ئەسەد و ئەردوغان تێکبەربوون، چاکە کە کورد تەماشاکەرە!

Wednesday, 12/02/2020, 22:30

5951 بینراوە


ئەمڕۆ، بۆ بەرژەوەندیی... جەنگێک لە نێوان سوریا و تورکیادا لە ئەدلیب هەڵگیرساوە، بەدڵنیاییەوە ئەوە جەنگی نێوان ڕوسیا و تورکیایە.

-------------------------------
پوتین، لە سەرەتای جەنگی سوریادا بۆ مانەوەی ئەسەد خەرجی، پشتیوانی سەربازی و مەعنەوی زۆری ئەسەدی کرد. لەبەرئەوە لەم جەنگەی هەنووکەی ئەسەد لە ئیدلیب دژ بە تورکیا، ڕوسیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ مانەوەی ئەسەد، نەگۆڕینی سنووری جوگرافیای ئەو وڵاتە، نەک لەبەرئەوەی کە ئەو یەکگرتووی سوریای لا مەبەستە، دەیەوێت دیموکراسی بۆ گەلانی سوریا دابین بکات، ئاشتی و ئاسایش سەقامگیر بکات بۆ ئەوەی گەلانی سوریا بە ئاسودەیی گوزەران بکەن، هەر وەک چۆن لە میدیاکاندا پروپاگەندەی بۆ دەکات! بێ گومان ڕوسیا مەترسی ئەوەی هەیە کە ئەگەر ئەسەد بڕوخێت، ئەمریکا، یان ئیران و تورکیا ئەو وڵاتە کۆنتڕۆڵ بکەن و بەرژەوەندییە ئابووریەکانی ئەوان بکەوێتە مەترسیەوە.
ڕوسیا بە ڕووخانی ئەسەد، هەڵبژاردەی شەڕی بە وەکالەتی نامێنێت، کە ئەمڕۆ ئاسا سوپای سوریا و میلیشیای سەر بەخۆی شەڕی بۆ بکەن، ئەڵبەتە ئەو کات مۆسکۆ دەبێت ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی شەڕی ئەمریکا، یان ئیران و تورکیا و میلیشاکانیان بێت، کە لەو قۆناغەدا ڕوسیا هەوڵدەدا خۆی لەو جۆرە گرفتە بپارێزێت، ڕۆڵی ناوبژیوان لە نێوان لایەنەکان ببینێت و لەپشت پەردەوەش شەڕی تورکیا بکات.
ئەمریکا لە ڕابردوویەکی نزیکدا، بە نزیک بوونەوەی تورکیا لە ڕوسیا ناڕەحەت بوو، بە تایبەتی لە گرێبەستە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات و کڕینی موشەکی ئێس/٤٠٠ لەلایەن تورکیاوە لە ڕوسیا، لەهەمان کاتدا لەو چەند ساڵانەی ڕابردوودا لە هەڵسوکەوتی تورکیاش ناڕازی بوو، بۆیە جەنگی نێوان ڕوسیا و تورکیای پێ خۆشە کە ببێتە هۆی لاوازبوونی هەردووکیان.
ڕوسیا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا، جگە لە جەنگی دژ بە داعش کە ڕاستەوخۆ بەشداری تێیدا کرد، هەوڵی دا لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئەو ڕووە پێشان بدات کە ئەو بە هەوڵە دیبلۆماسییەکانی توانیویەتی سەرکەوتوانە لەنێو گرفتەکان گوزەر بکات، لەگەڵ لایەنە ناکۆکەکاندا پارێزگاری لە پەیوەندییە دیبلوماسیەکانی بکات نمونە، لە یەک کاتدا پەیوەندیی لەگەڵ ئیران و ئیسرائیل ببەستێت، لەگەڵ سوریا و ئەسەد نزیک بێت و هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت. گەلێک لە شڕۆڤەکاران لەسەر ئاستی جیهاندا پەنجەیان بۆ ئەو خاڵە درێژ دەکرد، کە ڕوسیا لە ئەمریکا سەرکەوتووتر بووە و توانیویەتی دەسەڵاتەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەرێنێتەوە. لە ئەنجامدا زەقکردنەوەی ئەو خاڵە لە میدیاکاندا ئەمریکای ناڕەحەت کرد بوو.


لەبەرئەوە ئەگەری ئەوە هەیە کە بۆ ماوەیەکی کورتی دیاریکراو سیاسەتە توندەکانی لەگەڵ تورکیادا تۆزێک خاو بکاتەوە، تا دووبەرەییەکانی تورکیا لەگەڵ ڕوسیا زێتر قوڵ بێتەوە و لە هەندێک هەڵوێستیشدا خۆی ببێت بە ناوبژیوان.
سوپای تورکیا و میلیشیاکانی تەنیا لە ئیدلیب نین، بۆیە کێشەی تورکیا لەگەڵ ئەسەد ئەگەر لە ئەدلیبیش کۆتایی بێت، ئەوا دوای ئەوە مەسەلەی داگیرکردنی عەفرین دێتە گۆڕێ، کە بۆ ماوەی دوو ساڵە تورکیا داگیری کردوە و لەوێ دەسەڵاتدارە، کە بێ گومان لەوێش پێداگری دەکات و ناکشێتەوە تا جەنگێکی دیش دانەگیرسێنێت. سەرەڕای ئەوە تورکیا دەیەوێت لە ڕۆژئاوای کوردستان پاکتاوی نەژادی بکات، بە درێژای سنووری نێوان سوریا و تورکیا میلیشیاکانی خۆی لەو دەڤەرە نیشتەجێ بکات، بێ گومان ئەو جۆرە پلان و ستراتیژیەتە دەریدەخا کە تورکیا خۆی خۆش کردوە بەشێکی زۆری خاکی سوریا داگیر بکات، واتە ئەگەر ئەمڕۆ ئەمریکا بەرامبەر بە تورکیا نەرمی بنوێنێت ئەوا بە دڵنیاییەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا خۆشی گرفتی قوڵی لەگەڵ تورکیادا بۆ دروست دەبێت.
ڕۆژئاوای کوردستان، لەو ناتەبایی و جەنگ و کێشمەکێشمەدا تووشی سەرئێشەی زۆر دێت. ئەگەری ئەوە هەیە دووبارە ئەو بەشەی کوردستان ڕووبەڕووی جەنگی تورکیا بێت، لەژێر فشاری هاوپەیمانەکانی تووشی هەڵوێستی نەخوازیار بێت، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی سیاسی و سەربازیی ناوچەکە، نەبوونی چارەسەری بنەڕەتی بۆ گرفتەکان، ئەو دۆخە چاوەڕوان کراوە بۆ ڕۆژئاوا کاتی دەبێت هەروها ئاشکرایە کە ئەسەد و ئەردوغان دژی پرسی میللەتی کورد هەمیشە هاوڕا بوون و دەبن، زلهێزەکانیش بۆ بەرژەوەندیی و ئەجێندای خۆیان کار دەکەن، بۆیە بۆ نەتەوەیی کورد مانەوەی بە تەماشاکەر و خۆپاراستنی باشترە لە قۆڵهەڵماڵین و بوون بەشێک لەو جەنگە.
ئەردوغان تووشی غروری سیاسی و زەعامەت بووە. بەفەرمی بەشێک لە سوپاکەی لەنێو خاکی عیراقە، بەشێکی دی لەنێو خاکی سوریایە، بەشێکی لەنێو خاکی کوردستانە. ئەردوغان هەر ڕۆژەی پەلاماری لایەک دەدا، لەهەر شوێنێک هەر کێشەیەک یان شەڕێک هەبێت، ئەوا کلکێکی ئەردوغانی تێیدا هەیە. ئەو هەر بەوە نەوەستاوە کە هەڕەشە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەڵبەتە هەڕەشە لە ئەوروپاش دەکات. بەشێک لە سوپاکەشی بۆ لیبیا لە قارەی ئەفریقا ناردووە و ڕۆژانەش هەڕەشە لە میسر و چەند وڵاتێکی عەرەبی دی دەکات، لە وتارەکانیدا هەر پەنجە ڕادەوەشێنێت و دەکوژی دەبڕی!
لە دەرئەنجامدا دەردەکەوێت، کە هەنووکە ئەردوغان تێکەوتووە، تورکیا دوژمنی لە جاران گەلێک زیاتر بووە، دۆخی ئابووریی ئێجگار لاواز بووە، دەنگی ناڕەزا لەنێو وڵاتەکەدا لە هەڵکشانە. ئاماژەکان دەریدەخەن کە زلهێزەکان خەریکی پشتیوانی کردنی بەدیلی ئەردوغانن. سەرەڕای هەموو ئەوانە ئەردوغان سوپاکەشی بە چوارمشقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا پەڕشوبڵاو کردوە. ئەمانە هەمووی هێمای ئەوەن کە ئەردوغان لەژێر فشارێکی ئێجگار قورسی دەروونی دایە، کە ئەگەری هەیە خۆی توشی نەخۆشیەکی کوشندە بێت و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا تورکیا بە فەتارەت بدات و بەرەو هەڵدێری ببات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە