کورتە باسێک دەربارەی مێژووی ناو و نازناو و ووشە لە زمانی شیرینی کوردی

Tuesday, 14/01/2020, 15:05

7796 بینراوە


چەودێری هێژا، وەوکو دەزانی پێکهێنەری ووشە و زمان مرۆڤە، ئەگەر مرۆڤ نەبایا لەسەر ئەم ئەرزە ئیتر نە شارستانیەت و نە زمان بە هەموو درێژەیک نەبوو، ئەمە مرۆڤە کە مێژوو و زمان و شارستانیەت دروست کرد.
خوێنەری بەڕێز، پێش ئەوەی بچمە ناو بابەتەکە با ئەمە بە تۆی هێژا بڵێم. ماوەێک پێش ئێستا سازمانی "یونسکۆی= Unesco" کە سەر بەنەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێ ڕاگەیاندنەوە هەموو نەتەوەکانی جیهان ئاگادار کرد کە (٣١٦) زمانی کۆن و دەوڵەمەندی تۆمارکراو لە جیهان دا هەیە، کە زمانی تورکی لە پلەی (٢٧٤) هاتووە، بەڵام زمانی کوردی لە پلەی (٨٠) هاتووە؟ بەو مانایە کە زمانی کوردی (١٩٤) پلە لە پێش زمانی تورکی دایە. دیسان لەم بوارەوە، لە ساڵی (٢٠٠٨)ی زایینی گۆڤارێکی ڕۆشنبیری فەرەنسی بە نێوی ( Françaıs dans le mond) کە گۆڤارێکی تایبەتە بە زمان و زمانەوانی لە ژمارەی (٣٥٥)ی لە نێوان (٨٨) زمانی زیندوو لە جیهان دا، زمانی ئینگلیزی پلە یەک بوو، فەرەنسی پلە دوو بوو، ئیسپانی پلە سێ بەدەست هێنا، ئەڵمانی پلە چوار بوو، زمانی کوردی پلەی (٣١) بوو، زمانی فارسی پاش کوردی بە نۆ خاڵ هات کە پلەی چل بەدەست هێنا، زمانی ئازەری پاش کوردی بە شانزە پلە هات لە پلەی (٤٧) بوو، زمانی بیلاروسی لە پلەی (٣٢) هات، زمانی ڕومانی لە پلەی (٣٤) هات، زمانی هندی لە پلە (٣٧) هات، زمانی بولگاری لە پلەی (٣٩) هات، زمانی ڤێتنامی لە پلەی (٥٤) هات، زمانی ئوزبەکی لە پلەی (٥٦) هات، زمانی پشتوی ئەفغانی لە پلەی (٥٨) هات هەتادوایی. ئەمەی خوارەوە وێنەی لیستەکەیە کە گۆڤارە نێو براوەکە بڵاوی کردەوە، کە برادەرێک بۆم ناردی شایانی سوپاس و ستایشە:

پرسیار لێرا ئەوەیە، ئایا ئەگەر نەتەوەی کوردی بریندار سەربەخۆی بوو لە وڵاتی خۆی وەکو ئەو وڵاتانە کە هاوبەش بوون لەو پێشبڕکەێە ئەوکات چ پلەی بەدەست هێنا؟ هیچ گومانی تیا نییە پلەیکی بەرز تر بەدەست هێنا، چونکە زمان زندەوەریکی گیاندارە وەکو گیاندارانی تر لە هەوای ئازاد پێشئەکەوی و گەشەدەکا. هەڤاڵان، لە ساڵی (٢٠١١) لە باتی ئەم سەر کەوتنەی زمانی کوردی ووتاریکم نووسی بە زمانی عەرەبی ستایشم کرد بە ناوی (اللغة الكوردية تتفوق على اللغة الفارسية= زمانی کوردی بەسەر زمانی فارسی سەرکەوت).
خوێنەری بەڕێز، ئەمە نیشان ئەدا کە مرۆڤی کورد بە بوونی کەش و هەوای تەندروستی وڵاتەکەی کە کوردستانە ئازایەتی جەستەو مێشکی هەیە لە زۆر بوارەوە. با چاوێک هەڵدەین بە دووربینی یەکیک لە هەڵبەستەکانی زانا و هەڵبەستوانی کوردی یارسان کە (ئیل بەگی جاف)ە لە نێوان ساڵانی (٨٩٨ - ٩٦١)ی کۆچی دا ژیاوە، ئەم زانایە پێنج سەد ساڵ لەمەو بەر، لە یەکێک لە هەڵبەستەکانی باس هەندی شت کردووە کە جێ سەیرە ئەو سەردەمە بەم شێوە بیردۆزیە باس بکری، ئەڵێ:
تەیری وەک رەعد و بەرق دەبێ گوێچکەی لە دوکەل غەرق دەبێ دەشت و دەری پێ لەق دەبێ بە روێ هەوا مولەق دەبێ هەروا بووە و هەروا دەبێ
لێکدانەوەکەی: پەرەندەیی پەیدا دەبێ گرمە و تریشقە لێ دەرەچێ، دووکەڵ لە کلکی دەرەچێ، بەڕووی ئاسمان دا ئەفڕێ، هەروا بووەو هەروایش دەبێ. ئایا ئەمە پیا هەڵدانی فرۆکە نیە؟؟ وای لەم ئەقڵە کە پێش هەموو جیهان دا باسی فرۆکە کردووە بەم وردیە؟؟!! دیسان ئەڵێ:
رەخشی روستەم ئیزهار دەبێ ئەسپی ئاسن رەهوار دەبێ دڵدڵ شەودیز بەکار دەبێ گەلی شت هەن ئاشکار دەبێ هەروا بووەو هەروا دەبێ
لێکدانەوەکەی: هیما ئەکا بۆ تانک (دەبابە) و ماشین (سەیارە) و شەمەندەفەر و شتەیلی تر کە زانست پاش ئەم زانا کوردە بەچەند سەد ساڵ بۆمان داهێنا. دیسانەوە ئەڵێ:
ئیل بەگی دڵگیر دەبێ فرنگستان زەنجیر دەبێ ئێران و روم نەخچیر دبێ ئەوسا فەزا تەسخیر دەبێ هەروا بووەو هەروا دەبێ
لێکدانەوەکەی: ئیل بەگی خەمبار دەبێ، فرنگستان (ئوروپا) وەکو زنجیر یەک دەگری؟، ئێران و رۆم (دەرگێر دەبن)؟، ئەو کات مرۆڤ ئەچی بۆ بۆشایی ئاسمان.
هێژایان، ئەگەر بڵێن کە هەواپەیما و ماشین ئەمە سەد و پەنجا ساڵە کەم ترە دروست بووە لە لایانی زانایانی ڕۆژئاوا، بەڵام ئەم مرۆڤە کوردە (٣٥٠) ساڵ پێش زانایانی ڕۆژئاوا باسێ هەواپەیما (فڕۆکە) و ماشین (ئۆتۆمبێل) و تانک و شەمەندەفەر و پەلاماری بۆشایی ئاسمان و هەندی ڕووداوی ڕامیاری کە پاش ئەو بە ساڵانی دوور و دڕێژ ڕوویان دا کردووە!!.
کەسایەتیکی تری کوردی یارسانی بەناوی (نعمەت ئوڵڵای جیحون ئابادی موکری) لە نێوان ساڵانی(١٢٨٨-١٣٣٨)ی کۆچی ژیاوە. دیوانیکی هەڵبەستی هەیە بەناوی (شاهنامەی حەقیقەت) (١١١١٧) بەیت هەڵبەستە، لە نێو دیوانەکەی دیارە کە وڵام دانەوەی ڕاستەقینەیە بۆ شانامە خەیاڵپڵاویەکەی فەردەوسی.. .
ئێستایش با بچینە سەر مەبەستەکە کە مێژووی هەندی ناو و ووشەی کوردیە لە زاراوەکانی زمانی شیرینی کوردی، کە هەر ووشەیک مێژووی دوورودێژی هەیە لە ژیانی کوردان دا.
ناوی مایخان:
ئەمە نێوی مرۆڤی نێرە، ووشەیکی کوردی ڕەسەنە لە سەردەمی کوردە ساسانیەکان دا بۆمان بە جێ ماوە، بە مانای خانی مادەکان، کە ئەوانیش دیسان کورد بوون. بەڵام ساسانیەکان بە مادەکانیان گوت مای لەگەڵ لکاندنی چۆنیەتی خان لەگەڵیا دەبێ بە مایخان. عەرەبەکان کاتی ساسانیەکان لە بەین بردن تەنها زێر و پارەو زەویی و خانوویان نەبرد لە گەڵیا زۆر لە شارستانیەتی ساسانیەکان لەبەر کردن (استنساخ) لە مانە هەندی ووشەی کوردی ڕەسەن، بۆ نموونە، ووشەی "مای" کردن بە "ماه" تا لەگەڵ زمانیان بگونجی. پاش پیرۆز بوونی ئەعراب لەشەڕ دژی ساسانیەکان باجیان خستە سەر شارەکان لەبەر ئەوەی کە باجی شاری (نەهاوەد) چوو بۆ شاری (بەسرە) پێ گوتن "ماه بەسرە" باجی شاری (دەینەوەر) چوو بۆ شاری (کوفە) پێ گوتن "ماه کوفە". مەبستم ووشەی "مای" کردیان بە "ماه". ئەم دەستکاری کردنەی نێو و ووشە لا ئەعراب باوە، کاتی کە ووشەیک لە کورد دەبەن دەست کاریی دەکەن بۆ نموونە نێوی گەچیان برد کردیان بە "جص" نێوی خونگەریان برد کردیان بە "خەنجەر" هەتادوایی. خوێنەری هێژا، با ئەمە بزانن، زمانی کوردی وەکو زمانی عەرەبی نییە، زمانی عەرەبی پێ ئەڵێن زمانی داڕشتە (اشتقاقي)ە لە بناخە، ڕەگ و ڕیشەی یەک ووشە ووشەیکی تر پێکهێنی، بەڵام زمانی کوردی وەها نییە، زمانی کوردی وەکو زمانی سۆمەری و هەموو زمانە هیندوئوروپیەکانە زمانی لێکدانەوەیە، زمانی تێکەڵبوونە لە چەند ووشە یەک ووشە دروست دەکا، داڕشت دەکا،بۆ نموونە، وەکو ووشەی کوردستان لە دوو ووشە پێکهاتووە کورد و ستان، یا ووشەی نەورۆز، لە نەو و رۆز، یا ووشەی پێشمەرگە لە پێش و مەرگ پێکهاتووە، یا ووشەی مژمژۆک، بە زاراوەی کەلهوری پێ ئەڵێن: گوڵگازوان لە سێ ووشە پێکهاتووە گوڵ، گا، زوان= زمان، عەرەب بردویەتی و نێوەکە وەرگێراوە بۆ سەر زمانی عەرەبی و پێ ئەڵێن: لسان الثور. هەتادوایی.
بۆ ئەو کوردە کە ئەیەوێ نێوی کوردی یا هەر نێویکی ناموو لە ناو نێوە عەربی دا بزانی، با ئەمانەی خوارەوە بە باشی بخوێنی کە یەکێک لە ئیمامانی زمان عەرەبی کە نێوی (عبد الله بن سليمان) لە پەڕتووکەکەی بەناوی (من النحو إلى أصول النحو) گوتویەتی: زمانی عەجەمی - زمانی بێگانە- هەر زمانێکە کە عەرەبی نەبێ، ئەگەرچی ووشەی ئەو زمان گۆڕی بۆ زمانی عەرەبییش. دیسان نێو براو ئەڵێ: بۆ زانیاری نێوی عەجەمی لە نێویی عەرەبی دا هەفت شێواز هەیە: ١- ئەگەر یەکێک لە ئیمامانی زمانی عەرەبی گوتن ئەم نێوە عەرەبی نییە. ٢- ئەگەر لە دەرەوەی کێشی نێوە عەرەبیەکان بێ. با کەوانەیک بێکەمەوە تا لەم بوارەوە شتێک بڵێم.لە زمانی عەرەبی دا زانستی وشەسازی هەیە،نێوەکانیش بایستی وشەسازی بکەێن (صرف) بۆ نموونە نێوی ماڵ (بیت) وەها سەرف دەکرێ: تاک، بیت، دوو، بَیتان، سێ، کۆکردنەوە، بیوت، بچوک کردنەوە> بویت. خستنەۆاڵ، بَیتی. تەواو سەرف بوو. بەڵام با سەرفی نێوی عێراق بکەین: یەک، عراق، دوو، عراقان، سێ، کۆکردنەوە وستا سەرف نابێ. بچوک کردنەوە دیسان وستا سەرف نابێ. خستنە پاڵی ،عراقی. لە دوو شوێن وستا ئەمە بەڵگەیە کە نێوەکە عەرەبی نییە. با بچینە سەر بابەتەکەمان. ٣- ئەگەر ووشەیک لە سەرەتا "ن" بێ و دوای ئەوە "ر" بێ وەکو (نَرجس) چونکە لە زمانی عەرەبیا نێو بەم چۆنیەتیە نییە. ٤- هەر ووشەیک کوتایەکەی "د" بێ و پاش ئەویش "ز" بێ وەکو (مهندز) کە تەعریب کراوەکەی (مهندس)ه، یا "د" پاشان "ذ" وەکو بغداذ. ٥- یا هەر نێویک "ج" و "ص" وەکو (صولجان) یا جُص، يا صَنج، يا جَصان. یا "ج" و پاشان "ق" وەکو (منجنیق). یا "ج" و "ک" وەکو (جنکیز). یا "ط" و "ت" وەکو (طست- طشت). یا "ج" و "ط" وەکو (طاجن) یا (طازج). یا "س" و پاشان "ذ" وەکو (سذاب). یا "ص" و "ط" وەکو (صراط؟). ٦- بایستی ووشەکە چوار پیتی یا پێنج پیتی بێ و پیتی " ذلاقي"(١) تیا نەبێ کە ئەوەیش ئەم پیتانەن: ب، ر، ف، ل، م، ن. وەکو گوتم، ئەگەر نێوەکە وەها بێ واتە چوار پیتی یا پێنج پیتی بێ و بەتاڵ بێ لەو پیتانە ئەو ووشە عەجەمیە وەکو عسجد یەکێکە لە نێوەکانی زێر لای عەرەب بەڵام بە گوێرە ئەم دەستوورە عەجەمیە، هەر وەها ووشەی قسطاس بە مانای تەرازو بە زمانی رومەکان، هەتادوایی. ٧- ئەو ووشەیە "ل"ی تیا بێ پاشی "ش" چونکە لە زمانی عەرەب دا "ش"ەکان پێش "ل"ەکان دێن.
ووشەی وەجاغ کوێر:
لە ناو کوردەواریا بەە کەسەی منداڵی نەبێ دەوتری وەجاغ کوێر، بە تایبەت بە ئەو کەسە دەوتری کە کوڕی نەبێ. بۆ زانیاری، کورتترین سوورەتی قورئان کە لەم بابەتەیە تەنانەت سێ ئایەتە. مێژووی ئیسڵامی پێمان ئەڵێ کابرایک بوو بە ناوی "عاص بن وائل السهمي" باوکی "عەمر" بوو، ئەو کەسە کە پێش بە ئیسلام بوونی قورەیش ناردی بۆ "حەبەشە" تا ئەو موسڵمانانە کە هەرایان کرد بوو لە دەستی قورەیشیەکان بۆ لای "نەجاشی" شای حەبەشەکان تا بگێڕینەوە بۆ دورگەی عەرەب و لەوێ سزایان بدەن. پاش ئیسلام بوونی عەمر غەزوو میسری کرد و پاشان بوو بە والی میسر. ئەڵێ بابی ئەم عەمرە لە هەر شوێنیک پەیامبەری ئیسلام بینی پێ گوت: السلام عليك يا أبتر= ئەم کاتەت باش وەجاغ کوێر" پاشان قورئان وڵامی دایەوە لە سوورەتی کەوسەر (كوثر): إنا أعطيناك الكوثر(١) فصلي لربك وانحر(٢)إن شانئك هو الأبتر(٣). لێکدانەوەکان ئەڵێن لە ئایەتی یەک: کەوسەر روباریکە لە بەهەشت ئەڵڵا بە پەیامبەری داوە. لە بارەی ئایەتی ژمارە دوو چەند لێکدانەوەک هەیە، بەڵام زۆربەیان ئەڵێن: بە مانای دانانی دەست ڕاست لە سەر دەستی چەپ لە کاتی نوێژ کردن. قورئان لە کوتایی سوورەتەکە بە پەیامبەر ئەڵێ: ئەو کەسە کە بێزارت دەکا خۆی وەجاغ کوێرە؟!. ئە ئەمە مانای وەجاغ کوێرە. بەڵام ئەم نێوە لە کوێوە هاتووە بۆ ناو زمانی کوردی دا؟ بێگومان دیارە لە ئایینی زەردەشتیەو هاتووە کە پەیڕەوانەکەی ئاگر پاڕاست بوون نە ئاگر پەڕەست. بەڵام ئەگەر کەسێک ڕۆڵەی نەبوو ئاگری پیرۆزی زەردەشت لە ماڵەکەی داگیرسینی پێ گوتن وەجاغ کوێر، دووپاتی ناکەمەوە (لا أجزم) بەڵام ئەمە بیروڕای منە لە سەر ئەم ووشەیە.
ناوی مهرداد:
بێگومان ئەمە نێوی یەکێک بوو لە فریشتەکانە یا خوداکان لە ئایینە کۆنەکانی کوردان و ئێران. بەڵام نێوەکە لە درێژایی مێژوو دا بە چەند شێوەزارێک گوتراوە، مهر، میترا، میثرا،پاشان کە ئاینەکان کز بوون نێوەکە گۆڕا لە فریشتە و خودا بۆ مرۆڤ وەکو ناو یا نازناو بوو بە میهتەر، مەیتەر، لای ئینگلیزەکان وەکو نازناو بوو بە میستەر= Mister. سەرچاەکان ئەڵێن تەنانەت ووشەی مەهرەجان و مهراجە لە بنچینەی ناوی میهری فریشتەیە بە تایبەت نازناوی مهراجە هندوسەکان یەک سەدە پێش زایین لە ئێرانیەکان بردویانە. تەنها لە زمانە کۆنەکانیش دا بە چەند شێوەزاریک نوسراوە، لە سانسکریتی گوتنە میترا= Mitra. لە زمانی ئەڤستا: میسرا یا Mithra. لە زمانی پەهلەوی: میتەر و مەیسەر= Mitr and Mithr. بەڵام مانای ناوەکە وەکو لە فەرهەنگەکان هاتووە:عەهد و پەیمان،سەرچاوە مێژوویەکان پیمان ئەڵێن میترا فریشتەی عەهد و پەیمان بووە، تا ئێستەیش کاتی کە شتی بە قدمەت دەکرین، بابەتیکی پڕ قیمەتە مهری کەین، مۆری کەین لەسەر ڕێبازی مهری خودا. دیسانەوە، هەرچەند هەندیک لە کرد بوون بە ئیسلام و شیعە بەڵام تا ئێسا زۆر لە ووشەکانی زەردەشتی و میترائی بەکار دەبەن لەو ووشانە ناوی مهری نوێژ کردن "تربەی حوسەینی" پێ ئەڵێن مهر، مۆر. دیسان ناوی مهر مانای دوستایەتیە. ئەم ناوە کە پێکهاتوە لە دوو ووشە هێشتا لای کورد باوە وەکو مهرداد، خوداداد، بغداد، ئێزدا= یەزدا، هەتادوایی.
نازناوی باوە:
باوک= باو= بابا یەکێکە لە نازناوە کۆنەکانی کوردەواری دا، کە لەسەرەتای مێژوو لە وڵاتی سۆمەر بەکاریان برد بۆ یەکێک لە خوداکان،کە نازناوی باوە بوو، بەڵام پاش نەمانی سۆمر باوە لای یارسانەکان، کاکائیەکان سەری هەڵدا وەکو نازناوی پلەیکی ئایینی، وەکو حجة الإسلامی لای موسڵمانەکان، یان قسی یان خۆری کرستیان. بەڵام، پاش هاتنی عەرەب و سەپاندنی ئیسلام بە زۆری شمشێر بە سەر کوردان دا، پاشان ئەعرابەکان بە چەند سەدەێک تورکمانە سەفەویەکان سەریان هەڵدا و دیسان بە زۆری شمشێر خەڵکێکی زۆر لە کوردان کردیان بە شیعە، بەڵام، ئەم کوردنە لە ناخی دڵەوە هێشتا هەر یارسانن و لە سەر زاریان ماوە کاتی کە سوێند دەخون بە خوداو و کەسایەتیە یارسانەکان سوێند دەخون، دیسانەوە نازناوی سۆمەری و یارسانی بۆ ئیمامە شیعەکان هەڵبژێرن وەکو باوە گورزەین کە نزرگەکەی لە دەرەوەی شاری مەندەلیە، باوە گورجی، نزرگەی باوە تاهیر و باوە حافیز لە ناوی شاری مەندەلی، باوە مەحموود لە شاری خانەقین، باوە پلاوی، هەتادواویی. با ئەوە لە بیر نەکەین کە باوە نازناوی بابایە کە ئێمەی کەلهور پێ ئەڵێن باوە یا بەوگ "Father". هەروەها خودای هەتاو لە سۆمەر نێوی "ئوتو" بووە، نێو ئەستێرەکە لێ نراوە، کوردیش هێشتا بە خۆر دیسان ئەڵێ هەتاو.
نازناوی سارا ژن:
لە دەڤەری گەرمیان لە شاری بەدرە و زورباتیە تا کەرکووک لە باشووری کوردستان، لەو دێو سنووری دروستکراویش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت لە شاری کرماشان تا شاری ئیلام و دەورەبەری شاری خورم ئاباد بە کەڵە ژنی بە تەمەن و پڕ قەدر و قیمەت و گەورە و خانم ئەڵێن "سارا ژن". وەکو توێژەر هەرچند بیری لێ ئەکەم، هەوڵ دەدەم و لێدەکۆڵیمەوە کە ئەم نازناوە لە کوێوە هاتووە هیچی دەستم ناکەوەی بێجگە لە نێوی "سارا" ژنی پەیامبەر ئیبراهیم، کە خاتوون بوو، تەنها ناوەکەشی کە "سارا"یە و بە چەند شێوەیک دەنوسرێ سارا، سارة، ساره، سارای، ماناکەی دەبێ بە شاژن، میرکچ. پڕسیار لێرا، ئایا کورد سەردەمی پەیامبەر ئیبراهیم کە چوار هەزار ساڵە بوونی هەبووە لە سەر ئەرز تا ئەم نێوە بەکار بێنی؟؟ بێگومان کورد بوونی بووە لەو سەردەمە و پێش ئەو سەردەمەیش لە سەر ئەرز. لەوانەیە پڕسیار بکڕێ، بەڵگە چیە؟ کە کورد لەو سەردەمە کە ئێبراهیم ژیاوە بوونی بووە؟. سەرچاوە ئیسلامیەکان لە سەرەتای ئیسلان باس دەکە، وەکو مێژوو نووس و لێکدەری قورئان تەبەری ٨٣٨-٩٢٣ زایینی لە پەڕتووکەکەی بە ناوی "جامع البيان" ج١٠ ل٤٣ لەسەر زاری موجاهید ئەڵێ: حرقوه وانصروا آلهتكم = بیسوتینن و یارمەتی خوداکەتان بدەن. ئەڵێ: ئەم قسەیە کابرایکی کورد گوتی بە نەمرود.هەر وەها ئەم قسەیە لە پەڕتووکەکەی "ابن كثير" هاتووە کە بە ناوی "تفسير القرآن العظيم"ە ج٣ ل ١٨٣-١٨٤. هەمان قسە ابن حيان الأندلسي لە پەڕتووکەکەی کە بەناوێ "تفسير بحر المحيط" ج٦ ل ٣٢٨ کردەتی. هەر وەها فخر الدین الرازی لە پەڕتووکەکەی گوتیەتی کە بەناوی "مفاتیح الغیب" ج١١ ل ١٥١ هەتادوایی. هەموو ئەمانە و مێژوو نووسانی تر ئەڵێن: کابرایکی کورد بە نەمرود گوت ئیبراهیم بسوتێن بە ئاگر. من ئیشم نییە بە لایانە ئایینیەکە، من ئیش بە لایانە مێژووەکەیە کە ئەڵێ کورد لەو سەردەمە کە ٤٠٠٠ ساڵە بوونی بووە لە سەر ئەرز.
ووشەی تاڵان:
تاڵان، بە عەرەبی پێ ئەڵێن: سلب، نهب، غنیمە، نفل، فرهود، قرصنة، سرقة بإكراه. بەڵام مێژوو پیمان ئەڵێ، ئەم ووشەیە کاتی خۆی بابلیەکانیش بە کاریان بردووە بە مانای باج. هەر وەها یونانەکانیش بە کاریان بردووە، بەڵام بە مانایکی تر کە ئەوەیش بڕی پارەی زێر یا زێو بووە. سۆئیدیەکانیش بە هەمان مانا بە کاری دەبەن بە مانای بڕی پارە، ئەڵێن: تالەنت ", en,er Talent" هەر وەها فارسەکانیش ئەم ووشە وەکو کوردەکان بە کاری دەبەن بە مانای چەپاو، تاراج. لەم نموونانە کە لەسەرەوە نیشانی داین ووشەکە ڕێشەی هیندوئوروپیە (ئارییە).
ووشەی تەن:
بۆ زانیاری دا، ووشەی "تەن= Ten" ووشەیکی کوردی ڕەسەنە. ئەم ووشەیە لە زمانی خاوەنشکۆ کوردی دا پیرۆزە چونکە لە پەڕتووکە پیرۆزیەکەی زەردەشتی کوردان کە (ئاڤێستا = ئاوێستا)یە هاتووە بە شێوەزاری "تەنو = Tenu" بە مانای جەستە، لەش. ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان وەزارەتی تەندروستیمان هەیە؟. لە ناو کوردیا بە ڕوستەمی زاڵ ئەڵێن ڕوستەمی "فیلە تەن" بەو مانایە کە جەستەی گەورەیە وەکو جەستەی فیل. دیسان، ووشەکە لە زمانی پەهلەوی هاتووە بە هەمان شێوە "تەن = Ten" کە تا ئەمڕۆ پەهلەوی شێوەزاری زمانی کوردە ئیلامیەکانە. بێجگە لە کورد ئاریاکانی تر ئەم ووشەیە بە کار دەبەن وەکو هیندیەکانی دێرین لە هیندوستان هەر وەکو ئێمەی کورد بە جەستە گوتن " تەنو= Tenu"؟. ئەفغانەکانیش دیسان ئەڵێن "تەن = Ten". هەر وەها گیلەکی کە یەکیکە لە زمانەکانی ئێرانی دەڤەری گیلان و مازەندەران لە کەناری دەریای خەزەر، خاوەنی سێ زاراوەیە، گیلەکی ڕۆژئاوا، گیلەکی ڕۆژهەڵات، گیلەکی گاڵشی، ئەڵێ: "تان Tan=". بێگومان ووشەکە زۆر لە ووشەکان کوردی پێکدێنی بە تایبەت لە دەڤەری گەرمیان و ئیلام و کرماشان بۆ نموونە وەکو نێوی ئامرازی بڕین تەور یا تەبر یا تەبڕ یا تەوڕ کە "تە"ئەکەی کورتکراوەی تەنە بە مانای ئامێر، ئامراز، ور یا بر بە مانای بڕین، کاتی تێکەڵبوونی هەردوو ووشەکە دەکەی ئەبێ بە تەور یا تەبر بەمانای ئامێری بڕین. ئامێری لە تەور بچوکترمان هەیە کە عەرەب پێ ئەڵێ: "فأس" بە مانای تەشوێ. کەڵهورەکان و فەلییەکان لە هەمان دەڤەری ناو براو پێ ئەڵێن "تیششک" بە سورانی پێ ئەڵێن تەشوێ، ئەم تیششکە بە پێچەوانەی تەورە، هەر وەکو گوتین ئەو هینی بڕینە، بەلام ئەم هینی شکاندنە (کسر) لەبەر ئەوە پێ ئەڵێن تیششک، دیسان پیتی "ت"ئەکە کورت کراوەی "تەن"ە و "شک"یش بەمانای شکاندنە، چونکە ئەمە ئامێری تایبەتە بە شکاندن، لەبەر ئەمە ناوی لێ نانە تیششک؟. یان تەشت، بە هەمان شێواز "تە"کە کورتکراوە "تەن"ە "شت"یش کورتکراوەی شتنە بە مانای ئامێری شتن، ششتن. هەر وەها ئامێری مووزیکی تەموورە کە بە هەمان شێوە "تە"ئەکەی دیسان کورت کراوەی "تەن"ە "موور"یش لە زاراوەی کەڵهور و لەک و فەیلی هتد بەمانای نزا و پاڕانەوەیە. خەڵکی سەر بە ئایینی یارسانیش ئەمە ‌هەزاران ساڵە لە دەڤەری کرماشان و دەوروبەری پەخش و بڵاوبوونەتەوە ئایینەکەیانە بەکەڵک وەرگرتن لە سازێ پیرۆزی تەموورە نزا و پاڕانەوە ئەنجام ئەدەن. بە تەواوی وەکو خوشک و برا ئێزيدیەکانمان کە بە بێ نای، شمشال نزا و پاڕانەوە ناکەن. دیسانەوە ووشەی "تەنیا = تەنها" لە سەروە "تەن"مان باس کرد کە ماناکەی چێیە، "یا"یش بەمانای یەکە، واتە تەنیا. هەر وەها ووشەی تەندوور وەکو ووشەکانی تر کورت کراوە، بەڵام برا کورمانجەکانمان بە تابەت لە باکووری کوردستان تا ئەمڕۆ ناوەکەی بە گشتی بێ کورت کراوە ئەڵێنەوە کە ئەوەیش "تەندەوورە" بە مانای ئامێری دەور، خڕ. دیسان بە ماعون بە کوردی ئەڵێن: دەوری. هەر وەکو لە سەرەوە گوتین "تەن" ئامرە، "دەوور" یش دیمەنەکەیە کە خڕە، هەردوو ووشەکە لەگەڵ یەک تێکەڵ دەکی بە شێوەی کوردی ڕەسەن ئەبێ بە تەندەوور. هەتا فەرهەنگی (لسان العرب)یش ئەڵێ ئەم ووشەیە - تنور- عەرەبی نییە ئەعجەمیە. دیسان (لسان العرب) ئەڵێ: ئەم ووشەیە وەکو ووشەکانی تری ئەعجەمی هاتووەتە ناو زمانی عەرەبی دا، وەکو دینار و دیباج و سندوس هتد.
نازناوی نەنە:
پێش هاتنی عەرەب بۆ دەڤەرەکە بە ناوی ئیسلام ڕەگەزی ژن لای نەتەوی کورد ڕێزیکی تایبەتی هەبوو، بێگومان ئیستایش ڕێزی گەورەی هەیە لای کوردان، بەڵام نە لای ئەو کوردانە کە پەیرەوانی عەرەبن. بۆ زانیاری، باپیرانی کورد لە سۆمەر ژنیان کردە خوا (آلهة) قایل بوون بۆیان و پەرستیان. لە پێش هەر یەک لە ژنە خواکان نازناوی "نەن"یان دانا کە کورتکراوی "نەنک"ە کە کورد تا ئەمڕۆ بەکاری دەبا بە مانای دایکی باب یا دایکی دایک. بۆ نموونە، لە سۆمەر نێوی نەنتی خوای مانگەکان و ماوەکان بوو، نەنسگلا خوای دلمون بوو کە ئەڵێن لە بەحرەین بووە، نەنکاسی خوای مەی بوو، نەنکورا خوای ڕەنگەکان بوو. نەنسار خوای سوەزە و میوە بوو، نەنسینا خوای چاکبوونەوە بوو هەتادوایی. ئەم شێوازە سۆمەریە بۆ ڕێز گرتن لە ڕەگەزی ژن لای کورد هێشتا ماوە. پێنجا ساڵ لەمەو پێش لە شاری مەندەلی کە یەکێکەی لە شارەکانی باشووری کوردستان لە گەڕەکەکەمان ژنیکی ڕێزدار هەبوو هێشتا نازانم نێوی کێ بوو لە بەر ئەوەی هەر پێ گوتن "نەنی". هەروەها لە چێروکەکەی "شرین و فەرهاد" کە لە نێوان کوردان لە دەڤەرەکەمان گوێم لێ بووە کاتی کە خەسرەو فێڵ (دسیسە) لە فەرهاد دەکا ژنیکی بە تەمەن دەنێری بۆ لای لە شاخی بێستوون تا خەبەر نا خۆش پێ بگەینی لەسەر شیرینی خۆشەویستی، فەرهاد پڕسیار لێ ئەکا ئەڵێ: نەنە پیرەکەی وامەی سەد ساڵان ... ئێ قاڵ و قویە چەس لە کوردە ماڵان. نەنەیش پێ ئەڵێ: نەنەد بمیرە فرە ڕەنج بردی ... وەتۆ مزگانی شیرین نەوردی، هەتا دوایی چێروکەکە. ئە ئەمە نازناوی نەنەیە لای نەتەوەی کورد دا کە هەر لە سەردەمی سۆمەر تا ئەمڕۆ وەکو خۆی ماوە لە سەر زاری کوردان دا.
ناوی هەینی:
کوتایی هەفتە بە کوردی پێ ئەڵێن: هەینی. بە کوردی کرمانجای پێ ئەڵێن: ئین. دیسان کوردان بە خۆرئاوایش (مساء) ئەڵێن: ئێوارە، کورتکراوی ئێنوارەیە، بە مانای کوتایی ڕۆژ. کاتی کە ناوەکە لە یەک جیا کەینەوە کە خۆی دوو ووشەیە بە شێوازی کوردی پەیەکەوە لکاندیان ئەو کات ئەبێ بە "ئێ" یا "ئی" کە کورتکراوی "ئین"ە بە مانای کوتایی ڕۆژ؟ "وارە"یش پاشکۆە. دیسانەوە، بێگومان لە کوتایی فیلمەکان بینیتان نوسراوە: The end = زە ئەند. ئەم ئەندە بە مانای کوتاییە هاتووە، هەمان ئین کوتایی کوردیە؟. بە زمانی سوئێدیش بە هەمان مانای کوتایی ئەڵێ: ändelse =ända=ände=änd، بە مانای بێ کوتاییش ئەڵێن: ändlös. هەموو ئەو چوار ووشەیە بە مانای کوتایی، بێگومان ووشەی تریانیش هەیە بە مانای کوتایی ئەوەیش "Slut"ە.
ووشەی مەغول بازی:
لە دەڤەری گەرمیان و کرماشان وئیلام تا ئەگاتە نزیکەی هەمەدان کاتێک کەسێک دەیەوێ فێڵ لە گەڵ کەسی تر بیکا بەرامبەرەکەی پێ ئەڵێ: مەغول بازی لەگەڵم نەکە. وەکو گوتم بە مانای فڕوفێڵ کردن. ئایا ئەمە لە کوێوە هاتووە؟ بۆ زانیاری، تورکەکان هەمان تاتار و مەنگولەکان بوون بەڵام ئێستا بە ناوی تورک پەخش وبڵاو بوونەتەوە لە جیهان دا. ووشەکە ئەوەی دەگێنی کە ئەم مەغولانە، ئەم تورکانە، کاتی تورانەوە هاتن بۆ دەڤەرەکەمان فڕوفێڵی لە گەڵ کوردەکان کرد کە ئەم وتەیە بوو بە پەند لای کوردان. لە چاوپێکەوتیکی تەلەفیزیونی لە گەڵ بیرمەندی عەرەب (حەسەن عەلەوی) گوت: عوسمان دامەزرینەری دەوڵەتی عوسمانی کە عوسمان بوو پێش دامەزرینەری دەوڵەتەکەی پەناهندە بوو لای کوردەکان. قسەکەی حەسەن تەواو. دیارە هەر لەو کاتەوە فڕوفێڵییان لە کورد کردووە.
ناوی زار و زەمین:
زەمین بە مانی ئەرز، زاریش شێوەزارە زەریایە (دەریا) لە گەڵ زەمین دا. کاتی کە کابرایەک زۆر جولانەوەی هەیە کوردان پێ ئەڵێ زار و زەمی هەڵێ ناگری. زێ (روبار) کە بە "ز" دەستی پێ ئەکان. دیسان ووشەی زێراب (مجری مائي) بە "ز" دەستی ئەکا. ئەم ووشانە بە ڕێکەوت نەهاتووە.
ناوی شەمشەمەکوێرە:
نێوی ئەم باڵندەیە کە دندانی هەیە و شیریشی هەیە لەبەرزایەکان سەرەوژێریش دەوستی و بە شەو دەرەچێ. وەکو خەمڵاندن گەرمیانیەکان پڕسیار دەکەن لە نێوان خۆیان بە شێوەی هەڵبەست: ئەگەر فام داری و فامت ها لەگیر ... لە مەلەوەرەیل کامی ها لو شیر؟. بۆ تاقیکردنەوەی زیرەکی، ژیری لە ناو کوردەواری دا ئەم پڕسیارانە هەیە. وەکو ئەمەی تر: بانی تێتە - تات- وتێت نییە، گیا خۆرە و گا نییە، هەفی سەرەو مار نییە. کیسەڵە، کاسەپشتەیە. کە واتە ناوی ئەم باڵندەیە، ئەم پەلەورە لە چۆنیەتی دەرکەوتی ناوی لێنراوە کە ئەوەیش شەوە، بە ڕۆژیش کە ڕووناکیە دەرناچێ بە مانای لە کاتی کە شەمە، ڕۆژە دەر ناچێ. ئەوها بە شەش ڕۆژ لە ڕۆژانی هەفتە ئەڵێن شەمە، یەک شەمە دوو شەمە هتادوایی. لەبەر پیرۆز بوونی ئەم ووشەیە لای کورد مندالەکانیان نێو ناوە "شەمە". لە سەردەمی کۆن لە شاری مەندەلی کابرایکی ڕووخۆش و گاڵتەچی هەبووە بە ناوی "شەمەشاڵدڕ". یا ووشەی شەم (مۆم) عەرەب دیسانەوە وەریگرتووە و کردیانە بە "شمع" کە ناوکەی هیچ ناگەیەنێ بۆ ڕووناکی لە زمانی عەرەبی دا، بەڵام ناوە کوردیەکەی کە شەمە ناوەڕۆکی هەیە دەبێ بە ڕووناکی. عەرەبەکان لە فەرهەنگەکانیان دان پێ نەن کە ووشەکە عەرەبی نییە ئەوەیش لە ناوی "شەمعەدان" ئەگەر "شمع" عەرەبیە بۆ "دانی" کوردی و فارسی پیا ئەلکێنن؟؟. بە عەرەبی بە هەرشتێ کە ڕووناکی بیکا ئەڵێن: سِراج. هەروەها لە قورئانیش ووشەی "سِراج" هاتووە لە سوورەتی "فرقان و نوح و نبأ و أحزاب" بە مانای ڕووشنایی. لە عەرەبیا دەریخەن بۆ هەموو شتێک کە ڕووشنایی دەکا بە ووشەی سِراج. قورئان ئەڵێ: وجعل الشمس سراجا= هەتاوی دانا بۆ ڕووناکی. ئەمن نابڕمەوە - عەرەبی گوتن لا أجزم- ئەگەر کەسێک شتی تری هەیە لەم بوارەوە لە ئەمە پڕ مانا ترە با بڵێتەوە.
ناوی دەنووک:
خوێنەری هێژا، بێگومان جیاوازی نییە لە نێوانی دەمی مرۆڤ و ئاژەڵ دا بە هەمان شێوەزار دەندانیان هەیە، شێوەی دەمیان تێکڕایی هەمان شێوەیە. بەڵام دەمی مەلەوەر جیاوازە لە دەمی مرۆڤ و ئاژەڵ لەبەر ئەمە کورد پێ ئەڵێ: دەنووک بە واتای دەمی نووک دار، ووشەی "دە" لە سەرەتای نێوەکە کورتکراوی دەمە، نووکیش هەر وەکو خۆی ماوە دەست کاری نەکراوە. لەبەر ئەوەی باسی دەنووک کرد با باسی یەکێک لە مەلەکان، لە باڵندەکانی کوردستان بکەین کە ئەوەیش "کەوک"ە. بێگومان زۆر جار باسی ناوەکەی کراوە لە لاپەرە کوردیەکان دا بە واتای (مانای) جۆرەوجۆر، ئەم ڕای جیاوازم هەیە. ناوەکە بە گشتی وەکو هێمام پێ کرد لە سەرەوە "کەوک"ە لە درێژەی ووتارەکە باسمان کرد کە زمانی کوردی زمانی لێکدانەوەیە لە چەند ووشە یەک ووشە دروست دەکا کە کەوک لەم شێوازە ناوازە نییە، ناباو نییە، کەواتە بەم شێوەیە ووشەی "کەو" کورتکراوی کەوتەرە - لای مەهاباد دێ کەوتەر و کانی کەوتەریش هەیە- "ک"ئە کوتایەکەیشی کورتکراوی کێوە (شاخ) بەم شێوە ماناکەی دە بێ بە کەوتەرکێو یان کێوکەوتەر دەبێ بە هەردوو شێوەزار بوتری. بۆ زانیاری کەوک مەلیکی شاخاویە - جبلي- کۆچکەریش نییە،عەرەبەکانیش لە ویکیپیدیا وەها باسی دەکەن : إن طائر القبج، الحجل، يعیش على الأرض في الأراضي الصخرية الجبلية = باڵندەی کەوک لە سەر ئەرز دەژێ لە ئەرزە شاخاویەکان". خوێنەری بەڕێز بمان بوری ئەگەر هەندی کەموکورتی لە ووتارەکە دا بوو.
١- ووشەی "ذلاقة" لە زمانی عەرەب دا بە مانای زمان پاراوی (بلاغة = فصاحة) هاتووە، کە لە کاتی خوێندن و قسە کردن بە لای زبان یا بە لای لێو پیتەکان دەر ئەکەی بە ئاسانی و بە خێرا، هەندیکیان دەر ئەچن بە ڵای زبان وەکو: ر، ل، ن. هەندیکیان دەر ئەچن بە لای لێو وەکو: ف، ب، م.
١٣ ٠١ ٢٠٢٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە