سەرچاوەی ڕەوشت لە نێوان ئاین و زانستدا (بەشی یەکەم)

Sunday, 23/02/2020, 11:25

14423 بینراوە


ئەمین مەعلوف: ئەوانەی خاوەن ئاینن پێیان وایە ئیدی پێویستیان بەوە نییە خاوەنی ڕەوشت بن.

سەرچاوەی ڕەوشت لە ڕوانگەیەکی ئاینییەوە

زاراوەی ڕەوشت گەلێک واتای جۆراوجۆر و بەرفرەوانی هەیە، بۆیە نەکارین لە چەمکێکی دیارکراودا چڕی بکەینەوە. هەرچەندە بنەما و ڕێسایە ڕەوشتەکییەکان لە سەردەمێک بۆ یەکێکی دیکە و لە کۆمەڵگەیەک بۆ ئەوانەی دی جیاوازن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کۆمەڵێک لە ڕەفتار و هەڵسوکەوت هەن، لەلای هەموو مرۆڤەکاندا لە گشت شوێن و سەردەمێک وەک یەکن و گۆرانیان بەسەردا نایەت. ڕاستگۆیی، دادپەروەری، بەبەزەیی، بەخشندەیی، یارمەتیدانی یەکدی، نموونەی چاکەکاری و ڕەوشتبەرزین، لە بەرانبەر ئەمانەشدا، درۆکردن، فڕوفێڵ و ساختەکاری، توندوتیژی، خۆپەرستی، زۆرداری و ستەم، بە خراپەکاری و بێڕەوشتی دادەندرێن.
لێرەدا دەمانەوێت لە ڕوانگەیەکی ئاینی و زانستییەوە بڕوانینە ڕەوشت، بۆ زانینی چییەتی و بنچینەی ڕەفتارە ڕەوشتەکییەکان، تا بتوانین بگەینە ڕاڤە و وەڵامی ئەو پرسیارانەی لەم پرسەدا دەکرێن. وەک، ئایە هیچ ڕەوشتێک بوونی هەیە بەبێ بوونی ئاینەکان؟ ئایە مرۆگەلە بێخوا، یان بێئاینەکان خاوەنی ڕەوشتن؟ ڕاستە کەسێکی ئایندار ڕەوشتی بەرزترە لە یەکێکی بێباوەڕ؟ ڕەوشتی بێئاینەکان لەچییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئەو کەسەی باوەڕی بە دادگاییکردنی ڕۆژی دوایی و بەهەشت و دۆزەخ نەبێ، چی هۆکارێک ڕێگری لێ دەکات، بۆ ئەنجامدانی هەر خراپە و تاوانێک کە بیەوێت؟ بە بۆچوونی ئاینداران، ڕەوشت لە ئاسمانەوە بۆ مرۆڤەکان دابەزیووە، ئاین تاکە سەرچاوەی بنەڕەتی و ڕاستەقینەیە بۆ بوونی ڕەوشت، بەمەش ئەگەر ئاین لەناو بچێت، ئەوا ڕەوشتیش بوونی نامێنت و جیهان دەبێتە دارستان. واتە ئەگەر مرۆڤێک ئاینی نەبێت (هەر ئاینێک) ئەوا ڕەوشتیشی نییە، چونکە تەنیا ئاینە فێری ئەوەمان دەکات کە دزیکردن، کوشتن و دەستدرێژی هەڵەیە و بەدڕەوشتییە. لەم ڕوانگەیەشەوە هەندێک لە موسڵمانان بە مەبەستی تیز و تەشەر بە بێخوا و بێئاینان دەڵێن، هەر ئاینە کە کرداری زایەندی (سێکسکردن) لەگەڵ دایک و خوشک قەدەغە کردووە، بەمەش ئەگەر کەسێک باوەڕدار نەبێت، ئەوا ئەم کارانەی پێ ئاسایی دەبێ، بۆیە دەتوانێ بە ئارەزووی خۆی سێکس لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی بکات!
ئەگەر ئەو سێ ئاینە (جووەکان، کریستییانەکان، ئیسلام) بەناو ئاسمانییە سەرچاوەی ڕەوشتن، ئەی چۆن خەڵکی پێش ئەم ئاینانە ژیاون؟ ئایە مرۆڤەکانی ئەو سەردەمانە هەموویان بێڕەوشت بوون؟ ئایە گەلانی سۆمەری و بابلی و میسرییە کۆنەکان هیچ ڕەوشتێکیان نەبووە؟ ئەی چۆن توانییان ئەو شارستانییەتە مەزنانە بنیات بنێن؟ ئایە کۆمەڵگەی ئێمە خاوەنی ڕەوشتێکی بەرزە، ئەوانەشی بێئاینن بەدڕەوشتن؟ خۆ ئەگەر ئەمڕۆکەش سەرنج بدەینە بۆ نموونە، وڵاتانی ئەسکەندەنافی و کەنەدا و ژاپۆن کە ڕێژەی بێئاینییان تێدا یەکجار زۆرە، ئایە کەسەکانیان بێڕەوشتن؟ ئەی بەچی ئاوا لە هەموو بوارێکی ژیاندا پێشکەوتوون؟ ئاشکرایە کە هەر ڕەوشتە یاسا بەبەرهەم دەهێنێت، نەک بەپێچەوانەوە، کەواتە دەبێ دان بەوەدا بهێنین کە ئەو وڵاتانە لە ئێمە بەرزەڕەوشتترن، چونکە خاوەنی گشت یاسا و ڕێسایەکی دادپەروەرانە و مرۆڤانەن. چۆن لەلای ئێمەدا ئەو هەموو گەندەڵی، بێمافی، نەبوونی دادپەروەری، دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژییە بەرانبەر بە ژن و منداڵان ڕاڤە دەکرێن؟ بوونی خۆشگوزەرانی و نەبوونی شەروشۆڕ لای بێئاینان، کارەسات و کوشتن و بڕینی بەردەوام لە کۆمەڵگە ئاینی و ئیسلامییەکان چۆن لێک دەدرێنەوە؟
دەبێ بزانین کە گشت بێئاینێک چاک نییە، هەموو چاکێکیش بێئاین نییە، بگرە بێئاینیش وەک مرۆگەلەکانی دیکە دەشێ چاکەکار، یان بەدکار بێت. ڕاستە نەبوونی ئاین، تا ڕادەیەک مرۆڤ دەخاتە بەردەم ئاستێک لە ئازادی سێکسکردن، بەڵام ئەمە بەهیچ شێوەیەک ئەو واتایە بەدەستەوە نادات، کەسێکی بێئاین هەموو ژیانی لە سێکسکردندا دەبینێتەوە، چونکە بێئاینیش هاوشێوەی ئایندار، ژیانی خێزانی و کۆمەڵایەتی خۆی هەیە. سێکسکردنیش لەگەڵ دایک و خوشک، کۆمەڵێک کێشە و گرفتی مەزن بەرپا دەکات، بەتایبەتی ئەگەر ببێتە هۆی منداڵبوون، کاریگەرییەکی نەرێیی زۆری دەبێت، لەسەر ئەو منداڵە لە ڕووی شێوانی جینەکی و بارودۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە. بیرۆکەی سێکسکردن لەگەڵ دایک و خوشک لەلای هەموواندا قێزهاتنەوەی لێ دەکەوێتەوە، بۆیە ئایندارێکیش دەکرێ لەخۆی بپرسێت، ئایە ئەگەر ڕۆژێک ئاینەکەم بەجێ بهێڵم، دەشێ بیر لە سێکسکردن لەگەڵ دایکمدا بکەم؟ ئایە تەنیا ئاینە وامان لێ دەکات، ئەو کارە نەکەین؟ بێگومان نەخێر! گەلێک هۆکاری بایۆلۆژی و دەروونی هەن، بۆ پەسندنەکردنی سێکسکردن لەگەڵ کەسوکارەکانمان. بە پلەی یەکەمیش وەک گوتمان قێزلێبوونەوەیە، هەرچەندە ئاشکرایە کە ئەو قێزلێبوونەوەیە نابێتە بیانوویەکی ڕەوشتایەتی، چونکە ئەو دەمەی ئێمە قێز لە دیمەنی سێکسکردنی پیرەکان دەکەینەوە، ماناکەی ئەوە نییە کە ئەم کارە بە بەدڕەوشتی دادەنێین. کەواتە بەکورتی دەبێ ئایندار بزانێت، هۆکاری نەکردی سێکس لەلای بێئایندا، هەمان ئەو هۆکارانەی کەسێکی ئایندارە.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دەتواندرێت بە شێوازێکی دی، بۆ چەندان چەمک و بنەما ڕەوشتەکییەکان بەکار بهێندرێت. زۆر جار گوێبیستی ئەوە دەبین، ستالین و هیتلەر بێئاین بوون و ملیۆنان کەسیان کوشت، ئەگەر ئەمە ڕەوشتی بێئاینەکان نەبێ، ئەی چییە؟ دەکرێ لە دوو ڕووەوە وەڵام بدەینەوە، یەکەم ئەوەیە کە ستالین و هیتلەر هیچ کەسێکیان نەکوشت لەبەر ئایندارییەکەی، بگرە هەموو ئەوانەیان دەکوشت کە دژی سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای ئەوان بوون، بەبێ ڕەچاوکردنی ئاین و نەتەوەی کەسەکان. ئەگەر ئەوان گوێیان بە سزای خوا نەداوە، دەبێ چی بڵێین بەرانبەر بە دیکتاتۆرە ناسراوەکانی وەک سەدام و ئەوانەی دی لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکان؟ چاکە و خراپە پەیوەندیان بە ئایندارییەوە نییە، بۆ نموونە، ئەو سێ کەسەی زیاترین پارەیان بەخشیووەتە ڕێکخراوە خێرخوازەکان لە ئەمریکادا، بێئاینن. بەڵام دیسانەوە مەبەستمان ئەوە نییە کە ئاینداران هەرگیز ئەم چاکانە ناکەن، هەرچەندە زۆر جار بەخشینەوەی پارە لەلای ئاینداران، لە هەست و سۆزێکەوە ڕاستەقینەوە سەرچاوە ناگرێت، بگرە پتر بۆ خۆدەرخستن و پلە و پایەی کۆمەڵایەتی و بۆ بڵاوبوونەوەی ئاینەکەیانە.
ڕەوشت وەک پاشان ئاماژەی پێ دەدەین، سروشتێکی بایۆلۆژی هەیە و بەرەبەرە بووە بە چەمکێک، لە دواییدا بووە بە بەها ڕەفتارەکییەکان، نە گیانەکی و نە ئەودیوسروشت، نە کۆمەڵە واتایەکی ڕووتیشن کە لە هێزێکی ئاسمانییەوە هاتبن. سەرلەبەریان چەند بنەما و یاسایەکن سروشت دەیان سەپێنێت، ئێمەش بە مێشکمان مشتوماڵیان دەکەین، تا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانمان بگونجێن. چی ئەوانەی بە چاکەکاری، یان بەدکاری و خراپە دادەندرێن، پێویستمان پێیان دەبێ بۆ مانەوەی خۆمان و کۆمەڵگەکەمان، کەواتە سەرچاوەی سەرەکی ڕەوشت، مرۆڤ خۆیەتی بە هۆش و کۆمەڵگەکەی.
بۆ ڕوون کردنەوەی ئەم پرسە لە بوونی چاکە و خراپە، گریمان سێ کۆمەڵگە، یان سێ هۆزی مرۆییمان هەن؛
- یەکەم: گشتیان بەرزەڕەوشتن و ئەوەی ناو دەنرێت بە خراپەکاری تێیاندا نییە، هەموویان خاوەنی سۆز و خۆشەویستین، ئاشتیخوازن، ڕاستگۆن، یارمەتیدەری یەکدین، تا ئاستی ئەوەی ئامادەن لەپێناو ئەوانەی دی خۆیان بەخت بکەن.
- دووەم: بەپێچەوانەی ئەوەی یەکەم، هەرچییەکی پێی دەگوترێت چاکەکاری لەلای ئەمانەدا نییە، گشتیان، درۆزنن، دزن، ناپاکن، دڕندە و بکوژن، کەسیان لە هیچ شتێک سڵ ناکەنەوە.
- سێیەم: وەک ئێمەن، هەندێکیان چاکەکار و ڕەوشتبەرز، هەندێکیشیان بەدکار و شەڕانگێز، بەکورتی تێکەڵاوەیەکن لە کۆمەڵێک هەڵسوکەوتی جۆراوجۆر لە باشە و خراپە.
ئێستە با پرسیارێک بکەین، کامە لەو سێ هۆزە، یان کۆمەڵگەیە ئەگەری مانەوە و بەردەوامبوونی پترە لەوانەی دیکە؟ بێگومان ئەوەی سێیەمیانە! ئاسانە کە بزانین، یەکەمیان کاتێکی کەمیان دەوێ و هەر دەبێ لەناو بچن، ئەو دەمەی دووچاری هێرشێکی دڕندەی دەرەکی دەبنەوە، ناتوانن بەرگری لەخۆیان و خاکیان بکەن، چونکە ئەمانە فێرە، رکلێبوونەوە، توندوتیژی، شەڕ و کوشتن نین. دووەمەکەشیان هاوشێوەی یەکەم، لەگەڵ ئەوەی توند و خاون هێزن کە بتوانن بەرگری لەخۆیان بکەن و هێرشیش بەرنە سەر ئەوانەی دی، بەڵام ئاشکرایە کە شەڕوشۆڕ و ئاژاوەی ناوەخۆ، پاش ماوەیەک بەرەو نەمانیان دەبات. کەواتە ئەوەی یەکەمیان تووشی شکست دەبێت لە ژیان و ئەوەی دووەم لە پێکەوەژیان. لەبەرئەوەی لە کۆمەڵەی سێیەمیاندا چاک و خراپ هەن، بۆیە پێشبینی دەکرێت بتوانن کۆمەڵگەیەک دابمەزرێنن، بە بوونی هاوسەنگییەک لە نێوان شەڕ و ئاشتی، بەبەزەیی و زەبروزەنگی، هاوکاری و خۆویستی، دەرەنجام هەموو ئامانە پێکەوە ببنە هۆی هاتنەکایەی کۆمەڵگەیەک، یان شارستانییەتێک کە بکارێت بەردەوام بێت و بمێنێتەوە.
لەمەوە بۆمان بەدەر دەکەوێت کە هەم هاریکاری، هەمیش خۆویستی سوودیان هەیە، چونکە ناکرێت کۆمەڵگەیەک بژیێت و پێش بکەوێت، بەبێ بوونی کەسانێک کە لەلایەک بۆ بەرژەوەندی خۆیان، لەلایەکی دیکەوەش بۆ کۆمەڵگە و نەتەوەکەیان کار بکەن. بە میکانیزمەکانی هەڵبژاردن و پەرەسەندن، بە ماوەیەکی یەکجار دوورودرێژی ملیۆنان ساڵی، بوونەوەرەکان وایان لێهات ببنە خاوەن کۆمەڵێک لە ڕەفتاری تێکەڵاو لە چاککەکاری و بەدکاری کە لەڕێیانەوە بتوانن، لە ناوەوەیان خۆیان ڕێک بخەن، هاوکات مانەوەیان بپارێزن لە دوژمنە دەرەکییەکانیان.
ڕەوشت لەچییەوە هاتووە و سەرچاوەکەی چییە؟ بۆ ئەوەی بکارین چەند وەڵامێکی گونجاومان هەبێ بۆ ئەم پرسیارە و هەموو ئەوانەی کە پێشتریش کردمان، دەبێ سەرەتا بزانین پێناسەمان بۆ ڕەوشت چییە و فەیلەسووفان چیان دەربارەی گوتووە؟


ڕەوشت چییە؟

ڕەوشت (الأخلاق - Morality): ژمارەیەکی یەکجار زۆر پێناسەی جۆراوجۆری هەیە، بەڵام دەکارین زۆر بەکورتی بڵێین، ڕەوشت واتای ڕەفتار و خووەکان دەگەینێت بە هەردوو لایەنە ئەرێیی و نەرێیی، یان چاکە و خراپەکەیەوە. ڕەوشت پێک دێت لە کۆمەڵە بنەما و ڕێسایەک بۆ هەڵسوکەوتەکان، لە پێناو ڕێکخستنی ژیان و دیارکردنی پەیوەندییەکانی تاکەکان بە کەسانی دییەوە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی کە مرۆڤەکان هەیانە لەم بوونەدا. ئەم زاراوەیە بەرانبەرە بە (Ethics) کە لە وشەیەکی گریکی بە واتای (خوو) وەرگیراوە، پتر ئەو دەمانە بەکار دەهێندرێت، ئەگەر لە تێزێکی زانستی و فەلسەفییەوە لە ڕەوشت بڕوانین.
زانستی ڕەوشت، یان ڕەوشتناسی، گەلێک جار بە فەلسەفەی ڕەوشت دەناسرێت، پێناسە دەکرێ بە زانستی ڕەفتار، یان چاکسازییەکانی ڕەوشت. ئەوەی زانستێکە چەمکی چاکە و خراپە ڕوون دەکاتەوە، تۆژینەوەیەکیشە لە ڕەفتارە گشتییەکانی تاک و کۆمەڵگە، بۆ دانانی ڕێسایەک بۆ ڕەوشتە نموونەییە باڵا و مەزنەکان، تا مرۆڤایەتی بیان گرێتەبەر. بەڵام تیۆری ڕەوشت، لە چییەتی ڕەوشت دەکۆڵێتەوە بۆ زانینی سەرچاوە و مێژوو و پەرەسەندنەکەی، هەروەها ئەو یاسایانەی کە پلە و پایە ڕەوشتەکییەکان دیار دەکەن، بۆ دەستنیشان کردنی ئەو هۆکارانەی ئەو بنەمایانە دەکەنە ڕاست، یان هەڵە، چاکە یاخۆ خراپە.
سروشتی مرۆڤ بەو جۆرەیە کە هەمیشە بیر بکاتەوە و پرسیار بکات، دەربارەی ئەوەی پێویستە چی ڕەفتار و کار و کردەوەیەک بکات و کامەشیان نەکات؟ دەبێ چۆن منداڵەکانمان پەروەردە بکەین؟ ئایە دەشێ مرۆڤ پەنا بباتە بەر درۆکردن؟ دەکرێ خەڵکانی دی بچەوسێنمەوە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆم؟ کەواتە ڕەوشت شێوەیەکە لە هۆشمەندی مرۆیی بۆ ڕێکخستن و چاککردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی، لە گشت بوارە جیایاکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، لە ماڵەوە لەگەڵ ئەندامانی خێزان، بەرانبەر بە کەسانی دیکەوە، لە پیشە و سیاسەتکردن، لە خوێندنگە و شوێنە گشتییەکان. بنەماکانی ڕەوشت بەگوێرەی تایبەتمەندی گەل و وڵاتەکان دێتە بەرهەم، هەر لە کۆنەوە هەموو نەتەوەکان بۆ شانازیکردن هەوڵیان داوە ببنە خاوەن بەها ڕەوشتەکییەکان و بەبەردەوامی پەرەیان پێ بدەن و بیان هێڵنەوە. کاتێکیش هەلومەرجێکی تایبەتیان بێتە بەردەم، بتوانن دەستکارییان بکەن و چاکسازییان تێدا ئەنجام بدەن، بەمەش بۆیان ببێتە سەرچاوەیەک بۆ هەڵێنجانی چەندان یاسا و ڕێسا کە کەس نەتوانێت پێشێلیان بکات.
پێشتر گوتمان ڕەوشت پێناسەیەکە بۆ ڕەفتار، ئەمەش واتاکەی ئەویە کە یەکێک ڕەفتارێک دەکات، من یان تۆ بڕیار دەدەین، یان هەڵسەنگاندنێک دەکەین بۆ ئەو ڕەفتارە، جا چی بە ئەرێیی بێت یان نەرێیی. ڕەوشت کارلێک کردنێکە لەنێوان دوو کەس یان زیاتر، ئەو کارلێکە ڕەفتارە، ڕەوشتیش پێناسەیەکەیەتی. کەواتە مرۆڤ لە بنچینەوە ڕەوشتی نییە، بگرە تەنیا ڕەفتاری هەیە، بەڵام توانایەی هەیە ئەو ڕەفتارانە پێناسە بکات و بڕیاری لەسەر چاکە و خراپەکەی بدات. کاتێک ئێمە بە یەکێک دەڵێین، ئەو کەسە چاکەکار و خاوەنی ڕەوشتە، ماناکەی ئەوەیە ڕەفتارەکەیمان بە چاک داناوە، یان پێکهاتووین لەسەری کە کارێکی چاکە، بەپێچەوانەوەش هەر وایە. با لێرەدا بپرسین، ئەگەر ئەو کارلێکە نەبێت، ئایە ڕەوشت بوونی دەبێت؟ چەند کەسێک لە ژوورێکدا بن و هیچ شتێک نەکەن، نە هیچ بڵێن و نە بشجووڵێن، ئایە دەتوانین بڕیارێک بدەین لەسەر ڕەوشتیان؟ بێگومان نەخێر! کەواتە بوونی ڕەوشت پێویستی بە ڕەفتارە، پێویستی بە بوونی مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکە هەیە تا بوونی هەبێت. ڕەوشتی ناماددەیی لە بوونێکی ماددەییەوە هەڵدەقوڵێت، ماددە پێش ناماددەییەکان هەبووە، ڕەوشتیش بە بوونی زیندەوەرانەوە هەیە، نەک پێش بوونی زیندەوەران، چونکە شتێکی سەربەخۆ نییە.
گەلێک هەن بەتایبەتیش لە کەسانی ئایندار دەڵێن، بێئاین باوەڕی تەنیا بە ماددەیە، ڕەوشتیش چەمکێکی واتایی و ناماددەییە، بۆیە بێئاین باوەڕی بە بوونی ڕەوشت نییە. بەڵام ئایە ڕاستە ماددەگەراییەکان باوەڕیان بە هیچ شتێکی ناماددەیی نییە؟ بێگومان ئەوانەی ئەو بۆچوونەیان هەیە، مەبەستیان لە پێناسە کلاسیکییەکەی ماددەگەراییە، بەوەی ماددە ئەو شتەیە کە بارستایی هەیە و جێیەک دەگرێت لە بۆشاییدا، دەشێ بە یەک لەو پێنج هەستەی کە مرۆڤ هەیەتی هەستی پێ بکرێت. ئەمەش بۆچونێکی هەڵەیە، چونکە بێئاین هەرگیز نکوڵی لە بوونی شتە ناماددەییەکانی وەک، هۆشمەندی و بەها واتایی و مرۆییەکان ناکات. ئەوەندەیە کە دەبێژێت، هەموو ئەمانە بەندن بە ماددەوە و بەرهەم و دەرنجامی ماددەکانن، هەمیشە بە ماددەوە هەن، بەبێ بوونی ماددە ئەمانیش بوونیان نامێنێت. ڕاستە ماددەگراییەکان پێیان وایە، ماددە سەرەتایە و پێشی شتە ناماددەیەکانە لە بووندا، ئەمەش نکوڵیکردن نییە لە شتە ناماددەییەکان، لەبەرئەوەی مرۆڤ هەموو ئەو بیرۆکە و چەمکە ناماددەییانەی بەبەرهەم هێناوە، بەبێ بوونی مرۆڤ واتایان نابێت. دایکایەتی هیچ مانایەکی هەیە بەبێ بوونی دایک و هەست و سۆزەکەی؟ ئایە دادپەروەری و بەبەزەیی مانایان هەیە، بەبێ بوونی بوونەوەرێک کە ئەو شتانە پیادە بکات؟
لە فەلسەفەدا ڕەوشت بابەتگەلێکی یەکجار بەرفرەوانە و لە گشت بوارەکان پتر گرینگی پێدراوە، لە مێژوودا گەلێک لە فەیلەسووفەکان پێناسەی ڕەوشتیان کردووە و لێیان کۆڵیوەتەوە. لەبەرئەوەی مەبەستی ئەم چەند دێڕەمان زیاتر دەستنیشان کردنی سەرچاوەی ڕەوشتە، بۆیە لێرەدا زۆر بەکورتی ئاماژە دەدەین بە هەندێک چەمکی ڕەوشت لە فەلسەفەدا.
پرسی ڕەوشت مێژووەکی کۆنی هەیە، بەتایبەتیش لە سەردەمی گریکییەکان کۆمەڵێک لە فەیلەسووفە ناودارەکان، ئاماژەیان بە تێزە ڕەوشتەکییەکان داوە وەک، سوکرات و ئەفلاتون ئەریستۆ. سوکرات بەوە ناسراوە کە فەلسەفەی لە ئاسمانەوە دابەزاندە سەر زەوی، چونکە زۆربەی بیرۆکە و چەمکە فەلسەفییەکانی خستە چوارچێوەیەکی مرۆیی. بەڵام ئەفلاتون دەی گوت، مرۆڤ دەتوانێ چەند پێوەرێک بۆ هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی دابنێت، بۆ ئەوەی مرۆڤ بیگرێتە بەر بۆ گەیشتن بە چاکەکاری، ئەمەش دواجار دەیگەیێنێتە ئەودیوی سروشتە ماددەییەکان، لەو شوێنەی کە جیهانە نموونەییەکەی لێیە. ئەریستۆش پێی وایە، لوتکەی ئاسوودەیی و کامەرانی مرۆڤ، لە خەریکبوونی هۆشەکەی بە ڕامان و بیرکردنەوە بەدەست دێت، مەزنترین ئەو ڕەفتارانەشی کە پێویستە لە مرۆڤدا هەبن، ئاگایی و ئازایەتی و دادپەروەرییە. ئیپیکۆر و لایەنگرانیشی هەردەم جەختیان لەسەر تاک دەکرد و دەیان گوت، چاکەکاری تەواو تەنیا بۆ چێژە و لە چێژەوە سەرچاوە دەگرێت و خۆی دەنوێنێت.
گەلێکیش لە فەیلەسووفان دوای ئەمانە بەدرێژی دەربارەی ڕەوشت دواون، وەک سپینۆزا کە دانەری ڕێبازێکی میتافیزیکییە لە ڕەوشت، وای بۆ دەچوو کە مرۆڤ وێنایەکی بچووک و سنووردارە لە بوونێکی بێکۆتا لە خوا و سروشت، بۆیە دەبێ هەمیشە ئاگاداری ڕەفتار و هەست و نەستەکانی بێت، بۆ زانینی ڕاستییەتی بوونەکەی. فەیلەسووفی ناودار (کانت)یش دەربارەی ڕەوشت دەڵێت، نەک ئاینەکان، بگرە هۆشیش دەکارێت چەند ئەرکێکی ڕەوشتەکی بەسەر مرۆڤدا بسەپێنێت، چونکە ڕەوشت کردارێکی لۆژیکییە و تەنیا فەرمانێکی خوایی و ئاسمانی نییە. هەروەها دەیگوت، ڕەوشت یاساگەلێکی جیهانییە و نابێت دژایەتی پەیدا بکات لەگەڵ سوود و بەرژەوەندییە گشتییەکان، کەواتە پێویستە ژیرانە ڕەفتار بکەین بەرانبەر بەوانەی دیکە. ئەو بیروڕایانەی کانت کاریگارییەکی زۆریان هەبوو لە پێکەوەنان و دەستەبەرکردنی پرس و تێزە گرینگەکانی وەک، یەکسانی و نەهێشتنی ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی. کانت هەمیشە جەختی لەسەر پابەندبوونی مرۆڤەکان بە بەرزەرەوشتی دەکردەوە وەک ئەرکێکی مرۆیی، واتە بۆ مرۆڤبوونمان، پێویستە خاوەنی ڕەوشتێکی چاک بین.
پاشان ڕێبازێکی فەلسەفی بۆ ڕەوشتگەرایی هاتە ئاراوە لەلایەن فەیلەسووفی فرە بەناوبانگ نیچە، دژ بە بنەما ڕەوشتەکییەکان، بەواتەیەکی دی بۆ ڕێکخستەنەوە و جێگۆڕکێ کردنیان. لە ڕاستیدا ئەم ڕێبازە گشت بەها ڕەوشتەکییەکانی بەلاوە نەنا، بگرە هەوڵی دا ڕەوشتی کرستییانەکانی کە لەسەر خۆشویستن و بەبەزەیی و بێهێزی دامەزراون، بیان گۆڕێت بە ڕەوشتێکی نوێی وا کە لە ویست و پەرستنی هێز و گەیشتن بە مرۆڤی باڵا سەرچاوە بگرێت.


ئاین و بنەما ڕەوشتەکییەکان

لە ڕوانگەی ئاینەکانەوە چەمکە ڕەوشتەکییەکان هەمیشە بەندن بە بیروباوەڕە ئاینییەکان، هەر بۆیەش ئاین لەمێژە کاریگەرییەکی زۆر مەزنی هەبووە لەسەر تاک و کۆمەڵگەکان. لە پیرۆزییەکان و پاکی و بێگەردی، لە ڕێکخستنی کاروبارەکانی لەش وەک، زایەندو فرەژنی، خواردەمەنی و خواردنەوە، ناشتنی مردوو و ... هتد. هەروەها لە شتگەلە قەدەغەکراوەکانی وەک، کرداری زایەندی لەگەڵ ئەندامانی خێزان، نەخواردنی گۆشتی هەندێ ئاژەڵ و نەخواردنەوەی (مەی)، ناشتن، یان سووتاندی لەش لەدوای مردن و چەندان بابەتی دیکە. بەرانبەر بە کۆمەڵگەش لە پشتیوانی، یان ناپاکی بۆ وڵات و نەتەوە، واتە بابەتی کۆمەڵگە و پەیوەندی نێوان تاک بە کۆمەڵگە. کێ دۆستە و لەگەڵمانە، کێش دوژمنمانە، کێ پاداشت دەکرێ و کێش دەبێ سزا بدرێت؟
ئەگەر سەرنج بدەینە ئاینی بابلی و ئاشوری و میسرییە کۆنەکان، دەبینین کە خاوەنی گەلێک یاسان بۆ ڕێکخستنی ڕەفتار و هەڵسوکەوت و ئەرک و فەرمانی مرۆڤەکان، نەک تەنیا بۆ پرسە ئاینییەکان، بگرە چەندین لایەنی دیکەی ڕەوشتایەتیشی لەو ئاینانەدا دەگرتەوە. لەلای هیندۆسییەکان و زۆربەی ئاین و ئاینزاکانی بودایی و کۆنفۆشیۆسیش، چەندین یاسا و ڕێسا ڕەوشتەکییەکان بۆ چاکەکاری لەخۆ دەگرن وەک، ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستی و ژینگەدۆستی.
ئاینی جووەکان بە پلەی یەکەم بابەتی یەکتاپەرستی، واتە باوەڕهێنان بە خوایەکی تاک و تەنیای دادپەروەر بۆ هەموو مرۆڤایەتی خستەڕوو، بەرانبەر بەو خوایەش دەبێ مرۆڤ سەرلەبەری ئەو ئەرکانەی کە پێی سپێردراوە بەجێیان بگەینێت. ١٠ ئامۆژگارییەکەی خوا بۆ جووەکان، باشترین نموونەیە بۆ بوونی شوێنەواری باوەڕە ئاینییەکان لە ڕەوشتی کەسەکان و کۆمەڵگەکاندا. بەهەمان شێوە کرستییانەکانیش لە گوتە و ڕەفتاری عیسای خواوەندی بەرجەستە لە لەشی مرۆڤدا، ژمارەیەکی زۆر لە بەهایە ڕەوشتییەکانیان هەڵێنجاوە وەک، خۆشەویستی، بەزەیی، قوربانیدان، هەروەها دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی شەڕوشۆڕ.
ئیسلامیش کە خۆی بە دوا ئاین دەناسێنێت، گەلێک چەمک و بنەمای ڕەوشتی لایەنگرەکانیان لەم ئاینەیان وەرگیراوە. موسڵمانان دەڵێن، هەموو چاکەیەک لە خواوەیە، بۆیە دەبێ ئێمەش هەمیشە چاکەکار بین، بۆ گەیشتن بەو بەهەشتەی کە خوا بۆمانی ئامادە کردووە، وەک پاداشتێک بۆ بەجێهێنانی ئەرک و فەرمانەکان، بەگوێرەی ئەو ڕافتارانەی کە خوا دیاری کردوون. پێیان وایە ئەوەی ئیسلام دایڕشتووە بۆ گشت ساتێک و سەردەمێک دەگونجێت، بەهیچ جۆرێک ناگۆڕێن و ناتواندرێ دەستکاری بکرێن.
بەرانبەر بەمانە دەتوانین ببێژین، ئەگەر خوا سەرچاوەی چاکەیە، ئەی ئەو خراپە و ستەمەی مرۆڤ دەستکردی کێیە و لەچییەوە هاتووە؟ ئەگەر سەرچاوەکەی خوا نییە، ئەی کێیە، مرۆڤە؟ ئەگەر مرۆڤە کە دەتوانێ خراپە بکات، ئەی بۆ ناتوانێت چاکەش بکات و بەبەرهەمی بهێنێت؟ ڕەوشت پێناسەیە بۆ چاکە و خراپە، دادپەروەری و ستەم، بەبەزەیی و دڕندەیی، هاوکاری و خۆویستی، چونکە ڕەوشت لە بنەڕەتەوە چەمکێکی دیالکتیکییە، وەک هەموو شتەکان بە دژەکانیانەوە دەناسرێن، سەرچاوەی هەر یەکێکیان هەمان سەرچاوەیە بۆ دژەکەی.
بەڵام لە ڕاستیدا پرسیارێک سەرهەڵ دەدات ئەویش، باوەڕدارانی کامە لەمانە، ئەوەی لە ئاینەکەیدا هاتووە پێڕەی دەکەن؟ ئایە جووەکان بەیەکسانی دەڕواننە مرۆگەلی نەتەوەکانی دی؟ ئەی کرستییانەکان لە مێژوودا چیان نەکرد، لە تاوان و کوشتن و سووتاندنی ئەوانەی کە باوەڕیان بە ئاینی ئەوان نەبووە؟ ئیسلامیش لە زۆربەی کات و سەردەمەکاندا لە شەڕ و کوشتن دانەبڕاوە، نەبوونی دادپەروەری و تاوان و پێشێلکردنی مافەکان لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا زۆر بەزەقی بەدەر دەکەون. ئەگەر ڕاستگۆیانە لە ئیسلام بڕوانین، دەبێ لەخۆمان بپرسین، ئایە بەڕاستی پێویستمان بەوەیە خوا و پێغەمبەر و کتێبە ئاینییەکان فێرە ئەوەمان بکەن، سێکسکردن لەگەڵ دایک و خوشکمان، دەستدرێژی کردنە سەر ژنانی وڵاتانی دراوسێکانمان، کوشتن و بەکۆیلەکردنی مرۆڤەکان کارێکی خراپ و بەدڕەوشتییە؟ ئەگەر وا دەزانین تەنیا ئاینە ڕێگری لێمان دەکات، ئەوا بێگومان پێویستە بەخۆماندا بچینەوە، چونکە ئەو دڕندە ترسناکە لە ناخی هەر کەسێکدا هەبێت، هیچ ئاین و یاسایەکی جیهانیش ناتوانێت چارەسەری بکات!
ئێمە هەرگیز ناتوانین بڵێین، هەموو کەسایەتی و ڕەفتار و هەوڵسوکەتەکانی مرۆڤ، تەنیا بەرهەمی فەلسەفە و ئایدۆلۆژیا و ئاینەکەیەتی، چونکە بە پلەی یەکەم جینەکانی، پاشان هەلومەرجی تایبەتی و پەروەردەی خێزان و کۆمەڵگەکەی کە تێیدا ژیاوە، بەلایەنە ئەرێیی و نەرێییەوە ڕۆڵی گرینگیان هەیە. کەواتە دەبێ هەردەم جەخت لەوە بکەینەوە کە هیچ باوەڕ و ئاینێک نییە مرۆڤێک بکاتە فریشتە، یان ئەگەر ئاینی نەبێت دەبێتە شەیتان، بەکورتی ئاینیش هۆکارێکە لە کۆمەڵێک هۆکاری جیاجیا بۆ دیارکردنی کەسایەتی هەر یەکێک.
کاتێک بەشێوەیەکی گشتی دەبێژین، ئاین سەرچاوەی ڕەوشتە، ڕاستەوخۆ دەشێ بپرسین، مەبەست کامە ئاینە؟ چونکە ڕەوشت لەلای موسڵماناندا هەمان ئەو ڕەوشتە نییە، کریستییانەکان هەیانە، ئەوەی جووەکان، هیندۆسییەکان، بودداییەکان و زەردەشتییەکانیش نییە. نەک هەر هێندە، بگرە لە تاکە یەک ئاینیشدا ژمارەیەکی زۆر ئاینزا و باوەڕی جیاجیا هەن، تێگەیشتنیان بۆ ڕەوشت جیاوازە. لە لایەکی دیکەوە ڕەوشت دەبێ لە ناخێ مرۆڤێکی ئازاد و سەربەخۆوە هەڵقوڵابێ، نەوەک فەرمانێک بێت لە یەکێکی سەرووی خۆی، کاتێک سەربازێک ئەوەی لێی داوا دەکرێ، پێویستە بەبێ هیچ گفتوگۆیەک بەجێی بگەینێت، هەتا ئەگەر لەگەڵ بیروباوەڕەکەشی یەک نەگرێتەوە. بۆیە لێرەدا ناکرێ بەئاسانی بڵێین، ڕەفتاری ئەو سەربازە بنچینەیەکی ڕەوشتەکی هەیە، چونکە ئەمەیان هیچ جیاوازییەکی نییە، لەگەڵ کارێکی کوێرانە و ئامێرەکی ماشێنێک، یان ڕۆبۆتێک. هەر ئەمەیە کە ناتوانین ڕەوشتی کەسێکی ئایندار، بخەینە چوارچێوەی ڕەوشتایەتییەکی پاک و بێگەرد، لەبەرئەوەی بڕیارێکی خودی کەسەکە نییە. ئایندار کۆیلە و بەندەی خواکەیەتی، وەک ئەو سەربازەیە کە ئاماژەمان پێی دا، کۆیلایەتیش هەرگیز ڕەوشت بەبەرهەم ناهێنێت. گشت هەڵسوکەوتەکانی ئاینداران لە پێناو پاداشت و ترسی سزادانە کە وای لێیان دەکات، هەموو ڕەفتارەکانیان بە مەبەستی بەرژەوەندی و بازرگانیکردن لێک بدرێنەوە، ئەمەش هەمان ئەو تۆمەتە ناشیرینانەن کە هەمیشە ئاینداران دەیدەنە پاڵ کەسانی بێخوا و بێئاینەکان.
نەک ئاینەکان سەرچاوەی سەرەکی ڕەوشت نین، بگرە گەلێک لە ئەزموون و ڕاپرسییەکان، پێمان ڕادەگەینن کە ئاین دەشی کاریگەرییەکی نەرێیشی هەبێت لەسەر پەروەردەی منداڵەکانمان. بە پشتبەستن بە نوێترین ئەو تۆژینەوانەی لە چەندان زانکۆی جیهانی ئەنجام، لەسەر ژمارەیەکی زۆری منداڵانی بێئاینان و ئاینی جۆراوجۆری چەند وڵاتێکی ئەمسەر و ئەوسەری جیهان و کولتوری جیاواز ئەنجام دراون. ئەمانە بۆیان بەدەرکەوتووە کە منداڵانی پەروەردەی خێزانە ئایندارەکان، هەستی سۆزداری و بەبەزەییان کەمترە، هەروەها لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتیشدا توندوتیژترن لە منداڵانی بێئاینان و سێکولارەکان. هەر لەم ڕووەوە دکتۆر (کیس پۆرتیۆس وود)ی ئەندامی بۆڕدی UK National Secular Society دەڵێت: ئەم لێکۆڵینەوانە بەتەواوی بەرپەرچی بیروبۆچوونی ئەوانەی دایەوە کە پێیان وایە، ئاین بەرهەمهێنەر و سەرچاوەی بنەڕەتی چاکەکاری و ڕەوشتی باشە.
ئاین سەرچاوەی ڕەوشت نییە، بەڵام بۆ ئەوەی لە شتێکی باش بگەڕێیت لە ئایندا، دەبێ بەتەواوی پێیدا بچیتەوە تا لەناو کۆمەڵێک شتی خراپ، هەندێک چەمکی باش و پەسندکراو بدۆزیتەوە. لەو دەمەدا ئایندارێکت لێ ڕاست دەبێتەوە و دەڵێت، فەرموو ئەمەیە ئاین! کەواتە دەبێ چاوپۆشی لە گشت ئەو خراپەکاریی و تاوانانەی ئاین بکەین، لەبەرئەوەی لایەنگرانیان پێمان دەبێژن، ئێمە چیدیکە ئەم شتانەمان پێ ڕاست نییە. باوەڕ بە کۆیلەدارییەتی و کۆکردنەوەی کۆمەڵە ژنێکمان لە ماڵەوەدا نییە، دیلەکان ناکوژین و پێمان تاوانە دەستدرێژی بکەینە سەر ژن و کچانی دوژمنانمان، پاش سەرکەوتنمان بەسەریاندا لە جەنگەکان.
ئەگەر سەرنج بدەینە کەسانی ئەم سەردەمەمان، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە زۆربەمان باوەڕی بەو شتانەی کۆن نەماوە، ئێستە لایەنگری یەکسانی ژن و پیاوین، پێویستە ئاشتیخواز و مرۆڤدۆست بین و گرینگی بە ئازادی بیروڕا دەربڕین بدەین. ئاشکرایە ئەوانەش هەر هەموویان شتگەلێکن بەرهەم و داهێنانی ئێمەن، نەک ئاینەکان.
..............................
ئەمەی سەرەوە بەشێکی دیکەیە لە بابەتێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینی)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە