صۆرە ...

Thursday, 13/02/2020, 23:23

7039 بینراوە


 هەڵکەوتنی شارێک لە ڕووی جوگرافی یان مێژوویی و شارستانی و گەشەکردنییەوە زۆر جار ئەبێتە مایەی نەگبەتی بۆی ،چونکە وەک ئەووترێت چاوی پیس و حەسودی بەردەوام لەسەرە و خەڵکی شارەکە هەرچییەک بڵێ و هەرچییەک بکا هەر بە نێگەتیڤ بۆی لێک ئەدرێتەوە و ئەوانەی چاویان بەشارەکە هەڵنایە ئەکەونە هەلەکە سەما....
ماوەیەکە و بۆ جارێکی تر مقۆ مقۆ و وورتە وورت لەسەر سلێمانی دروست بۆتەوە گوایا خەریکە زیاتر لە بەڕەکەی خۆی پێ ڕائەکێشێ ئەمەش بەمەبەست و ئەجیندای پشت کەوالیسەوە هەنگاوی بۆ ئەنرێ ، پێش هەموو شتێ سلێمانی پێویستی بەوە نیە "خێر" بە پایتەختی رۆشنبیری ناو ببرێت " بەش بەحاڵی خۆم گاڵتەم بەو ناو لێنانەیە چونکە رۆشنبیریی پروسەیەکی زهنیە"هزر" نەک ئیمزا و بەریوەبەرایەتیەک" ، ئەم شارە سەد ساڵ زیاترە لە بەڵگە نامەکانی کەسان و مێژوونووسە ئەوروپاییەکان بە شاری ئەدەب و مەعریفە و خوێنەواری باس کراوە و سەبارەت بەو ئاستەبەرزەی لە دونیای رۆشنبیریا هەیبوە پێویست بە ناو هێنان ناکا چونکە بەدەیان کەڵە ئەدیب و شاعیر و شاعیری خەڵکی هۆشمەنمان هەیە و هەبوە کە ناوهێنانیان چەن پەڕەیەکی ئەوێ....بۆیە مەمنون نەبوین بەو خێرە و بەخشینی نازناوە کەلای من یەک فلسی قەڵب ناهێنێ باشترە خاوەنەکانی ئەو بڕیارە شینێک بۆ حاڵی رۆشنبیری خۆیان بکەن ،
گەرچی بەداخەوە ماوەیەکە سلێمانی ئەو بۆنەی جارانی لێ نایە و بەچەن هۆکارێکی دروستکراو هەوڵ ئەدرێ ئەو سەرزییەی هەیەتی نزم بکرێ بەڵام مسۆگەر ئەمە کاتییە و هەر ئەگەڕێتەوە سەر ریتم و بۆن و بەرامی جارانی..
تەنانەت" ڕەشەباکە"ش وەک رەمزێکە بۆ یاخی بوون و بەگژاچوونەوە، گەرچی ئەویش کزبوە و وەک جاران کاریگەریی نیە ئەوەش هەر کاتییە و ئەچێتەوە سەر دینەمۆی هێزەکەی جارانی....چەن حکومەت لە عێڕاقا هەبووبێ هەوڵی تۆقانن و دەست بەسەرا گرتنی ئەم شارەی یاوە ، ئەنجامەکەی هەر هەڵوێستی خەڵکی شارەکەی لەبەرامبەر دەسەڵاتدارنا پێ رەق و فراوانتر بوە ، خەڵکی ئەم شارە زۆری پێکراوە و ئەکرێ ، زۆری قبوڵ کردوە ، چاوی زۆر و چەپوکی لەسەرە ، هەرچۆنێک بجوڵێتەوە حسابی تایبەتی بۆ ئەکرێ ، هەموو هەنگاوێکی شارەکە بو چاوی گومانەوە سەیر و ئیجرائاتی لەگەڵ ئەکرێ ، خەڵکی سلێمانی شارەکەی خۆی خۆش بوێ ئەڵێن شارچێتی ئەکا،،باسی غەدر کردن لەشارەکەی بکا ئەڵێن حیزبچێتی ئەکا..گەر باسی مێژووی شارەکەی خۆی بکا ئەڵێن یەکڕیزی کورد تێک ئەیا!! گەر باسی نەهامەتییەکانی شارەکە بکا ئەڵێن: دەستی دەرەکی لە پشتێوەیەتی ، باسی قوربانییەکانی شارەکە بکا ئەڵێن: بای کۆن بەبا ئەکا...!!...
شارێکی یەک ملیؤ ن و نیویی بۆی نەبێ لەو بودجە و داهاتە زۆرەی کە موڵکی باوکی هیچ کەس و لایەک نیە جگە لە میللەت ، میللەت و بەس ، داوا بکا بە پێی ئیستحقای خۆی بەشێکی گونجاو و مەنتیقی وەک هەموو شوێنەکانی تری بۆ سەرف بکرێ ئەمە چ تاوانێکە ! چ شارچێتییەکە! چ غەدرێکە لەو دەسەڵاتە مەزڵومە ئەکرێت ! ناوچەی وا هەیە لە هەرێم زۆربەی لادێیە و هەمووی قیرتاوی دوا دەرجەیە و وەرە سەیری تاسەکانی جادە و بانەکانی سلێمانیش بکە! لە هەولێر گەر جادەی دەسایتی و پێنج سەد مەتریش دروست بکرێ و تۆش داوا بکەی جادەیەکی سەد یان سەد و پەنجایی دروست بکرێت ئەمە ئاژاوەیە و بودجە ڕێ نایات و تۆوی شارچێتی زیاتر ئەچێنێ !
ئەم دەسەڵاتە ئەوەنە نەفامە ئەقڵی بەوە ناشکێ کە غەدر کردن و بە جیا مامەڵە کردن لەگەڵ شارێکا ئەبێتە مایەی فراوان بوون و قوڵبوونەوەی شارچێتی چونکە خەڵک هەردەم پاڵپشتی ئەو شارەیە کە غەدری لێ ئەکرێ و بە هەموو شێوازێک بەرگری لێ ئەکا و بەرامبەر ئەو لایەن و دەسەڵاتە ئەوەستێتەوە کە سەرجاوەی ئەو غەدر و نا عەدالەتی و بەیەک چاوسەیرنەکردنی هاووڵاتیانە... ئەوەی زیاتر لە هەموویش جێی داخ و کەسەرە کەلەم وەزعە نالەبارەیا شارەکە خۆیشی لەلایەن خەڵکی دڵسۆز و ئەهلی شارەوە بەریوە نابرێت ، ئەمڕۆ کۆمپانیەکانی سەر بەحیزب قۆرخی پرۆژە و بودجەکانی بۆی دانراوە کردوە کە ئیعتبارات و بەرژەوەندی حیزبی سەروو هەموو شتێکە ، رەنگە هۆی سەرەکیش ئەوەبێ کێ و چی پلە یەکە لەم شارەیا؟! وەڵامەکەشی : حیزب ، حیبزبیش بەشێکە لەو دەسەڵاتە کە ئامادە نیە لەبەر خاتری شارێک دەستبەرداری ئەو هەموو ئیمتیازانە بێتەوە لە دەسەڵات دەستی ئەکەوێ.. چگە لەوەی کاربەدەستەکانی شار لە ئاست دەست تێوەردانی حیزبەوە لە گەورە و بچووکی شارەکە خۆیان کردوە بە کەڕەی شەربەت....
خەڵکی سلێمانی ماوەیەک بەوە هەڵخەڵەتێنرا و دڵی بەوە خۆش بوو کە کەسێک کاروباری شارەکە ئەگرێتە دەست کە ئەو مۆدێلی حوکم کردنەی شار ئەگۆڕێ ئامادەش بوو بۆ هات و چۆ لە سەیارەوە بگۆڕێ بۆ پاسکیل، 
بەڵام ئەونەی نەبرد ئەویش کەوتە گۆرانی ووتن بەهەمان ئاواز و تیپی مۆسیقای دەسەڵاتەوە و گۆرانی" سلێمانی لەنازا غەرق بوە" ئەڵێتەوە و پێی وایە هەقە کەمێ لەو نازە بە دیاری بەین بەو ناوچانەی بێ ناز کەوتوون...
سلێمانی بە درێژایی مێژوو بێ منەت کردن زۆره بۆ خاک و نیشتمان کردوە و زۆر کەميش لەبەر جاو گیراوە و پێی زانراوە ، سلێمانی ئەونەی کردوە کە "صدام حسین" ناوی نابوو ( سەری مارەکە) و خەڵکی تریش بە دانیشتوانەکەی ئەووت " صۆڕە " ....!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە