانیەکان.

شایەنی باسکردنە، زۆرێك لە خەڵکی بە هەڵە پێیان وایە کە ناوی ئەو پادشا ساسانیە، "کیسرا" بووە کەوا لە سەردەمی حکومڕانی ئەودا جەنگی قادسیە ڕویداوە، بەڵام نازانرێت کە ووشەی "کیسرا" ناوی هیچ پادشایەکی ساسانی نەبووە، بەڵکو نازناوێك بووە بۆ هەموو پادشایانی ساسانی، کە لە بەرامبەری "خاوەن شکۆ/ڕێزدار" یاخود لە زمانی عەرەبیدا ووشەکانی (جلالة) و (فخامة) و (سمّو) بەکاردێن بۆ ڕێزلێنانی سەرۆك و پادشای وڵاتان. پادشای وڵاتانی دیکە نازناوی تایبەت بە خۆیان هەبووه، بۆ نمونە پادشاکانی ڕۆم نازناوی "قەیسەر"یان هەبوو، و پادشا قوبتیەکانی نازناوی "فیرعەون"یان هەبوو، و پادشا تورکەکان نازناوی "خاقان"یان هەبووە، و پادشاکانی یەمەن نازناوی "توبەع" (بەعەرەبی "تُبّع")يان هەبووە و نازناوی پادشاکانی حەبەشە "نەجاشی" و نازناوی پادشای میسریەکان "عەزیز" بووە.
6. پادشاکانی ساسانی ناوەکانیان کوردی بووە، کە ئاماژە بۆ کوردبوونیان دەکات.

ا. "یەزدکورد" ناوی سێ پادشاى ساسانی بووە. هەروەها بوونی ووشەی "یەزد" لە ناوی ئەو سێ پادشایەدا دەگەڕێتەوە بۆ پێشینەی ئاینی یەزدانیەتی بنەماڵەی پادشا ساسانیەكان.

ب. دووان لە پادشاى ساسانیەکان ناويان "خەسرەو Xesrew" بووە. هەروەك لەسەرەوە باس کرا، ئەم ووشەیە پێکهاتووە لە دوو ووشەی کوردی "خاس" کە بە واتای "باش" دێت لە کوردیدا و ووشەی "رەو" کە ئەویش بە واتای هەڵسوکەوت دێت، بەم شێوەیە ووشەی "خەسرەو" بەواتای "کەسی هەڵسوکەوت جوان" دێت واتە کەسێکی بەڕێز و خاوەن پێگەیەکی بەرز.

پ. دووان لە پادشاى ساسانیەکان ناويان "ئەردەشێر Erdeşîr" بووە، کە بریتیە لە دوو ووشە؛ (ئەردە) ووشەيەكى میدیە، بەواتای (باش) دێت ووشەی (شێر)، کە هەردووکی پێکەوە دەکاتە (شێرێکی باش).

ت. (فەیروز Feyrûz) یان (پیرۆز Pîroz) ناوی یەکێك لە پادشاکانی ساسانی بووە، كه ناوێكی كوردیە.

ج. چوار پادشای ساسانییەكان ناویان (هورمز Hormizd) بوو. ئەم ناوە ناوێكی ئاریایایە و وەرگیراوە لە ناوی خودای سۆمەرییەكان (هورمیس)وه، كە باپیرانی كوردن. لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا ئەم ناوە لە ناو گەلە ئاریەكاندا گۆڕاوە بۆ (هورامەزدا Huramezda) یان (مەزدا Mezda) و پاشی ئەم گۆڕانە ناوەكە هەر بە واتای (خودا) ماوەتەوە لایان.

چ. ناوی چوار لە پادشاکانی ساسانی (باهرام یان بارام) و دوانیان ناوی (قوباد) بووە. ئەم دوو ناوە کوردین، یەکەمیان بەواتای (زیرەك) دێت و ئەوەی دووەمیش بە واتای (پادشا) دێت.

7. هێندێك ناوی ساسانی هەیە کە تاکو ئێستاش لە کوردستاندا باوە لای کورد، بۆ نمونە ناوى (خەمانی)[14]. ئەم ناوە لای فارسەکان بوونی نییە. بەڵام هەندێك کورد لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ خاوەنی ئەم ناوەن.

8. (حەسەن پیر نیا) باس لەوە دەکات کە ساسانیەکان بە ناوی (مای) میدیەکانیان بانگ دەکرد [15]. ئەم ناوە ناوی كوردى نێرە لەمڕۆماندا هەرچەندە 2500 ساڵ بەسەر دیارنەمانی ئیمپراتۆریەتی میدیدا تێپەڕیوە. بۆ نمونە ناوی (مایخان). کەس بەتەنها بە ناوی (مای)ەوە ناو نانرێت بەڵکو ئاوڵناوی (خان)ی بۆ زیاد دەکرێت کە لەبری (خاوەنشکۆ) یان (ڕێزدار) بەکاردێت بۆ پادشاو سەرۆكی دەوڵەتان لەمڕۆماندا، چونکە میدەکان ڕێزدارەکانی کوردن. شایەنی باسە ناوی میدیەکان (مادا) بەزمانی میدیای بە واتای (مەزن) یان (گەورە) دێت [a].

کاتێك کە سوپای عەرەب کوردستانی داگیرکرد، ناوی (ماهات) لە سەنتەری دەسەڵاتی میدیەکان نرا لە لایەن عەرەبەکانەوە، لەبەر ئەوەی (ماە) ناوی میدیەکان بوو[b] وە (ات) بۆ بە کۆکردنە لە زمانی عەرەبیدا. (ئەلبلازەڕی) باسی دەکات کاتێك کە کوردستان داگیرکرا لەلایەن عەرەبە موسوڵمانەکانەوە، کوردستانیان دابەشکرد بەسەر چەند ناوچەیەکدا. کاتێك کە سەرانە (باج و خەراج) لە هەر ناوچەیەك وەرگیراوە، نێردراوە بۆ ئەو موسوڵمانانەی کە دانیشتوی ناوچەیەکی دیاریکراون [16]، بۆیە عەرەبەکان ناوی (ماه کوفە)یان لە شاری (دەینور)و دەوروبەری نابوو، لەبەر ئەوەی ئەو سەرانە کە لە خەڵکی شاری (دەینور) و دەوروبەری وەردەگیرا دابەش دەکرا بەسەر موسوڵمانە تازەکانی کە لە کوفە نیشتەجێ بوبوون. هەروەها لەبەر هەمان هۆکار ناوی (ماه بەسرا) لە شاری (نەهاوەند) نرا، لەبەر ئەوەی سەرانەی کۆکراوە لە خەڵکی (نەهاوەند) دەدرا بە دانشتوانی شاری (بەسرا)، کە موسوڵمان بوبوون پاش داگیرکردنی لەلایەن عەرەبە موسوڵمانەکانەوە. بەم شیوەیە سەنتەری وڵاتی میدیا دابەشکرا لەلایەن داگیرکەرە عەرەبەکانەوە بۆ (ماه کوفە) و (ماه بەسرا).

9. بنەماڵەی "فەزڵەوی" کە لە ساڵی (1155 – 1432 ز) ئیمارەتی (فەزڵەوی "الفضلوية")یان دامەزراند، سەر بە هۆزی شوانکارەی کوردی بوون و لە زنجیرە پادشاکانی ساسانی بوون[c]. کەسەکانی ئەم بنەماڵەیە کە فەرمانڕەواکانی ئیمارەتەکەیان دەکرد، کورد بوون، بۆیە باوباپیریشیان کە ساسانیەکان بوون بێگومان هەر کورد بوون. جێی ئاماژە پێکردنە ئەم ئیمارەتە لە باشوری لوڕستان دامەزرا و بۆ ماوەی دووسەد و هەفتا و هەفت ساڵ فەرمانڕەوا بوون. قەڵمڕەویان لە لوڕستانەوە هەتا کەناری شاری ئەسفەهان درێژ دەبوویەوە و لە هەندێك سەردەمیشدا هەرێمی خوزستان و شاری بەسرەشی لە خۆدەگرت.

10. لە کۆتایی سەردەمی بوهەویەکاندا، هۆزی شوانکارە هەستان بە دامەزراندنی ئیمارەتێك بە ناوی (ئەتابکە، پاشاکانی شوانکارەی کورد لە وڵاتی فارس)[8]. هۆزی (شوانکارە) دەگەڕێتەوە سەر ڕەچەڵەکی (ئەردەشێری کوڕی بابەك)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی ساسانی [9]. دامەزراندنی ئیمارەتێكی کوردی لەلایەن هۆزی ساسانیەکانەوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ کوردبوونی ساسانیەکان.

بۆ ئەوەی درێژەی پێ نەدەین، لەم بەشەدا هەندێك بەڵگەمان خسته ڕوو، کە سەلمێنەری کوردبوونی ساسانیەکانە. لە بەشی داهاتوودا بەڵگەی زیاتر پیشان دەدەین.


سەرچاوەکان
1. شاعیری پایە بەرزی ئێرانی (ئەبو قاسم ی فیردەوسي)، کتێبی شانامە. شاهنامه ملحمة الفرس الكبرى. ترجمة سمير المالطي، لاپەڕەکانی 133، 134.
2. ابن البلخي. فارسنامه، فصل احوال شبانكاره و كُرد و فارس. چاپی ئەوروپا، ل 146.
3. دهخدا، على اكبر. لغتنامه. جلد سوم، چاب دانشگاه تهران، سال 1345 ﻫ ق، صفحه 3843.
4. غلامرضا رشيد ياسمي. كُرد و پیوستگی نژادى وتاريخى. سال 1369 هـ ق، صفحه 171.
5. ابو جعفر محمد بن جرير الطبري. تأريخ الرسل والملوك. المجلد الثاني، المطبعة الحسينية، مصر، 1336 هـ، صفحة 57.
6. إبن الأثير. الكامل في التاريخ، المجلد الأول، صفحة 133.
7. ابو جعفر محمد بن جرير الطبري. تأريخ الرسل والملوك. المجلد الثاني، المطبعة الحسينية، مصر، 1336 هـ، صفحة 138.
8. ابن البلخي. فارسنامه، فصل احوال شبانكاره و كُرد و فارس. طبع اوروپا، صفحة 150 – 153.
9. زامباور. معجم الأنساب والأسرات الحاكمة في التاريخ الإسلامي. إخراج: الدكتور زكي محمد حسن بك و حسن أحمد محمود. ترجمة قسم من فصول الكتاب: الدكتورة سيدة إسماعيل كاشف و حافظ أحمد حمدي و أحمد محمود حمدي، دار الرائد العربي، بيروت، 1980 م، صفحة 351 – 352.
10. ياقوت الحموي. معجم البلدان. المجلد السابع، صفحة 413.
11. لي سترنج، ك. بلدان الخلافة الشرقية. ترجمة بشير فرنسيس وكوركيس عواد، مطبوعات المجمع العلمي العراقي، مطبعة الرابطة، بغداد، 1954.
12. الشيخ شمس الدين أبي عبدالله محمّد أبي طالب الأنصاري الصوفي الدمشقي. نخبة الدهر في عجائب البر والبحر. طبع مدينة بطربورغ، سنة 1865، صفحة 190.
13. دهخدا، على اكبر. لغتنامه. جلد دوم، چاب دانشگاه تهران، سال 1345 ﻫ ق، صفحه 1631.
14. دهخدا، على اكبر. لغتنامه. جلد هفتم، چاب دانشگاه تهران، سال 1345 ﻫ ق، صفحه 9953.
15. حسن پیرنیا. تاریخ ایران باستان یا تاریخ مفصل ایران قدیم. جلد اول، با مقدمه و شرح: محمدابراهیم باستانی پاریزی، تهران، دنیای کتاب، 1362 ﻫ ق، صفحه 48.
16. البلاذري (2010). فتوح البلدان، صفحة 375.

a. Tavernier, Jan. Iranica in the Achaimenid period (ca. 550 – 330 B.C.): Lexicon of Old Iranian. Peeters Publishers, Louvian, Belgium, 2007, p. 558.

b. Browne, Edward G. (1919). A literary history of Persia: A literary history of Persia from the earliest times until Firdawsi. T. Fisher Unwin Ltd, London, page 19.

c. http://neyrizema.ir/texts.php?portal=tarikh&id=2978

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە