ریفراندۆم خیانەتی 31ی ئابی لە بیربردینەوە

Sunday, 16/02/2020, 20:40

15003 بینراوە


پێناسەی ریفراندۆم لە دوو روانگەی جیاوازەوە:

- ریفراندۆم، واتا پرس و راوەرگرتنی گەل، کە پەیوەندیی بە خەڵک و خاکەوە هەبێت، ئەو جۆرە راپرسییەش چارەنووسسازە، هیچ رێکخراو، دەسەڵاتێکی ئیداریی و یاسایی بەبێ گەڕانەوە بۆ رای گشتی، ناتوانێت بۆ خۆی ئەو پرسە تێیپەڕێنێت و بڕیاری لەسەر بدات، چونکە دەسەڵاتی گەل لە سەرو هەموو دەسەڵاتەکانی ترەوەیە، ئەو سیستەمەش، کە دەسەڵاتی ئیداریی و یاسایی پێکهێناوە، رێگا بەو دوو دەسەڵاتە نادات، کە بەبێ گەڕانەوە و پرسکردن بە هاوڵاتیان، ئەو کارە بکەن.
هەڵبەت مەبەستمان لەو سیستەمە دیموکراتیەیە، کە گۆمەڵگایەکی وشیار لە پشتییەوە وەستابێت و خەڵکەکەی ئامادەکردبێت و پەروەردەی کردبێت، لەو کۆمەڵگایەشدا رێکخراوە سیاسییەکان، رابەرەسیاسییەکان کەسانی ئازاد و نەتەوە و نیشتیمانپەرستن.
- پێناسەی ریفراندۆم لە فەرهەنگی سیاسەتی کوردییدا، بە تایبەتی لە باشوور، کە دوو پارت و دوو بنەماڵە بەڕیوەی دەبات، ئەو پێناسە و تایبەتمەندەی سەرەوە نایانگرێتەوە، تا بتوانن پرسی ریفراندۆم بە پێی ئەو مەرجانە تێپەڕێنن. ئەوان ناتوانن نیشتیمانێک بکەن بە دەوڵەت و خەڵکەکەی ئازاد بکەن، لە کاتێکدا خۆیان بەکرێگیراون، دەسەڵاتێکیان بە دەستەوەیە، سەرخان و ژێرخانی ئابووری وڵاتیشیان کاول و تاڵان کردووە. جگە لەوە هیچ بەرگرییەکیان تێدا نەهێشتووە، تا بتوانرێت دەستکەوتەکانی دوای رزگاربوونی وڵات بپارێزن.
سیستەمی حوکمڕانی و بەڕیوەبردن لە باشووری کوردستان، سیستەمێکی دیموکراتیی نییە، خەڵکەکەی ئازاد نییە، سیستەمێکە یاسای تێدا نییە، دوو بنەماڵەی خێڵەکیی، خائین و ناپاک، بەڕێوەی دەبات، کە هیچ کات پێویستیان بەوە نەبووە پرس و رای خەڵکی لەسەر وەربگرن، بەتایبەتی پرسی گرنگی نەتەوەیی وەک ریفراندۆم. هەموو بڕیارەکان پێشوەخت خۆیان داویانە، بەڵام بۆ ئەوەی سیمای دیموکراتی بە بەردا بکەن، شێوازی دەنگدانیان بۆ دروست کردووە، تا لە دیموکراتی بچێت، ئەگەر دەنگەکان کەمیشیان هێنابێت، ئەوان لە نێو خۆیاندا پێشوەخت بڕیاریان لەسەر داوە، بە فێڵ و ساختە و تەزویر تێیان پەڕاندووە .
ریفراندۆمی ئەم حیزبانە بۆ پرسکردن نییە بە خەڵکی کوردستان و بۆ دیارییکردنی چارەنووسی خەڵک و نیشتیمانەکەی نییە! بەڵکو بۆ وشیارکردنەوە و ترساندنی وڵاتانی داگیرکەرە، ئاگادارکردنەوەیانە تا مەترسی بخەنە بەردەمییان، ناچاریان بکەن ئاوڕ لە داواکارییەکان و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بدەنەوە، دانووساندنیان لەگەڵدا بکەن، لە دواجاریشدا سەرەنجامەکەی بە خراپی بەسەر خەڵکی کوردستاندا شکاوەتەوە. 16ی ئۆکتۆبەر وەک نمونە.

- رێفراندۆم لای پارتەکانی باشوور، ئەم دووانەی خوارەوە بوون کە دوو جار مەسعود بارزانی و جەلال تالەبانی کردوویانە:

یەکەم:

ساڵی ٢٠٠٥، لەو کاتەدا، بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەت لە بەغدا، شیعە و سونەعەرەبەکان لە ناو خۆیاندا ناکۆک بوون، جەلال تالەبانی هەستا و دەنگەکانی خستە بەردەمیان، ئەو پەیامەی پێدان: ئەگەر ئێوە رێکنەکەون و خۆتان رێکنەخەن، ئەوا هەرێمی کوردستان دەوڵەتی خۆی رادەگەیەنێت! ئەوەبوو دوای ماوەیەک بۆ سەلماندنی درۆی ریفراندۆم و پوچەڵکردنەوە و بێهیواکردنی خەڵکی کوردستان، تالەبانی رایگەیاند، کە (دروستبوونی دەوڵەتی کوردی خەونی شاعیرانەیە)، لەمەدا تالەبانی نەک شاعیر، بەڵکو کوردیشی پێوە سوک کرد، لە سەفەری دوای ئەو ساڵەیدا بۆ ئوستورالیا، لە کۆڕێکدا ئاڵای کوردستانیان بۆ دانا، ئاڵاکەی فڕێ دا، وتی تەنیا ئاڵای عێراق دابنێن، چونکە ئێمە عێراقین.

دووەم:

پارتی و بارزانی، بە یاوەری پارتەکانی دەسەڵاتی باشوور، رۆژی 25/ 09 / 2017 بە ناوی (ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی)، خەڵکیان بردەوە بەردەم سندوقی دەنگدان تا دەنگ بە ریفراندۆمەکەیان بدەن. لەو بارەیەوە مەسعود بارزانی رایگەیاند، کە:
(ریفراندۆم هەنگاوێکی یاسایی و ئاساییە، تاوان نییە، گەلێکی غەدرلێکراو دوای 100 ساڵ چەوساندنەوە و زوڵم داوای دەکات). کلیکی ئەو ڤیدیۆیە بکە:


دیسان وەکو هەموو جارێک خەڵکی ساویلکەی هەرێمی کوردستانیان فریودا و بردیاننە بەر دەم سندوقی دەنگدان، خەڵکەکەیان وا لێکرد، تا بڕوا بەو قسانەیان بکەن، دەنگیان بە جیابوونە و دروستبوونی دەولەتی کوردی دا، ئەو دەوڵەتە کوردییەی، کە مەسعود پەیمانی پێدان، وەکو حکومەتەکەی هەرێم، بە جامانە سوورەکەی وەکو پەرژینێک چوار دەوری بگرێت، تا خەڵکی لە مەترسی باوباران، بەفر و پەلاماردانی حەیوانات بپاریزێت. (مەبەست لە جامانەی سوور، واتا هەروەک چۆن حکومەتی ئیستای هەرێم مەسعود خۆی و کوڕ و برازا و ئامۆزا و خزمەکانی هەرێم بەڕیوەی دەبەن) گوێ لەو ڤیدیۆیە بگرە:


ریفراندۆمەکەی بارزانی کە چەند مانگێک پێشتر پرۆپاگەندەی زۆری بۆ کرا، بە پێی زانیارییەکان نزیکەی 25 ملیۆن دۆلاری تێچوو، هەموو پارتەکانی تری باشوور بە چەپ و بە راست، ئیسلام و عیلمانی، سۆسیالیست و شیوعی، دز و خائین، داوێنپیس و دەمپیس و دەستپیسەکانی ناو هەرێمیشی گرتەوە، هەموویان بە دەنگ بانگەوازی ریفراندۆمەکەی پارتیی و مەسعودەوە چوون، بەتایبەتی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمانیش هانی خەڵکیان دا، تا ئەو دەرفەتە لەدەست خۆیان نەدەن، بچن دەنگ بە ئازادیی و بە سەربەخۆیی کوردستان بدەن.
دەزگاکانی راگەیاندن، دەمی چەوری نووسەر و رووناکبیر و پیاوانی دەسەڵاتیش، ئەوانەی کە بەدەست و دەمیان شتێک دەڵێن و دەنووسن بە کرداریش پێچەوانەکەی دەکەن، کەوتنە هەڵپەڕکێ و جۆشدان، بە دەم سووڕدان و خۆبادانەوە، چوون و لە ژێرەوە دەنگیان بە ریفراندۆم دا، هەشیان بوو بە بەرچاوی کامێراوە، پەساپۆرتە عێراقییەکەیان دەسوتان، دیناریان دەگۆڕییەوە بە دۆلار، لە خەیاڵی شاعیرانەی خۆیاندا پەساپۆرتی کوردییان دروست دەکرد، بە وێنەی بارزانییەوە، سکە و دراوی کوردییان لێدەدا و بە ئارمی سەری بارزانی دەیانڕازاندەوە.
ئەوانەی کە لەم درۆ و دەلەسەیەی مەسعود و پارتەکانی دەسەڵاتیش گەیشتبوون، رازی نەبوون بە دەم ریفراندۆمەکەی مەسعودەوە بچن، کە دەسەڵاتی درۆزن و لاقەچی، ویژدانیان لاقە بکات و ئازاریان بدات، چونکە ریفراندۆمیان بە پلان و یارییەکی مەترسیدار و خیانەتێکی گەورە دەزانی، ئەوانە (بەرەی بایکۆتی ریفراندۆم)یان راگەیاند.
(بەرەی بایکۆتی ریفراندۆم) ئەو کۆمەڵە نووسەر و چالاکوان و خەڵکە بە وێژدانانە بوون، کە لە لایەن راگەیاندن و کەناڵەکانی باشوورەوە سانسۆر کرابوون، بەردەوام لەسەر ئەم گەمە ترسناکەی مەسعود قسەیان دەکرد، وتاریان دەنووسی، داوایان دەکرد، کەس بەم ریفراندۆمە فریونەخوات و بە دەنگ داواکاریی پارتەکانەوە نەچێت.
پارتەکانی ناو دەسەڵاتیش بۆ ئەوەی دەنگێکی نارازیی و رکابەری رێگاپێدراو بۆ خۆیان دروست بکەن دوور لە بەرەی بایکۆت و بەرەکانی تر، کابرایەکی بازرگانیان هێنا، سەرەتا بەناوی (نا لە ئیستادا)ی کرد بە ئەڵتەرناتیڤی بانگەشەی ریفراندۆم، دوای ریفراندۆمەکەش رێکخراوێکییان بەناوی (نەوەی نوێ) بۆ دروست کرد، کردیان بە دەنگی ناڕازی خەڵک، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان لە ناو خۆیدا (کەوڵ و کاول) کرابوو، ئەو قورساییەی جارانی نەمابوو، تا بتوانێت کاریگەری لەسەر دەنگی ناڕازیی هەبێت، بەمە لەنگەریان بە دەنگی نارازیی و ئۆپۆزیسیۆن گرت، ئەوەندەی دیکە لە رێگای ئەم بازرگانە دزەوە، خەڵکیان فریودا تا لە شوێنی دیکە دەنگە ناڕازییەکان نەگیرسێنەوە، بێنە لای نەوەی نوێ. (بۆ متمانەی خەڵکی دوایی ئەمیش چەند سیناریۆیەکیان بەدوایدا بۆ دانا).

دیوێکی ساختەی ئەم ریفراندۆمە بە ئاشکرا هەر لە سەرەتاوە لە لێدوانی بەرپرسەکاندا دەردەکەوت.
لەو بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی بۆ خەڵکی کوردستان و راگەیاندنەکان دەیگوت:
- (ریفراندۆم پرسی تەنیا پارتی نییە، بەڵکو پرسی هەموو پارتە سیاسییەکانی کوردستان و گەلی کوردستانە).
- (هه‌ڵوێستی وڵاتان له‌باره‌ی ریفراندۆم سرووشتییه‌ و داوا له‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین به‌ " به‌ڵێ" ده‌نگ بۆ ریفراندۆم بدەن).

بۆ بەغدا و وڵاتانی دراوسێش بە شێوەیەکی تر قسەیان دەکرد، کە:
(ریفراندۆم بۆ ئەوە نییە سنورەکانمان دیاری بکەین). یان:
(ریفراندۆم واتای راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌).
هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی‌ له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی‌ ئار تی‌ روسی‌ رایگه‌یاند "كورده‌كان قوربانی‌ زۆریاندا بۆ سه‌ربه‌خۆیی، هه‌تا ئێستا هیچ بڕیارێك نییه‌ بۆ دواخستنی‌ ریفراندۆم، كۆمسیۆن هه‌موو پێداویستییه‌كی‌ پڕۆسه‌كه‌ی‌ ئاماده‌كردووه‌".
ئەوە بوو تا تەواوبوونی رۆژی دیارییکراوی دەنگدان، تورکیا و ئێران، هەڵویستی توندی خۆیان دەرنەبڕی و بێدەنگ بوون، چونکە خۆیان لە پشتی گەمەی ریفراندۆمەکەوە بوون.
ئەمڕۆش پاش تێپەربوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر ریفراندۆمە شومەکەی بارزانی و پارتەکانی باشوور نێچیرڤان بارزانی دەڵێت:
(بۆ كورد دەركەوت کە ریفراندۆم‌ و سیاسەتی سەربەخۆیی ئەنجامی نییە).
مەسروریش بۆی دەسەندێتەوە، ریفراندۆم بە گەمە و یاریکردن دەزانێت، وەکو پرۆگرامی (کامێرای شاراوە) قسەی لەسەر دەکات، بە هەموو کورد رادەبوێرێت، وەک ئەوەی بۆ منداڵ قسە بکات، دەڵێت:
(ریفراندۆم کارێکی هەڵە نەبوو، چونکە ئێمە ریفراندۆممان بۆ سەربەخۆیی نەکرد، بەڵکو بۆ ئەوە بوو، کە بزانین گەل بۆچوونی چییە؟!)


هۆکاری سووربوونی مەسعود بارزانی لەسەر پرۆسەی دەنگدان بە ریفراندۆم

یەکەم:

فشارخستەنە سەر بەغدا، تا چاوپۆشی لە دزینی دەستکەوتی نەوت و پارەی بودجە بکات، بۆ پشتگیری لە قسەکانم فازیل میرانی رایگەیاند:
(ئەگەر بەغدا لەگەڵمان رێکبکەوێت، داوای سەربەخۆیی ناکەین).

دووەم:

لە کەلتوری بنەمالەی بارزانییدا وا هاتووە، کە جگە لەوەی کوردستان بە موڵکی خۆیان دەزانن، خەڵکەکەشی بە بچوک و کۆیلەی خۆیان  دەزانن. کۆیلە واتا بە بێ پرسیارکردن و رەخنەگرتن، دەبێت هەموو شتێک بۆ ئاغاکەی بکات، هەرچی لێداواکرد جێبەجێی بکات، سەرپێچی و سەرکەشی نەکات و لە فەرمانیان دەرنەچێت.

لای بنەماڵەی بارزانی، هاوڵاتییبوونی خەڵکی کوردستان بەم جۆرە ریزکراوە:
هاووڵاتی پلە یەک: خۆیان و هەزار پیاوەکانیان.
کچ نادەن بە شوو، بە هاوڵاتی پلەکانی خوارەوە، بەڵام کچیان لێدەهێنن. ئەم بیرکردنەوە خێڵەکییە شۆر بۆتەوە بۆ ناو هاوڵاتی پلە (دوو، سێ) بە دەنگمەن هەڵدەکەوێت بادینانی کچ بە سۆرانی بدات.
هاووڵاتی پلە دوو: جامانە سورەکانی تری دەوروبەری خۆیان لە بلە و بارزان.
وەک لە پەیامنیری کوردستانپۆست زانیاریی پێدام، ئەوانەی هاوڵاتی پلەی یەک و دوون، هەموویان موچەی تایبەتییان بۆ بڕاوەتەوە، بۆ سەرپێچی و سزای یاسایی دەستور و یاسای هەرێم نایان گرێتەوە، بە تایبەتی گومرگ و سزای ترافیک، کەسیان نابرێنە بەردەم دادگا، لای پۆلیس بانگ ناکرێن و سزا نادرێن. پارەی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان نادەن، بەردەوام ئاو و کارەبایان هەیە. لە هەمووی سەرنجڕاکێش تر لە کاتی مردنی هەر یەکێکیان وەکو شەهید ناویان دەنووسرێت و شەهیدانەیان بۆ دەبڕێتەوە.
هاووڵاتی پلە سێ: بریتییە لەو بادینانەی ناو دهۆک و زاخۆ و ناوچەکانی تر، کە شێخەکانی بارزان جاران بە میللەت ناویان دەبردن.
هاووڵاتی پلە چوار: سۆرانییەکان، ئەمانیش پارتیی و ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە سۆزدارییان بۆ پارتیی و بنەماڵەی بارزانی هەیە، سەر بە دەزگای ئاسایش و پاراستنن، کوێرانە دوایان کەوتوون، فەرمانەکانیان جێبەجێ دەکەن. لەسەردەمی مەلا مستەفادا بە (هەڤاڵ) بانگ دەکران، ئەگەر لە فەرمانیان دەربچن، ئەوا لە هاوڵاتی پلە چوارەوە دەکەونە خوارێ دەبنە هاوڵاتی پلە پێنج، بە (صۆرەش) بانگ دەکرێن. صۆڕە نازناوی سۆرانییە. بۆ سوکایەتیی و بە کەمزانییش بەکاری دەهێنین.
هاووڵاتی پلە پێنج: ئەوانەن کە بنەماڵەی بارزانی بە دوژمنی سەرسەختی خۆیان و پارتیی دەزانێت، لە رووی جۆگرافیاوە شوێنەکانیان دیاری کراوە. لەوانە (سلێمانی، کەرکوک، گەرمیان)، لەو دواییەدا شەنگالیشی چۆتە سەر، بۆیە دوایی داعشی بەردایە سەر ئێزیدییەکان، چونکە یاخی بوبوون و خۆشییان بە بنەماڵەی بارزانی نەدەهات، فەرمانەکانیان جێبەجێ نەدەکرد، بە تایبەتی لە دەنگدانەکاندا، پارتی کەمترین دەنگی لە شەنگال هێنا.

ئەوەی سەرەوە کە باسم کرد، لە چەند لایەکەوە و لە 16ی ئۆکتۆبەردا، کاریگەری بە سەر رادەستکردنی کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی ترەوە هەبوو، چونکە هاوڵاتی ئەو ناوچانە لە پلەی پێنجەمدا بوون، بنەماڵەی بارزانی دەستی لەم ناوچانە شۆریبوو، ئامادەشبوون یارمەتی حەشدی شەعبیش بدەن بۆ ئەوەی سلێمانیش بگرێت، وەکو لە زۆر کۆمێتی پارتەکاندا لە فەیسبوک، ئەو هەستەیان دەردەبڕی.
هەڵبەت دوای 22 رۆژ بەسەر تێپەڕبوونی دەنگدان بۆ ریفراندۆمەکە، واتا لە رۆژی 16/ 10 / 2017 ، ئەوەش دەرکەوت، کە ئەم ریفراندۆمە لەسەر خواست و پشتگیری تورکیا و ئێران، هەروەها بۆ حکومەتی عێراقیش بوو، تا بکرێتە بیانووی هێرش و پاساوهێنانەوە، کەرکوک و خانەقین و ناوچەکانی تریان دابەدەستەوە و لەدەست کوردیان دەرهێنا.
ریفراندۆم هەرچەندە بۆ سەربەخۆیی نەبوو، وەکو مەسعود و مەسرور و نێچیر ددانیان پێدا نا! بەڵکو بۆ لە دەستدانی بەشێکی زۆری نیشتمانی کورد بوو، کە بە پلانی (B)ی ئەو دەوڵەتانە و لە رێگای بنەماڵەی بارزانییەوە جێبەجێ کرا، پارتیی و یەکێتیی هەردووکیان دەستیان لەو خیانەتەدا هەبوو، تومەتبارکردنی هەر لایەکیان لەسەر ئەویتر رەخنە و قسەی هەبێت، بۆ فریودان و بەلارێدابردنی خەڵکی کوردستانە، چونکە هەردووکیان خیانەتیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە، جیاوازییان نییە.

سێیەم

مەبەست لە راگەیاندنی ئەو ریفراندۆمە لەو کات و سەردەمەشدا، دیسان بۆ لە باربردنی ئەو هەوڵە بوو، کە گوایا کوردانی رۆژئاوا بە نیازی پەرەپێدانی سنورەکانی رۆژئاوان تا لە دەریا نزیک بێتەوە، لەوێوە بە یارمەتی ئەمەریکا و وڵاتە ئەوروپییەکان، لە دواییدا نیمچە سەربەخۆییەک رادەگەنرێت. روسیاش چەندین جار ئەمەی پشتڕاست کردەوە. ئەو بەرەنگاربوونەوەیەی کوردانی رۆژئاوا لە بەرامبەر داعش و پێشەنگییەکانی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بۆ بەرەورووبوونەوەی دوژمن، جۆرێک لە ئیرەیی لای بنەماڵەی بارزانی دروست کردبوو، هەموو هەوڵیکیان بۆ تێکشکاندنی پێشکەوتن و سەرکەوتنەکانیان بەکار دەهێنا، یارمەتیی و سیخوڕی خۆیان بۆ تورکیا زیاتر کرد، ئەمەش پێشینە و مێژووی خۆی هەیە.
بنەماڵەی بارزانی بەو عەقڵەوە مامەڵە لەگەڵ کورد و نیشتیمانەکەیدا دەکەن، کە جگە لە خۆیان نابێت هیچ کەس و لایەنێکی تر ببێتە رابەری بزووتنەوەی کورد، هەر وەکو ئیدریس بارزانی کاتی خۆی لە دوای ئاشبەتاڵ و دروستبوونی بزووتنەوەی چەکداری لە لایەن یەکێتیی، فەرمووی:
(ئەو کوردستانەی بە دەستی جەلالییەکان رزگاری ببێت، ئێمە بەسەر هەموو کورددا دەیڕوخێنین).
مەسعودیش لە فۆڕمێکی تردا هەمان قسەی کردۆتەوە:
(ئەگەر پردێکمان پێ دروست نەکرێت، دەتوانین بیڕوخێنین).
مەبەست لە پرد واتای شۆڕشی دەگرتەوە.
تا ئیستاش بنەماڵەی بارزانی هەر بەو عەقڵەوە دژی (پەکەکە) و بزووتنەوەی خەباتی کوردی رۆژئاواش کار دەکات، بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو هەوڵە و بە پلانی تورکیا ئەوەبوو بانگەشەی ریفراندۆمیان بە ناوی سەربەخۆیی کوردستانەوە راگەیاند، تورکیا و ئێران لەمە بێدەنگ بوون، کە لە (16)ی ئۆکتۆبەردا پلانی (B)یان جێبەجێ کرد، لەمەشیاندا تورکیایان هێندەی دیکە بەهێزتر کرد و ئەزمونی رۆژئاوایان بەم ڕۆژە گەیاند، لە گرتنی عەفرینەوە، تا دەگاتە لەشکرکێشییەکەی بە درێژایی٣٠ کم بۆ سەر رۆژئاوا، تەنانەت داگیرکارییەکەی باشووریش، کەم تا زۆر کاریگەری سەرەنجامی ریفراندۆمەکەی پێوە دیاربوو.

بۆ کۆتایی ئەم بەشە:

لە کۆتایی ئەم بەشەدا ماوە بڵێم، کە ئەمڕۆ دەسەڵات، دەسەڵاتی دز و سیخوڕ و خائینەکانە، لەوە زیاتریان لێچاوەڕوان ناکرێت، لە ناو ئەو نیشتیمانەدا کە ئازادییەکی درۆی تێدایە، ئەویش ئازادیی خێڵ و بنەماڵەیە، هەموو خراپەکارییەک بەسەر هەموو کورددا فەرز کراوە، هەموو شتێک بۆتە موڵکی ئەوان، ئەوەی بەو خەڵکەی دەدەن لەوە زیاتر کەس ناتوانێت داوای زیاتریان لێبکات.
ئەوەی ئەمڕۆش روو دەدات کۆتایی بینینی سیناریۆی خیانەتەکان نییە، بەڵکو سەرەتای دەرکەوتنی راستییەکانە. هەر ئەو شوێنەیە، کە خراپەکارییەکەی تێدا دروست بووە.
ئەوانەی ئەمڕۆ دەسەڵاتیان هەیە، ئەو کەسانەن، کە لەم نیشتیمانەدا هەموو خراپەیەکیان پیشان داوین: (خراپەکاری لە درۆ، لە کردار، لە خیانەت لە دزیی، لە بەدڕەوشتیی و فەسادی کۆمەڵایەتیی)، لێ مەخابن خەڵکی کوردستان هەمووی قبوڵ کردووە، ناشیەوێت تێبگات، چونکە خۆشیان بوونەتە بەشێک لەو خراپەکاریی و نەهامەتییە و گەمەی دەسەڵات. زۆربەی خەڵکی کوردستان، بە نووسەر و ئەدیب و هونەرمەندەوە وەکو ئەوانیان لێهاتووە و لەگەڵ خراپەکاندا دەڕۆن، بەو مێژووەکەشەوە، کە بۆ پاشەڕۆژ بۆ نەوەکانی داهاتوو دەنووسرێتەوە.
مێژووش رەحم بە کەسمان ناکات، چونکە سەلماندومانە کە هەموومان بۆ ئەوە هاتووین، وەک باوباپیرانمان کاتێک ژیان بەجێدەهێڵین، تا لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا، نەفرەتمان لێبکرێت و ببینە یادگارێکی ناخۆش بۆ نەوەکانی دوای خۆمان، بەڵکو خراپتریش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە