دونیا ڕووی ئاشتی بەخۆیەوە نابینێ!

Saturday, 25/01/2020, 18:13

4882 بینراوە


مێژووی مرۆڤایەتی لێوانلێوە لەو شەڕانەی خوێنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانیان تێدا بەفیرۆ داوە.زۆربەی ئەو شەڕانەش لەبەر ئەوەی ڕویانداوە کە یەکێک لە لایەنەکانی شەڕ لایەنەکەی تری ئەو دیوی گۆرەپانی شەڕی بەمرۆڤ هەژمار نەکردوە و کۆمەڵێک چیرۆکی بۆ هۆنیوەتەوە،هەتا پاساو بۆ قەبارەیەکی یەکجار زۆر لە توندوتیژی و دڕندەیی بێنێتەوە.لێرەدا بەکورتی ئاماژەیەک دەکەین بۆ شەڕەنگێزانی هەڵگیرساندنی نەفرەت و ڕق لە مێژووی مرۆڤایەتی هاوچەرخدا،کەسانێکی وەک "هیتڵەر"،"ستاڵین"،"مائۆ و مۆسۆڵینی"،"فرانکۆ"و هەتا دەگاتە کۆتا کەس کە "دۆناڵد تڕامپ"ە،لە ئێستادا فوو لە ئاگری شەڕ و ڕەق و نەفرەت دەکات و هەوڵدەدا تەواویی جیهانیش لەگەڵ خۆی هاوڕا بکات.هەرچەندە ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی "دۆناڵد تڕامپ"زیاتر پرسی مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی و تۆڵیرانسی رۆژئاوایی دەخاتە ژێر گوومان و پرسیارەوە،یانیش ئەو شێوازە لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و "تڕامپ"دەتووانی لە سەر هێڵەکانی دیمۆکراسی و ئاشتیخۆازی گۆڕانکاری نەرێنی دروستبکات،یانیش دووبارە هیواکانی مرۆڤایەتی زیندوو بکاتەوە لەئاست پێکەوەژیان و ئاشتی و خۆشەویستی و سەقامگیری لە جیهانی ئەمرۆدا وەک فاکتۆری سەرەکی.
زۆرێک لە پسپۆرانی بوارە جیاوازەکان پێشنیاز و پرۆژەی جیاوازیان پێشکەش کردوە بۆ گەیشتن بە وەڵامێکی پۆزەتیڤ بۆ ئەو پرسیارانەی بەڕۆکی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیان گرتووە لەو سەردەمەدا و لە هەوڵی بەردەوامدانە بۆ پراکتیزەکردنی ئەو ئەیدیا نوێیانە.بەڵام حەقیقەتی سیاسەتی ئەمرۆ کە لێوانلێوە لە نەفرەت و ڕق وێدەچی بێبەری بێت،لەو نۆرم و پڕەنسیپە بەرزانەی کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی خوازیارێتی و بەدرێژایی مێژوو خەباتی بۆ کردوە.ئەمرۆ لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا یەک لە دوای یەک خوڵقاندنی ترس و دڵڕاوێکێ لە دژی هەژاری و کۆچبەری،کەمینەکانی ئەتنیکی و ئایینی و هەر کەسێک پشتیوانی لەو گروپانە دەکات رۆژلەگەڵ رۆژ زیاتر پەرەدەستێنی..
