نامەیەک بۆ برا بچوکەکان کە بیگەیەنن بە برا گەورە!

Thursday, 20/02/2020, 22:20

7557 بینراوە


لاپەڕەی تیرۆری سەردەشت عوسمان هەڵنادەینەوە، چونکە ئەوکات و ئێستاش بیانوی ئێوە ئەوەبو کە کەس ڕازی نابێت سنوری شەرەفی خانەوادەکەی ببەزرێنێت!

ئێمەش الحکم للە دەست ئەگرین بە ئەژنۆمانەوە و لەبری ئەوەی گلەیی لە بکوژانی سەردەشت بکەین ئەڵێێن خۆزگا ئەو گەنجە ئەو هەڵەی نەکردبایە و کە کردیشی خۆزگا بە شێوەیەکی تر سزای وەرگرتایە.
بەڵام دیارە داری خۆزگە لەم وڵاتەدا زڕە و بەر ناگرێت.
ئێستا ئیمەش مافی خۆمانە بپرسین، ئاخۆ بەزاندنی سنوری شەرەفی بەڕێزتان، ئەگەرچی لەڕێگای خەونێکی مناڵانەشەوە بێت، سزاکەی بریتی بێت لە کوشتن.
ئاخۆ سزای لاقە کردنی منداڵێکی حەوت ساڵان لە و شارەی کە بەڕێزتان حوکمی ئەکەن چیە؟
ئاخۆ کێ پارێزگاری شەرەفی ئەو خانەوادانە بێت کە نە کەسیان هەیە و نە خودا!
ئاخۆ کێ تۆڵەی بەزاندنی شەرەفی کیژۆڵەیەکی منداڵ و باوکێکی بێکەس وەرگرێتەوە لە کاتێکدا ئەوان نە سەربازی دەمامکداریان هەیە و نە حیمایەی پیاو کوژ؟.

کەواتە لە پێناوی ئەو شیعاراتەی کەبەرزتان کردۆتەوە نەک لە پێناوی ئێمە، وەرنە دەنگ و سزای ئەو تۆمەتبارانە بدەن.
کادیرانی پارتی و نوسەر ودەهۆڵکوتەکانی یاسای چاکسازی، لەبەر خاتری خۆتان و ئەو پیاوەی کە بەفریادڕەستان ناساندوە وەرنە دەنگ.
ئیمامی مزگەوتەکانی هەولێر وتاری هەینی ئایندە تەرخان بکەن بۆ باسی ئەم کەیسە، ئەگەر وانەکان ئەوە شەریکی ئەم کارەن.
ئیمامی مزگەوت کاری ئەوە نیە کە باسی چیرۆکی کیسەڵ و دووپشک و مارەکە بکات، بەڵکو واجبی ئاینی و ئەخلاقی ئەوە کە لە پێناوی مافی لاوازەکانا بێتە قسە.
ڕێکخراوەکانی ژنان و قەرەداخیەکان، ئەگەر لەسەر ئەم کەیسە نەیەنە جواب، ئەوە لە خۆتان بێ شەرەف تر مەگەر ئەوانە بن کە تەمویلتان ئەکەن.
ئەو کچە کچی هەمومانە، شەرەفی هەر هەمومان لاقە کراوە، ناموسی هەر هەمومان لە ژێر کۆمەڵێک ناپیاودا لەکەدار کراوە.

ئەم کەیسە کەیسی هەر هەمومانە، بێدەنگی لەبەرانبەریا نەبونی ئیمان و ویژدان و کەرامەتە.
تکایە هەموتان فەیسبوک پڕ بکەن لە وێنەی ئەم تراجیدیا. هەرچی دەزگای میدیایی کوردیش هەیە ئەگەر ئەم باسە نەکەن بە مانشێتی هەواڵ و نوسینەکانیان ، ئەوە بەشدارن لەم کارە قێزەونەدا.
ئەو کچە کچی هەمومانە، هەر هەمومان لاقە کراوین.
نەفرەت لەوەی کە توانای شتیکی هەیە و نایکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە