کڵاش ناو و ناوەڕۆک پییشەیکی کوردی کۆنە

Monday, 01.20.2020, 10:05

551 بینراوە


چەند ساڵیک لە مەو پێش لە هەندیک لە وتارەکانمان دا چ بە کوردی چ بە عەرەبی بە شێوەیکی زانیارانە باسی شارستانیەتمان کرد، کە تیا گوتین جوگرافیا و ژینگە و کەش ڕۆڵێکی سەرکی هەیە بۆ پێکهێنانی مرۆڤی ژیر. بێگومان نیشتمانی کوردان کە کوردستانە ئەگەر مرۆڤی کورد لە سەردەمی دێرین دا سەرنەکەوتبوو بە سەر ئەو سێ شتە سروشتیە کە لەسەرەوە هێما بۆیان کردین ئەمڕۆ ئێمە کە نەوەی ئەوانین لەسەر ئەم ئەرزە بوونمان نەبوو. چونکە ئەوە جوگرافیای شاخاوی کوردستانە کە ناچاری تاکی کوردی کرد لە پێش گەیشت (سەفەر) بارگەوبنە، کەلوپەلی ڕۆیین ئامادە بیکا بە شێوەیکی تەواو، دەنا لە گەیشتەکەی نا گا بەو شوێنەی بۆی ئەچی و ژیانی دەکەوێتە مەترسی دا، چونکە بایستی بایەخ بە سەرماوسوڵە بدا، هەروەها بایەخ بە بوونی ئاژەڵە کێوییە درندەکان بدا چۆن خۆی لەو گیانەوەرە گوشت خۆرانە دەپارێزی، هەروەها گرنگی پێدان بە ڕووبارە گەورەکان بدا چۆن لێان دەپەرێتەوە، بازی ئەدا. دیسان شاخەکان کە لە ڕێگاکەیین پێویستە بزانی چەندانەن و بەرزایی و پاناییان چەندە و چەند کاتی دەوێ تا ڕێگەکە ببڕی. هەموو ئەمانە و شتەیلی تری سروشتی نیشتمانی کوردانە ناچاری دەمارخانەی مرۆڤی کورد دەکرد کە بجووڵێتەوە لە ناو مێشک و داهێنان بیکا تا سەرکەوێ بەسەر ئەم بابەتە دشوارە سروشتیانە دا. بێگومان مرۆڤی کورد لەو قوناغە سەختە دا داهێنانی کرد و پێداویستی هەمەجور بۆ خۆی دروست کرد و هەموو گییروگرفتەکانی سروشت شکاند و سەرکەوت بە سەر سەختیەکانی و درێژە بە ژیانی خۆی دا کە تا ئەمڕۆ ماوەو هاو بەشە لە گەڵ نەتەوە زیندووەکانی جیهان بۆ داکوتانی شارستانیەت و مافی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی.
خوێنەری هێژا، پاش دۆزینەوەی شتە پێویستەکانی درێژە پێدانی ژیان لە لایانی مرۆڤی کورد دیسان ئەم مرۆڤە جوامێرە سەیری کرد کە هەموو ئەو شتانە لەنیشتمانەکەیین پێویستە نێوی تایبەتی خۆیان هەبێ، ئەوە بوو لەو سەردەمە دا کە نەتەوەکانی دەورو بەری گەلی کورد چ هێشتا وەکو نەتەوە بوونیان نەبوو یا هێشتا لە ناو ئەشکەوتەکان یا لە بیابانەکان دەژین بە شێوەیکی سەرەتایی، بەڵام ئەو کورد ئازایە لەو سەردەمە تاریکە دا دەستی کرد بە دووکەوتن و چاودێری هەموو شتی لە ڕووی ئەرزی کوردستان و شێوەی دەست پێ کردنی قۆناغەکانی ژیانیان تا مردنیان، تا نەمانیان، ئەوەبوو باوباپیرانی نەوەی ئەمڕۆ ناو و ئاوەڵناو بۆ هەموو گیاندارەکان، گیاکان= ڕووەک، دارەکان= درەختەکان، شاخەکان هتد ناوی تایبەتیان لێنا.
خوێنەری بەڕێز، تا لە ئەمە زۆرتر درێژە پێ نەدەین با قایلبین بەم پێشەکیە کورتە تا بچینە ناو مەبەستەکەمان کە عەرەبی گوتن " بیت القصيد"ی بابەتەکەمانە. بێگومان هەر تاکێکی کورد باش دەزانی بۆ باوباپیرانی لە کۆنەوە ئەم پۆشاکە، ئەم جل و بەرگە داهێنان؟ ئەبێ لە بەر ئەوەیە تا بەرگری بیکا لەسەرماسوڵەی زستان و تێشکی هەتاوی هاوین و سەر کەوتن بەسر شاخەکان و بەرزایەکان دا، بێگومان ئەرزی کوردستان وەکو ئەرزی نیشتمانی عەرەب نییە، کە برێتییە لە دورگەییک ئەرزەکەی خۆڵە، لمە پێویست ناکا کڵاش لە پێ بکەن، ئەوانیش هێشتا هەندیکیان کڵاش لە پێ ناکان، ئە لەبەر ئەمە کوردان پیان ئەڵێن عەرەبی پێ پەتی، ئینجا ئەمە شورەیی نییە، سروشتی نیشتمانەکەیان وەهایە کە پێویستی بە کڵاش نییە. ئەندازیاری ئینگلیزی ای. ‌‌ام. هاملتون لە پەڕتووکەکەی بە ناوی: طريق في كردستان = ڕێگایەک لە کوردستان. لە لاپەرەی ١١٠ باسی ئەو عەرەبانە دەکا لە گەڵی ئیش کردن، ئەڵێ: وكلهم حفاة لا ينتعلون شيئا= هەر هەموویان پێ پەتیین هیچی لە پێ ناکەن. دیسان "هاملتون" لە هەمان لاپەرە درێژە بە قسەکەی ئەدا و ئەڵێ: لذلك تتقرن راحات أقدامهم وتتصلب فلا ينفذ منها شوك الصحراء. على أن حفاءهم هذا، يحد كثيراً من مقدرتهم على السير فوق صخور الجبال ذات الأطراف الحادة= لەبەر ئەوە ژێر پێیان ڕەقە دڕکی بیابان زامی ناکا. بەڵام لە بەر ئەم پێ پەتییە ناتوانن وەکو بیابان جەموجۆڵ بکەن لە سەر بەردە تیژەکانی شاخ. وەکو دەبینن لە کەناڵە تەلەفیزیونەکان دا تا ئێستایش شا و میرەکانیا و ڕەش و ڕووتەکان لە کەنداو هێشتا تەنها نەعاڵ- بە زاراوەی کەڵهوری پێ ئەڵێن: دەمپا- لە پێ دەکەن؟ بە پیچەوانەی ئەرزی عەرەب، ئەرزی نیشتمانی نەتەوی کورد بەردەڵانە هەرگز ناتوانی بە بێ کڵاش، بە پێ پەتی تیا برۆی، ئەتان بینی لە سەرەوە عەرەبەکان چەند پێیان ڕەق بوو بەڵام لە کاتی ئیش کردنیان لەگەڵ "هامیلتون" لەو ڕێگایە لە کوردستان کە ناوی هەڵگرتووە "ڕێگای هامیلتون" نەیان توانی بە پێ پەتی لەسەری بڕوان. لە بەر ئەمە کورد کڵاشی داهێنا تا بە ئاسانی لە سەر ئەرز و شاخی نیشتمانەکەی هات و چۆ بیکا. 

خوشک و برای چاودێر، بیر نەکەن داهێنانی ئەم شتانە کە باسیان دەکەین لە سەرتا دا ئاسان بوو بۆ داهێنەری کورد؟ هەر ئەم کڵاشە کە ئێستا باسی دەکەین مرۆڤی کورد زۆر هەوڵیداوە و بیری لێ کردووە تا ئەم پێڵاوە بەم شێوەی ئەمڕۆ هەیەتی دەرچووە. با من لێرا توزی باسی پێک هێنانی کڵاشی گەرمیان بۆتان بیکەم بە تایبەت لە شاری مەندلی تا بزانن بە چەن قوناغ تێپەری. پێش ئەوەی بچمە ناو بابەتەکە با ئەوەیش بزانن کە لە مەندەلی بازاریکی گەورە تایبەت بە کڵاش فرۆشتن هەبوو؟ چەند کەسێک بەناو بانگ و رێزدار تیا بوون وەکو مەلا مەهدی بەولی و براکەی حەسەن بەولی و خزمەکەیان عەبدی، بابم کە سەی مرای ناوی بوو (سەید موراد) و دوو خزمی بابم بە ناوی حەسەن و حوسەین و هەر وەها خان مەسویر و خوتیلە و حەجی مەردان و سەی رەزا و سەی موسا و ئەنوەری و حەجی بازگ هەتد. چایچی بازارەکە کە ئەکرام ناوی بوو خانیکی گەورەیش لە گەڵ چایخانەکە هە بوو کە کەر و ئێستر تیا کڕین و فرۆشتن. دیسان هەر لەو بازارە چایچی تر هەبوو بە ناوی ئەحمەد زەنوبە، چێشتخانەیش تیا بوو خاوەنەکەی قاسم شێرە بوو، سێ دوکانی سەرتاش تیا بوو خاوەنەکانیان بەم ناوانە بوون سەی عەبدی و عەسکەرە و مەولودە یا مەولگە، زۆربەی دوکاندارانی ئەم بازارە یان خەڵکەی شاری مەندلی بوون یا خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری بوون وەکو کەپڕێ، جاریە، چوارئاسیاوە، پەتگئەوکەر، چەرمەوەندی هەتادوایی بەڵام هەر هەموویان وەکو بازارەکانی تری شارەکە سەرجەم کورد بوون. بەڵام بەداخەوە لە شەڕە نەگریسەکەی نێوان عێراق و ئێران ئەم شارە کوردستانیە مێژوویە وەکو شارەکانی تری کوردستان لەسەر سنووری دروست کراو لە گەڵ هەموو بازارەکانی کاول کران. بمبورن کۆمەڵی تر هەن لەو بازارە ناوەکانیان لە بیر نەماوە. بەهەر حاڵ، با خوێنەری بەڕێز بزانی ئەلیف و بای شارستانیەت چۆنە و لە چیەوە دەست پێ ئەکا. ئەم کڵاشە لە سەرتای کە دەست پێ دەکی تا تەواو دەبێ نزیکەی بیست ناوی هەیە، ١- موو ٢- بنگیڵ ٣- گیل ٤- بانگیل ٥- تەیار ٦- سێ کوتتە ٧- بانە ٨- قەلبە ٩- پەڕپەڕە ١٠- یەک دەمە ١١- دوو دەمە ١٢- چوار دەمە ١٣- شیرازە ١٤- گوڵ پەنجە ١٥- پەنج گیڵ ١٦- سادە ١٧- بڕبڕە. با ئەمەیش بزانن کە کڵاشی گەرمیان دوو جۆرەك یەکێک بە لاستیکی تایەی سەیارە (ماشین) دروست دەکرێ، ئەوی تر بە چەرمی ئاژەڵ دروست دەکرێ. دیسانەوە ئەو ئامێرانە کە بەکاریان دەبەن بۆ کڵاش چنین ئەمە ناوەکانیانە ١- هەسان ٢- سەرموو ٣- درۆش ٤- گنووژ. بمبوورن ئەگەر شتی لە بیر چوو، ئەمانەی کە باسیان دەکەم تەمەنیان شەست ساڵە لە مێشکم. با ئەویش لە بیر نەکەی، کە کڵاشی هەرسینی هەبوو زۆر بەناوبانگ بوو لە هەموو کوردستان دا، لە شاری هەرسین دەی چنن کە سەر بە کرماشانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە بیرمە لە سەرتای شەستەکانی سەدە ڕابەدوو دا جووتی کڵاشی هەرسینی بە شەش دەرهەمی عێراقی بوو.
بۆ زانیاری، کڵاشی ناوی هۆزیکی کوردە کە نیشتەجێین لە قەڵای جوانرو و تەرخان ئاباد و باباخانی و زەهاو و ماکوان و شارەزۆری کرماشان.
لە کۆتایی دا شاری مەندلی لە باشووری کوردستان پیرۆزبایی لە شاری مەریوانی خۆشەویست دەکا کە شاریکی ڕۆژهەڵتی کوردستان و لە ساڵی ٢٠١٧ زاینیی بوو بە پایتەختی جیهانی كڵاش.
پەند:" هەردوو پێ کردووە لە یەک کڵاشەو" بەو کەسە دەوتری کە کەلەڕەقە.




(دەنگدراوە: 1)