بەردەوام بەدرێژایی مێژوو،هەوەسەکان هاوشانی سیاسەتڤانەکان رۆحێکی تازەیان بەخشیووە بە پلانە سیاسیەکان،بەڵام ناتووانین گریمانەی ئەوە بکەین،کە ئەو هەوەسانە بەردەوام ئەرێنی بوونە.کەواتە لێرەدا گرنگە بزانین هەڵچوونە نەرێنیەکان بە چ شێوەیەکی لە پانتایی سیاسەتدا جێگرتوو بوونە و سیاسەتڤانەکان چۆن لە کەفوکوڵی دەروونی بۆ پێشخستنی پرۆژە ستراتیژییەکانی خۆیان کەڵکیان وەرگرتووە.نەفرەت لە کوێەوە سەرهەڵدەدات و بۆچی مێژووی هاوچەرخی سیاسی ڕۆڵێکی وەها یاری دەکات؟
لە دوای هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر ئەمریکا شەڕی لەدژی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی دەستپێکرد.ئەو پرۆژەیەی کە بڕیار بوو جەنگێکی خێرا و لێبراوە بێ لەدژی ئەنجامدەرانی سەرەکی و پلاندارێژەرانی ئەو هێرشە خوێناوییە،ئەمرۆ گۆڕاوە بۆ شەڕێک لەگەڵ سێبەری ئەو گروپە تیرۆریستیانە لە هەموو جیهاندا.هەڵاتن و گەڕانێک زیاتر لە سەد وڵاتی دونیای تەنیوەتەوە و هیچ ئاسۆیەکی ڕووناکیش لە کۆتایی پێهاتنی لەبەر چاو نییە.ئەو بابەتە لێکدانەەیەکە لەسەر ئەو جەنگە بێ کۆتاییە.
یەکێک لە ستراتیژییە سەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ کۆتایی پێهێنانی ئایدۆلۆژیا تووندڕەوەکان کە ڕیشەیان لەهەر شوێنێک بەهێز کردوە،کەڵک وەرگرتنە لە هێز و لە غەێابی ستراتیژییەک کە ڕێگری بکات لە توندڕەوی،شەڕی بەردەوام لە ڕێگەی فرۆکە بێفرۆکەوانەکان یانیش هێزی تایبەتی سەربازی و یانیش ناردنی هێزی چەکداری کەڵک وەردەگرێت،چۆن شەڕی چەکداری لە کۆتاییدا هەر دەبێتە هۆی شکەستخواردن و ئەوەش لە درێژخایەندا کاریگەری نەرێنی لەسەر گۆڕانکاری ناوخۆیی ئەمریکا لەڕووی ئابووری و هێزی مرۆفی بەجێ دەهێلێت.ئەو ستراتیژییەی کە بۆتە هۆی جیاوازییەکی قووڵی فیکری لەناو کۆنگرێس و دوو حیزبی کۆماریخۆاز و دیمۆکراتەکانی ئەمریکا لەو قۆناغەدا.
چەند رۆژ دوای هێرشە خوێناوییەکەی یازدەی سێپتەمبەر کۆنگرێسی ئەمریکا ڕەزامەندی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لەدژی تیرۆر و تیرۆریستانی لە سەرتاسەری جیهان دەربڕی.ئەم بڕیارنامەیە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماری ئەو کاتی"جۆرج دەبیلۆ بۆش" ی زیاتر کرد،هەتا تەواویی هێزەکانی گرێدراوی بەشی سەربازی لەدژی ئەنجامدەرانی سەرەکی هێرشی یازدەی سێپتەمبەر ئامادەباش بکات.لەو هێرشەدا ڕێکخراوی قاعیدە و تاڵیبان لە ئەفغانستان بەرپرسیار بوون.
سەرەڕای ئەوەش بەتێپەربوونی کات دەسەڵاتی جۆرج دەبیلۆ بۆش لەڕێگەی ئەم پرۆژە یاسایەوە زیاتر بوو،هەتا ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستیە لەهەموو جیهاندا بخەنە ژێر چاوەدێرییەوە،سەرۆککۆماری ئەمریکا ئەو دەسەڵاتەی هەبوو هەتا بێ گەڕانەوە بۆ ڕا وبۆچوونی کۆنگرێس لە عێراق،سووریە،ڵیبیا،یەمەن،سۆماڵی ئەفغانستان و پاکستان و وڵاتانی دیکە،شەڕ لەگەڵ تیرۆریست و سێبەرەکانی تیرۆر بکات.
بەپێی ڕاپۆرتە جیهانییەکان،هەر ئێستا هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە سەد وڵاتی دونیا جێگیر کراون و ئامادەی ئەنجامدانی هێرشی سەربازین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.خەباتی شاڕاوە زۆر لە سنوورەکانی وڵاتانی جیهانی سێهەمی تێپەراندوە و بۆتە دیاردەیەکی جیهانی مودێرنی ئەمرۆ کە بەشەڕی هەمیشەیی و هەتاهەتایش ناسراوە.
ئەمریکا لەدوای هەژدە ساڵ شەڕ لەدژی تیرۆر بەڕواڵەتیش ئێستا هەنگاوێک بۆ ڵای کۆتایی پێهێنانی نزیک نەبووەتەوە و خراپتر لەوەش ئێستە ڕوون نییە،کە کۆتایی هاتنی چۆن دەبێت.جیهان تەنیا لەگەڵ سوپایەکی فەرمی ڕووبەروو نییە،بەڵکوو لەگەڵ کۆمەڵەیەک لە ئەندێشە و بیرکردنەوەی توندڕەویش دەبێ شەڕ بکات و لە بەگژیەکداچوونەکانی سەڕەوی سروشت بڕاوەیەکی کۆتایی بوونی نییە..
ئەمریکا لەشەڕی تیرۆری نێودەوڵەتیدا مەکینەیەکی جووڵاوی بەردەوامی خوڵقاندوە،یانی مەکینەیەک کە بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانەوە هەڕەشە و ترسە لە جیهاندا و ئەمریکاش خۆی بۆ لەناوبردنی ئامادە کردوە.یانیش بە زمانێکی سادەتر پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەیەک و لەبەرامبەردا دروستکردنی هەڕەشەیەکی گەورەتر لەوەی پێشوو.بۆ نموونە شەڕی تیرۆر لەدژی تۆڵەساندنەوە لە ئەنجامدەرانی کارەساتەکەی یازدەی سێپتەمبەر و ئەوەش هەمان پێچاوپێچیە کە ئەمرۆ لە سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا ڕەنگدانەوەی هەیە،وەک سووڕانەوەیەکی بێکۆتایی لە تووندوتیژی و تۆڵەکردنەوە،جووڵاندنەوە و وەڵامدانەوەی بێ هیچ دەستکەوتێک.هەتا پێویستە لێرەدا ئەو پرسیارەش ڕووبەڕووی خۆمان بکەینەوە،وەک سەرەکیترین پرسیار دەبێت وەڵام بدرێتەوە،ئایا لەو ڕێگایەدا بەها و نۆرمە بەرزەکانی مرۆڤایەتی پێشیڵکراوە یانیش نەخێر.لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەوڵی شکاندنی شکۆ و کەرامەتی گیراوان و تاوانبارانی سەرەکی دراوە.
ئەگەر لە کورتترین پێناسەی خۆیدا شەڕ بریتی بێت لە جەنگی هەمیشەیی و بێ لەبەرچاوگرتنی سنوورەکانی کات و شوێن و جۆگرافیا کە لەدوای ڕوداوەکانی یازدەی سێپتەمبەر بەمۆڵەتنامەی کەڵک وەرگرتن لە هێزی سەربازی و پشتبەستن بە کۆمەڵێک بەڵگەی نهێنی کە "جۆرج دەبیلۆ بۆش" لە هەڤدەی سێپتەمبەری ساڵی "2001"واژۆی کرد،دەستیپێکرد.هەر ئێستاش ئەو شەڕە درێژەی هەیە لە دژی چەند وڵات و چەندین جاڕیش ستراتیژی ئەو شەڕە تووشی گۆڕانکاری بۆتەوە.
ئەو شەڕە لە چوارچێوەی کۆکردنەوەی زانیاری شاڕاوە و گەمارۆ خستنە سەر وڵاتان و برسی کردنی خەڵکی ئەو وڵاتانە ئەنجامدەدرێت،بەتایبەتی لەدژی وڵاتی ئێران.
ڕووداوەکان لە سەردەمی دەسەڵاتداری جۆرج بۆش دەستی پێکرد و لە سەردەمی باراک ئۆبامادا کۆمەڵێک گۆڕانکاری بەسەر داهات و ئۆباما ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوی سنوورەکانی کەم کردوە،بەڵام لە هەمانکاتدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی تایبەتی ئۆپەراسیۆنەکانی سەربازی سوپای ئەمریکا و ئەندامانی ئاژانسی هەواڵگری نیشتیمانی ئەمریکا "سی ئای ئەی"و لە ڕێگەی فرۆکە بێفرۆکەوانەکانەوە خەریکی بەهێزکردن و چاکسازی لە نەخشەکانی سەربازی دا بوونە.ئەوەش من بەشەڕی بێکۆتایی پێناسە دەکەم،چوونکە لە ڕاستیدا هیچ هێمایەک بوونی نییە لەوی کە ئەو شەڕە بەرەو کۆتایی دەرۆات.لەڕاستیدا بەڕواڵەت ئەو شەڕە لە جەوهەردا شەڕێکی هەتاهەتاییە و ئەمریکا دەربازی قۆناغێک لەشەڕی بێکۆتایی بووە لە چەند وڵاتی ناوچەکەدا کە هیچ شۆپێک لە کۆتایی هاتنی بەدیناکرێت.ئەو شەڕەش بەتایبەتی لە وڵاتانی عێراق و سووریە و ئێران تایبەتمەندییەکی ژیانەوەی وەرگرتووە.هەرچەندە سەرۆککۆمارەکانی ڕابردوو و ئێستا و ئایندەی ئەمریکا هەموو ڕووبەڕووی ئەو کێشەیە بوونتەوە،لەوی کە ئایا شەڕ دەتووانی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری بەردەوام بۆ ئەمریکا دروستبکات لەدەرەوی سنوورەکانی خۆیدا؟پرسارێک کە وەڵامەکەی زۆریش ئاسان نییە..
لەو سەردەمەدا شەڕ لەدژی تیرۆر و تیرۆریستان پێ ناوەتە قۆناغێکی جیاوازەوە،بۆ نموونە تاکتیکی کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەکانی مودێرنی تەکنۆلۆژیای شەڕ وەک فرۆکە بێفرۆکەوانەکان بۆ خاپور کردنی مۆڵگەکانی گروپە تەکفیری و جیهادییەکان و هێرش بۆ سەر ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانیان بەمەبەستی پووچەڵکردنەوەی پێلان و نەخشەکانیان بۆتە ستراتیژی ئەمریکا و لە بەرامبەر بەرژەوەندییە کورتخایەنەکانی ئەو شێوازه هێرش کردنانە،ڕێگە چاڕەی درێژخایەنی کەمیش بەدەستهاتووە.
سەڕەرای ئەوانەش،ئەمریکا لە ئەرکی ستراتیژی کە ئامانج لێ کەمکردنەوە و کووشتنی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو گروپ و ڕێکخراوە تیرۆریستیانە دەستی هەڵنەگرتووە و رۆژانە لە ناوچەکەدا،ئێمە شایەدی هێرشەکانی ئەمریکا و هەڤاڵبەندەکانین بۆ سەر گرووپە جیهادییەکانی ناوچەکە لە سووریە و عێراق و یەمەن و ئەفغانستان و سۆماڵ و نەێجیریا و ئەفغانستان،بەم کارەش ئەمریکا درێژە بەئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی خۆی ئەدات بۆ سەر ئەو ڕێکخراوە تەکفیریانە بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی خۆی لەناوخۆدا،بەڵام لە هەمانکاتدا شەڕ لەدژی تیرۆر بە بۆمب و چەک و تەقەمەنی هیچکات کۆتایی پێنایەت و وەک ڕیشە و باوەڕی ئایدۆلۆژیایی ئەو ڕێکخراوانە دووبارە خۆیان زیندو دەکەنەوە لەناو جەماوەر و لایەنگرانی خۆیاندا.
وەک نموونەی تاڵیبان کە لە کۆتاییدا ئەمریکای ناچار کردوە لەگەڵی بێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ چاڕەسەری کێشەی تاڵیبان لەگەڵ دەوڵەتی ئەفغانستاندا،بەشێوازێکی تر شێوازی وەڵامەکانی ئەمریکا بۆ چاڕەسەری ئەو گرفتانە،بەدیوێکیتردا ئەو کێشانەی بێ چاڕەسەر کردوە.هەرچەندە ئێمە ناتووانین وەڵامێکی تر بۆ ئەو پرسیارە بدۆزینەوە کە ئایا جگە لە وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ تیرۆری نێودەوڵەتی وەڵامێکی دیکەش بوونی هەیە،کە لە کاتی دیاریکراودا زیاتر نەبێتە هۆی بەهێزکردن و بوژانەوەی شانە نووستوەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستیە جیهادییەکان.پێموایە ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لەناو ئەو دوو بەرداشتە ئەقڵانییەدا گرفتار بوونە کە هاوتای ئەو وەڵامدانەوەیە بۆ تیرۆر لە دژی تیڕۆریستان.ئەوەش یەکێکە لە پرسیارە گرنگەکانە کە بەڕای من ڕێگاگەلێک بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە بوونی هەیە و یانیش بەلانیکەمەوە هێژایی تاقیکردنەوەی هەیە.بێگوومان ناتووانین مێژوو دوبارە بکەینەوە،بەڵام هیچ جێگای گوومان نییە،شەڕی عێراق وەڵامێکی زۆر چەوت بوو لەدژی تیرۆریزم کە بووە هۆی گەشە پێدان و قووڵکردنەوەی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستان.هەروەها ئەو شەڕە خزمەتێکی زۆری بە ئارمانخۆازی جیهادی و پرۆپاگەندەی بەهاکانی بەخشیووە و بۆتە هۆکاری ناسەقامگیری زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
گرووپە توندڕەوەکان لە بنەڕەتدا خۆیان دەرفەتخۆازن،ئەوان باوەڕیان بەشتێک هەیە کە ئێستا سەربازەکان ئەوە بەخەونی شاعیرانە"و فەزای بۆشایی حکوومەت و نەبوونی یاسا"پێناسە دەکەن و ئەمریکاش لە ناوچەکدا چەندین فەزای بێ حکوومەتی دروستکردوە،بەتایبەتی لەو وڵاتانەی هێزی سەربازی ئەمریکا بوونیان هەیە وەک عێراق و سووریە و ئەفغانستانی ئێستا کە رۆژلەگەڵ رۆژ کێشەکانی نێوان شیعە و سوننە و کەمینەکانی تر قووڵتر دەبێتەوە.
ئەمریکا لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حوسێن لە عێراقدا گەیشتۆتە ئەو باوەڕی کە بەدوای وەڵامی سیاسیدا دەگەڕێت بۆ کۆتایهێنان بەتیرۆر لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا.ڕێگا چاڕەی سیاسی و گفتوگۆ و گوشاری سنووردار و گەرمارۆی ئابووری بۆتە بەشێک لە وەڵامی زلهێزەکانی جیهان بۆ شەڕی نەرم لەگەڵ گرووپە تیرۆریستیەکان و کۆتایی پێهێنانیان. ئەمریکا عێراقی نوێ وەک نموونەیەکی زیندوو و مۆدێلێکی سیاسی نوێ چاو لێدەکات کە وەڵامێکی بەهێزیش بێت بە گرووپە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە.هەرچەند ڵای هەموومان ڕوون و ئاشکرایە کە لە پراکتیکدا ئەو لێکدانەوەیە زۆر ئەقڵانی و جێگرتوو نەبووە.ئەمریکا به ڕاگەیاندنی بڕیاری شەڕ لەدژی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان جۆرێک لە مەشرووعییەتی بەخشی بە جیهانبینی ئەو گروپانەش کە لە هەوڵی بەردەوام دان بۆ تێکدان و گەڕاندنەوەی دونیا بۆ سەدە تاریکەکانی ڕابردوو و پاکردنەوەی گوناە و ناموسڵمانەکان لەسەر زەوی.
ئەمریکا بەو بڕیارە شەڕێکی بەربڵاوی دەستپێکرد و بۆ هۆی وروژاندنی موسڵمانان لە جیهاندا کە خۆیان ڕێکبخەنەوە لە ژێر یەک ئاڵادا و بەم شێوەیەش شەڕێکی بێ دەرئەنجام و یانیش بێ ئاشکرا بوونی ئامانجێکی دیاریکراو دەستپێکردوە.شەڕێک وەک هەموومان دەزانین دەرئەنجامەکانی بێ سەرکەوتن و دەستکەوتێکی بەرچاو بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە حاڵێکدا تەنیا شانازی وڵاتە یەکگرتووەکان بوونی سوپای بەهێز و کەرەستەی شەڕی پێشکەوتوویە لە جیهاندا.
پرسیارێکی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە،ئەمریکا ئێستە مەبەستی دیاریکراوی خۆی لە ئاستی هەڕەشەکان لە دونیادا ڕوون نەکردۆتەوە و ئەگەر تەنیا ئامانجی لە هەڕەشە تیرۆری کۆمەڵێک سەرکردەی دیاریکراوە و دەبێ تۆڵەیان لێبکاتەوە ئەوە باسێکی جیاوازترە لەوی کە هەوڵەکانی ئەمریکا لەناوچەکدا بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتانەی بە مەترسی و هەڕەشەیان دەزانی بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە ناوچەکدا بەگشتی.وەک ئەوەی لەدوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە بەرجام لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامیداو و لە کۆتاییشدا هەر خۆی ڕێککەوتنەکەی پێشیڵ کرد و خۆی لێ دەرهاوێشت.ئێستاش لە هەوڵی ئەوە دایە بە گەمارۆی ئابووری و دیپلۆماسی و سەربازی ڕەفتارەکانی دەسەڵاتی ئێران بگۆڕێت لە ناوچەکەدا.یانیش لە کەڵک وەرگرتن لە وزەی شاڕاوەی ناوخۆی شەقامی ئێران دەسەڵاتی سیاسی تووشی پاشەکشە و لاوازبوون بکات بۆ ئەوەی ملکەچی بڕیارەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات.ئەوەی کە لە ئاستی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئەمریکا ڕوودەدات زیاتر پێوەندی بە کۆمپانیا زەبەڵاحەکانی میدیاییەوە هەیە،کە بەوروژاندنی ئەو پرسە ڕای گشتی کۆمەڵگەی خۆیان بۆ مەترسییەکانی تیرۆر لەدەرەوی سنوورەکانی ئەمریکا ئامادە دەکەن و دەسەڵاتی سیاسی ناچار دەکەن گوێ لەداخوازییەکانی شەقامی ئەمریکا بگرێت.
لای هەموومان ڕوون و ئاشکرایە کێشەی تیرۆر و ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان لە جیهاندا هیچکات کۆتایی پێنایەت،هەتا ئەو کاتەی دەوڵەتەکان خۆیان نەتووانن لانیکەمی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ هاووڵاتیانی خۆیان دروستبکەن و بتووانن کێشەی نەبوونی و هەژاری لە کۆمەڵگەکانیاندا کۆتایی پێبێنن،چۆن دروستبوونی ڕێکخراوە توندڕەوەکان دەرهاویشتەی ئەو بۆشاییە کە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا دروست دەبێت و جەماوەر بۆ گەیشتن بە داخۆازییەکانی خۆیان ناچار پەنا دەبنە بەر پەرچەکرداری تووندوتیژ و ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبنەوە.لێرەدایە کە دەبێ تیرۆر وەک ئازارێکی هەمیشەیی لە جیهاندا سەیر بکەین.
ئەوەی ئێستا لە جیهانی سێهەمدا ڕوودەدات بەناوی بەڕەنگاربوونەوە لەدژی تیرۆر و هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستیەکان تەنیا شەڕێکی دەروونیە و لە کردەوەدا هەر رۆژ ئێمە شایەدی دروستبوون و دەرکەوتنی گرووپی ڕادیکاڵترین لەناوچەکدا بێ ئەوەی پرسی تیرۆر کۆتایی پێهاتبی،کۆمەڵێک ڕێکخراوی هاوشێوە دروستبوونە،بودجەی سەربازی وڵاتان ڕوی لە زیادبوون کردوە،بودجەی دەزگا هەواڵگرییەکان چەند بەرابەر زیادی کردوە،ئەو بابەتەش تەنیا دەکرێت یەک خوێندنەوەی بۆ بکرێت،ئەویش زیادبوونی ترس و توندوتیژییە بەناوی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی.
گرنگتر لەوانەش هەڕەشەکان زیادیان کردوە و لەبەرابەریشدا ژمارەی ئەندامی گرووپە جیهادییەکان و زیادبوونی ژمارەی هێرشەکانیان لە ناوچە و جیهاندا،دەوڵەتان بەناوی پاراستن و ئاسایش و بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان دروستکەری ڕق و نەفرەتن لە دونیای دەرەوی خۆیان و ئەوەش ڕوانگەیەکی زۆر بێ بەرهەمە.ئەمریکا لەو ڕەهەندەدا پشکی شێری بەردەکەوێت و بۆتە هۆی زیادبوونی گرووپە جیهادییەکان لە دونیادا و هیچ کۆنترۆڵێکیشی نییە بەسەر ئەو کێشەیەدا.جیهانی جیهادی ئەمرۆ تەواو دژکردەوەیە لەدژی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئەمریکا و زۆر هۆکاری تریش لەو پرسەدا بوونی هەیە،بۆ نموونە ڵاوازی تەکووزی سیاسی کە لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی یەکەم بەم ڵاوە بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵبووە.
لە قۆناغی ئێستاشدا هیچ بەڵگەیەکی ڕەها و دێکۆمێنتێکی بەرچاو کە پێشاندەری ئەوە بێت،ئەمریکا سەرکەوتنی بەسەر شەڕی تیرۆردا بەدەستهێناوە لەبەردەست نییە.تەنیا بەڵگەیەک کە دەتووانین لەسەر ئەو مژارە باسی بکەین جەوهەری خۆپاراستنی ئەمریکایە لەدوای یازدەی سێپتەمبەرەوە،کە بۆتە ستراتیژی شەڕ لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی.
یانیش قۆناغێکی نوێ کە لەدوای دەستبەکار بوونی دۆناڵد تڕامپەوە لە پۆستی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەدا بە قۆناغی گەڕانەوەی هەژموونی و شکی دەسەڵاتە بۆ ئەمریکییەکان بەگشتی وەک زلهێزێکی گەورەی جیهانی،قۆناغێک کە لە ڕێگەی بەهێزکردنی کەرتی ئابووری و پێشەسازییەوە دەیانەوەی رێژەی بێکاری و هەژاری لە ناوخۆی ئەمریکادا بنبڕ بکەن و شکۆی ئەمریکا بۆ ئەمریکیەکان بێت..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە