تۆ

Saturday, 08/02/2020, 21:06

5844 بینراوە


یاسین محەمەد (جوانپەرست)
------------------
بە شەش ڕۆژ زەوی و ئاسمانەکانی دروست کرد
بە ملیاران ساڵیش تۆ!
بۆیە کەوتیتە ئەم سەدە.
شاژنەکەم! خاوەنشکۆ.
****
لە ئاسمانەکان مەڕوانە
هەموو ئێرەییت پێ دەبەن.
ئەستێرەکان بەهۆی تۆوەیە
لە زەریای ئەم گەردوونەدا مەلە دەکەن.
****
بە کاکەشانی ڕووخسارتا گەڕام
شوێن و کاتم لێ بزر بوو
بووینەوە بە یەکتر و جیابووینەوە لە یەکتری
کاتێک بە هۆش هاتمەوە
تێگەیشتم
گەردوونێکی زۆر جوانتری.
****
لەولا من پاشای بەهەشت بووم،
لێرە تۆیت شاژنی گەردوون.
با ببینەوە بە گەدا
لەنێو جیهانی فەنابوون.
****
2017

ببەوە بە خۆت

تۆ لە دوژمنەکەم دەچیت -
ئەو جوگرافیا و فەرهەنگ و کەسایەتیم،
تۆیش ڕۆحمت داگیر کردووە.
****
تۆ لە خودا دەچیت -
ئەو هەر جارێ دروستی کردوم و
جارێکیش دەمکوژێ.
تۆ هەردەم دەمکوژیت.
****
تۆ لە شەیتان دەچیت -
ئەو جارێ باوکمی لە خشتە بردووە،
تۆ هەزاران جار من.
****
تکا دەکەم ببەوە بە خۆت
وەک خۆم لێم بڕوانە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە