لە کوردستان بوتڵە غاز و لە بەریتانیا ئوتۆمبێلی گاز و بەنزین قەدەغە دەکرێ

Tuesday, 04/02/2020, 23:16

5495 بینراوە


لە کوردستان بوتڵە غاز و لە بەریتانیا ئوتۆمبێلی گاز و بەنزین قەدەغە دەکرێ و شیری بزنە نێرەکەی مەلا عەلیش باشترین عیلاجی مناڵ بوونە:
---------------------------------------

وەرچەرخانی گەورەی زانستی و میژووی!

لە پانزە ساڵی داهاتوودا واتە 2035 فرۆشتنی هەموو ئەو ئوتۆمبیلانە لە بازاڕەکانی بەریتانیا قەدەغە دەکرین کە بە گاز وبەنزین کاریان پێ دەکرێت و ئوتۆمبیلی کارەبایی جێگەیان دەگرێتەوە.
ئیتر لەمەودوا بۆ ئەوەی لە سەرەی وەستان بۆ ئوتۆمبیلدا بیت دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بیت کە باتری سەیارەکەت شەحن بکەیتەوە لە ویستگەکانی کە ئێستە بۆ پترۆڵ و گاز فرۆشتن بەکار دێت. هەروەها ئەو سەیارەی هایبریدیش
دەگرێتەوە کە لە ئێستادا بە بە پترۆڵ و کارەباش کار دەکات. دوای ئەو ساڵە کۆمپانیای ڕیسایکڵ ئەرکی کوکردنەوە و گواستنەوە هەموو ئەو ئوتۆمبیلانە دەگرنە دەست کە قەدەغە دەکرێن لە شەقامەکاندا.
لە کوردستانیش ئەو دەسەڵاتەی دەمی یەک بست دەکردەوە و شێڕە شیڕی بوو کە دەیگووت ( کوردستان دەکەین بە دوبەی )! حوکمەت بانگەشە بۆ چاکسازی و بنەبڕی گەندەڵی دەکرد ، هەنوکە خەڵکی سەرقاڵ کردەوە بە بوتڵە غازە وە و نرخی کردووە بە سێ قات و لەسەرەدا چەند کاژێرێک دانیشتوانەکەی دەوەستن تاکو بوتڵێ غازیان دەست بکەوێ.
سەرقاڵ کردنی خەڵک لە کوردستان بە هەندێ کێشەوە، هەمان ئەو بەرنامە سیاسیەی حزبی بەعس بوو کە لە ساڵانی هەشتاکاندا بۆ دورخستنەوەو تەرکیز لابردنی خەڵکی لەسەر کێشە ئەساسیەکانی عێراق ، سەدام و ڕژیمەکەی پەنایان بۆ تەبەقە هێلکە و سابونی ڕەقی دەبرد. ئەو سەردەمە مناڵ بووین رۆژ هەبوو بە درێژایی رۆژەکە لە وەستانی یەک تەبەق هیلکەدا یان دەرزەنێک سابونی ڕەقیدا لەژێر پردەکەی سلێمانی ئەگەر بە شەنس و بەخت یاوەرمان بوایە لە تاری و ڕوونی ئێوارەدا سەرمان دەهات، ئەگەر نا خاوەن دوکان دەستی دەکرد بەهاوار و دەیووگت هیج نەماوە، ئەوەی بەری نەکەوتەوە بەیانی بێتەوە و سەرەکەی نافەوتێ و سەرەی بۆ دادەنێین. هەندی جاریش کەسەرە دادەنرایەوە بۆ رۆژی دواتر غەدری تێ دەکەوت. پاش و پێش بەسەرەکان دەکرا، جار هەبوو کەسێکی تریان لە جێگەی تۆ دادەناو بەمەش هیندەی تر نائومێد دەبوی! یان بەیانی زوو لەناو ئەو جێگە گەرمە هەڵیان دەساندی بۆ ئەوەی بچی لە بەنزین خانەکەی عەقاری لەسەردا بوەستی، بەو بەیانی زوو جیڕە جیڕی دانت بەهۆی ئەو سەرمایەی لە گۆیژەوە خۆی دەکرد بە ناو شاردا دەنگی جیڕەی ددانەکانت وەک سەمفۆنیایەک دەبوو بە ئاوازیک بۆ سەر شەقامەکە.
کێ هەیەو مێرمنداڵ و گەنجی ساڵانی هەشتاکان بێت و کەسوکاری دارودەستەی حزبی بەعس نەبووبن و ئەو دیمەنانەی بەسەر نەهاتبێت؟!
لەم رۆژانەدا نرخی بتڵێ غاز لە هەولێر گەیشتۆتە پانزە (15000 ) هەزار دینار، لە شاری سلیمانیش قەیرانی دروست کردووە و خەڵکی لە وەستانی سەردان بۆ دەستکەوتی بوتڵێ غاز.
ئەندام پەرلەمانێکی عێراق غالب محەمەد کە ئەندامی لیژنەی نەوت و غازە لە پەرلەمانی عێراق، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە زۆری ئەو غازەی دابین کراوە بۆ هاوڵاتیان پێیان نادرێت و دەدرێت بە کارگە و کارخانەکان نەک بە ماڵان ، لەگەڵ ڕێگە گرتن لەچەند کارگەیەک لەلاینە دەسەڵآتەوە کە خوازیارن نرخی غاز بۆ (6.500 ) شەش هەزارو پێنج سەد دینار کەم بکەنەوە، ئەم جۆرە کۆمپانیایانە لە بری ئەوەی هاوکاری و ئاسانکاریان بۆ بکرێت بگرە ڕێگریان لەلایان دەسەڵآتەوە لێ دەکرێت و ڕێژەی کەمتر غازیان پی دەدرێت.
هەوەها دەڵێت: سەرچاوەی غازی شلی ماڵان لە کوردستان بلۆکی کۆرمۆر ڕۆژانە ( 1000) تەن بەرهەم دەهێنێ ، ساڵانە بەرهەمەکەی دەدرێ بە کۆمپانیایەک بۆ دابەس کردنی. ئەم ساڵ دراوە بە کۆمپانیای ( گۆڵدینگ جاگوار ) تورکی، کە ئەم کۆمپانیایە لەبری ئەوەی ئەرکی دابەشکردنەکەی بگرێتە ئەستۆ ، دەچێت زۆربەی لە بازاڕی ڕەشدا بە نرخیکی بەرز دەفرۆشێت و کەمیکی دابەش دەکات ، کە هۆکاری سەرەکی قەیرانەکەیە!

قەیرانەکان تەنها بۆ خەڵکی خەڵکی بێ دەسەڵات و دوور لەدەسەڵاتە، وەکوتر دەسەڵآتدارەکان لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژین ، لات سەیر نەبێت لە لوبنان کە خەڵک دێتە سەرشەقام دژی گەندەڵی، بەڵام لەولاوە رۆژنامەیەکی ئەمەریکی فەسادی و گەندەڵی سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان باس دەکات، کە بڕی ( 16) شانزە ملیۆن دۆلاری وەک هەدیە ناردووە بۆ کچە نمایشکاریک لە باشووری ئەفەریقا ، دەبێت چەندین ملیۆن دۆلار لەلایەن بەرپرسان و مناڵە بەرپرسەکان وەک دیاری و بەخشیش لەم قەیرانەدا درابێت بە خانمە نمایش کار یان خانمە گۆرانیبیژ ، ژیربەژێر پەیوەندی سۆزداریان لەگەڵ بەستبن.
زۆر باش لە بیرمە جارێک بە سودفە ئاگام لێ بوو تەلەفونیک بۆ بەرپرسێک هات، دەنگی ئافرەتێک بوو نازو نووکی دەکرد، لە دوا ساتی خواحافییزیدا داوای کرد کە مۆبایلەکەی وەحدەی تیا نەماوە و هەندێ وەحدەی بۆ بنێرێ!
سیستەمە شمولی و دیکاتۆرەکان هەمیشە بۆ دوورخستنەوەو چاوی جەماوەر لەسەر کێشە سەرەکیەکانی دەسەڵات و حوکمڕانی پەنا بۆ ئەم شێوازە لە بێ دەنگ کردن و کپ کردنی خەڵکی دەبەن. هەر ماوە و تەنگەش و قەیرانێک لەناو خەڵکیدا دروست دەکەن لەو کاتەی هەست دەکەن خەریکە دەسەڵات چاوی ڕەخنە و گازندەیان دەخاتە سەر.
لە کوردستان بۆ نموونە خەستەخانەیەک بە (10) ساڵ تەواو ناکرێ و بیانوویان ئەوە یە قەیرانی دارایی هەیە، کەچی مەلا عەلی کەڵەک، ساختەجیەکی وا لە هەولێر خەتەخانەی بۆ دەکرێتەوە و دەحم دەکرێ و ، کەجی هەر دەسەڵات جاروبار رۆژنامە و گۆڤارو تەلەفزیۆن و شەقام بەم مەلایەوە سەرقاڵ دەکا، یا مەلا مەزهەر کە بۆخۆی کادری دەسەڵاتەکەی هەولێرە، کەجی جارو بار وەک قەیران ئەیکەن بەهەڵا لەسەری.
لەم رۆژانە کەسێک باسی مەلا عەلی کەڵەکی بۆ کردم؛ گووتی: ئافرەتیکی خزممان مناڵی نەدەبوو، دعایەیەکی زۆر هەموو شاری خوروشاندبوو، کە گوایە مەلا عەلی بزنە نێرەیەکی هەیە شیردەرە! شیری ئەم بزنە هەرکەس قومیکی لێبخوات سک دەکات و مناڵی دەبێت!
گووتی؛ خەسووم لەگەڵ ئەو ئافرەتەدا چوو بۆ سەردانی مەلا عەلی بە نیازی ئەوەی جگەرە کێشە بەڵکو مەلا عەلی چارەسەر و دەرمانێکیشی بۆ ئەم پێ بێت!
وەک باس دەکا وەک رۆژی حەشربووە خەڵک بۆ قومە شیرێکی بزنە نێرلەسەردا وەستاوە!
لە پڕ مەلا عەلی خۆی دەکا بەناو عەشامەکەدا و بەناو ڕیزی عەشامەتەکدا دەڕوات و هەریەکەو چەند قەترەیەک لەو شیرە دەکاتە دەمیانەوە و دواتر رەچەتەیەک دەنووسێ کە بچن فڵان عیلاج لە فڵان دەرمانخانەی سروشتی وەربگرن کە بڕەکەی (100) سەد دۆلارێک دەبێت، وەک باس دەکەن دەرمانخانە سەر بەخۆیەتی، بەڵام بەقسەی مەلا عەلی لای خەڵکەکە ئەڵێ من پارە لە نەخۆشەکانم وەرناگرم و تەنها رەزامەندی خودا و لە پیناو خودادا خزمەت وچارەسەرو عیلاج دەکەم !
دواتر ئەو ئافرەتەی کە بەنیاز بووە مەلا عەلی کارێک بکات، بەڵکو ئەمیش واز لەم جگەرکێشانە نەعلەتیە بهینێت.
ئەڵێ؛ چووەتە لای مەلا عەلی و داوای چارەسەری کردووە. مەلا عەلی پێی گوتووە ؛ دەمت بکەرەوە ، دەی جوان هەموو دەمت! ئنجا هەرچی بەڵغەم و تف هەبووە مەلا لە دەمی خۆیدا کۆی کردۆتەوە و، کردویەتیە ناو دەمی ئافرەتەکەوە! ئنجا پێی گووتووە ئیتر دەبێت واز لەو قوزەڵقورەتە نەعلەتیە بهێنیت بە حەول و قوەتی خوا!
ژنە بە قسەی خۆی ئەڵێ: دوای گەڕانەوەی لای مەلا عەلی تاکو گەیشتمەوە سلێمانی یەک پاکەت جگەرەم کێشاوە!
زۆر جار لەم شێوازە حوکمڕانیەدا سەرکەوتوبوون تا ڕادەیەک ، بەڵام لە دواجاردا کە هەموو خەڵکی هەست دەکەن ئەم گەمەو تەنگەشە ئابووری و قەیرانانە خودی دەسەڵات سەرچاوە و بکەریەتی.
ئەو کاتەی جەماوەر کە بە گشتی بەخەبەردێت ئیتر دەسەڵات بێ هیوا دەبێت و، تاکە چەک تەنها پەنا بردن دەبێت بۆ شێوازی قەتل و عام و پڕ کردنی زیندانەکان لە خەڵکی مافخوراو، ماوەیەکیش بەم شێوازی ترس و تۆقاندە حوکمڕانی ووڵات دەکات، تاکو دواجار وەک هەموو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان رق و کینەی سەراتاپای کۆمەڵگا بۆ سەر بنەو بارگەکانیان وەها دەکات هەتا فریای خۆپێچانەوەو ڕاکردنیش ناکەون و، بگرە ئەو چەکدارانەی کە جاران دڵیان پێیان خۆش بوو بۆ پاسەوانی و پاراستینیان ، ئەم جارە ئەوانیش دەبنە دوژمنی سەرسەختیان و هەر بەو چەکانەی بۆ پارێزگاری گیانیان بە پاسەوانیان بەخشیبوو، ڕووی ئەو چەکانە دەکەنە دەسەڵاتەدارەکان و ئەوانی پێ قەتلعام دەکرین، کە جاران بۆ کوشتنی خەڵکی مافخواریان بەکاریان دەهێنا.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە