به‌ هاوکاری ئاسایشی پارتی، دەزگای میت مەجید ئیبراهیمی تیرۆر کردووە

Thursday, 23/01/2020, 20:10

22618 بینراوە


پەیامنێری کوردستانپۆست (هەولێر)


کوشتن و تیرۆرکردنی (مەجید ئیبراهیم هەروتی)، ئەو چەکدارەی یەکێتی، کە لە شەوی دووشەممەی رابردوو رێکەوتی (2020/01/13) بە بیانووی ئەوەی گوایە  50 کیلۆ مادەی هۆشبەری پێگیراوە، بۆیە چەکدارەکانی دژە تیرۆری پارتیی لە ناو ماڵ و منداڵی خۆی هێنایانە دەرێ و گرتوویانە، پاش رۆژێک لاشەکەیان دایەوە دەست کەسوکارەکەی، وتیان لە زینداندا خۆی خنکاندووە.
ئەم هەواڵ و تۆمەتە دوورە لە راستییەوە، بەڵکو کوشتنەکەی بەم شیوەیەی خوارەوەیە.
(تێبینی: بۆ پاراستنی سەرچاوەی هەواڵەکە بەشێک لەو زانیارییانە بڵاوناکەینەوە):

بە پێی سه‌رچاوه‌یه‌کی نزیک له‌ دەزگای پاراستن، کە ئەو زانییارییەی بە پەیامنێری کوردستانپۆست داوە، دەڵێت: رۆژی دوو شەممە کاتژمێر 11ی شەو "مەجید برایم هەرووتی" کە چەکدارێکی هێزەکانی 70ی یەکێتییە لە گوندی "سیساوەی"ی سەر بە شارۆچکەی هەریر، هەروەک خێزانەکەی باسی دەکات: لەلایەن مەفرەزەیەکی دژە تیرۆری پارتیی رفێندرا. سەرچاوەکە دەڵێت: ئەو چەکدارانەی دژە تیرۆر تەنیا خۆیان نەبوون، بەڵکو کەسێکی سەر بە هەواڵگری میتی تورکیشیان لەگەڵدا بوو، لەسەر داوای میتی تورک ئەو کارە ئەنجامدراوە، دوایی رادەستی میت کراوە.
سەرچاوەکە نازانێت دوای ئەمە، ئەو چەکدارەی یەکێتیی بۆ کوێ براووە؟! دەڵێت: رەنگە بردبیتیان بۆ قونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، چونکە لەوێ  ژوورێک و  شوێنێکی تایبەتی تێدایە بۆ لێکۆڵینەوە و ئازاردانی ئەو کەسانە تەرخان کراوە، کە لە هەرێم دەگیرێن دەبرێنە ئەوێ، جگە لەوەی دەیان شوێنی دیکەشیان هەیە، رەنگە بۆ یەکێک لەو شوێنانەشیان بردبێت، پێدەچێت (مەجید برایم هەروتی)یش هەر ئەو شەوە بردبێتیانە یەکێک لەو شوێنانە، ئەو شەوەش لە ژێر ئەشکەنجەداندا کوشتبێتیان، دواتر ڕادەستی ئاسایشی پارتیان کردۆتەوە.
 سەرچاوەکە دەڵێت بۆیە من لێرەدا ئەوە پشتڕاست دەکەمەوە، کە ئەو کەسە خۆی نەخنکاندووە، چونکە هیچ شوێنێکی جەستەی نیشانەی ئەوەی پێوە دیار نییە کە خۆی خنکاندبێت.
وەک سەرچاوەکە دەڵێت: لەبەر ئەوەی لای داگیرکەران و بنەماڵەی بارزانی خوێنی مرۆڤی کورد بێنرخ و ئاسانە، هەروەها کوردە خائنیەکانی خۆشمان یارمەتیی دەرن بۆ سەودا و مامەلەکردن بە رۆح و گیانی مرۆڤی کورد، بۆیە هەموو درۆ و بیانوویەک کە هەڵیدەبەستن بە بێ ترس بۆیان دەچێتە سەر.
 دیسان سەرچاوەکە دەڵێت، هۆکاری گرتن و کوشتنی (مەجید برایم هەروتی)ی تەمەن ٣٨ ساڵە، کە خاوەنی سێ کچ و دوو کوڕە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، گوایە ناوبراو چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ په‌که‌که‌ کڕیوە و په‌یوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه‌. ئەو گومانەش لەلایەن پاراستنی پارتی دراوە بە میتی تورک،  بنەماڵەی بارزانی و دەسەڵاتدارانی هەولێر کە بریتییە لە (پارتیی وەکو حیزب و حکومەت، هەروەها دژە تیرۆر، پاراستن، ئاسایش) هەموویان سەر بە تورکیان و بە پێی رێنمانیی میت و قونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر کاریان لەگەڵدا دەکەن، لێرەوە دەبێت بگوترێت جێگای سەرسوڕمانیش نییە، ئەو راستییەش بسەلمێنین و بڵێین، کە تا ئیستا  دەیان کەس بە بێ دەنگیی و بەم شێوەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەولێرەوە تەسلیم بە میت کراون و دواجار شەهیدکراون.
لە کۆتاییدا سەرچاوەکە دەڵێت: داوا دەکەم، ئەوانەی گومان لە خۆیان دەکەن، کە هەر جۆرە پەیوەندییەکیان بە (مەجید برایم هەروتی)یەوە هەبووبێت، لەسەر ئەو مەسەلەیە  مامەڵەی چەک و تەقەمەنییان کردبێت ئاگاداری خۆیان بن، نەکا لە کاتی لێدان و ئازار و ئەشکەنجەداندا ناوی کەسێکی درکاندبێت، چونکە لە ئیستاوە ئەوانە دەکەونە ژێر چاودێری ئاسایس و دەزگای دژە تیرۆری پارتییەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە