ئەفسانەی بوونی گیان لە نێوان زانست و ئایندا

Wednesday, 29/01/2020, 0:20

15861 بینراوە


گیان، یان ڕۆح (Soul): زاراوەیەکە تێزێکی ئاینی و فەلسەفی و فەرهەنگی لەخۆ دەگرێت، چییەتی پێکهاتەکەی لە ئاین و فەلسەفەیەک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە. لەلای زۆربەی ئاینەکاندا، بەو شتە ناماددەییە دەگوترێت کە لە مرۆڤ و (زیندەوەران)دا هەیە و بووەتە هۆکاری ئەوەی ئەو بوونەوەرانە بە زیندوو پێناسە بکرێن. بە بۆچوونی گەلێک لەو ئایندار و فەیلەسووفانەی کە باوەڕیان پێی هەیە، گیان بوونێکە هاوشێوەی لە هەبوونایەتیدا نییە، بەڵام سەرچاوەی گشت کردار و فەرمانێکە وەک، بیرکردنەوە، هۆشداری، هەست و نەست، رەفتار و هەڵسوکەوتەکان، کاتێکیش لەش بەجێ دەهێڵێت، ئەوا واتای مەرگ دەبەخشێت.
بیرۆکەی بوونی گیان مێژووێکی زۆر کۆنی هەیە، مرۆڤە سەرەتاییەکان وای بۆ دەچوون کە گیان بوونی هەیە و دەتوانێت کاریگەری هەبێ لەسەر ڕووداو و دیاردەکان، هەروەها ژیانیان پێ ببەخشێت، تا بکارن کاردانەوەیان هەبێت لەگەڵ ژینگە و سروشتی دەوروبەریان. چەمکی گیان بۆ ئەو سەردەمانە دەگەڕێتەوە کە مرۆڤ پرسیوویەتی، چی وای لەو کەسەی لەتەکمدا بوو کرد کە پێش کەمێک دەهات و دەچوو، بەڵام ئێستە کەوتووە و جووڵەی نەماوە؟ بۆ لەناکاو وای لێهات، جیاوازی لەگەڵ مندا چییە؟ بێگومان کاتێکیش وەڵامی ئەم پرسیارانە و هۆکارەکانی مردنی وەک، نەخۆشی کوتوپڕ و وەستانی دڵ و گرفتە ترسناکەکانی مێشکی نەزانیووە، پەنای بردووەتە بەر بوونەوەرێکی ناسروشتی و ناماددەیی و دۆزینەوەی وشەی گیان بۆ ئەو پرسە.
گیان بیرۆکەیەکە هاوشێوەی بوونی جنۆکە و فریشتە و ... و دەستکردی مرۆڤە، هەموو ئەمانەش لە سەردەمە کۆنەکاندا کۆمەڵە ئەفسانەیەک بوون، بۆ ڕاڤەکردنی دیاردەکانی ژیانی وەک، مردن و نەخۆشکەوتن و ڕووداوە سروشتیەکانی دیکە. مرۆڤی کۆن لەبەرئەوەی دەربارەی گەلێک بابەت هیچ زانیارییەکی نەبووە، ناچار بووە چەند ئەفسانەیەک دروست بکات، بۆ پڕکردنەوەی کەموکوڕی هەستکردن بەنەزانین کە لەو دەمانەدا هەیبووە.
سۆمەرییەکان کە خاوەنی یەکەمین شارستانیەتن لە مێژوودا، باوەڕیان بە بوونی گیان هەبووە، ئەمانە پێیان وا بووە، گیانێک هەیە لەش دەجووڵێنێت و بەڕێوەی دەبات، بە مردنیش دێتە دەرەوە و لەش بەجێ دەهێڵێت. پاشان ئەو بیرۆکە ئەفسانەییە بۆ شارستانییەتەکانی دیکە چووە، کاتێکیش کراوە بە چەمکێکی ئاینی، ئەوا هەر ئاینێک لەوەی پێش خۆی وەرگرتووە و پتر بڵاو بووەتەوە. دەرچوونی گیان وەک هۆیەک بۆ مردن، لەگەڵ ئەوەی بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک باوەڕی پێ کراوە، کەچی وەک بابەتە ئاینییەکانی دی، بە شێوەیەک لە ناخی مرۆڤەکاندا چەسپاوە کە نەتواندرێت بەئاسانی دەستبەرداری ببنەوە و پشت لەدوای پشتیش بۆ نەوەکانیان بگوێزنەوە.
گیان جگە لە بوونەکەی، شوێنەکەشی لە لەشدا جێی مشتومڕییەکی زۆرە، لەلای ژمارەیەک لە بیروڕا و ئاینەکان، گیانیش وەک هۆش و ژیریی و هی دیکە لەناو چەقی دڵدایە. هەر لەبەرئەوەش بوو میسرییە کۆنەکان، کاتێک دوای مردن لەشی پادشاکانیان بەمۆمیا دەکردن، مێشکەکانیان لادەبردن و دڵەکانیشیان دەهێشتنەوە. فەیلەسووفی گریکیش ئەمپادۆکلیس (٤٩٠ – ٤٣٠ پ.ز.) لەم بارەیەوە دەیگوت، بیرکردنەوە و هەست و نەستەکان، کار و فەرمانی گیانن کە لەناو دڵدایە، پاش مردن ئەو گیانە لەش بەجێ دەهێڵت. ئەوەی لێرەدا شایەنی گوتنە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامیش خەڵکانی ئەو سەردەمە، هیچیان دەربارەی مێشک نەدەزانی، وای بۆ دەچوون کە دڵ شوێنی هەست و سۆز و باوەڕهێنان و گشت ئەرک و فەرمانێکە.

گیان لە ئاینەکاندا
گیان وەک دەربڕینێکی ئاینی کە بەرهەمی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگە جیاجیاکانە، پێناسەکەی تا ڕادەیەک لە ئاینێک بۆ ئەوەی دیکە دەگۆڕێت. بەڵام لەلای زۆربەیاندا، گیان شتێکی نەبیندراوە، لەکاتی مردندا جیا دەبێتەوە و لە ئاسماندا دەمێنێ و نەمرە، هەندێکیشیان پێیان وایە کە دەشێ بگەڕێتەوە بۆ ناو لەشی کەسێکی دی.
بەکورتی چییەتی گیان لە ڕوانگەی چەند ئاینێکەوە؛
میسرییە کۆنەکان: لەلای ئەوانەدا گیان پێک دێت لە حەفت بەش: بەشێک بە منداڵ دەدرێت کە لە دایک دەبێت، بەشێک لە تیشکی خۆردایە، بەشێک دەبێتە کەسایەتی مرۆڤ، بەشێک هێزی پاڵنەری ژیانی مرۆڤە، بەشێک یەکێتی نێوان کەسایەتی و هێزی پاڵنەری مرۆڤ پێک دەهێنێت (دوو دانەکەی پێشوو)، بەشێک دڵۆپێکە لە دڵی دایک، بەشێکیش دەبێتە سێبەری مرۆڤ. هەموو ئەو بەشانەش کۆمەڵێک ئەرک و فەرمان بەڕێوە دەبەن. 
بوداییەکان: لە بوداییدا گیان لە پێنج شت پێک دێت: شێوە (لەش)، هەستەکان، هۆشیاری، ڕەفتار، ویژدان. ئەمانە پێیان وایە کاتێک کەسێک دەمرێت، ئەوا گیانەکەی لەگەڵیدا نامرێت، بگرە دەگوێزرێتەوە بۆ منداڵێک کە لەدایک دەبێت، بەم شێوەیە ئەو لەبەرگرتنەوەیەی گیان بەردەوامی دەبێ. بەگوێرەی هەندێک ئاینزای بوداییەکان.
بوداییەکان: گیانی بوداش دەچێتە لەشی سەرۆکی ئاینی (دالای لاما)، پاش مردنی ئەمەیان بۆ سەرۆکێکی دی دەڕوات و هەتاهەتایە ئەو گیانە پیرۆزە دەمێنێتەوە. 
هیندۆسییەکان: لەلای هیندۆسییەکاندا گیان بە (جیڤا) ناسراوە کە بوونێکی نەمر و هەتاهەتاییە لە زیندەوەراندا. لەپاڵ ئەمەش زاراوەی (مایا) دێت کە بەهایەکی لەشی و کاتی هەیە و پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانە و بوونێکی نەمر نییە و هاوواتای خودە لە هەندێک ئاینی دیکەدا. کەواتە هەرچەندە جیڤا سەرچاوەی بوونە، بەڵام بە لەشەوە بەند نییە. جیڤا لە چەندین خۆلەبەرگرتنەوەی یەک لەدوای یەکی کانزاکان بۆ ڕوەکەکان، لەوانیشەوە بۆ ئاژەڵەکان دێتە کایەوە. وشەی (ئەتمان)یش هەیە لە هیندۆسیدا نێزیکە لە واتای گیان، بنچینەی بوونە و بەشێکە لە براهمای مەزن (خوای دروستکەر) لە ناخی گشت مرۆڤێک، ئەمیش بەو لایەنە ناسروشتی و شاراوەیەی کە لە مرۆڤدا هەیە، پێناسە دەکرێت.
جووەکان: لە تەوراتدا هیچ پێناسەیەکی ورد بۆ وشەی گیان نییە، تەنیا ئەوەندەیە کە دەڵێت، خوای مەزن مرۆڤی لە تۆزی زەوی دروست کردوە، پاشان لە لوتییەوە فووی تێ کردووە، تا ببێت بە بوونەوەرێکی زیندوو. گیان ئەو بەشەیە لە مرۆڤدا کار و فەرمانەکانی بیرکردنەوە، ئارەزوو و سۆزەکان بەڕێوە دەبات. بەگوێرەی ڕاڤەکارانی تەوڕات، گیان دەکرێتە سێ بەش، یان چین: چینی ژێروو کە بەندە بە ئارەزووە لەشییەکانی مرۆڤ، چینی ناوەڕاست کە بەرپرسە لە جیاکردنەوەی چاکە و خراپە و ڕێکخستنی بەرزەڕەوشتی، چینی سەرووش پلەیەکە کە وا دەکات مرۆڤ جیاواز بێت لە بوونەوەرە زیندووەکانی دیکە.
کرستییانەکان: لە لای ئەمانەشدا بوونێکی نەمرە لە مرۆڤ، ئەوەی کە خوا، یان دروستکەری مەزن پاش مردن پاداشت، یان سزای دەدات. کرسیتییانەکان پێیان وایە گەیشتن بە چییەتی گیان، کارێکی سەخت و مەحاڵە. گەلێک لە بیرمەندانی ئەم ئاینە وای بۆ دەچن، گیان شتێکی تایبەتی و ناوازەیە و فەرمانی ڕێکخستنی لەشە. مشتومڕییەکی زۆر هەیە دەربارەی سەرهەڵدان و کاتی پەیدابوونی گیان لە ئاینی کرستییانەکان، هەندێک دەڵێن، پێش لەدایکبوون گیان بوونی هەبووە، بەڵام لە کاتی زایندا خوا دەیبەخشێتە لەش. هی واش هەیە دەبێژێت، گیان یەکگرتنێکە لە گیانی دایک و باوک کە بۆ منداڵ دەگوێزرێتەوە، تەنیا ئادەم نەبێت کە تاکە کەسە دروست کراوە و گیانی ڕاستەوخۆ لە خواوە وەرگرتووە. 
ئیسلام: گیانی مرۆڤ بەشێکە لە گیانە پیرۆزەکەی خوا، بۆیە لە ئیسلامدا بە بەهادارترین دروستکراو دادەندرێت کە بە مرۆڤ دراوە، ئەمەش واتای ڕێزلێنانێکی یەکجار مەزنی خوایە بۆ بەندەکانی. مەگەر خوا بە ویستی خۆی بیەوێت زانیاری بە یەکێک بدات، ئەگەر نا، هیچ کەسێک نازانێت گیان چییە و لەچی پێک دێت؟ ئەوەندە هەیە کە دەقەکانی قورئان پێمان دەڵێن، گیان شتێکی ناوازە و نادیارە لە لەشی مرۆڤدا، بوونێکی سەربەخۆی هەیە و هەرگیز لەناو ناچێ، هەتا ئەگەر لەشیش بەجێ بهێڵێت.
گیان لە زمانی عەرەبیدا هاوشێوەی زمانەکانی دیکە، واتاکەی نێزیکە لە با، هەوا، هەناسە(دان)، بۆن(کردن). گیان (روح) هاوواتای بایە (ریح)، گەلێک جار لەتەک وشەی خۆ، یان خود (نفس) ئاماژەی پێ دەکرێت کە ئەمیش لە هەناسەدانەوە (تنفس) وەرگیراوە. گوایە لەبەر فووکردنەکەی جبریلیش بۆ دووگیانبوونی مەریەم، ناونراوە بە فوو و تێکردنی با (نفخ الروح).
چییەتی گیان لە ئیسلامدا، ژمارەیەکی یەکجار زۆر پێناسەی جۆراوجۆری هەیە وەک: داهێنان و دروستکردن، میهرەبانی و بەخشندەیی، سروش و پەیامبەرایەتی، پەندیاریی و ڕێنمایی، باوەڕ و بەڵگە و سەلماندن. لەلای هەندێک لە موسڵمانان جیاوازی گیان و خود لەوەیە، کاتێک گیان لە لەشدایە خودی (نەفس) پێی دەگوترێت، ئەو دەمەشی لە لەش جیا دەبێتەوە ناو دەنرێت بە گیان (ڕوح). بە گوتەی (زانا)یانی ئاینی ئیسلام، گیان لە چەند بارێکی تایبەتیدا بەندە بە لەش: بەندبوونی گیان بە لەشی ئاوەلەمە، بەندبوونی بە لەش لە هاتنی بۆ جیهان (لەدایکبوون)، لە کاتی خەوتندا، لە ژیانی بەرزەخ لەناو گۆڕدا، لە ڕۆژی زیندووبوونەوەدا.
لە ئیسلامدا پێنج شت هەن لە چەمکی گشتی گیان نێزیکن ئەوانیش؛ گیان، هۆش، دڵ، خود، ناخ. 
گیان: گیان بە فەرمانی خوایە، بۆیە جگە لە چاکەکاری هیچی دیکە لێیەوە سەرچاوە ناگرێت.
هۆش: هۆش ئامێرێکە خوا بە خودی داوە کە تێیدا هەستپێکردنەکان (بەرواردکاریی و گلدانەوەی زانیارییەکان) بەڕێوە دەچن. بەڵام بیرکردنەوە تەنیا بە هۆش نییە، چونکە دەبێ خود بیخاتە گەڕ، خودیش لەشدا دەمێنێتەوە و دەتوانێت هۆش و لەش بەرەو لەناوچوون، یان ڕزگاربوون ببات.
دڵ: کلیلی هۆش لە ئیسلامدا دڵە کە بەرپرسە لە گەلێک ئەرک و فەرمانەکانی هۆش، هەرچەندە هەڵگری هەستێکی شاراوە و نادیارە، بەڵام زۆر جار دەتوانێت لە هۆشیش خێراتر کار بکات.
خود: خراپترین بەشە لە پێکهاتەی مرۆڤ و بەندە بە شتگەلە ماددەییەکان، دەمرێت و دادەبڕێت، بەڵام دەگەڕێتەوە و زیندوو دەبێتەوە، بە فەرمان و توانا بێسنوورەکەی خوا.
ناخ: بۆشاییەکە لە سنگدا کە دڵ لەخۆ دەگرێت، ئاڵۆزترین و ناوازەترین کردارەکانی تێیدا ئەنجام دەدرێن، ئەوانەی کە کەس ناتوانێت ڕێی پێ ببات.
ئەوەی پێویستی بە ئاماژە پێکردنە، هەموو ئەمانەی لە ئاینەکاندا لێیان دواین و پێناسەی گیانیان پێکرا، زۆربەیان لە ئەفسانە کۆنەکان لە بابەتەکانی وەک، جیابوونەوەی گیان لە لەش، خۆلەبەرگرتنەوەی گیان، گەڕانەوە و زیندووبوونەوە وەرگیراون. بۆیە هەرگیز ناچنە چوارچێوەی بوارە زانستییە ڕاستەقینەکان، گشتیان هەر بە پێناسە و چەمکێکی واتایی دەمێننەوە و نابنە سەلمێنەرێکی بەکردارەکی و بەرئەزموون، بۆ بوونی ئەو شتەی ناو دەنرێت بە گیان. 

گیان لە زانستدا
سەرەتا دەبێ بزانین، ئەو شتانە چین وا لەبوونەوەرێک دەکەن کە پێی بگوترێت زیندەوەر؟ لە زیندەوەرزانیدا زیندەوەر، ئەو بوونە‌وە‌رە‌یە کە پێکهاتە‌یە‌کی ناوەکی لە‌خۆ دەگرێ، جیاواز بێت لە‌گە‌ڵ دە‌رە‌وە‌یدا، لەڕێی بەکاربردنی خۆراک بۆ دابینکردنی ئەو وزە و مادانەی کە پێویستییەتی گەشە بکات، هەروەها بکارێت بەهۆی گۆڕانە ناوەکی و لەشییەکانی، خۆی بگونجێنێ لەگەڵ ژینگەکەی دەوروبەری، پاشان توانای ئەوەی هەبێ بە زاوزێکردن و دابەشبوون نەوە بنێتەوە.
هەموو زیندەوەرێک سەرەتا یەک خانەیە، پاشان دەبێتە ئەو هەموو خانەیە، خانەش لە کۆمەڵێک ئاوێتە پێک دێت کە ئەوانیش لە بەیەکەوەبوونی گەردیلەکانەوە هاتوون. مايتۆكۆندريای ناو خانە پێکهاتەیەکی سایتۆپلازمەییە کە بەرپرسە لە بەکاربردنی خۆراک و پێدانی گشت ئەو ماددە و وزانەی کە زیندەوەرەکان پێویستییانە، بەبێ بوونی مایتۆکۆندریا هیچ زیندەوەرێک ناتوانێت ئەو وزەیە بەدەست بهێنێت بۆ مانەوەی لە ژیاندا. گشت ئەو جیاوازییانەی لەنێوان زیندەوەرندا هەیە، لە دنادا (DNA) بڕیاری لەسەر دەدرێت. دنا لە دوو زنجیرەی‌ یەکەی داڕشتن و ڕۆنانی لێک بادراو پێک دێت، پێی دە‌گوترێ نوکلیۆتیدە‌کان، نوکلیۆتیدیش لە ڕووی کیمیایییەوە پێک دێت لە شەکری پێنجینە، کۆمەڵەی فۆسفات و ئاوێتە بنچینەیییەکانی داکردنی زانیارییەکان کە ئەمانیش چوار جۆرن ناو دەنرێن بە، سیتۆسین، گوانین، ئەدینین و تیمین. ئەم چوار پێکهاتەیە لە سەرلەبەری زیندەوەراندا چوونیەکن، تەنیا لە ڕیزبەندی دناکانیاندا جیاوازن. هاوشێوەی ئەمە دەبێتە پێناسە بۆ ژیان، بەوەی ژیانیش سیستەمێکی خۆبەخۆ و ڕێکخستنێکی کیمیاییە، بۆ ئەو کارلێکانەی کە لە نێوان گەردیلەکاندا ڕوو دەدەن. کەواتە دنا وەک هەموو پێکهاتەکانی دیکەی لەشی زیندەوەران، بوونێکی کیمیایی و ماددەیی هەیە، بەهیچ جۆرێک شتێکی ناسروشتی و ناوازە لەخۆ ناگرێت. بۆیە ئەگەر مرۆڤ بتوانێت، پێکهاتەکی وەک دنا دروست بکات، ئەو دەمە بوونی گیان چی مانایەکی دەبێت؟ هەرواش بوو کاتێک زانای بەناوبانگی ئەم سەردەمە تۆژەرەی ئەمەریکی، کرەیگ ڤێنتەر توانی بوونەوەرێکی زیندوو بە بە هێماکردنێکی دەستکرد و بڕێکی دیارکراو لە دنا، لە ئەزموونگەدا بەدەست بهێنێت.
زانست و بوارە پزیشکییەکان بەبەردەوامی هەوڵ دەدەن بە لێکۆڵینەوەکانیان، ڕاڤەیەکی ڕاست و دروست بدۆزنەوە بۆ هەموو ئەوانەی کە بەرهەست و بەربینن لە جیهانی سروشتییدا، ئەم ڕێباز و تێڕوانینە بە زانستی کارنامەیی و ئەزموونگەری دەناسرێت. زۆربەی ئەو تۆژینەوانەی لەم بارەیەوە ئەنجام دراون، لە بوونی گیان دەڕوانن، وەک باوەڕ و واتایەکی مرۆیی و چەمکێک بۆ زانین و تێگەیشتن لە چییەتییە سروشتییەکەی، نەک وەک بوونەوەرێکی ناوازە و سەربەخۆ. کاتێک زانا هاوچەرخەکان لە دەرەوەی ئەم چوارچێوە هزریی و دەروونییە لە گیان دەدوێن، مەبەستیان هەمیشە لە (گیان) ئەو زاراوەیەیە کە بەرانبەرە بە واتایەکی وێژەیی بۆ وشەی (هۆش). زانست دەتوانێت بوونی هەموو ئەو شتانە بسەلمێنێت کە دەکارین شیان بکەینەوە و هەست بە کاریگەرییان بکەین و لە چییەتی پێکهاتەکەیان تێبگەین، بەڵام گیان نە بەرهەستە و نەدەشزاندرێ لەچی پێک هاتووە.
ئەوەی لەم گەردوونەدا بوونی هەیە توخمەکانە، ئەو هەوایەی لە دەوروبەرماندا هەیە نایبینین، بەڵام هەستی پێدەکەین و دەزانین کە ئاوێتەیەکە پێک دێت لە ٧٨٪ گازی نایترۆجن و ٢١٪ ئۆکسیجن، کەمێکیشی لە گازەکانی دیکەی وەک، ئارگۆن و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن. ئێمە کارەباش نابینین، بەڵام پێمان دەکرێت تەزووەکەی (ئەمپێر) بپێوین و تایبەتمەندییە فیزیاییەکانی دیار بکەین، چونکە ئەو ماددانەی بارگەگرن بە کارەبا، ئەوا دەکەونە بەر کاریگەری کایە کارۆموگناتیسییەکان. ئەو تیشکانەی کە بەربین نین لە نموونەی تیشکی ژوور وەنەوشەیی، ناتوانین بە چاوەکانمان بیبینین، بەڵام بە ئامێری هەستکردن بە تیشکاوەرییەکان بەچاکی دەبیندرێ، لە چەندین بواری پزیشکی و هی دی بەکار دەهێندرێت. ئەی گیان چییە، هەستی پێ دەکرێت، شوێنەواری هەیە، لە کوێیە، ئەرکەکانی چین؟ کەسێک هەیە وەڵامی ئەو پرسیارانە بە بەڵگەوە بداتەوە؟ لێرەدا تاکە وەڵام و دوا بڕیارمان تەنیا ئەوەیە کە بڵێین، گیان بوونی نییە، چونکە زانست زۆر بەڕوونی چییەتی کار و فەرمانەکانی گشت ئەندامێکی لەشی دەستنیشان کردووە. دەشێ ئاینداران بێئاگابن لەو زانیارییانە، یان هەر لە توانایاندا نەبێ کە تێی بگەن، یانیش باوەڕ و ئاینەکەیان ڕێیان پێ نادات، بە هۆشێکی کراوە و لۆژیکانە لەو بابەتانە بڕوانن.
ئەگەر سەیری خەونیش بکەین کە ئاینداران بە شتێکی شاراوە و ناماددەیی هاوشێوەی گیانی دەبینن، دەتوانین یەکە بە یەکەی هەنگاوەکانی هاتنەکایەی خەونەکانمان دیار بکەین. چونکە خەون، کۆمەڵە ترپەیەکی کارەبایی ئەو خانانەن کە ئەرک و فەرمانە ئەندێشەیی و بیرەوەرییەکان بەڕێوە دەبەن، لەو کاتانەی کە مێشک لە هەلومەرجێکی تایبەتیدایە لە خەوتن. گەیشتن بە حەز و ئارەزووەکان و چەندان کار و کردەوەی دیکەی جۆراوجۆر هۆکاری خەوبینینن، لەوانەشە چەند هەست و نەستێک، بیرەوەرییەکی کۆن، هەڵسوکەوتێکی ڕۆژانە و هەندێک ڕەفتاری کەسایەتیمان بخاتە ڕوو، بەڵام هیچ زانیارییەکی نەزاندراو و پێشبینییەک بۆ ڕووداوەکانی ئایندە، لە خەوندا بەدەست نایەن. بینینی سەگی ڕەش، مەلەکردن و فڕین و چوونە ئاسمان هیچ واتایەک نابەخشن، چونکە گەلێک لە ئاژەڵانی وەک پشیلە و سەگیش هەن کە خەون دەبینن.
ئەوانەشی کە دەڵێن گیان، هۆش و سۆز، هەست و نەست، بیرەوەرییەکان و شتگەلە (ناماددەیی) و واتاییەکانە، دیسانەوە هیچ بەڵگەیەکیان بۆ سەلماندن پێ نییە. هەموو ئەمانە کاری خانە دەمارەکییەکانە لەناو مێشکماندا، پێکهاتەی ماددەیین و دەتوانین بڕەکانیان پێوانە بکەین، کاتێک بەبەرهەم دێن و دروست دەبن. هەرچییەک ئێمە ناوی دەنێین بە، هۆش، هەست، ئێش و ئازار لە سەرچاوەوە کرداری ماددەین و دەکەونە بەر کاریگەریی هەندێ جۆرە دەرمان. ماددە ئەلکهولی و بێهۆشکەرەکان، هەندێ جۆرە دەرمان، کاردەکەنە سەر کارلێکە کیمیاییەکانی ناو مێشک و دەبنە هۆی ئارامبوونەوە، وڕێنەکردن، گۆڕانی ڕەفتار و کەسایەتی، ئەمانە ئەگەر ماددە نەبن، چۆن ماددە کاریان لێ دەکات؟ خۆ ئەگەر بشڵێین، گیان لە مرۆڤدا ئاگایی و هەست بەخۆکردنە، ئەوا دیسانەوە بۆچوونێکی ڕاست نییە، چونکە مرۆڤ لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا ئەو هەستەی نییە. منداڵێکی ساوای یەک ساڵی، نازانێت ئەوەی لە ئاوێنەدا دەی بینێت وێنەی خۆیەتی، ئایە منداڵ لەو تەمەنەدا گیانی نییە؟!
هەستکردن و پێزانینمان بە گشت ئەو شتانەی لە دەوروبەرماندا هەن، کردارگەلێکی کارەبایی و کیمیایی ڕووتن. چونکە کاتێک ئەندامێکی لەشمان بەر هەر شتێک دەکەوێت، ئەوا کارلێکێکی کیمیایی دروست دەکات لەگەڵ توێک و بەرگی ئەو شوێنەی کە بەر ئەو شتە کەوتووە. پاشان تەزوو و شەپۆلەکە بەهۆی چەند دەمارێکی هەستەوە دەگوێزرێتەوە، بۆ بەشێکی تایبەتی کە پێک هاتووە لە کۆمەڵە دەمارەخانەیەک لەناو مێشکدا، بۆ زانینی چییەتی ئەو شتە. ئەو ترپە کارەباییانەی دەمارەکان، جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ یەکدیدا نییە، جا چی دەماری بەرکەوتن بن، یان ئەوانەی بینین و بیستن، یانیش هەستکردن بە ئازار بن. ئەمە بەچاکی لە هەستکردن بە ئازار بەدەر دەکەوێت، کاتێک تۆ پەنجەیەکت بە چەقۆیەک بریندار دەبێ، بێگومان هەست بە ئازار دەکەیت. بەڵام ئەگەر ئەو پەنجەیەت بە ماددەیەک سڕ کرد، کەواتە ڕێڕەوەکانی گواستنەوەی ئایۆنەکانت داخست، بەمەش هەست بە ئازارەکەی ناکەیت. ئەو دەمەشی شادەماری کڕۆکی بڕبڕە سڕ دەکەی، ئەوا هەست بە هیچ ئازارێک ناکەیت، ئەگەر تەواوی دەستەکانت پارچە پارچە بکەیت! دواجار بە سڕکردنێکی گشتی، دەتواندرێ نەشتەرگەرییەکی گەلێک گەورەشت بۆ ئەنجام بدرێ، بەبێ ئەوەی هەست بە هیچ بکەیت. سڕکردنی گشتی، جۆرە کارلێکێکە ڕوو دەدات لەنێوان ماددە کیمیاییە سڕکەرەکان و دەمارە هەستییەکانی کە لە بەرگی خانەکان و دیوارە پلازماییەکاندا هەن. ئەی پرسی گیان چییە لەم بابەتە، کوا گیان، بۆ کوێ چوو؟
هۆشیش وەک هەستەکان فەرمانێکی مێشکە، هۆش هەرگیز بەو تێگەیشتنە سەرەتاییانەی مرۆڤی کۆن بوونی نییە. ئەوەی هەیە کۆمەڵە ئەرک و فەرمانێکە بۆ زانین و گلدانەوەی زانیارییەکان کە مێشک بەڕێوەیان دەبات، هەموو ئەو فەرمانانە دەتواندرێ دابەش بکرێن بۆ کرداری جیاجیا. هەریەک لەو فەرمانانەش سەربە خانەی خۆیەتی، بۆیە دەشێت یەک لەو فەرمانانە نەمێنن و لەناو بچن، ئەگەر خانەکانی تایبەت بەو فەرمانە زیانیان پێ بگات. ئەوەی لە کۆندا بە شێتی و نەبوونی هۆشمەندی پێناسە دەکرا، زیانێک بوو لە بەشێکی دیارکراو لە مێشک، ئێستە بە پێدانی داودەرمانی پێویست، دەکرێ ببنە چارەسەرێکی کاریگەر بۆ ئەو جۆرە نەخۆشییانە. ئەمە تەواو هاوشێوەی مردنە، چونکە مردنیش ئەو دەمە ڕوو دەدات کە خانەکانی لەش زیانیان پێ دەگات. لەبەرئەوەی مردن و پرسی بوون و دەرچوونی گیان بەتەواوی بەیەکەوە بەندن، بۆیە پێمان باشە لێرەدا هەندێک بەدرێژی لێی بدوێین.
دوو پێناسەمان هەن بۆ مردن؛
مردنی نوێنەکی: وەستانێکی کوتوپڕی سوڕی خوێن، هەناسەدان و لەدەستدانی هۆشیارییە، هەندێ جار وا دەبێت کە بەهۆی بووژانەوەیەکی دەستکرد، دڵ و سییەکان بکەونەوە کار و کەسەکان لەم جۆرە مردنە ڕزگار بکرێن، ئەگەریش خێرا ئەنجام نەدرێت ئەوە دەبێتە مردنێکی بایۆلۆژی.
مردنی بایۆلۆژی: گەلێک جار بە مردنی مێشک ناو دەبرێت، ئەمەیان وەستان و نەمانی یەکجارەکی و تەواوی ئەرک و فەرمانەکانی مێشک و قەدی مێشک و کڕۆکی بڕبڕەیە، بە شێوەیەک کە هەرگیز نەتواندرێت ئەم ئەندامانە جارێکی دی بکەونەوە کار.
هیچ مردنێک لەخۆوە ڕوو نادات، ٩٩٪ی مردنەکان بەهۆی وەستانی دڵن، هەر هەمووشیان بەچاکی دیار دەکرێن لەکاتی توێکاری پزیشکیدا، ئەو ١٪ی کە دەمێنێتەوە هۆکاری جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئەویش هەر پەیوەستە بە شێوانی تەزووی کارەبایی دڵ، لە بەشی دیکەی نەزاندراوی دڵدا. ئەو مردنەشی کە ئەنجامی درێژی تەمەن و پیربوونە، هۆیەکەی ئەوەیە کە خانەکانی لەشمان ناتوانن چیدی خۆیان لەبەر بگرنەوە، بۆ دروستکردنی خانەی نوێ. بۆیە زاناکان و شارەزایان لەو بوارەدا لە هەوڵی بەردەوامن، بۆ دروستکردنی چەند داو و دەرمانێک کە بتوانن وا لەخانەکانی لەش بکەن خۆیان نوێ بکەنەوە، بۆ درێژکردنەوەی تەمەن و ڕێگرتن لە مەرگ. ئەم جۆرە خانە (نەمرانە) لە سروشتدا بوونیان هەیە، هەندێ زیندەوەری ئاوی هەن، بە درێژبوونی تەمەن نامرن، تەنیا بەوە لەناو دەچن، ئەگەر لەبەر نەخۆشی، یان خواردنیان لەلایەن ئاژەڵانی دییەوە بێت. نموونەی ئەمانە، پانەکرم (flatworms)، لالەی دەریایی جۆری (turritopsis dohinii)، جۆرە قڕژانگێکی دەریایی (lobster)، هی دی وەک (Glass sponges) و (Hexactinellid). ئەوانەی پێیان وایە گیان لە زیندەوەرانیشدا هەیە، دەبێ دەربارەی کرمی پلاناریان (planarian worms) چی بڵێن؟ ئەم کرمە ئەگەر بکرێتە ٢٥٠ پارچەش، هەریەکەیان دەبێتە کرمێکی دیکە، ئەی گیانی ئەمیان لە کامە پارچەدایە؟
مردن واتە لەکار کەوتن و تێکچوونی پلازما، یان ترشی ناوەکی، یانیش مایتۆکۆندریا، ئەمانە بە هۆکاری ژاراویبوون، زیانە کیمیاییەکان، کەمی ئۆکسیجن و کەمبوونەوەی گەیاندنی خۆراک لەڕێی خوێنەوە دەبن. زۆربەی ئەندامەکانی لەش وەک، مێشک، دڵ و جگەر، پێویستیان بە ژمارەیەکی دیارکراو لە خانە هەیە، تا بتوانن کارەکانیان بەڕێوە ببەن. بۆ نموونە، جگەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە، گەرچی ٧٠٪ی خانەکانیشی لەکار کەوتبن. بەڵام ئەمە لەسەر مێشک و دڵ پێڕەو ناکرێت، ئەم ئەندامانە بگەنە ئاستێکی کەمیش لە تێکچوونی خانەکانیان، ئەوا پەکیان دەکەوێت و دەمرن. لەشیش بەهەمان شێوە، ئەگەر چەند ئەندامێکی گرینگی وەک، جگەر و دڵ و مێشکی لەدەست دا، بێگومان دووچاری مردن دەبێ، لەبەرئەوەی ئەو ئەندامانەی کە ماونەتەوە، ناتوانن تا ڕادەی پێویست وزە بەدەست بهێنن. بە وەستان و پەککەوتنی جگەر، یان گورچیلە لەشیش دەمرێت، ئایە شوێنی گیان لە جگەردایە، یاخۆ گورچیلە؟ مردنی خانەکانی دڵ، دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو خانەکانی لەش لەناو بچن، چونکە خانە ئۆکسیجنی لێ ببڕێت دەمرێ، ئەگەر خانە خاوەنی گیان بێت، بۆچی نەبوونی ئۆکسیجن کاری لێ دەکات؟ کاتێک پزیشک لەسەر سەری کەسێکەوە وەستاوە کە مێشکەکەی مردووە، دەزانێت ئەم کەسە ئەستەمە بژیێت، لەبەرئەوەی لە زرنگە موگناتیسییەکەوە دیارە کە مێشکی لەکار کەوتووە. ئەو لەشەی لەبەردەمیدایە، ساغە و کەموکوڕی نییە، گیانیشی لێ نەچووەتە دەر، بەڵام خانەکانی مێشکی وەستاون، بۆیە بە فووکردنی هەموو گیانی ئەم جیهانە، نەکارین جارێکی دی زیندووی بکەینەوە! کەواتە لەو بابەتانەدا، گیان هیچ بوونێکی سروشتی و ناسروشتی نییە، کاتێکیش دەگوترێ، گیان زیندوویی بە بوونەوەرەکان دەدات و بە دەرچوونی گیان ژیان کۆتایی پێ دێت، گوتەیەکی بێ بەڵگەیە و سەرچاوە زانستییەکان پاڵپشتی لێ ناکەن.
ئەگەر لە ڕوانگەیەکی دیکەوەش لەم پرسە بڕوانین، دەبینین هەندێ جار مرۆڤ کە دووچاری ڕووداوێک دەبێت، دەکەوێتە دۆخی لەهۆشچوونێکی تەواو (coma) کە تێیدا مێشک لە فەرمانەکانیدا دەوەستێت، بەڵام دڵ و سووڕی خوێن کاری خۆیان بەبێ کێشە بەڕێوە دەبەن. پزیشکەکان کەسە نەخۆشەکە دەخەنە ژێر چاودێری، بەیارمەتی چەند ئامێرێک وای لێ دەکەن کە لەژیاندا بمێنێتەوە، بەڵام نەخۆشەکە بیرکردنەوە و هەست و هۆشی لەدەست داوە و ئاگای لە هیچ شتێک نییە. جاری وا هەبووە نەخۆشەکان لەم دۆخەدا ماونەتەوە بۆ ماوەیەکی درێژی زیاتر لە ١٠ ساڵ، پاشان دیسانەوە بەهۆش خۆیان هاتوون و چاک بوونەتەوە. دەشێ لێرەدا بپرسین، ئایە گیانەکەیان بۆکوێ دەچێت و لەچی شوێنێکدا چاوەڕێ دەکات؟ بەگوێرەی زانست، کاتێک مێشکی کەسێک لە کارکردن دەوەستێت، ئەوا ئەو کەسە نامرێت، بەڵام ئەگەر دڵی وەستا ئەو دەمە دەمرێت. ئەمەش واتاکەی ئەوەیە، ئەگەر دڵ بوەستێت و ئیش نەکات، هەموو ئەندامەکانی لەش بە مێشکیشەوە لەکار دەکەون، بەڵام پێچەوانەکەی بەم شێوەیە نییە. وەک چۆن گوتمان مرۆڤ کاتێ بە قۆناغی کۆمادا تێبپەڕێت، لەشەکەی وەک کارگەیەکی بایۆلۆژی، بەبێ بوونی هۆش و بیرکردنەوە لە ژیاندا بەردەوام دەبێت (وەک ڕوەکەکان). ئەو مرۆڤە هەناسە دەدات، دەخوا و دەخواتەوە، میز و پیسایی دەکات لەڕێی ئامێرەکانەوە، مووەکان و نینۆکەکانی درێژتر دەبنەوە، بەکورتی گشت کار و کردەوە خۆنەویستەکانی بەڕێوە دەچن. تەنیا ئەویە کە هەست بەهیچ ناکات، بە چاوەکانی دەبینێت، بەڵام ئەندامێک نییە کە زانیاری وەربگرێت، گوێکان دەبیستن، بەڵام نێوەندێک نییە بیان ناسێتەوە، دەرزییەک بکە بە شوێنێکی ئەو کەسە، هەست بە ئازار ناکات، چونکە (گیانی) نییە. بەڵام ئەگەر پاش چەند مانگێک، یان ساڵێک لەو دۆخە ڕزگاری بوو و هاتە دەرەوە، ئەوا هەستەکانی دەگەڕێنەوە و گیانی بەبەردا دێتەوە!
لە هەموو ئەمانەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە گیان ڕاستەخۆ بەندە بە مێشک، مێشک و ژیانەکەی کە تێیدایە، ئەو گیانەیە کە لەگەڵ وەستانی مێشک دەمرێت. دەست و قاچەکانی مرۆڤ ببڕدرێن، گیانەکەی هەر دەمێنێت، چونکە مێشک ساغە و ئیشی خۆی دەکات، بەڵام کاتێک هەموو لەش کار دەکات و مێشک وەستاوە، گیان بوونی نییە. ئەمە چی دەگەینێت، ئایە ئەوە ناگەینێت کە گیان و مێشک یەک شتن؟ ئەگەر زانست بتوانێت سەری کەسێک لە لەشی جیا بکاتەوە، بە جۆرێک کە خانەکانی مێشک لەڕێی خوێنەوە خۆراک و وزەی پێ بگات، ئەوا کەسەکە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. پرسارەکە ئەوەیە، لێرەدا لەش نەما و مرد، سەریش ماوە و زیندووە، ئایە گیان تەنیا لە مێشکدا چڕبووەوە و مایەوە؟ بۆ هەموو ئەندامەکانی لەشی جێهێشت و خۆی ئاخنییە سەر؟
کاتێک پزیشکی نەشتەرکاری سێرجیۆ کاناڤیرۆ، سەری مەیموونێکی لەگەڵ لەشی مەیموونێکی دی لێکدا، گیانی ئەو مەیموونە چی بەسەرهات؟ مەیموونەکە توانی بژیێت بۆ ماوەیەک، ئایە مەیموونە نوێیەکە خاوەنی کامە گیان دەبێت؟ ئەم پزیشکە ئەوەی دووپات دەکردەوە کە شتێکی وا دەشێ لەسەر مرۆڤیش پیادە بکرێت. گریمان ئەمە ئەنجام درا، کەسە نوێیەکەی خاوەن سەر کە لەشێکی دیکە وەردەگرێ، گیانی کامەیان لەو بوونەوەرە نوێیەدا دەبێت؟ بێگومان زۆربەمان دەڵێین، خاوەن سەرەکە، چونکە دەزانین کە ئەوەی هەیە مێشکە، دەبێتە بزوێنەری مرۆڤ و بنچینەی کەسایەتی، نەک گیان. کەواتە چاندنی سەری کەسێک لە هەر لەشێکدا، مرۆڤە نوێیەکە کەسی خاوەن سەرەکەیە (مێشک) بە گشت بیرەوەری و باوەڕ و ئاینەکەی، هەر ئەویش بەرپرسە لە هەڵسوکەوت و ڕەفتار و حەز و ئارەزوو و هەموو شتگەلەکانی دی ئەو مرۆڤە.
چەندان ئەزموون هەن لەسەر مانەوەی ترپە و لێدانی دڵ و هەناسەدانی سییەکان و زۆربەی ئەندامەکان، بەبێ بوونی بەشەکانی دیکەی لەش. وەک ئەم ئەزموونە یەکجار ناوازەیەی کە لەلایەن چەند زانایەکی ڕوسیایی (سۆڤیەتی پێشوو)، لەسەر هەندێ ئاژەڵ کرا، بۆ سەلماندنی گریمانەی بوونی گیان. ئەم زانایانە توانینان لەڕێی ئەم تۆژینەوەیە بەچاکی لە کار و فەرمانەکانی لەش و چییەتی مردن و چۆنەتی ژیاندنەوەی لەش تێبگەن، هەروەها بۆیان ڕوون بووەوە کە شتێک بە ناوی (گیان) بوونی نییە، ئەوەی هەیە تەنیا وەستانی کاری خانەکانە کە بەهۆی گرفت و خەوشێکەوە، یان درێژی تەمەنەوە ڕوو دەدات(١).

دواجار بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم بابەتە لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە، ئاماژە دەدەین بە نووسینێکی زۆر گرینگی زانای دەمارناسی و دەروونناسی جۆرج پاکسینۆس George Paxinos کە بووەتە بەڵگەیەکی گەلێک زەق و ئاشکرا لەسەر نەبوونی گیان.
 
ئایا گیان بوونی هەیە؟
گەلێک لە زاناکانی دەروونناسی دەڵێن، زۆربەی ئەو کار و فەرمانانەی کە بە گیان دەسپێردرێت، دەتوانرێ لەڕێی مێشکەوە راڤە بکرێن.
زۆر کەس هەن پێیان وایە، ئێمە هەموومان خاوەنی گیانین. هەرچەندە گیان چەندین پێناسەی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام زۆربەیان دەبێژن، گیان ئەو هێزە شاراوەیەیە کە ژیانی بە ئێمە داوە، پێوەندییەکی پتەوەی هەیە بە ڕابردوو و بیرەوەری و هەست و سۆز و گشت بیروڕاکانمان. چەندانێک لەمانە وای بۆ دەچن کە گیان شتێک نییە کە بارستایی و کێشی هەبێ و شوێنێکی تایبەتی هەبێت لە لەشدا.
بەڵام من وەک زانایەکی دەمارناسی و دەروونناسی، هیچ سوود و بایەخێک لە بوونی گیاندا نابینم، لەبەرئەوەی هیچ ئەرک و فەرمانێکی نییە. دەروونناسی زانستێکە لە رەفتار و هەڵسوکەوتەکان دەکۆڵێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت چارەسەری گەلێک جۆر لە نەخۆشییە دەروونییەکان بکەن وەک، ئالوودەبوون، دڵەراوکێ، ترس و خەمۆکی. بۆ ئەمانەش زاناکانی دەروونناسی پێویستیان بەوە نییە، گریمانەیەک دابنێن بۆ بوونی گیان لەمرۆڤدا.
دەگوترێت کە دەروونناسی لە ساڵی ١٩٣٠وە گیانی لەدەستدا، لەبەرئەوەی لەو دەمەوە زانست بووە سیستەمێکی ڕێکوپێک کە پشت ببەستێت بە لێکۆڵینەوە و ئەزموونە زانستییەکان، لەبری تێڕامانە دەروونییەکان.
گیان چییە؟ 
نەک بیرمەندە ئاینییەکان، بگرە گەلێک لە فەیلەسووفانیش بوونی گیان دووپات دەکەنەوە وەک، ئەفلاتون (٤٢٤ – ٣٤٨ پ.ز.) و دیکارت لە سەدەی حەڤدەیەم. ئەفلاتون دەی گوت، ئێمە فێرە هیچ شتێکی نوێ نابین، تەنیا ئەو شتانەمان بیر دەکەوێتەوە کە پێش لە دایکبوونمان دەمان زانی، ئەمەش بووە دەرەنجامی ئەوەی کە پێی وا بێت، پێویستە خاوەنی گیان بین. دیکارتیش لە نووسینێکیدا (سۆزەکانی گیان) لە بوونی جیاوازییەکان دەکۆڵیتەوە، ئەوەی لە نێوان هۆش کە پێناسەی دەکات بە (بیرکردنەوە بنەڕەتییەکان) و لەشدا (بەشە ماددەییەکە) هەیە. دیکارت دەڵێت: ئێمە هەرگیز ناتوانین بەتەواوی لە لەشمان بگەین، ئەمەش ئەو هۆکارەمان پێ دەدات، باوەڕمان بەوە هەبێ کە گشت ئەو بیرۆکانەی تێماندا هەن سەربە گیانمانە.
گرنگترین بەڵگەکانی دیکارت بۆ بوونی گیان سەرچاوەیان لەوەوە دەگرت: "مێشکی ئێمە وەک بەشێک لە لەش لەناو دەچێت و لە پێکهاتەشدا دابەشکراوە (بەردابەش، یان توانی دابەشبوون)، ئەمەش واتای ئەوەیە کە دوو بەشی جیاواز لەخۆ دەگرێت. بەڵام گیان نەمرە و دابەش نابێت، کەواتە یەکەیەکی تەواو و جیانەکراوەیە. بە هەموو ئەمانەش بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئەم پرسە بە شێوەیەکی دیکەیە کە لێی دەدوێین." بەڵام دەبێ بزانین کە پێشکەوتنی زانستی دەمارەکان، زۆر بەچاکی ئەو بۆچوونانەی دیکارتی بەهەڵە خستەوە(٢).
داماڵینی گیان لە مرۆڤ
زانای خاوەن خەڵاتی نۆبڵ، ڕۆجەر سپێری، دەری خست کە هۆشداری و هۆش دابەشکراون، ئەمەش ڕاستەخۆ بەلاوەنانی بیروڕاکانی دیکارت دەگەینێت.
سپێری تۆژینەوەیەکی ئەنجام دا لەسەر ئەو بەشەی دەکەوێتە ناوەڕاستی مێشک کە نیوەگۆی ڕاست و چەپ پێک دەبەستێت (Corpus Callosum). ئەم زانایە بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشی (فێ)، بە نەشتەرکاری هێڵی نێوان دووبەشەکەی مێشکی پچڕاند، ئەمەشی بۆ نەهێشتن، یان کەمکردنی گواستنەوەی، هەستونەستەکان، هەستەجووڵەکی و زانیارییەکانی نێوان دوو نێوەگۆی مێشک بوو.
ئەوەی لێرەدا گرینگە بزاندرێ، سپێری نیشانی داین کە دەکرێ لەڕێ جۆرە مەشقێکەوە، هەریەک لەو دوو نیوە بەشەی مێشک فێر بکرێت بۆ ئەنجامدانی فەرمانی جیاجیا، بە شێوەیەک کە نیوەمێشکەکانی دیکەی مەشق پێنەکراو نەتوانن ئەو فەرمانانە ئەنجام بدەن. بەمەش بۆمان بەدەر دەکەوێت کە نێوەگۆیەک پێ دەکرێ کۆمەڵە زانیارییەک بەکار بەرێت، بەجیا و بەبێ زانین و هەستپێکردنیان لە لایەن نیوەکەی دی. بەکورتی لە ڕێی ئەم کردارەوە هۆشێک، یان هەستێکی دووانەکی دێتە بەرهەم. کەواتە بۆچوونەکانی دیکارت هەڵە بوون، چونکە نابێت مێشک دابەشکراو بێ، بەڵام گیان کە وەک هۆشمەندییە دابەشنەکراو بێت.
لەبری ئەوەی زاناکانی دەروونناسی تۆژینەوە ئەنجام بدەن، لەسەر بوونی گیان لەو مشکانەی کە لە ئەزموونگەکاندا بەکار دەهێندرێن، هاتن مرۆڤیان ڕووتکردەوە لە گیان. وەک چۆن زانای دەروونناسی د. ۆ. هێب سەلماندی کە مێشک و هۆشداری تەواوکەری یەکدین و گیان بوونی نییە. جگە لەمە زۆر لە فەیلەسووفانی دەمارناسی هاوشێوەی پاتریسیا چارچلاند کە سەرۆکی بەشی فەلسەفەیە لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەڵێت، گیان هیچ بوونێکی نییە لە لەشی مرۆڤدا. ئەمەش بووە وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە بۆ هەموو ئەو ئەزموونە نازانسییانەی کە دەکران لەسەر بوونی گیان، وەک ئەزموونی (٢١ گرام)ی فیزیازان دەنکن ماکدۆگاڵ(٣)، ئەوەی وای بۆ دەچوو کە گیان لە ماددە پێک هاتووە و کێشی هەیە، بۆیە دەتواندرێ لە کاتی دەرچوونی لە لەش کێشەکەی بپێورێت! بێگومان ئەمەشیان وەک چەندان ئەزموونی ساختە و نازانستی، لەلایەن زانا و شارەزایان هەڵەبوونەکەی سەلمێندرا.
مێشک هەموو شتێک دەکات
ئەگەر گیان پێک هاتبێ لە هەستونەستەکان، سۆزداری، گلدانەوەی بیرەوەرییەکان، هەستبەخۆکردن، ژیربێژین، بڕیاردان، گشت چالاکییە هۆشەکییەکان، کەواتە پێویستمان بە گریمانەی بوونی ئەو شتە نییە، چونکە ئەندامێک هەیە هەموو ئەمانە لەخۆ دەگرێت، ئەویش مێشکە. ئەم بیرۆکەیە بۆ ڕابەری پزیشکی، هیپۆکرات (٤٦٠ – ٣٧٧ پ.ز.) دەگەڕێتەوە کە دەڵێت: پێویستە هەموو کەس ئەوە بزانێت کە خۆشی و شادی، وەرزش، خەمۆکی، ناخۆشی، بێهیوایی، گلەیی، دڵنەوایی، سەرچاوەی گشتیان تەنیا مێشکە و هیچی دیکە نییە.
مێشک ئەو ئەندامەیە کە خاوەنی نەخشەیەکی تەواوی لەشی مرۆڤ و جیهانی دەرەوە و ئەزموونەکانییەتی، هەر تێکچوون و زیانێکیش کە بە خانەکانی مێشک دەگات لەڕێی ڕووداوێک، نەخۆشییەکی هۆشەکی و شێوانێک بەدەر دەخات لە ڕەفتار و کەسایەتیدا بەگوێرەی بڕ و ئاستی زیانەکە.
خۆ ئەگەر گوتەکانی ئەفلاتون لەبەرچاو بگرین، بەوەی کە پێی وایە یەکێک لە فەرمانەکانی گیان بیرەوەرە، دەبینین لە کاتی لێدان و پیاکێشانێکی توند لە سەر، وا دەکات بۆ چەند ساڵێک بیرەوەرییەکانت لەدەست بدەیت. باشە ئەمە بۆ ڕوو دەدات؟ ئەگەر گیان شتێکی ناماددەیی بێ و جیا بێت لە لەشە ماددەییەکەمان، دەبووایە بەو لێدانە زیانی پێ نەگات، ئەو زانیارییانەشی کە لە گیاندا گل دراون، ون نەبن.
چالاکی خانە دەمارەکییەکانی ناو مێشک بەرپرسن لە شێوان و گرفتەکانی کردارگەلە هۆشمەندی و هەست و سۆزەکان، لەلای ئەوانەی تووشی نەخۆشی کەمهۆشی(گێلی) بوونە. لێرەدا شتێکی گەلێک ناشیرین و نامرۆڤانەیە کە هۆکارەکەی بخەینە ئەستۆی گیانە گریمانەکییەکەیان، چونکە بە ڕێکخستن و ڕاستکردنەوەی کردارە ناوەکییەکانی مێشک، دەتواندرێ ببێتە چارەسەرێکی باش بۆ ئەو گرفتانە. 
بوونی کۆمەڵە دەرمانێک بۆ گۆڕینی هەست و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی ئەو کەسانەی کێشەی دەروونییان هەیە، بەڵگەیەکی دیکەی زەقی نەبوونی گیانە. چونکە هەر کاتێ شێوانێک پەیدا دەبێت لە هاوسەنگییە کیمیاییەکانی ناو مێشک، بە نموونە لە کەمبوونەوەی کاری دۆپامین، نۆرادرینالین، سیرۆتۆنین و تیترابینازین، وا لە هەندێ کەس دەکات تووشی خەمۆکی ببێت. بەرانبەر بەمەش، دەکرێ چەند جۆرە دەرمانێک بەو کەسانە بدرێت کە تووشی ئەم نەخۆشییە بوونە، بۆ ڕێکخستن و چاککردنی ئەرک و فەرمانەکانی ئەو چەند گوێزەوە دەمارەکییانەی ناو مێشک.
مێشک شوێنی بیرکردنەوە، ڕووداو و بیرەوەرییەکان، خۆشویستن و ڕک لێبوونەوە، ئاگایی و هەست و نەستەکان، بۆچوون و بیروباوەڕەکان، بڕیاردان و دروستبوونی کەسایەتییە. کەواتە وەک چۆن شارەزای ئەم بوارە د. ک. جۆنسۆن دەبێژێت: کەواتە هیچ کارێک بۆ گیان نەمایەوە کە پێی هەڵسێت!
................................................
ئەمەی سەرەوە بەشێکی دیکەیە لە بابەتێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینی)
دارا سلێمان

سەرچاوەکان؛
(١) 


(٣) چەند هەوڵێک دراوە بۆ بەکردارەکی سەلماندنی بوونی گیان، وەک ئەوەی ناونرا بە تیۆری (٢١ گرام) کە لەلایەن فیزیازان د. دەنکن ماکدۆگاڵ (Duncan MacDougall) لە ساڵێ ١٩٠٧ ئەنجام درا. ئەمەیان لەسەر چەند نەخۆشێک کە لە سەرەمەرگدا بوون کرا، بۆ پێوانەکردنی کێشیان پێش و پاش مردن، لەم ئەزموونەدا بەدەرکەوت کە کێشی گیان ٢١ گرامە بێ کەم و زیاد! ئەم ئەزموونە گەلێک سەرنجڕاکێش بوو، بۆیە چەند جاری دیکە دووبارە کرایەوە و هەوڵ درا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت لەلایەن شارەزایان لەو بوارەدا، بەڵام ڕەخنەیەکی زۆری ئاراستە کرا، کەسیش نەی توانی بە ئەنجامێک بگات، بۆ سەلماندنی ئەوەی کە گیان بوونی هەبێت. ئەم بیرۆکەیە کراوە بە فلمیش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە