ئەی گەلانی داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

Wednesday, 12/02/2020, 22:25

3799 بینراوە


قەدەغەکراوەکانى داگیرکەر تێکبشکێنن .. وە ناسنامە ڕەسەنەکانی خۆتان بەدەست بهێننەوە

نووسینی: زارا زاگرۆس Zara Zagroz

وەرگێڕانی: جۆ ولیام Joe William
----------------------------

ئەی گەلانی داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕۆژهەڵات تا ڕۆژئاوا!
کارەساتێکی ترسناکە کاتێك مرۆڤ کۆیلە بێت، بەڵام کارەساتی لەوە گەورەتر ئەوەیە کە کۆیلە هەست نەکات کەوا کۆیلەیە و پێی وابێت کەوا ئازادە، وە بەدرێژايی تەمەنیدا بژێت له ناو خەیاڵی ئازادیدا. جێی داخە کە داگیرکەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرمانیان هێناوەتە ئەو ئاستە ترسناکەی بێهۆشی، بە بەستنەوەمان بە زنجیری خورافات و ترساندنمان بە کۆمەڵێك قەدەغەکراو (تابو-Taboo)، وە بەتەواوی دایان ماڵیوین، بە جۆرێك کە بووینەتە دوژمنی وڵات و ناسنامە و کەلەپور و باپیرانمان.

1. داگیرکەرەکان وا پیشانیان دا و بوختانيان كرد کە گوایە باپیرانمان کافر بوونه و هاوەڵيان بۆ خودا داناوه (کافر و مشرك)، وە ئەوان (مەبەست لە داگیرکەرەکان) خۆشەویست و حیزبی خوداوەندن. لەژێر ئەم بوختانەدا وڵاتەکانمانیان داگیر و تاڵان کرد و زۆرێك لە باوباپیرانمانیان کوشت و نەنکەگەورەکانمانیان کرده کەنیزە و ئەوانەش كه مانەوە، ژێردەستەکران. هەروەها سامانەكانمانیان دزی بە ناوی ئەنفال و دەسکەوت و سەرانە و یەك لەدە و زەکات و خێرکردندا، وە سکی گەلەکانی خۆیانیان پێ تێرکرد و وڵاتەکانی خۆیانیان پێ ئاوەدانکردەوە و سوپا داگیرکەرەکانی خۆیانیان پێ پڕچەكکرد و سەروەریان بۆ خۆیان دروستکرد.

2. داگیرکەرەکان وا پیشانیان دا و بوختانيان كرد کە گوایە كولتورى نەتەوەیەکەمان كولتوری کافر و بێ بڕوا و ڕێ لێ ونبوو و بەرەڵایەتییە، بەڵام كولتورەکەی ئەوان كولتورێکی باوەڕداری و خانەدانی پایەبەرزە. لە ژێر ئەم ناوەدا بەشێکی زۆری كولتورەکانمانیان تەفروتونا کرد و ئەوەی کە مایەوە، ناشیرینیان کرد و بە کاری شەیتانیان لە قەڵەمدا بۆئەوەی کە خۆمان دژایەتی بکەین و لەناوی ببەین وە زۆرێك لە ئێمە ئەمەی کرد، بەتایبەتی کوێرەكانيان (شێخەکانی ئیسلام)، ئەوانەی کە لێمانیان ڕفاند و عەمامەیان كرده سەريان و ڕێشیان پێ هێشتەوە و عەبایان دا بە شانیاندا بەو پێوەرانەی کە خۆیان دەیانەوەێت، وە کردنيان بە تابوری پێنج و بە وڵاتەکانماندا بڵاوو بونەوە، وەك تاعونێك تووشى کۆمەڵگاکانمان بوونه.

3. داگیرکەرە عەرەبەکان بوختان و درۆيان بۆمان هەڵبەست، کە گوایە زمانەکانمان زمانی کوفر و دواکەوتوییە، وە بەتەنها زمانی عەرەبی زمانی بەهەشت و شارستانیە و زمانێکی پیرۆزە، وە زۆر لەوانەش زیاتر، بوختان دەکەن و دەڵێن کە خودا هیچ نوێژێك قبوڵ ناکات ئەگەر بە عەرەبی نەبێت. بەم شێوەیە زمانەکانمانيان سڕییەوە لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و سیاسی و ئابوریدا و زمانەکەی خۆیانيان لە جياتيان دانا، تا وای لێهات زۆربەی خەڵکى شارەکانمان بە زمانی عەرەبی بدوێن بۆ ئەوەی لەلایەك بتوانن بژێن و لەلایەکەشەوە لەو دواکەوتوویى و شەرمەزاریە ڕزگاریان ببێت، وە ئەگەر کەسانی سادەی نیشتەجێی گوند و دۆڵ و چیاکان نەبوایە، ئێستا زمانەکانمان بەیەکجاری لەناوچوبوون. هەزان سڵاوو و ڕێز بۆ ئەو کەسە سادانە، ئەوان فریشته‌ی پاراستنى بەشەرەفمەندانەى زمانەکانمانن.

4. داگیرکەرە عەرەبەکان بوختان و درۆيان بۆمان هەڵبەست، کە گوایە وڵاتەکانمان پیرۆز نییە، وە بوختانيان کرد و وتيان کە اللە بەتەنها وڵاتی ئەوانی پیرۆز کردوە، شاری مەککە ماڵی خودا (کەعبە)ی تێدایە و شاری مەدینەش ئارامگەی (قەبری) کۆتا پێغەمبەر و سەرداری نێردراوانی تێدایە (خاتم الأنبياء وسيّد المرسلين)، وە چوون بۆ حەجکردن بۆ جوگرافیای عەرەبه، كه یەکێك لە پێنج بنەماکانی ئیسلامه. ئەمە لە ١٤٠٠ ساڵی ڕابوردودا لەلایەن زۆرینەی باپیران و داپیرانمانەوە پەیڕەو کراوە و خۆیان لە هەندێك خۆشی ژیان بێ بەش کردوە تاکو هەندێك پارە کۆبکەنەوە و بیدەن بە خەرجی ڕێی حەجکردن بۆ ئەوەی کە ڕەزامەندی خودا بەدەست بهێنن. وە هەندێك لە باپیرانمان مەرگی لەکاتی حەجکردندا بە ئاوات دەخوازێت بۆئەوەی کە لە مەککە یان مەدینە بنێژرێت. لەمانە سەرسوڕهێنەرتر هەندێك لە گەورەکانمان داوایان دەکرد کە لاشەکەیان ببرێت بۆ مەککە یان مەدینە پاش مردنیان بۆئەوەی لەوێ بنێژرێن و ڕۆحیان ئارام بێت هەتاهەتایە. ئایا چەواشەکاری عەقڵ و تێکدانی هۆشمەندی نیشتمانی لەمە زیاتر هەیە؟ ئایا ئەمە تێکشکاندنی وابەستەبوون بە نیشتمان ناگەیەنێ، کە خەیاڵ بکەیت گوایە وڵاتی عەرەب باشترە لە وڵاتی خۆت؟ وە بەرگری کردن لە وڵاتی عەرەب لە پێشترە لە بەرگری کردن لە وڵاتی خۆت؟

5. داگیرکەرە عەرەبەکان بوختان و درۆيان بۆمان هەڵبەست، کە گوایە تەنها مەسەلەکانی ئەوان پیرۆزە و شایەنی ئەوەیە کە قوربانی بۆيان بدرێت. بەدرێژایی سەدەیەكە بە بابەتی فەلەستینەوە سەرقاڵمانيان کردوه، سامانی وڵاتەکانمان بەباد داوە و لاوەکانمانیان كردێتە قوربانی کێشمەکێشمە خوێناویەکانیان و شەڕە دۆڕاوەکانیاندا. ئێستا کوڕ و کچەکانمان لێ دەفڕێنن و مێشکیان دەشۆنەوە و بەكاریان دەهێنن بۆ ئەوەی خزمەتی پرۆژە تێرۆرتستیە جیهانیەکانیان پێبکەن. عقڵیەتە نەخۆشەکەیان چەندین داهێنانی تڕۆهاتی کردوە، لە دواین داهێنانیندا هەڵخەڵەتاندنی کچەکانمانە بۆ (جیهاد النکاح- واتە بەجێهێنانی جیهاد بە سێکسکردن). سیستێمی بەها بەرزه نیشتیمانیەکانمانیان شێواند. چ کارەساتێك لەمە گەورەترە؟!

6. داگیرکەرە عەرەبەکان بوختان و درۆيان بۆمان هەڵبەست، کە گوایە وڵاتەکانمان هەموویان بەشێکن لە وڵاتی عەرەب(الوطن العربي)، وە لە چیای زاگرۆزەوە درێژدەبێتەوە بۆ ئۆقیانوسی ئەتڵەسی. یەکێك لە بەعەرەبکراوە سوریەکان هۆنراوەیەکی داڕشتوە بە ناوی (وڵاتانی عەرەب وڵاتمن):

وڵاتانی عەرەب وڵاتمن لە شامەوە بۆ بەغداد
لە نەجدەوە بۆ یەمەن لە میسرەوە بۆ فتوان

ئەم هۆنراوەیان کردوە بە سروودی نەتەوەی عەرەب، وڵاتەکانی ئێمەشیان بە وڵاتی عەرەب ڕیزبەند کردوە، پێمان خۆشبێت یان نا، وە هەر کاتێك داوامان کردوە کە ڕزگارمان ببێت لە دەستی داگیرکاریان و لە پێناو ڕزگاری وڵاتەکانمان تێکۆشابین، تاوانبارمانيان کردوه بە جیابوونەوەخوازان و بەکرێگیراوانی داگیركەران و ئیمپریالیزم و زایۆنیزم.

7. داگیرکەرە عەرەبەکان بوختان و درۆيان بۆمان هەڵبەست، کە گوایە ئێمە ڕەسەنمان عەرەبه، وە هەستاون بە دروستکردنی خورافەی ئەوەی، کە ڕەچەڵەکی گەلەکانمان دەگەڕێتەوە بۆ عەرەب. لە سەردەمی نوێدا نەوەیەك لە مێژوونووسی عەرەبی ڕەگەزپەرست دەرکەوتن کە تیۆری گەلانی سامییان لە تەوراتەوە وەرگرتبوو –لەگەڵ ئەوەی کە شەو و ڕۆژ هێرش دەکەنە سەر زایۆنزم-، وە ئەوەی کە ویستیان تەعریبی بکەن خستيانه ناوى. پرسیارەکە ئەمەیە: بۆچی سوورن لەسەر ئەوە؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە دەیانەوێت بمانکەن بە پاشکۆی خۆیان تا ببنە گەورەمان و ببنە خاوەنی سامان و وڵات و گەلەکانمان، وە بازرگانیمان پێوە بکەن لە ناو ڕێكخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و سەرجەم ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەکانی دیکەدا.

ئەی گەلانی داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست! داگیرکەرەکان چییان بۆمان بەجێهێشتوه؟ باپیرانمانیان کرده کافر، كولتورەکانمانیان کافر و تەفروتوناکرد، زمانەکانمان سوکایەتیان پێکرا و وەلانرا، وڵاتەکانمان دزراو هەڵــوشرا، مەسەلەى ئازادی و سەربەخۆمانیان بە ناپاکی لە قەڵەمدرا، ڕەچەڵەکمان شێوێندرا و وون کرا. دەی باشە چی ماوەتەوە بۆ ئێمە لە دەرەوەی دەستەڵاتی داگیرکەری عەرەب و دەرەوەی دەستەڵاتی قوتابیەکانیان، داگیرکەرە فارس و تورکەکان؟ هەتاکەی ئێمە گیرۆدەی ئەم درۆودەلەسە و قەدەغەکراوانە بین؟

ئایا ئێستا کاتی تێکشکاندنی قەدەغەکراوەکانی (Taboo) داگیرکەر نەهاتووە؟
ئایا ئێستا کاتی بەدەستهێنانەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆمان نەهاتووە؟

(وەرگێڕانی ئەم ووتارە بۆ زمانی گەلەكانمان و بڵآووکردنەوەی، بەشێکە لە تێکۆشان دژی داگیرکەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە