جەهەنەم بە کۆڵمەوە

Thursday, 16/01/2020, 7:01

6093 بینراوە


رۆمانێکی کوردی بە زمانی ئیتالی
جەهەنەم بە کۆلمەوە "ئەنفال" 138 لاپەڕە
نووسینی تاریق بزێنی
رۆما، ئیتالیا
کۆتایی 2019

------------------------------
نزیکەی مانگێکە ئەو رۆمانە کەوتۆتە بازاڕ، لەلایەن تاریق بزێنی، هاوڕی و دۆستی نزیک و دێرینم، نووسراوە، بۆ من و هاوڕێ و دۆستە کوردەکانی ئیتالیا تاریق بە خەبات ناسراوە و لە 1963 لە دایکبووە. من و تاریق لە سالی 1981 ، لە کاتی کۆرسی زمانی ئیتالی، یەکترمان ناسی و تاکو ئێستا پەیوەندیەکی بتەومان هەیە. من لە هەولیر و تاریق لە کەرکوک لە دایکبووین و گەورە بووین، لە ئیتالیا یەکترمان ناسی، لەگەل هاوڕیکانیتر، تا کەوتنی رژێمی سەدام حوسێن، بە یەکەوە زۆر چالاکی کوردستانیمان ئەنجامداوە.
تاریق بزێنی بە تەمەنی هەرزەکاری دەستی خستۆتە ناو دونیای شیعرو ئەدەبیات، پێش هاتنە ئیتالیا دەستی بە نووسینی شیعر کردووە. لە ئیتالیاش بەردەوامی بە شیعردا، لە پال کوردی بە زمانی ئیتالیش دەستی پێکرد و ناوە ناوە بەشداری لە خوێندنەوەی شیعر بە زمانی ئیتالی کردووە، لە سالی 1989 زا چەپکێکی لە هۆنراوە ئیتالیەکانی بە ناوی Candela "کەندێلە – مۆم" چاپکرد و بلاو کرایەوە.
لە سالی 2014 زا دیوانێکی شیعری کوردی بە ناوی "تیڕۆژ" لە کورستان بلاوکرایەوە.
جەهەنەم بە کۆلمەوە یەکەم رۆمانە ، لە لایەن نووسەرێک کورد، بە زمانی ئیتالی نووسرابێت. لە سالانی رابردوو چەند دیوانی شیعری و رۆمانی نووسەرانی کورد لە کوردی، تورکی، فەڕەنسی و ئینگلیزی کراونەتە ئیتالی و هەولدەدەم لە نووسینێکیتر باسیان بکەم.
رۆژ بە رۆژ ژمارەی چاپکراوی کورد لە ئەوروپا زیاد دەبێت، هەندێک لە نووسەران لە کوردستان دەژین و ئەوانیتریش لە دەرەوە، لەبەرە ئەوە دەتوانین باسی ئەدەبیات و کولتوری تەڕاوگە بکەین کە جیاوازی لەگەل هی کوردستان هەیە. ئەوەتە بۆ یەکەم جار رۆژنامەی کوردستان لە دەرەوە، لە 22 نیسانی 1898 دەرچووە.
بە هۆی بارودۆخی سیاسی ژمارەیەکی زۆر کورد، بە تایبەت، نوسەر، شاعیر، ئەکتەری شانۆ و سینەما و دیزاین و ... هتد لە دەرەوەی کوردستان دەژین و تێکەل بە کولتور و ئەدەبیاتی وولاتانی جیا جیا بوون. بۆیە بەرای من دەکرێت باسی شیعر و ئەدەبیاتی تەڕاوگە بکرێت و دیراسات و توێژینەوەی لەسەر بکرێت.
کاک تاریق بزێنی لە تەمەنی 17 سالی روو لە ئیتالیا دەکات و تاکو ئێستا تەنها جارێک گەڕاوەتەوە کوردستان بەلام لە ناو بیرەوەری و نۆستالژیەکی قول، بۆ شوێنی لە دایکبوون و سەردەمی مندالی ، دەژیت و وا دەزانێت زەمەن راوەستاوە و هەموو شت و شوێنەکان وەکو خۆیانن و گۆڕانیان بەسەر نەهاتووە. ئەمەش لە شیعرە کوردیەکان زۆر بە ئاسانی هەستی پێ دەکرێت و لەم رۆمانەش جارێکیتر هەستی پێ دەکرێت.
جەهەنەم بە کۆڵمەوە یان ئەنفال بریتیە لە بەسەر هاتی ژیانی کورد لە باشور، زنجیرەیەک روداوی تاڵ و شیرین و تراژیدی لەخۆ گرتووە. گرێی کوردبوون کوێرە گرێیەکە دوای سالانێکی دورو درێژیش بە ئاسانی لێی دەرباز نابیت و خۆشی بی و ترشی بت دەبێت لەگەلی بژیت و تا مردن بە کۆلتەوە بێت، بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی ووشیار و بە ئاگا و لە خەمی نیشتیمانی دایکدان.
کاک تاریق بزێنی لە گوندێکی دوورە دەستی کەرکوک لە "قەرەناو"، لە سەردەمی حەرەس قەومیەکان، دێتە دونیا، لە تەمەنی مندالی بە چاوی خۆی تۆپباران و سوتانی دێیە جوانەکەی دەبینێ و بە ناچاری روو لە کەرکوک دەکەن، ئەو کاتیش شاری کەرکوک تاقیگەی کوردایەتی بوو و ئاشنایەتی لەگەل پێکهاتەکانی شارەکە دەکات و زۆر بە حەسرەت باسی ئەوکاتانە دەکات.
هەرزەکارێکی 17 سالی ، بە تەنها، روو لە ئیتالیا دەکات بەبێ ئەوەی هیچی لەسەر خوێندبێتەوە و بناسێت. دەگەوێتە ئیتالیا، لە هەمان سال شەڕی ئێران – عێراق دەست پێدەکات و ژمارەیەکی زۆر، بۆ ئەو کات، خوێندکاری کوردی باشور و رۆژهەلات، بۆ دەربازبوون لە ئاگری شەڕی نەگریس، روو لە دەرەوە دەکەن. سەرەتای 1981 کە گەیشتمە ئیتالیا، لە شاری پێروجا، نزیکەی 200 کوردی باشوری لێبوو، زۆربەی هەرە زۆری خوین گەرم و خاوەن هەستی نیشتمانی بەرزبوون. پاش 7-9 مانگ هەریەکە بەرەو شار و زانکۆیەک پەرتەوازە بووین بەلام هەر زوو بە زوو لە ئاهەنگی نەورۆزی 1982 یەکترمان گرتەوەو رۆژ بە رۆژ پەیوەندیەکان بەهێزتر دەبوون و سالانە لە 3-4 شاری ئیتالی یادی نەورۆز دەکرایەوە. تاریق بزێنی یەکێک لە چالاکوانەکانی نەورۆز و بۆنەکانیتر بوو.
رەوەندی کوردی بە گشتی لە هەموو وولاتانی ئەوروپا، بە تایبەت لە ئیتالیا وەک ئێشکگری سەر قۆپکی سەفین و سورداش و هەندرێن بووین، واتە هەر تاوانێک لە پارچەیەکی کوردستان روویبدایە یەکسەر، بە پێی توانا، دەهاتینە دەنگ. هەریەکە لە تاکی کورد لە تەڕاوگە، جگە لە ئەرکە نیشتمانی و حیزبایەتی، لە خەمی خێزان و خزم و هاوڕیکانی بوو. لە سەردەمی تەکنەلۆجیا و میدیا بۆ تاکی کورد ئاسان نیە لە تەڕاوگە و غەریبی ژیانێکی ئاسایی و ئاسودە بباتە سەر. من وا دەزانم هەر لەبەر ئەم هۆیەیە کاک تاریق رۆمانەکەی ناو ناوە "جەهەنەم بە کۆلمەوە". بیر لەوە بکەنەوە کە هەرزە کار و پاشان گەنچێکی وەک تاریق بزێنی، لە خێزانێکی دەستکورت، روو لە ولاتێکی وەک ئیتالیا دەکات کە تاکو سالی 1991 مافی پەناهەندەیی نەبوو و ئێستاش "سۆسیال و فاسۆلیا خۆری" نیە، لە لایەک خوێندنی زانکۆ، لە لایەک کارکردن، چالاکی کوردستانی و خەم و نۆستالژی خیزانەکەی ژیان هەر ئەوها ئاسان نەبووە.
ژیانی زۆربەی کوردەکانی ئیتالیا، سالانی 1970 – 1990، هاوشیوەی ژیانی کاک تاریق بزینی بووە، جاری وا هەبووە هەندێ لە هاوڕیکانمان پاش ماوەی چەند مانگ و سال خەبەری ئیعدام یان شەهیدبوونی باوک یان خوشک و براکانیان لەو بلاوکراونە، بە زۆری هی ی. ن. ک.، کە ناوە ناوە دەگەیشتنە ئیتالیا، بەدەست دەگەیشت.
تاریق بزێنی لە کاتی ئەنفال خوشکێکی (مریەم) بەر شالاو دەکەوێت و بەرەو(ئاوشتویز – نوگرە سەلمان) دەبرێت و ئێستاش چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەکەن. زۆری پێناچیت برایەکیشی (فاروقی 25 سالان) لە پێشمەرگایەتی بە دیل دەگیرێت و لە کەرکوک ئیعدام دەکرێت. زۆر هاوڕێ و ئازیزی بۆ ئازادی کوردستان دەبنە قوربانی.
ئەوەی زیاتر تاریق بزێنی بریندار و بێ هیوا دەکات هاتنی دەسەلاتی کوردیە، ئەو چاوەڕوانی سیستەم و ئیدارەیەکی دیموکرات و ئینساندۆستی دەکرد کەچی ئەوان لەگەل خۆیان گەندەلی و نا عەدالەتی و دزی و راو روتیان هێنا. هەر ئەوەش وای لیدەکات نەگەڕیتەوە، دوای 32 سال لە دەرچوونی لە سالی 2012زا بۆ یەکەمجار دەگەڕیتەوە. سەفەرێکی تاڵ و خۆش، دایک و باوکی بە سالاچوون و نە ئەو بە ئاسانی دەیاناسێتەوە و نە ئەوانیش کوڕە 17 سالەکەیان دەناسنەوە، ئەو خوشک و برا بچووکانەش بە زەحمەت دەناسێتەوە و باسی مریەمی ئەنفالکراو فاروقی پێشمەرگەو شەهید هەر مەکە.......
تاریق بزێنی لەو گەشتەیا سەردانی گوندەکەیان، قەرەناو، دەکات و سەردانی باخ و رەز و کانیاوەکان دەکات، هەندێ لە خزم و کەسانی گوندەکەیان دەناسێتەوەو باسی بیرەوەریەکانیان لەگەل دەکات.
لە کۆتایی رۆمانەکە بزێنی بە شیوەیەکی تراژیدی، فەنتازی، گەشبینی و ئینساندۆستی بەسەرهاتی مریەمی خوشکی دەگێڕێتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو عەرەب گوناهبار و بەرپرسیاری تاوانی ئەنفال نیە، ئەوەتە سەربازێکی عێراقی، لە نوگرە سەلمان، بە ناوی محەمەد، ئاشقی مریەم دەبێت و لە کوشتن رزگاری دەکات و بە یەکەوە زەماوەند دەکەن و بەلام ئاشکرا دەبێت و لە جێی مریەم ئیعدام دەکرێت.
بزێنی و خێزانەکەی، وەک زۆر لە کەسوکاری قوربانیەکانی کۆمەلکوژی ئەنفال، ئێستاش هیوا نەبڕاون کە رۆژێک لە رۆژان مریەم بگەڕێتەوە و بەیەکەوە شاد ببنەوە، هەر لەبەر ئەوەشە تاریق وێنەیەکی مریەمی خستۆتە سەر بەرگی کتێبەکە و کچە 20 سالانەکەشی، لە ئیتالیا، بەناوی میریەم کردووە و وەک بلێ مریەم نەمردووەو ماوە و ئەوەتە لەبەر چاومە.
هەرچەندە بۆ من بەسەرهات و ناوەڕۆکی رۆمانەکە غەریب نەبوو و زۆرجاریش خۆم وەک کارکتەرێکی ناو رۆمانەکە دەهاتە پێش چاو بەلام دەگەل ئەوەش چێژێکی زۆرم لێ دیت و دڵنیام خوێنەری ئیتالی یەم و چێژی زیاتری لێوەردەگرێ.
هیوادارم کاک تاریق بزێنی بتوانێ رۆمانەکە بکاتە کوردی و بەردەوامیش بێت لە نووسین و دەولەمەندکردنی ئەدەبیاتی ئیتالی و کوردی.

ناو و نیشانی کتێبەکە بە زمانی ئیتالی:
Bizeni Tarik, L’inferno addosso
Roma, Albatros, pp. 138



بەرگی کتێبەکانی بزێنی

تاریق بزێنی، جەهەنەم بە کۆلمەوە

خەبات، کەندێلە – مۆم، بە زمانی ئیتالی، سالی 1989 چاپکراوە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە