چۆن توڕەیی خۆت کۆنترۆڵ دەکەیت؟

Friday, 31/01/2020, 14:37

29464 بینراوە


هەموو کەس دەزانێت توڕەیی چیە، هەموو یەکێک لە ئێمە ئەو هەستەی هەبوە. جار جار بەس بێزاریە جار جاریش ئەو سنورە دەبەزێنێت و دەگاتە ئاستی تەقینەوە بەسەر بەرامبەردا.
زۆر کات توڕەییەکەیان لەدەست دەردەچێت. ئەم کەسانە توشی کێشە دەبن لەسەر ئیش،لە ژیانی ڕۆژانەی ناو ماڵ ومنداڵیان ئەمەش وا دەکات ژیان لە خۆیان و چواردەورەکەیان ناخۆش بکەن.
توڕەیی چییە؟
توڕەیی هەستە، وەکو هەموو هەستەکانی تریش لە کاتی توڕەییدا جەستەت دەگۆرێت، لێدانی دڵ زیاد دەکات، فشاری خوێن بەرز دەبێتەوە، جەستە مادەی ئەدرینالین دروست دەکات و خۆی ئامادە دەکات بۆ پەلاماردان. توڕەیی بە سروشتی وەک ئەوە وایە جەستە خۆی ئامادە بکات بۆ کاتێک کە جەسەتکە توشی هەڕەشە دەبێت.
بە سروشتی توڕەیی یارمەتیمان دەدات بۆ ئەوکاتانەی کە هەست بە ترس و هەڕەشە بکەین. نمونە کەسێک بە نا یەکسانی مامەڵەی دەکرێت لە لایەن کەسێکی ترەوە، بە دڵنیایەوە گرنگە کە پارێزگاری لە خۆت بکەیت. توڕەیی یارمەتیت دەدات ئەو هەنگاوە بنێیت و هێزێکی زیاترت دەداتێ وەک گوتم بە بۆنەی ڕشتنی هۆرمۆنی ئەدرینالینەوە.
ئەم  کاردانەوەی جەسە زۆر باشە بۆ کاتی خۆی کە ئێمە لە جەنگەلدا ژیاوین و دەبو لە کاتی هەڕەشە ڕاستەوخۆ وەڵام بدەینەوە. بەڵام ئێستا حاڵەتی کەم هەیە کە هەرەشەی ڕاستەوخۆ بێت لەسەر ژیانمان، ئەگەر حاڵەتێکیش بێتە پێشەوە بە توڕەیی مامەڵەی لەگەڵ بکەیت خەڵک هەست بەوە دەکات کە زیادە ڕۆیی دەکەیت. بۆیە لەم سەردەمەدا زۆر باشترە کە سنورێک بۆ توڕەیی دابنێیت و لە ژێر کۆنترۆڵی خۆتددا بێت، وە گفتوگۆ بکەیتە سەرجاوەیەک بۆ چارەسەری بێزاریەکانت.
شیواز زۆرە بۆ ئەوەی ئاستی توڕەییت دەربڕیت، دەتوانیت بە شیوازی نەرمی یان شەڕەنگێزی دەریبڕیت.

چۆن توڕەیی دەردەبڕدرێت؟
شیواز زۆرە بۆ ئەوەی ئاستی توڕەییت دەربڕیت، دەتوانیت بە شیوازی نەرمی یان شەڕەنگێزی دەریبڕیت.

شەڕانگێزیی نەرمی
- خۆت حەقی خۆت  بکەرەوە. - فەرامۆشی بکە.
- بقیژێنە بەسەر بەرامبەرەکەتدا. - تاوانەکە  بخەرە سەر خۆت.
- توڕەیی بە  جەستە واتا دەستوەشاندن - تەسلیم بوون.
- تاوان بخەرە سەر کەسێکی تر. - ئەو شوێنە  بەجێ بهێڵە.

ئەوان ناتوانن  تورەیی خۆیان بە ئاسانی دەربڕن بۆیە پێچاوپێچ بە قسەکانیان دەکەن.
خەڵکانێکیش هەیە بێ شەرم و راستەوخۆ پێت دەڵێت کێشەکە چیە و چی پێ ناخۆشە.
زۆرجار ئێمە دەبینین کاسانێک هەن توڕەییەکەیان لە ناخی خۆیاندا دەهێڵنەوە، ئەمەش جار بە جار توڕەییەکە زیاد دەکات تا دەگاتە ئاستی تەقینەوە، ئەمەش وا دەکات دەرئەنجامی توڕەییەکەی زۆر زیاتر بێت لە کەسێکی تر.
توڕەیی کاتێک دەبێتە کێشە ئەگەر نەزانیت چۆن لەگەڵ توڕەیی مامەڵە دەکەیت. نمونە: ئەگەر بچیت شتێک فڕی بدەیت لە شوێنێکی گشتی و زەرەرت بۆ چواردەورەکەت هەبێت ئەمە دەبێتە کێشە بۆ خۆت و چواردەورەکەت.

شەپۆلی توڕەیی:
شەپۆلی توڕەیی ئەنجامی ئەوەیە سنوری تورەیی دەبەزێت. ئەو خەڵکانەی کە بیزار دەکرێن زۆر جار دەتوانن توڕەیی خۆیان کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام ئەوانەی کە زوو تورە دەبن  ئەمانە زەحمەتە بتوانن کۆنترۆڵی تورەی خۆیان بکەن. دوو روونکردنەوە هەیە بۆ ئەمە.
1- هەڵچنین: زۆر جار هەیە مرۆڤ توڕە دەبێت کە زۆرێک لە کێشە هەڵدەچنرێت لە ژیانی ڕۆژانەدا، نمونە هەر کە لە خەو هەڵدەستێت کارەبا نیە، دەست دەبات ئاوی گەرم نیە، دەیەوێت نان بخوات پەلەیەتی نان حازر نیە، لە ڕێگا بۆ ئیش قەرەباڵخی سەیارەیە و ناتوانێت لە کاتی خۆدا بگاتە سەرکارەکەی، دەچێتە سەر کار هاوکارەکانی مامەڵەیان باش نیە کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە بە بچوکترین هەڵەی ماڵ و منداڵەکەی دەتەقێتەوە..لەبەر ئەوەی تەواوی ڕۆژەکە توڕەییەکەی هەڵچنیوە و دەبێت ئەم توڕەییە لە ناخی بێتە دەرەوە وەک چۆن مەنجەڵی بوخار هەڵم کۆدەکاتەوە تا دەگاتە ئەو ئاستەی بەزۆر هەڵمەکە دەردەکات ئەگەرنا مەنجەلەکە دەتەقێتەوە.
2-  تەقینەوە: چەند حاڵەتێک هەیە کە خۆی لە خۆیدا وا دەکات زوو بتەقیتەوە، واتە پێویستت بە هەڵچین نیە، نمونە دەچیتە سەر کارەکەت لەوێ پێت دەڵێت تۆ دەرکراویت پێویست ناکات لێرە ئیش بکەیت. ئەمەش وەک هەڕەشەیەکە بۆ سەرژیانی کەسەکە و جەستە دەکەوێتە پارێزگاری کردن و دەربڕینی بە توڕە بوون.
 
کۆنترۆڵ کردنی توڕەیی:
وەک گوتراوە زۆرینەی خەلك توڕەن بەڵام زۆرینەی خەڵک ناگەنە ئاستی تەقینەوە، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە زۆر کەس هەیە دەتوانێت کۆنترۆڵی توڕەیی خۆی بکات.
 
بەرپرسیارەتی خۆت:
ئەو کەسانەی کە توڕە دەبن زۆر جار دەڵێن لە توڕەیدا خەریەک دەتەقمەوە، ئەمە واتای هەست کردنە بە شەپۆلێکی توڕەیی لە ناخەوە، زۆرجاریش ئەم کەسانە شتگەلێک دەکەن کە لە کاتی ئاساییدا پشتگیری ئەم کردەوانە ناکەن.
ئەگەر بە ڕاستی دەتەوێت فێر بیت چۆن مامەڵە بکەیت لەگەڵ توڕەیی و کۆنترۆڵ کردنی توڕەیی، گرنگە کە بەرپرسیارەتی لەسەر خۆت قبوڵ بکەیت، واتە هەرچی کردەوەیەک بکەیت لە کاتی توڕەییدا کردوتە خۆت بەرپرسیاری یەکەمیت..
ئەگەر هەست بکەیت کە تۆ ناتوانیت کۆنترۆڵی توڕەیی خۆت بکەیت ، ئەوا شەنس کەمە کە بتوانیت کۆنترۆڵی توڕەییەکەت بکەیت.
بە دڵخۆشیەوە لە لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتوە کە مرۆڤ دەتوانێت کۆنترۆڵی توڕەیی خۆی بکات، لەم نوسینە دا چەند ڕێگایەک دەخەمە پێش چاوی خوێنەر. بیرکردنەوەت بگۆڕە، ئارام بونەوە، گوفتوگۆکردن.
 
چارەسەری زانین:
ئەمە یەکێکە لە چارەسەرە باشەکان لە بواری دەرونناسیدا  بۆ چارەسەری کۆنترۆڵ کردنی توڕەیی.
بیرۆکەی پشت ئەم چارەسەرە مەرج نیە هەموو شتەکان وا بێت کە وا دەردەکەوێت. زۆرجار مرۆڤ توڕە دەبێت لەبەرئەوەی وا هەست دەکات ناعادلی بەرامبەر کراوە، وە ئەم بەرگەی دەرئەنجامەکەی ناگرێت بۆیە شەپۆلی توڕەیی سەرهەڵدەدات.
تۆ دەبێت محاولە بکەیت شتەکان لە یەک گۆشەوە نەبینیت، مەبەست لە چارەسەر ئەوەیە کە بتوانیت بە چاوێکی تریش سەیری ڕوداوەکان بکەیت.
 
شتەکان هەموو وا دەردەکەوێت کە دژی تۆیە:
 نمونە ئەگەر لە ڕێگا شۆفێریک بە جۆرێک بیەوێت پێشت بکەوێت تۆ وا هەست دەکەیت ئەمە دژی تۆ وا دەکات بە ئەنقەست ئەم کارە دەکات، تۆش توڕە دەبیت و بەرپەرچی دەدەیتەوە، یان حەز دەکەیت شۆفێرەکە داگیریت و پڕ شەقی بکەیت.بەڵام ئەگەر تۆ خۆت هەمان کار ئەنجام بدەیت ئینجا دەڵیت ئەمەم کرد لەبەر ئەو حاڵەتەی کە تێیدا بووم، واتە هەمان کردار بە دوو چاوی جیاواز و دوو شیکردنەوەی جیاواز.
سودی هەیە ئەگەر لەوە تێ بگەیت هەموو کردارێک کە ڕوودەدات  بە ئەنقسەت نیەو دژی کەسایەتی تۆ نیە.
ئەگەر بەرپرسەکەت لە ئیش دەرینەکردی ئەوە مانای ئەوە نیە ئەو لە تۆ توڕە نیە، ئەوە مانای ئەوەیە تۆیان پێویستە بۆ کارەکەت..
یان کاتێک تۆ لەسەردا وەستاویت و  کەسێک لە سەرەکەدا  دێتە پێشتەوە، مەرج نیە بیەوێت نۆرەبڕی بکات بەڵک و بۆی هەیە تۆی نەدیبێت.. واتە تۆ دەبێت هەموو لایەنەکان لێک بدەیتەوە، ئەوکات بڕیار بدەیت.
 
بیرکردنەوە لە کارەسات:
لێرە مەبەستم لەوەیە موبالەغە کردن بە ڕوداوەکانەوە. نمونە تۆ لە ڕێستورانتێک ناوت تۆمار کردوە بۆ نان خواردن سەعات ٦ کە دەچیتە ئەوێ پێت دەڵێن تۆ ناوی خۆت تۆمار نەکردوە، واتە جێگایان نیە بۆ تۆ، 
ئێستا تۆ دەتوانیت بیر بکەیتەوە بڵێیت ئێوارەکەمیان تێک داوەو توڕە بیت و بیکەیت بەشەڕ، دەشتوانیت بڵییت کێشە نیە من دوای دێمەوە، یان دەتوانیت بڵێیت کێشە نیە دەچم بۆ ڕێستورانتێکی تر. لێرە دەتوانیت حەق بدەیت بە خۆت بۆ توڕە بوون، بەڵام دەشتوانیت زۆر بە سادەیی کۆنترۆڵی وەزعەکە بکەیت و هەڵبژاردەیەکی ترت هەبێت.
 
کەم قبوڵ کردن لە لایەنی بەرامبەر:
زۆر جار ئەم کەسانە دەڵێن " هێزی ئەوەم نیە و بەرگەی ئەوە ناگرم" ئەو کەسانەی کە زوو توڕە دەبن زۆر جار ئەمە دەکەنە بناغەیەک بۆ توڕە بونیان. یان بڕوابەخۆیان دەهێنن کە دەڵێت" لەم کاتەدا ناتوانم بەرگەی ئەوە بگرم". بەڵام لە ڕاستیدا مرۆڤ دەتوانێت بەرگەی زۆر شت بگرێت و زۆرجاریش هەڵبژاردەی ترت نیە. کێشە دروست دەبێت تۆ کات و تاقەتت بۆی هەبێت یان نا، ئەوە چمکێکی ژیانە..ئەگەر بە هەموو شتێک توڕە بیت ئەوە یەکەم جار ژیانی خۆت زەحمەت تر دەکەیت پاشان بەرامبەرەکەت.
 
ئارامی:
توڕەیی هەستێکە لە جەستەی مرۆڤدا وەک هەموو هەستەکانی تر کە مرۆڤ خاوەندارێتی دەکات. بۆیە ئارامی زۆر گرنگە بۆ ئەو کەسانەی کە هەستی توڕەییان زوو دەبزوێت. ئەمەش لە ڕێگای هەناسەوە دەتوانیت کۆنترۆڵی بکەیت، نمونە توڕەیت؟ پێش تەقینەوە تا ٥ بژمێرە، یان چوار هەناسی قوڵ هەڵمژە..واتە یەکسەر بە ئاگر وەڵامی ئاگر مەدەوە.
 
گفتوگۆکردن:
زۆرێک لە توڕە بوون دورست دەبێت لە ئەنجامی گفتوگۆکردن، ئەگەر فێر بیت باشتر گفتوگۆبکەیت، محاولە بکە پێش گفتوگۆکردن هەستی توڕەییت تێدا نەبێت. هیچ کات لە کاتی تورەیدا بڕیار مەدە هەمیشە بە میشکی ئارامەوە بڕیار بدە، بڕیاردان لە کاتی توڕەیی پەشیمانی لە دوایە، جەدۆلێکی باش بۆ گفتوگۆی سەرکەوتو ئەم چەند هەنگاوەت لە یاد بێت:
محاولە بکە لە بەرامبەرەکەت تێبگەیت:
زۆر جار تێدەگەم کە توڕەبیت لەبەر ئەوەی بەرامبەرەکەت ئەوە ناکات کە تۆ دەتەوێت. زۆرجار کەسی بەرامبەر هۆکاری باشی هەیە. ئەگەر هۆکارەکەت بۆ ڕوون ببێتەوە تێگەیشتن لە کەسی بەرابەر ئاسانتر دەبێت.
لەو کاتەدا بە ئاسانی توڕە نابیت لە هەڵسوکەوتی بەرامبەرەکەت کە پێش گفتوگۆکردن بێزاری کردبویت.
بەڵام کاتێک بە بیرێکی ئارامەوە گوێبیستی بەرامبەر دەبیت بۆی هەیە قسەکانی لۆژیکی تێدا بێت.
 
ڕوونی بکەرەوە بۆ کەسی بەرامبەر ویستەکانی تۆ چیە؟
زۆر کەس توڕە دەبێت ئەگەر لانی بەرامبەر حساب بۆ ویستەکانی ئەو نەکات. بەڵام زۆرجار لە یادت دەچێت کە تۆ ویستەکانی خۆتت بۆ کەسی بەرامبەر باس نەکردوە! بیر لەوە بکەرەوە کەسی بەرامبەر لە کاتێکدا دەتوانێت حساب بۆ ویستەکانی تۆ بکات ئەگەر تۆ ویستەکانت بۆ ئەو باس کردبێت. مەرجیش نیە هەموو شتێک کە تۆ دەتەوێت لۆژیک بێت یان هەموو ویستێکی تۆ بتوانرێت جێ بە جێ بکرێت.
 
حساب بۆ ڕای بەرامبەر بکە:
تۆ هەموو کات ناتوانیت هەموو داواکاریەکانت بەدەست بهێنیت. بە دڵنییایەوە کاتێک کە تۆ پێوسیتت بەلایەنی بەرامبەر بێت بۆ بەدەستهێنانی وسیتەکانت. بۆیە گرنگە کە لەگەڵ بەرەمبەریشدا پێکەوە بیر بکەنەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، چاوەڕی مەکە کە لایەنی بەرامبەر وەک تۆ بیر بکاتەوە ئەوکات دەبێت ئاستی تێگەیشتنت بەرز بێت تا بتوانیت مامەڵە لەگەڵ کەسێکی ئاوا بکەیت و توڕە نەبیت. 
ئەگەر ئەم هەنگاوە ئاسانانە لە ژیانی ڕۆژانەتدا بەکار بهێنیت، ئەوکات هەست دەکەیت شتەکان روون تر دەبن و باشتر تێ دەگەیشتنت دەبێت بۆ کەسی بەرامبەر بۆ بەو جۆرە ڕەفتار دەکات؟ تۆش تورەیت کەمتر دەبێتەوە.
هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ توڕەیی بەرامبەردا:

تۆ ئەم بابەتە دەخوێنیتەوە مەرج نیە خۆت کەسێکی توڕە بیت بۆی هەیە بەرامبەرەکەت کەسێکی توڕە بێت، بە یارمەتی چەند فێڵێکی دەرونی دەتوانیت ئاقڵانە مامەڵە لەگەڵ ئەوکەسانەدا بکەیت کە توڕە دەبن. ئێستا چەند خاڵێکی لەسەر  دەنوسم.
 
ئاگات لە خۆت بێت:
ئەگەر لەگەڵ کەسێکدا مامەڵەت کرد کە توڕەیە، گرنگە هەستەکانت بخەیتە کارو متمانە بە هەستی خۆت بکەیت.بۆی هەیە ئەوکەسەی بەرامبەرت کەسێکی شەرەنگێز و ئەگرەسیف بێت، ئەگەر هەستت بە ئەمان نەکرد ئەو گفتوگۆیە کۆتایی پێ بهێنەو شوێنەکە بە جێ بهێڵە.
زۆرجار کەسانێک هەن کە بۆ گفتوگۆ نەهاتون واتە محاولەی گفتوگۆ کردن هیچ بەرهەمێکی نابێت، بۆیە ئاقڵیە ئەو شوێنە بە جێ بهێڵیت.
 
خۆت توڕە مەبە:
یەکێک لە یاسا گرنگەکان ئەوەیە کە لەگەڵ خەڵکی تورە بەگیر هاتیت خۆت نابێت توڕە ببیت،ئەگەر تۆش توڕە بیت وەک ئەوە وایە ڕۆن بکەیت بەسەر ئاگراد. لە ئەنجامی تورەیی بەرامبەردا ئەگەر تۆش توڕە بێت ئەوا زوو تەقینەوە ڕوودەدات. بەڵام لە راستیدا تۆ ناتەوێت لایەنی بەرامبەر پەلامارت بدات، بە خۆت بڵێ ئەم تورەییە پەیونەدی بە تۆو کارەکانی تۆوە نیە، محاولە بکە کە بە ئارامی بمێنیتەوە و هەناسەی قوڵ هەڵمژەو مێشکت لای گفتوگۆکە بێت.
 
نیشانی کەسە توڕەکە بدە کە تۆ لێی تێ دەگەیت:
پێشتر باسم لە کرد لە یاسای گفتۆگۆدا گرنگە کەسی بەرامبەر بزانێت تۆ لێی تێدەگەیت ئەمە دەبێتە سەرەتایەکی باش بۆ گفتوگۆ. زۆرجار مرۆڤ توڕە دەبێت لەبەرئەوەی هەست دەکات کەسی بەرامبەر لێی تێ ناگات.چەند پرسیارێکی لی بکەو بۆ دڵنیای وەڵامەکەی پشتڕاست بکەرەوە، بۆ نمونە: ئەگەر باش تێگەیشتم تۆ پێت ناخۆش بوو کە من تەلەفۆنم بۆ نەکردیتەوە؟ وایە؟
 
بەڕونی بڵێ چیت دەوێت:
زۆر گرنگ نیە لەوکاتەدا تۆ دەتوانیت یارمەتی ئەو کەسە بدەیت یان نا، بەڵام گرنگە کە بتوانیت بە کەسی بەرامبەر بڵێیت تۆ دەتوانیت چی بۆ بەرامبەرەکەت بکەیت.
 
سنورەکانت بە ڕونی دیاری بکە:
بۆ ئەوەی وەزعەکە ئارام بکەیتەوە مانای ئەو ەنیە کە دەبێت هەموو شتێک لە لایەنی بەرامبەر قبوڵ بکەیت. ئەگەر کەسێک توڕەیە مانای ئەوە نیە کە دەبێت تۆ پڕجوێن بکات، یان دەستت لێ بەرزبکاتەوە. لە کاتی خۆیدا کەسەکە ئاگادار بکەوە کە سنوری خۆی بەزاندوە، ئەگەر دوبارەی کردەوە شوێنەکە بە جێ بهێڵە و بڵێ من نامەوێت گوێم لە قسانە بێت و ئەمە گفتوتۆ نیە بەڵک و ئەمە بریندار کردنە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە