فەیسبووکەچیرۆك -٦-

Tuesday, 04/02/2020, 23:07

4058 بینراوە


یا دۆڵابی ژمارە (٢٥٢)

خۆی دابووە بەر دوشێک و منداڵەکەشی لەبەر دوشەکەی تەنیشتی پەیتا پەیتا یاری بە ئاوەکە دەکرد، ناو بەناوێك دەمی دەکردەوە بۆ ئاوی دوشەکە، وتم ئەوە تینوتە بە بێ ئەوەی وەڵام بداتەوە هەر بەدەمداچەقاوی، چاوی بەرامبەر ئاوی دوشەکە دەکردەوەو دایدەخست. باوکی بە تەنها سەرێکی بۆ هەڵبڕیم و هیچی تر، خاولیەکەم لە سنگەکە کردەوەو بەدەم خۆ وشککردنەوە وە کشام بۆ بەردەم دۆڵابی جلەکانم، لە خۆ گۆڕیندا بوم باوك و کورە دۆڵابەکەی تەنیشت منیان کردەوە، جلەکانیان دەرهێنا . منداڵەی وشك کردەوەو گۆڕی پێش ئەوەی کڵاوەکەی بکاتە سەر دوو گوێبیست ( سماعة) ی کردە گوێی ، ئاخێکم هەڵکیشا و بە دەنگی بەرز وتم خەجاڵەت خۆم بۆ ئەو پرسیارەم لێکرد ، باوکە وتی دەڵێیت چی ؟! ، وتم داوای لێبوردن دەکەم کە ئەو پرسیارەم لە منداڵەکەت کرد ، وتی: نا .. ئەوە ئاساییە، پێویست بەداوی لێبوردن ناکات، منیش، بۆیە وەڵامم نەدایتەوە چونکە پرسیارەکەت ئاراستەی من نەکردبو، نەشمدەزانی منداڵەکەم تینوی بوو یا هەر وەك خویەکی منداڵانە یاری بە ئاوی دوشەکە دەکرد. لەو رۆژەوە بڕیارمدا، هەر کاتێک بچم بۆ ئەو مەلەوانگەیە جلەکانم نەخەمە دۆڵابی ژمارە (٢٥٢) .

تابلۆکی شکاو

بۆ پاراستنی ژینگەو دەستکەوتی ئابووری، خاشاك لە کانتینی جیاوازدا فڕێدەدرێت، بەرماوەی خۆراك لە عەلاگەی دەمبەستراودا دەخرێتە کانتینی تایبەت بەخۆی. کاغەز و مقەبا، هەریەکەیان کانتینی خۆیان هەیە، بۆ جارێکی دیکە دەکرێنەوە بە کاغەزو مقەبا و سەرلەنوێ دەخرێنەوە بازاڕ*
سەرباری ئەوانە، کانتینێکی تاراددەیەك گەورە لەنزیك ئاپارتمانەکانەوە هەیە، کەتایبەتە بە شمەکی ناوماڵ.
دانیمارکییەکان و هەندێك بییانی، واڕاهاتوون ئەو شمەکانەی بەکەڵکی بەکارهێنان بێت، وەك کەلوپەلی کارەبایی، سی دی، دی ڤی دی، شوشەوات .. تد، لەنزیك کانتینە گەورەکە دایدەنێن، وایەری کەلوپەلی کارەبایی لەکارکەوتوو دەقرتێنن. هەروەك کەلوپەلی بێکەڵك دەیخەنە کانتینە گەورەکەوە.
ئوتویەکی لەکارکەوتوومان هەبو، وایەرەکەیم قرتاندو بەڕێکەوتم بۆ فڕیدانی، لەڕێگادا پیاوێکی رەشتاڵەم بینی تابلۆیەکی تا بڵێی جوانی بەدەستەوە بوو، بەبینینی مرخم لێخۆشکرد، لەبەرخۆمەوە وتم هەردایبنێت، دەنیشمەسەری.
بەگەیشتنمان بە شوێنی کانتینە گەورەکە، کابرا سەیرێکی منی کردو تاهێزی تیادابوو فڕێیدایە کانتینەکەوە، ئاخێکم بۆ هەڵکێشا و بەدوایدا ئوتوەکەم خستە کانتینەکەو بەدەستی بەتاڵ گەڕامەوە شوقەکەم.
*ئەو ئۆتۆمبیلانەی کاغەزو مقەبا دەبەن بۆ وەبەرهێنانەوە لەسەریان نووسراوە:-
وەبەرهێنانەوە زێڕە.

بزە و قاقا
رۆژێکی خۆرەتاوی بەهار بوو،لە گۆڕەپانی ( غۆد هوس پلاس )* لەسەر کورسیەکی درێژ دانیشتبوم ، هێندەی نەبرد، گەنجێک بە قوتویەك بیرە و رۆژنامەیەکەوە زۆر بەهێواشی وەك بڵێیت بڕوای بە توندوتۆڵی کورسییەکە نەبێت لەوسەری کورسییەکەوە دانیشت.
حەزمکرد جگەرەیەك بکێشم یەك دوو هەنگاو لە کورسییەکە دورکەوتمەوە و جگەرەیەکم پێکرد، ئاوڕێکم لەکورسییەکە دایەوە بۆ ئەوەی بزانم جێگەکەم نەگیراوە، چاوم کەوتە سەر گەنجەکە، بزەیەکی بۆ کردم، منیش بزەکەم بۆ سەندەوە. لە دڵی خۆمدا وتم، باشمکرد لەسەر کورسییەکە جگەرەکەم نەکێشا، لەوانەبو بە دوکەڵەکەی قاڵس بوایە، جگەرەکەم تەواوکرد، گەڕامەوە بۆ جێگەکەی خۆم، دانیشتم و دانەنیشتم، گەنجەکە چروتێکی دەرهێناو بەقاقایەکەوە پێیکرد.

Rådhusplads*
غۆدهوس پلاس گۆڕەپانێکە لەبەردەم
Københavns rådhus*
( کۆبنهاونس غۆد هوس- ئەنجومەنی شارەوانی کۆبنهاون ) روبەرەکەی ( ٢٩،٣٠٠ مەتر دوجایە )
لەپەنجاکانی سەدەی هەژدەدا دروستکراوە. 

تێبینی:-

بۆ زیاتر ئاشنابوون بە تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکەچیرۆك، دەتوانن بابەتێك لەم سایتەدا بەناونیشانی (فەیسبووکەچیرۆك ) بخوێننەوە.
فەیسبووکەچیرۆکەکانم بەزۆری زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە