چۆن کوردستانی گەورە دێتە دی ؟

Thursday, 30/01/2020, 1:14

5909 بینراوە


نازانم کە ئایا نۆسترادموس پێشبینی کردوە یان نا، بەڵام لە دوای روداوی کەشتیەکەی نوحەوە لەهەمو سەردەمێکدا باسی ئەوە دەکەن کە گوایە کارەساتێکی گەورە روئەدات لە ناوچەی میسۆپۆتامیادا کە کوردستان دەکەوێتە چەقیەوە، گوایە شەڕێکی جیهانی گەورە ڕوئەدات.

سی ساڵ لەمەوبەر بانگی نیوەڕۆ خوانێک کرابوم لەلایەن خێزانێکی کاتۆلیکی کلاسیکی فەرەنسیەوە، لەبەر ئەوەی کە باوکی هاوڕێکەم کە ژەنەراڵیكی گەورەی جەیشی فەرەنسی بو، زانیبوی کە کوڕەکەی لەگەل کوردێکدا هاوڕێیە، دەیویست بمناسێت، هەتاوەکو بزانێت کە ئەم کوڕە کوردە کێیە، نەوەکا بەبۆنەی منەوە کوڕەکەی بئاڵێت لە سیاسەتو شەڕی جیهانی سێهەمەوە. نیوەڕۆیەکی هەینی بو، خواردنی ماسییان بۆ ئامادەکردبوم، دایکی بە کوڕەکەی وت، ئێڕیک بۆ سەرداری ڕون بکەرەوە کە بۆچی ئیمە ڕۆژانی هەینی ماسی دەخۆین. کاتۆلیکەکان رۆژانی هەینی گۆشت ناخۆنو ماسی دەخۆن. پاشان بەدەم نانخواردنەوە باوکی ڕوی تێکردمو وتی ئەوەی لای ئەوان لە جەیشدا هەمیشە باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە کە ڕۆژێک کارەساتێکی گەورە لەو ناوچەیەدا دەقەومێت .
کارەسات ؟
جینۆسایدی ئەرمەنیەکان، جینۆسایدی دەرسیم، کارەساتی ئەنفال و هەڵەبجە، شەڕی ناوخۆ، ملوێنێک کوژراو لە شەڕی ئێرانو ئێراقدا ،جینۆسایدی ئێزیدیەکان، جینۆسایدی کوردانی ئێران لەلایەن خومەینیەوە، چل ساڵ شەڕی پەکەکە لەگەڵ تورکیا، دەهەزار شەهیدی کچوکوڕی ڕۆژاڤا لەشەڕی داعشدا، داگیرکردنی ئەفرین، کۆبانێ.....تاد، ئەگەر ئەمانە کارەسات نەبن ئەی چی کارەساتە ؟ ئێستاکە چاوەڕوانی کارەساتی چی تر دەکەن؟
ئەم زەمینە کەوەک لۆکەی سەربرینە
ئەمندە بارانی خوێنی تیا باریوە،
ئەمەندە لافاوی خوێنی تیا هەڵساوە
لەهەرلاوە نوکی قەلەم بخەینە سەر دێڕی هۆنراوە
تکەی خوێنی ئەم زەمینە
بۆمان دەبێت بەمەرەکەبی هۆنراوە.

کارەساتی داهاتو تەنها ئەوەیە کە هیچ ولاتێک ناتوانێت بۆمبی ئەتۆمی هەبێت ئەگەر هاوار بکات ؛ مەرگ بەر ئەمریکاو ئیسرائیل، ئەگەر ئێران ڕازی نەبێت ئەوا کۆتاییەکەی بە بۆمبارانێکی خەستی سەنتەرە ئەتۆمیەکان کۆتایی دێت، ئەگەر ئەمەریکاش نەیکات ئەوا ئیسرائیل دەیکات، بەڵام بۆئەوەی کە ئێران نەتوانێت وەلامی ئەوان بداتەوە ناچاردەبن هەمو تواناکانی سەربازیشی بۆردومان بکەن. هەرچەندە ئێران وەک سەدام حسەین هێندە گەوجنیە کە کاری وەها بکات، بەڵام ئەمە نابێتە کارەساتێکی گەورە و زۆر زیانی کەمتر دەبێت لە جینۆسایدی ئێزیدیەکانو ئەنفال کەوا خەڵکی خەریکن لەبیریان دەچێتەوە.
چۆن کوردستانی سەربەخۆی گەورە دێتە دی ؟

گریمانەی یەکەم ؛
کاتێک ئێران هێزوتوانای ئەوەی نامێنێت کە پەل بهاوێژێت، ئەوا دێتە سەر نۆرەی تورکیا، چۆن تورکیا لاواز دەبێت ؟ پێدەچت هەر لە ناوخۆی خۆیدا ئەوە روبدات ، ئەوسا کە ئەم چوار وڵاتە؛ ئێرانو تورکیاو ئێراقو سوریا، توانای دەستێوەردانی دەرەکیان نامێنێت، لاواز دەبنو بە تەنگژیەکانی خۆیانەوە خەریک دەبن، ئیتر کاتی ئەوە دێت باسی سەربەخۆیی کوردستان بکرێت. بەمەش دەڵێن کارەساتێکی گەورە، کاتێک کارەساتێکی گەورەی ئاواش رودەدات خوداکان کۆدەبنەوە بۆ بڕیاردان، چونکە هەمو ڕۆژێک خوداکان کۆنابنەوە، وەک ئەوەەی کا لە ڕابوردودا رویداو خواداکان کۆبونەوە بۆ نوحو لافاوێکی گەورەیان هەڵساندو نوحیا نەمر کرد :
گیلگامێش :
پێم بڵی تۆ چۆن کەوتیتە ناو خوداکانو ژیانی هەمیشەییت وەرگرت ؟

ئوتناپشتیم بەوی گوت، بە گیلگامێش :
با من نهێنیەکت بۆ ئاشکرابکەم، گیلگامێش.
با من ڕازێکت بۆ بدرکێنم لە زانیاریە نهێنیەکانی خواداکان.
شوروپاک، شارێکە کە تۆ لێی شارەزای،
لە کەناری روباری فورات هەڵکەوتوە
لەسەردەمێکی یەکجار کۆن، کاتێک کە خوداکان لەوێ دەژیان
هەوەسیان چوە سەر ئەوە، تا لافاوێک پێکبێنن.
..................
......................
کەلوپەل و سامانت بە جێبێڵە ، بۆ ژیان تەقەلابدە.
بایەخ بە سامانو دارایی مەدە، ژیان دەربازبکە:
تۆوی هەرچی زیندوهەیە، هەڵیگرە و بیبە ناو کەشتیەکە.

بۆیە لەم کاتەدا ئەبێت حەزرەتی نوح ئامادەبێت کە کەشتیەکەی دروستبکات بە داخوازی خوداکان. خۆ ئەگەر نەی کات ئەوا ئیتر ئەو کوردستانەی کە خەونمان پیوە دەبینی هەرگیز نایاتەدی. با مێژونوسانیش بۆ جیلی داهاتوی باس بکەن بۆ ئەوەی کە ئیتر هێندە گری گری نەکەن کە گوایە وڵاتان یارمەتیان نادەن بۆ وەدیهێنانی کوردستانێکی سەربەخۆ، ئەوە ئەوانن کە کەشتیەکە ئامادەناکەن.
دانی پێدا دەنێم کە ئەم گریمانەیە خەونی شاعیرانە نیە بەڵکو خەیاڵ پڵاوە.

گریمانەی دوەم ؛
خودا و ئەمەریکا ؟
لەدوای ئەوەی کە خوا بێئومێدبو لە حوکمڕانی و نەیتوانی سنورێک بۆ مرۆڤ دابنێت، ئیتر وەک بینیمان حامورابی لەبری ئەو بڕیاری دا قانون جێبەجێ بکات لەسەر زەوی بەسەر خراپەکاراندا، قانونی حامورابیش کەس نەی دەتوانی لێی لابدات، چاو بە چاو و دەم بەدەم، ئەگەر منداڵیک بکوژی ئەوا منداڵەکەی تۆش دەکوژنەوە. هەرچەندە دوای حامورابی چەنەد خودایەکی تر بەناوی جیاوازی وەک ئیلاهوم و ئەڵاو دۆیۆس سەریان هەڵدا گوایە ئەم جارە بە قانونێکی ترەوە دادگایی خراپەکاران دەکەن، بەلام هێچیان بە هیچ نەکرد، هەمویان تڕی بەر ڕەشەبا بون، بۆیە دوای حامورابی ئەمەریکا حوکمی خودای لەسەر زەوی گرتە دەست، ئێستاکە ئەمەریکا حوکمی دنیا دەکاتو بۆتە خودا لەسەر زەوی، خوداش وەک خۆتان دەیزانن بازرگانێکی گەورەیە، ، حەزی بە ئاڵوگۆڕە، هیچت ناداتێ بەبێ بەرامبە، چونکە تەنها ئالوگۆڕ پەیوەندیەکی توندوتۆڵ دەبەستن لەنێوان مرۆڤەکاندا، هەر لەسەرەتاشەوە داهێنانی خودا بۆ مرۆڤ بەو پێویستیە بوە. خۆ ئەگەر گەلێک هەبێت لەسەر ئەم زەویەدا لەخودا باش تێ گەیشتبێت ئەوە موسڵمانەکانن، بەخودا دەڵێن ؛ تۆ دەوڵەمندم بکە، ئەوا من دەتپەرستم، تۆ چاو دابخە لە خراپەکانم، ئەوا حەجێکت بۆ دەکەم، تۆ چوار ژنم بۆ بکە بە قیسمەت، ئەوا من هەمیشە قوربانیت بۆ ئەدەم، تۆ بمبە بۆ بەهەشت بۆ لای حۆریەکان، ئەوا هەرکەس نەی پەرستیت سەری دەبڕم،......تاد.
ئێستاکە تەنگژیەکە ئەوەیە چلۆن ئەم خودا بازرگانە کە ئەمریکایە، ڕازی بکەین، یان خۆی بڕیاربدات کە بێتە ناوچەکەو ئالای خۆی داکوتێو بڵیت ؛ ئێرە کوردستانی گەورەیە، ئەمە سنورەکەیەتی و من بڕیارم لەسەر داوە . چونکە تەنها ئەو دەتوانێت ئەو کارە بکات. بۆ ئەوەی ئەمەریکا بێتە ئەم ناوچەیە و ئەو بڕیارەبدات، دەبێت پاداشتێکی گەورەی دەستکەوێت، خۆ کڵاشی هەورامی و کەبابی سلێمانی و ماستی هەولێر و چەند بەرمیلێک نەوت بەسنین، ئەبێت لەوە زیاتری دەستکەوێت، کەواتە چی بۆ بدۆزینەوە هەتاوەکو رایکێشین بەلای خۆماندا ؟
هەندێک مادەی نوێ بۆ وزە دۆزراونەتەوە: ( Le Thorium، Bor ) لە تورکیا کە وەک سەرچاوەی وزە بۆ داهاتو باسیان لێوە دەکرێتو زۆر لە یۆرانیۆمو نەوتو شتی تر گرنگترن، کە لەسەدا هەفتاو سێی ئەو مادەیە لە کوردستانی تورکیادایە ، فلیمێکی ساینس فیکشنی لەسەر کراوە کە چۆن ئەمەریکا لەداهاتودا تورکیا بۆردومان دەکات بۆ وەدەست هێنانی ئەو مادەیە. پێدەچیت کەئەمەریکا بەم هۆیەوە بێتە ناوچەکە. یان پرۆژەی هاوردەکردنی گاز و وزەی تر کە ناجاربێت بە خاکی کوردستاندا بیگوێزێتەوە.
بەڵام ئەم چارەسەرەش پێ دەچیت هەر ساینس فیکشن بێت.

گریمانەی سێهەم ؛
یارسانەکان دەڵین کە مرۆڤ دەتوانێت راوی خودا بکات؛ بۆ ئەوەی کە خوادا بگەڕێتەوە، بێتەوە سەرزەوی، تۆ دەبێت خۆتی بۆ ئامادە بکەیت، بۆیە کوردان دەتوانن پێش ئەوەی خوداکان بڕیار بدەن کە لافاوێک هەڵبسێنن، با ئەوان پاپۆرەکە وەک نوح ئامادەبکەن، ئەوسا خوداوەندەکان ناچار دەبن لافاوێک هەڵسێنن و پاپۆرەکەیان بۆ بخەنە ناو دەریاوە.
وابزانم کە ئەمەش بیرێکی میتۆلۆژیەو میتۆلۆژیش بەمانای خەیال دێت.

گریمانەی چوارەم ؛
ئێمە ئەو توانایەمان نیە وەک بەختیار عەلی دڵی جەلادێکی وەک ئۆردوگان کە ئامادەیە چاوی کوردێک بەزیندویی دەربێنێت، بە ئاوازی فلوتێک بگۆڕینو پاشان بڵێت کە ئەو دەیەوێت دادگایی بکرێت لەو تاوانانەی کە کردویەتی و پەشیمان ببێتەوە. لەبەر ئەوەی کە نە ئۆردوگان دەزانێت مۆسیقا چیە، نە ئێمەش دەزانین فلوت عەزفکردن چیە. روداوەکان وەک ئەوەی دەیبینین بەردەوام دەبن، ڕژێمەکان لەگەل کاتا دەگۆڕێن، تەنها چارەسەر بۆ کورد ئەوەیە کە لەهەر ولاتێکدا هەوڵی چەسپاندنی هەرێمێکی فیدرالی ڕاستەقینە بدات، نەک کردنی ڕێفراندۆمێکی درۆ بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی بنەماڵەیەک، بۆ نمونە لەم سەردەمەدا کە ئەمەریکاو ئێران لەسەر کوردستان شەڕیانە، بارزانی ئەتوانێت پێداگری لەسەر ناوچە جێناکۆکیەکان بکات، بەلام نایکات چونکە لە قازانجی بنەماڵەدا نیە، قازانجی بنەمالە ئەوەیە چەندە کوردستان بچوک بێت ئەوان دەسەڵاتیان زیاتر دەبێت.
پاش ئەوەی کە هەرچوار پارچەکەی کوردستان دەبنە فیدرالی کە دواهەمینیان کوردستانی ئێران دەبێت، ئیتر سنورەکان خۆیان بە ئۆتۆماتیکی دەتوێنەوە و کوردستانی گەورە خۆی دروستدەبێت، ئەو بەشەی کوردستانیش کە داوای سەربەخۆیی بکات، بەڕای من جۆرێکە لە خیانەت کردن لەبەشەکانی تر بۆ وەدەستهێنانی مافیان. گەیشتن بەم پرۆسەیە پێویستی بەکاتە، وەک کورد دەلێت : ئەگەر توانات هەیە ئەو موە ڕەشەم بۆ سپی بکە.
تێبینی:
هۆنراوەکە، چەند دێڕێکە لە هۆنراوەی سامی شۆڕش.
تێکستی گیلگامێش : چەند دێڕێکە لە کتێبیی داستانی گلگامێشی شاسوار هەرشەمی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە