غەدرێكی گەورەی ئاواتی شێخ جەناب لە پایتەختی رۆشنبیری

Tuesday, 11/02/2020, 16:20

4539 بینراوە


لە یەكەمین هەڵبژاردنی ساڵی (2009ز) كە بزوتنەوەی گۆڕان توانی (25) كورسی بەهۆی هەڵوێستی جوامێرانەی سنوری پارێزگای سلێمانی بەدەست بهێنێ هەردو حیزبی دەسەڵاتدار رقێكی گەورەیان بەسەر ئەم شارەدا رشت، یەكەمین هەنگاویش كەم كردنەوەی سەرچاوەی دارایی و ئابوری ناوەندە مەعریفی و دەزگاكانی چاپ و پەخش بوو.
ئێستا ئەوەی روناكبیر و نوسەرانی ئەم شارەی دووچاری شۆك كردوە، بەرنامەی نوێی ئاواتی شێخ جەنابی وەزیری دارایی و ئابوریە كە لەسەر پشكی بزاڤی گۆڕان پۆستی ئەو وەزارەتەی وەرگرتوە. ئەم وەزیرە نوێیە لەكاتێكدا لە وەزارەتەكەیەوە سەدان هەزار دۆلار بۆ پشتیوانی رۆژنامەیەكی جنێوفرۆشی وەك رۆژنامەی هەولێر بەفیڕۆ داوە بەڵام ئەم غەدرانەشی دەرهەق بە پایتەختی رۆشنبیری كردوە:
-بڕینی بودجەی هەمو دەزگاكانی چاپوپەخش بە حكومی و ئەهلیەوە وەك بەرێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوكردنەوە، خانەی وەرگێران، دەزگای سەردەم، ماڵی نوسەران...
-زیادكردنی باجی ساڵانە بەسەر ئەو رۆژنامە و گۆڤارە ئەهلیانەی دەرئەچن كە هەمویان لە سنوری پارێزگای سلێمانین.
- راگرتنی سەرفكردنی بودجەی پایتەختی رۆشنبیری و گێرانەوەی دەسەڵاتی سەرفكردن بۆ ئەنجومەنی وەزیران یان راستتر بۆ بن دەستی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی ئەمەش زیاتر بەهۆی ململانێی بابەكر دڕەیی و ئاواتی شێخ جەنابەوە.
-تاوانێكیتر داخستن و كۆتایهێنان بە ناوەندی رۆشنبیری ئەندێشە بوو، چونكە ئەو ناوەندە كە لە قاتی سەرەوەی بینای سیروانی نوێ بو، ئەو بینایەش ئاواتی شێخ جەناب بەناوی یانەی سیروانی نوێوە وەریگرت زیاتر لە 300 دووكانە لەناوجەرگەی شاری سلێمانی كە ئەكەوێتە سەرشەقامی مەولەوی، بەڵام قاتی سەرەوە كە ناوەندی رۆشنبیری ئەندێشەی تیابو كە تائێستا نزیكەی 500 كتێبی چاپ كردوە، بەهۆی گوشاری ئاواتی شێخ جەناب و وەرگرتنەوەی شوێنەكە و زیادكردنی كرێ لەسەری، مامۆستا هەژاری خاوەنی ناوەندی ئەندێشە بریاری هەراجی كتێبەكانی داوە و كۆتایی بە ناوەندی ئەندێشە هێنا!
ئێستا قسەكە لەسەر ئەوەیە ئایا ئاواتی شێخ جەنابیش وەك رێباز حەملان ئەبێتە پرۆپارتی؟ ئایا بزوتنەوەی گۆڕان كە وەزیرەكانی ئەوە وەفایان بێ بۆ شاری سلێمانی كە زۆرترین دەنگیان تیا هێناوە، هەڵوێستی چی ئەنوێنن؟
بە كورتی و پوختی، هەتا گۆڕان لەسەر بنەمای كوتلەبازی و دەستەگەرایی پۆستی وەزارەت ببەخشێتەوە و هیچ چاودێریەكیش نەكات بەسەر پۆستەكانی خۆی، لە هەڵبژاردنی ئایندەدا مەحاڵە كورسیەكانی ئێستای بهێنێتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە