کێ بێ هونەرە؟ ئەوان یان ئێمەی کورد؟

Thursday, 01.16.2020, 10:37

4223 بینراوە


کاتێک لەشکری روسی دێنەناو فەرەنسا لەدوای دۆڕانی ناپۆلیۆن، تزار، هێندە پاریس بە شاریکی جوانو هونەری دەزانێت لەشکرەکەی ناهێنیتە ناو پاریسەوە و ڕیز لەپاریس دەگرێت، بۆ ماوەی مانگێک لەپاریس ئەگەڕێت، ئەچیت بۆ ئۆپێراو بۆ ڤێرسای و زیارەتی شوێنە جوانەکانی پاریس دەکات. یەکێک لە ژەنەرالەکانی ئەڵمان لەشەڕی دوەمی جیهانیدا لەلایەن هیتلەرەوە فەرمانی پێکرابو کە دەبێت پاریس داڕمێنێت پێش ئەوەی جێی بهێڵێت، بەڵام فەرمانەکەی جێبەجێێ نەکرد لەبەر جوانی پاریس، بەشیوەیەکی گشتی تەنانەت دوژمنەکانی فەرەنساش ڕیزیان لە پاریس گرتوە و نەیان ویستوە پاریس داڕمێت لەبەر جوانی شارەکە، جاونی پاریسیش بەرهەمی کەسانی هونەرمەندن لە بیاناسازیدا، لە ئۆرگانیزاسیۆنی شاردا.

هەمومان لەبەردەم جوانیدا یەکسانین، یەک هەستو تێڕوانینمان هەیە ئەویش بێدەنگیەو گەیشتنە بە جۆرێک لە هەقیقەت . لە میتۆلۆژی یارسانەکاندا کاتێک ئێزدان دەیەوێت گابریەل بەهۆش خۆیدا بێنێتەوە، چەند جارێک پرسیاری لێ دەکات کە ئەو کێیە، بەلام نازانێت وەڵامی بداتەوە، و لەبەر ئەوەی کە هێشتا بەهۆش خۆیدا نەهاتۆتەوە و نازانێت کێیە و چی دەکات لەسەر زەوی، بۆیە ئێزدان چەند جارێک باڵەکانی دەسوتێنێت بەڵکو بەو هۆیەوە بەهۆش خۆیدا بێتەوە. بۆیە دواهەمین جار ئێزدان ڕوالەتی خۆی دەگۆڕێت بۆ گەنجێکی جوان خاس وەک ئەو خۆرە، دەچیتە بەردەم گابریەلو لێی دەپرسێت؛ تۆ کێیت خۆش ڕەسەن ؟ من کێم کە بە ڕاز و نیاز دەتدوێنم ؟ گابریەل لەبەردەم ئەو جوانیەدا دەمی دەکەوێتە تەتەڵەو بەهۆش خۆیدا دیتەوە و دەڵیت ؛ ئاه، ئێستاکە دەزانم من کێمو تۆ کێیت......تۆ ئێزدانیت، من دروستکراوی تۆم. بۆ یارسانەکان جوانی دەمان گەیەنێتە هەقیقەت، جوانیش کاتێک بەرگی شکڵێک، نوسینێک، تابۆلیەک، مۆسیقایەک، هۆنراوەیەک دەپۆشیت پێی دەڵێین : هونەر.

کەدەڵیین هونەر بەمانای هۆش دێت، ئاژەڵ هونەری نیە لەبەر ئەوەی کەخاوەنی هۆشی وەک ئێمەی مرۆڤ نیە .کە حەزرەتی ناڵی بێڕێزی بە تورک دەکات پێیان دەڵێت : تورکی بێ هونەر.
***

بەو جۆرە تابلۆیانەی ئەم کوڕە فارسە بۆ قاسمی سلێمان کردوە،پێی دەلێن : ڕێیالیسمی سۆسیالیست، ناو گرنگ نیە، تەنها ئەوە نەبێت بۆ ناسینەوەی سەردەمێک یان جۆرێک لە تابلۆ بەکاردێت. ریالیسمی سۆسیالیست، لەسەردەمی کۆمۆنیستی ستالیندا هاتە کایەوە، کاتێک پارتێکی سیاسی یان حکومەتێک هانی هونەرمەندان ئەدات بە هونەرەکەیان جۆرێک لە ڕێکلام بۆ ئەو سیستەمە بکەن بۆ بردنە پێشەوەیان لە بەرچاوی کۆمەڵگە هەتاوەکو ببنە جێی باوەڕی ئەوان، پاشان لەلایەن زۆر لەولاتانی کۆمۆنیستەوە پەیڕەوی کراوە و ئینجا نازیەکان بە پۆرترێی مرۆڤی ئاری و ناشرینکردنی جولەکەو ...تاد. ئەم ستایلەش بو بە نمونە بۆ زۆر لە دیکتاتۆرەکانی جیهانیش، سالانی هەفتا کاتێک لەکوردوستان لە مەکتەبی ئامەدیی پێشانگای هونەری ساڵانەمان دەکردەوە دەبوایە کارێکی هونەری تێدا بوایە کاباسی شۆڕشی چواردەی تەموزی یان ڕژێمی بەعسی بکردایە.
چەند تابلیەکی سەردەمی ستالین و لینین

منیش هەر لەم ڕوەوە ئەم تابلۆیە هەڵدەسەنگێنم، کە تابلۆیەکە بۆ خزمەتی سیستەمێک کراوە، نەک وەک وەک کارێکی نوێی هونەری کە جێگای خۆی بکاتەوە لە مێژوی هونەردا. بەڵام کاتێک سەیری ئەم تابلۆیە دەکەیت ئەگەریش بێ ئیمان بیتو دوژمنی قاسم سلێمانیش بیت هەر کاریگەری هەیە لەسەرت لەبەر ئەوەی کە بکەری تابلۆکە ئەگەر داواشی لێ کرابێت لەلایەن سیستەمەوە ئەو کارە بکات، ئەوا خۆی بەوپەڕی سۆزو خۆشەویستی و باوەڕەوە کردویەتی، جگە لەوەی کا توانایەکی هونەری بەرزی هەیە لە وەرگێڕانی فکرەیەک بۆ وێنە، هێچ هونەرێك : مۆسیقایەک، تابلۆیەک، هۆنراوەیەک، ڕۆمانێک....تاد، ناتوانێت بتهەژێنێت ئەگەر بکەر خۆی نەهەژابێتو بەسۆزەوە ئەو کارەی نەکردبێت. بکەریش هەتا ئاستێکی گەورە شارەزایی لە هونەری وێنە کێشاندا هەیە، نەک تەنها بە کۆپیکردنەوەی شکڵی دەموچاوێک وەک خۆی، بەڵکو ئۆرگانیزاسیۆنی کەسایەتی وشکڵو ڕەنگەکان بەجۆرێک کردوە کە بتوانێت مەسجێکی بەهێز بدات کە گونجاو بێت لەگەڵ باسەکەیدا، ئەمەش بەرهەمی بیرکردنەوەیە : قاسمی سلێمانی بەزەدەخەنەیەکەوە خستۆتە چەقی تابلۆکە لەبەر ئەوەی باسەکە قاسمە، باوەشی بە عەلیدا کردوە ، بەچواردەوریدا یازدە کەس خومەینیو کە سایەتی تری شێعەن، بەزەردەخەنە و خۆشیەوە سەیری قاسم دەکەن کە باوەشی بە عەلیدا کردوە، تێروانینو خەندەی هەریەکەیان بە پێی تەمەنیان جیاوازە، کەسایەتیەکانیش بە پیی گرنگیان شوێنیان لە تبلۆکەدا بۆ کراوەتەوە، خەندەو تێڕوانینیانی هیچیان لەوی تر ناچێت، کەسایەتیەکانی دەوری قاسم بە لێڵی کراون، دەموچاوی قاسم تەواو رونو پرشنگدارە بۆ ئەوەی کە یەکەم تێڕوانینت بۆ لای ئەو بچێت. قاسمی سلێمانی زیندو کردۆتەوە، خۆ ئەگەر کەسێک قاسمی سلێمانی نەناسێتو نەزانێت شێعەش چیە، ئەوا بە بینینی ئەو تابلۆیە حەزدەکات ببیت بە یەکێک لەوان. تابلۆیەکی مردو نیە، تابلۆیەکی درۆزن نیە، لەبەر ئەوەی بکەر تەواو باوەڕی بەوە هەیە کە کردویەتی چۆتە قولایی باسەکەیەوە، ئەوەش ڕونو دیارە. لەبەر ئەوەی کە ئێران مێژویەکی هەیە لەگەڵ هونەردا، ئاشنای زمانی هونەرن، بە پێچەوانەی ئێمەوە کە هێشتا چەکەرەی نەکردوە لامان .


کاتێک سەیری تابلۆی دوەم دەکەین، وەک چۆن لە ئایەتی قورئاندا هاتوە کە چۆن تەیران عەبابیلە دوژمنەکانی ئیسلامیان بەردباران دەکرد لە شەڕی فیلدا، ڕۆحی قاسم سڵیمانیش وەک ئەبابیلەکان بەسەر ئەسکەرە ئەمریکیەکانەوە تۆلەیان لێ دەکاتەوە. تابلۆکە بە شکڵێکی زۆر مۆدێرنتر لە تابلۆکەی پێشو کراوە، وەک جۆرێک لە ستایلی چیرۆکی وێنەیی ئەم سەردەمە لە ئەوروپا، شکڵەکان تەواو مۆدێرنن، تەقینەوە و شکڵی سەربازەکان وەک قاسم سلێمانی بەحۆریکراویش، بەهەمان شیوە. خاڵی تێڕوانینی هونەرمەند لە نزمترین ئاستی تابلۆکەدایە وەک ئەوەی سەیری قاسم سلێمان بکات بە ئاسمانەوە، بۆئە تۆش دوای نیگای ئەو دەکەویت کەدەتبات بۆلای قسم، بە شیوەیەکی زۆر ساکار قاسم سلێمانی کێشاوە لە ئاسمانێکی شیندا، کە باقی تابلۆکە ڕەشایی و ئاگرو ترسە، قاسم بەو بەرزیەوە لە ئاسمانێکی شیندا وەک پەیامبەری ژیانێکی بەختیاری دەبینین لەو ئاسۆیەد، وەک ئەوەی کە ئەو تابلۆکە بکات بە دو بەشەوە، بەهێنانی ئاسمانێکی شین لەگەڵ خۆید، نە پێویستی بە عەزەڵاتو توڕەبونە بۆ پیشاندانی هێزی قاسم سلێمانی، نە خوێنو وێنەی شێواوی سەبازە ئەمریکیەکانە، تەنها ئەوە نە بێت کە تەرکیزی کردۆتە سەر باسەکەی، کە ئەویش هاتنەوەی قاسم سلێمان وەک حۆری و تۆڵەسەندنەوەیەتی. ئا لێرەدا باسی حۆری تەواو دەگونجێت لەگەڵ باسەکەدا کە ڕۆحانیەتە.

بۆیە کاتێک بینیم، زۆر سەرنجی ڕاکێشام، بەلام دڵم لەخۆم داما، لەبەر ئەوەی کە ئێمە چەندەها کەسایەتیمان هەیە وەک ساکینە جانسز، دەمیرتاش، ئاپۆ، مەزلوم عەبدی...تاد کە پەیامی مرۆڤایەتی گرنگیان هەیەو قاسم سلێمان ناگاتە ئاستی بەرزی کەوشەکانیان، بەڵام لە کوردوستان هونەرمەنەدێک نەیتوانی کارێکی هونەری ئاوایان بۆ بکات، لەکاتێکدا کە شەرڤانانی ڕۆژاڤا هەمو دنیایان هەژاندوە، نەمان بینی بەکارێکی هونەری هونەرمەندەکان وەک ئەم کوڕە هونەرمەندە فارسە کارێکی هونەری وەها بکەن کە شایەنی سەیرکردن بێتو بمان هەژێنن.


کاتێک بەرهەمی هونەرمەندەکانی کوردوستان دەبینم شەرم دامدەگرێت: هونەرمەندە فەلەکانی کوردوستان تابلۆی کۆمەڵە کچێک دەکەن کە دانیشتون ئاڵای کوردوستان دەدرونەوە، وەک چۆن یاپراخ ئەپێچنەوە، لەبەر ئەوەی کە پێیاندا رانابینێت تەنانەت ئاڵاکەیان بداتە دەستو ڕایوەشینن، چونکە ناتوانین یاپراخ راوەشێنین، یاپراخ ئە پێچینەوە و ئالاش ئەدروینەوە، وەک ئەوەی کە کوێربنو شەرەڤانان نەبینن . یان تابلۆیەکیان کردوە بۆ بنەماڵەی بارزانی بەتەنیشت شیرێکەوە، کە شیریشت لەبەر چاو دەکەوێت، بێگومان ئەو هونەرە لە ئاستی ئەقڵی عەشایەر و سیستەمەکەدایە. هیچ زمانێکی تریان نیە بۆ بەرز نرخاندنی مرۆڤێک جگە لە شکڵی شێرێک نەبێت، بەمەش دەڵین هەژاری بیرکردنەوە.


ئەوانەشی کەگوایە هونەرمەندی گەورەن لەبەر ئەوەی کە پەیکەری زەبەلاحمان بۆدەکەن، کچە شەرەڤانێکم بۆدەکات وەک بوکەڵەیەکی باربی لەسەر شیرێکو ناوی ناوە : شیرە کچی کۆبانی، وەک ئەوەی کادانیشتبێت خۆی نمایش بکات لەبەردەم فۆتۆگرافێکدا بە پۆزلێدانەوە. من شەرەڤان لەم پەیکەرەدا نابینم، خۆ لەبەر ئەوە نیە کە کە شەرواڵێکت کردۆتە بەری ئەو کچە کەواتە شەرەڤانە. شەرەڤان لەسەنگەردایە، لە ئەکسیۆندایە بەرامەبەر بە فکری کۆنەپەرستی داعش دەجەنگێت، کوا ئەکسیۆن ؟ کوا شەرەڤان ؟ کوا سەنگەر ؟ کوا چەک ؟ کوا دوژمن ؟ کوا فکرو ئایدیۆلۆژی شەرەڤانان ؟ لەبەر ئەوە نیە کە لەسەر شێرێک دانیشتوە کەواتە ئەمە ئازایەتی و ئاستی بەرزی بیروبۆچونو خەباتیان پیشان ئەدات، گوزارشت کردن بەم جۆرە لەباسێک نابێتە کارێکی هونەری، زمانی کەسانێکی نەزانن. یان دو باڵ دەکەن بەسەر شانیانەوە و وەک کەسێک کە لەخودا بپاریتەوە و سوێند بخوات، کەگوایە ئەمە خواوەندی نایکە، خواوەندی نایک کەبۆتە مارکەی قۆندەرە لەئەوروپا، ئاخر خواوەندی نایکو و شەرەڤان چی دەکەن پێکەوە ؟ بۆچی باڵی بەسەرشانەوەیە ؟ بۆچی دەستی بۆ ئاسمان ڕاکیشاوە لەکاتێکدا شەرەڤانان لەئاسمان ناپاڕێنەوە ؟ بە فکرو هێزی خۆیان دەجەنگنو گۆرانکاری دەکەن. جگەلەوەی بەسەیر کردنی ئەو پەیکەرە خێرا بیرت بۆ حۆری و پەری دەڕوات، ئەو حۆری و پەریەی لە بیری هونەرمەندا پەنگی خواردوە و ناتوانێت خۆی لێی ڕزگار بکات، ڕێگەی لێدەگرێت لەبیرکدنەوە.


بۆچی نەیتوانی چەکێک بداتە دەستی ؟ لەبەر ئەوەی کە مێینە لە هزری ئەودا هێشتا ناتوانن چەکێکیان بەدەستەوە بێت، ئەبێت هەر ئەو حۆری و پەریە بن کە ئەو بیریان لێ دەکاتەوە لەبەهەشتا، لەبەر ئەوەی کە هونەرمەند فکری نەگۆراوە و خۆی هەڵواسیوە بەباسێکدا کە لەئاستیدا نیە، بۆیە ناتوانێت لەوە زیاترمان بۆ بکات. شەڕەڤانان کەدەیانەوێت بێنەوە سەرزەوی، تۆ بۆچی دەیان کەیتەوە بە حۆری و پەری ؟ کەواتە ئەگەر داوات لێبکەن پەیکەرێکیش بۆ شەرەڤانە کوڕەکان بکەیت، ئەوا بێ یەکو دو دەیان چوێنیت بە خواوەندی هەرقل ؟ مێینە حۆری و نێرینە هەرقل. من هەمو خەو و ئاواتم ئەوەبو کە رۆژێک بە بۆمبێکی ئۆردوگان بڕوخێ و هەپرون بەهەپرون ببێت، هەتاوەکو خەباتی شەرەڤانانا نەسڕینەوە، مێژو بە ئاراستەیەکی هەڵەدا نەبەین، بەڵام بەداخەوە ئۆردوگان پەیکەری کاوەی ئاسنگەری ڕوخاند کە ئەوە پەیکەرێکی هونەری جوان بو، لەو باوەرەشدام کە ئۆردوگان هەرگیز خواوەندی نایک نەڕوخێنێت ئەگەریش کۆبانی بگرێت، لەبەر ئەوەی کە ئەو پەیکەرە لەگەڵ فکری ئۆردوگاندا یەکتری دەگرێتەوە .
لە مێژودا هەمیشە هونەرمەندان پێشەنگ بون، هونەرەکانیان چەند هەنگاوێک لە پێش ئاواتی خەڵکیەوە بون بۆ هاندانیان، بەلام لای ئێمە بە پێچەوانەوە، کچان چەکیان هەلگرتوە و هونەرمەندان دەیانکەنەوە بە حۆری و پەری.


دکتۆرەکانیش کە لە ئەوروپا خوێندویانەو لە کوردوستان بونەتە بندیوار، لەوانە ڕێبوار سەعیدا کە لە پەیجەکەی خۆیدا هەر وێنەی خۆی بڵاو دەکاتەوە و بە دێرێکیش باسی هونەر ناکات، لە یادی لە سێدارەدانی کچێکی کوردی ئێراندا، رەسمی دەموچاوێکم بۆ دەکات بە فرمێسکەوە، دەموچاوێکی ناشرینو فرمیسکێکی درۆ. بەوە دەڵێن ؛ کەڵچەری ئینشا، کە فێری بوبوین بۆ چەند پرسیارێک نوسینێکی ئامادەکراومان هەبێت کە بۆ چەندەها باس بشێن، هەتاوەکو فێرنەبین کە خۆمان بەدوای لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەدا بگەڕێین، چونکە کاتێک بەدوای شکڵی نوێ و فکرەی نوێدا دەگەڕیین، خۆمان ماندو دەکەین، بیردەکەینەوە، روبەروی پرسیار دەبینەوە، پێدەچێت کە لەئاستی ئەوەدا نەبینو توانامان نەبێت وەلامیان بدەینەوە، بەو هۆیەشەوە هۆشمەندی بە ژیان، بە سیستەم. بۆئەوەی کە لەو سیستەمە هەڵنەگەڕیینەوە، دەبێت سیستەمەکە بۆ ئێمە بیربکاتەوە نەک ئێمە. بۆیە هەر کاتێک کە کەسێک لە سێدارە درا ئەوا من دەموچاوێک دەکەم بە فرمێسکێکەوە، خۆ ئەگەریش داوایان لێکردیت کە کارێکی هونەری بۆ عەشایەری بارزانی بکەیت، ئەوا دەیان خەمە تەنیشت شێرێکەوە. من پێێتان دەلێم : دەک داوەشێن بۆخۆتانو ئاستی هونەریتان، ئێوە لەئاستی ئەوەدان کە ببنە بەرپرسێکی گەورەی ئەو سیستەمە بۆگەنە.


یان هومەرمەندێکی تر پرۆژەیەکی کردوە بۆ شاخی گۆیژە، گوایە باسی ڕەشەبامان بۆ دەکات، پەیکەری هەرقلێکی بۆ کردوم بەرامبەر بە ڕەشەبا، هێندە ماسولکە گیانی داپۆشیوە کە مێشکی بچکۆلە بۆتەوە، خۆ مەرج نیە کە مرۆڤێکت دانا بە ماسولەکەوە بەرامبەر بە ڕەشەبا کەواتە تۆ باسی ڕەشەبامان بۆ دەکەیت. ڕەشەبا : هێزی سروشت. ئاوا بەرامبەر بە سروشت دەوەستیتەوە ؟ تۆ دەتەوێت بەو ماسولکانە پێمان بڵێیت چی ؟ تۆ دەتەوێت بەو پەیکەرەت تۆوی بۆگەنی لە دەورونی ئەو جیلەدا بچێنیت، بۆ ئەوەی کاتێک مێرد مندالیک لە گەڵ خوشکەکەیدا بەتەنیشتیەوە تێپەڕی، بەڵکو ئەویش هێزی ماسولکەی خۆی تاقی بکاتەوە، شەپازلەیەک بدات لە خوشکەکەی، هەتاوەکو هیزی نێرینەی خۆی وەک هونەرمەندەکە تاقی بکاتەوە ؟ ئەمەیە مەبەستی پەیەکەرەکەت کەباسی ڕەشەبا دەکات ؟ ئەگەر نا پێمان بڵێ چیە مەبەستت پێش ئەوەی ئەوشاخەش بۆگەن بکەن.
زۆر لەو کارە هونەریانەی کەدەیان بینم زیاتر لە فکری داعشەوە نزیکن هەتاوەکو بەرهەمی بیرکردنەوە و تیڕامانێکی قوڵ بۆ ژیانو بون، ئەوانەشی بۆ شەرەڤانان کراون زۆر لە بیری شۆڕشگێڕی شەڕەڤانەکانەوە دورن. خۆ هونەرمەند ناچار نیە کارێک بکات لە خزمەتی سیاسەتدا، بەلام کەدەیکات بۆمان هەیە ڕەخنەبگرین، کاتێکیش ڕەخنەیان لێ دەگرین لە بێ وەڵامیدا پەیجەکەیان بەسەرماندا دادەخەنو پێمان دەڵێن : تۆ لەماڵی خۆتو من لەماڵی خۆم. یان گوایە من تەنگژی شەخسیم هەیە لەگەڵیاندا، لەکاتێکدا نە بینومن، نە دەیان ناسم.
لەم سەردەمەشدا شاریان پڕکردوە لە پەیکەری مردو، ئاخر کاتێک تۆ پەیکەرێک بۆ ئارام دەکەیت دەبێت شتێک ببینم کە شوناسی ئەومان پیشان بدات،کە ناخی ئاراممان پیشان بدات، نەک سەرێک لەسەر چوارگۆشەیەک دانرابێت، ئەگەر تەنها پۆترێیەکتان گەرەکە ئەوا ئامێکری مۆدێرنی ئەلکترۆنی زۆرە و بە جوانترین شیوە پۆرترێت بۆ دەکات. دەنگۆی ئەوەش هەیە کە گوایە ئەم سەردەمەیان لە کوردوستان ناو ناوە : ڕێنیسانس، من دەڵێم زیاتر لەسەردەمی ڕێبەندان دەچێت هەتا ڕێنیسانس .



(دەنگدراوە: 12 . زۆرباشە: 4.5/5)