هونەری گپرانی لە نێوان دوێنێی زیندوو، ئیمڕۆی بێ گیان دا

Thursday, 20/02/2020, 11:33

8551 بینراوە


لێرەدا من گەرەکم نییە لە ڕووی زانستییەوە، قسە لە ھونەری موزیک بکەم، چونکە ئەوە بوار و پسپۆڕی من نییە. لێ مەبەستمە لە کولانەیەکی دیکەوە، سەرنجێ لەو موزیک و تێکستانە بگرم، ئەوانەی بە ڕەسەنی خۆیان رۆح ئارام دەکەنەوە و چێز و خۆشییەک بە گوێگر دەبەخشن، لەناوەڕا ھەستی خۆشی دەبزوێنن.. ھاوکات بەراودێک بکەم لە نێوان ئەو ھونەرە بەھێز و زیندووە، لەتەک ھونەری بێ گیانی سەردەمی مۆدێرنەدا ..
بۆ ئەم بەراوردکارییەش زۆر دوور ناکەومەوە...لەو نموونانەی لەبەر دەستدان، من کاری ھونەرمەندی میللی بەناوبانگ « میدیا حسەین» و کوڕەکەی « جێگر میدیا حسەین» م وەک نموونە دەھێنمەوە.
ئەوەیش لەبەر ئەوەی سەردەمەکانیان بەدوای یەکتردا دێن و ستایل و شێوازی چڕینی گۆڕانییەکانیش زۆر لێکەوە نزیکن.

گۆرانی جاران:
*************
شنەی شەماڵ لەکوێوە دێ و دەڕوا بەسەر زێوە
مەگەر گوڵ دوو باڵم بڕوێ، بفڕم بەو کەژ و کێوە
خۆی بەناز لێ تۆرانم، ناسکۆڵەی پەری شێوە
ھەر ھێندەم خواست تەمەن، با شادبم بەو دوو سێوە
سەر لەسەر سنگی دانێم، چش ھەوراز و نشێوە..
******************
لێوی پیاڵەی سادەیە، شەکری دەمی بادەیە
وەی لەودڵە بەدبەختەم، بێ ھێز و ئیرادەیە
ناوێرم ھاتووچۆی کەم، ماڵیان لەسەر جادەیە
سیروان لەھەقم نایە، سووتاوم بەو ڕادەیە
*****************
ھەروەکو مانگی چواردە،تریفەی لەگەڕەک وەردا
بە دەستوپەنجەی جوانی، درزێکی خستە پەردە
میدیا حسەین

تەماشای ھونەر و چێژ و جوانی و تەڕوپاراوی وشە و گیانی زیندووی ئەم دێڕانە بکە... ئەو عاشقە وێڵ و سەوداسەرە، ھەموو ھیوای تەمەنی گرێ دەدات بە گەیشتن و شادبوون بە دوو سێوەکەی یار... ئەو دیو سێوەش ھان بە باڵای دەرەختێکەوە لە نزیک تۆقەڵەی سەرییەوە... شوێنەکە بەسەر سەرسنگەوە وەستاوە. بڕەک بەردەڵانی ھەواراز و نشێوە... سروشتێکی جوگرافیایی کە لە ھەموو شوێن و دەڤەرێکی کوردستان بەرچاو دەکەوێت. بڕینی ئەم سروشتە جوانە سەخت و دژوارە، دیارە ھەڵبژاردنی ئەم سروشتە بکرێتە جۆلانەی خەو و عاشق بیەوێ پشوویەکی ئارامی تێدا بدات، یاخود سەرخەوێکی لەسەر بشکێنێ، ئەوە بۆی ئاسان نییە و ھەر دەبێ تلاوتلی بێت، لە نێوان شیو و دۆڵی سەر سنگی یاردا.
یاران چ وێنەیەکی شیعری جوان لێرەدا بەرجەستە بووە!...تەختایی سنگ و نشێوی نێوان دوو مەمک، ئەم بەرزی و نزمییە، بۆتە ھەوراز و نشێوی سروشتێکی جوان. جا عاشقە شەیداکە، ھیچ دەربەست نایەت بەم قەدو باڵایەد ھەڵزنێ ، بەو ھەوراز و نشێوەدا ڕێ بکات تا دەگاتە تەپۆلکەکان/ بەرزاییەکانی لوتکەی سێوەکان.ئاخر لە جۆلانەی ئەم داڕشتن و مانا سیمبۆلییە ژیانییەدا، تەڕوپاراوی ھونەرێکی زیندووی، تێدا دێت و دەچێ تەوژم دەدات ...
خەیاڵ و فەتازیایەک لێرەدا بەرجەستە بوو، نمایشتی جوانترین تابلۆ عەشق و خۆشەویستی بووە. من بۆخۆم ھەرگیز بێزار نابم لە بیستنی ئەم جۆرە وشانە، کە بە ناواخن دەوڵەمەند بە مانا، بە خەیاڵو فەنتازیا، بە لێکچوواندن و بزواندنی ھەست... بەئاواز و مۆزیکی نزیک لە عەشقی جوانی...

گۆرانی نوێ:
***********

حەز دەکەم لەگەڵ یاردا بچمە جادەی پۆزەکە
خۆم سورای دەکەم، دەیخەمە سەیارەکە
با عالەم بزانێ جێگر چاوی ماچ دەکا
ھەتاکو ڕۆژی مردن، جێگر یادی لێ دەکا
بەخۆشی ئەمانە، ئەو گەعدەیەت بۆ دەکا
جێگر میدیا حسەین
ئینستاگرام نەبوایە ئێمە چیمان کردایە
وێنەی خۆی داناوە کوشتمی ئەو لایلایە
فەیسبووک باوی نەما باوی ئینستاگرامە
دەڵێ وێنەکانی تۆم بۆ یادگاری لە لامە
شیروان عەبدوڵا

لەگەڵ خۆشەویستی بۆئەم دوو گۆرانیبێژە ، کە دەزانم کۆمەڵێ بەرھەمی جوانیشیان ھەیە و ڕەنگە لەنێو ئەو دەستەیەی ئەم بازاڕی ھونەریان گەرم کردووە، لە ھەرە باشەکانیان بن. لێ دیسانەوە لێرەدا ناجۆری ناھەمووارییەکی ئاڵۆز و قورس ساز بووە.
جارێ لە ڕووی داڕشتن و وشەکانەوە، زۆر وشک و بێ گیانن. ڕەنگە لەشاری سلێمانیش دا کەسانێک ھەبن، نەزانن «جادەی پۆزەکە » چییە و لەکوێیە و مانای چییە؟! جاوەرە مەودای خەیاڵت بۆ کوردێکی بەشەکانی تری کوردستان بڕوات ، دەبێت ئەو وشانە چەند ناسازتر بێنە گوێی بیسەر!...
یان بیسەرێکی کرمانشانی چۆن لە وشەی «گەعدە »تێ بگات؟؟؟
ڕووبەری ئەم گۆرانییە و کەرەسەکانی، ئامێرگەلێکی تەکنەلۆژیایی سەردەمی مۆدێرنەن. خۆشییان لە تامی ئەو تەماتە بریقەدارانە دەچێت، کە تامیان نییە... ژیان لێرەدا دیلی ئەو پێگە و تۆڕە تەکنەلۆیاژیانەیە کە ناویان ناوە فەیسبووک و ئینیستاگرام و... تاد.
من پێم وایە، تا تەکنەلۆژیا پێشکەوێ، چێژە ڕۆحییەکان زیاتر دەکوژرێن و ، لە ڕەسەنایەتی دوور دەکەوینەوە و وشەی بێ گیان و ئاوازی وشک بە لێشاو دەڕژێتە گوێمانەوە و دەکەوینە پەڕاوێز و دامێنی ھەرە خوارەوەی وێنە جوان و خۆڕسکەکانی نێو کۆمەڵگا و دیمەنی سروشتی کوردەواری.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە