لە ڕۆژی زمانی دایک دا

Sunday, 23/02/2020, 11:44

2956 بینراوە


پێشنیازی من بۆ پێوەرمەندکردنی زمانی کوردییnbsp;

ئا/ کوردان ئابێیەکی هاوبەش بەکار بهێنن و هەموو کوردێک پشتگیریی ئابێی هاوبەش بکا و شالیارگەکانی پەروەردەی باشوور و خۆرئاڤای کوردستان پەسندی بکەن و بیپەژرێنن.

بێ/ ئابێی کوردیی ٤١ پیتە "لە دەنگەکانی کۆی شێوەزارەکانی زمانی کوردیی هەڵهێنجراوە".

جێ/ ڕێزمانی شێوەزاری کورمانجیی ژۆر بکرێ بە ڕێزمانی پێوەرمەندی زمانی کوردیی.

چێ/ وشەدان"پەیڤدان"(فەرهەنگ)ـێک کە هەموو وشەکانی شێوەزارەکانی کوردیی لەخۆی بگرێ؛ ئامادە بکرێ.

بۆچی ڕێزمانی شێوەزاری کورمانجیی ژۆر بکرێ بە ڕێزمانی پێوەرمەندی کوردی؟

١. ڕێزمانی کورمانجیی ژۆر لە ئاستی ڕێزمانی زمانە زیندووەکانی جیهان دایە.
٢. بە بەراورد بە ڕێزمانی شێوەزارەکانی دیی کوردیی؛ ڕێزمانی کورمانجیی ژۆر ئاسانە.
٣. "نێر و مێ" لە ڕێزمانەکەی دا بە تۆکمەیی ماوە، ئەمەش زمانەکەمانی دەوڵەمەند کردووە.
٤. زمانی قسەکردن و زمانی نووسین لە کورمانجیی ژۆر دا وەکیەک ـە.
٥. لە کوردستان و جیهاندا ڕێژەی زۆری کوردان؛ ئاخێوەری کورمانجیی ژۆرن.
٦. لە بوومنیگاری کوردستان دا"لە هەر چوار بەشەکەی نیشتمانەکەماندا" کوردانی ئاخێوەری کورمانجیی ژۆر هەن و نیشتەجێن.
٧. شێوەزارەکانی کورمانجیی ژۆر و کورمانجیی ژێر"سۆرانی" لە وشەدا زۆر هاوبەشییان هەیە (ئاخێوەرانی کورمانجیی ژێر"سۆرانی" دووەم ڕێژەی کوردان پێک دەهێنن لە بوومنیگاری کوردستان دا).
٨. بێگانەکان بە ئاسانی فێری ڕێزمانی کورمانجیی ژۆر دەبن.
٩. زمانی کوردیی پێوەرمەند پێویستە بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و یەکێتیی کۆمەڵایەتیی کورد.
١٠. "هەبوونی زمانێکی هاوبەش" یەکێکە لە مەرجەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ داننان بە سەربەخۆیی نیشتمانی هەر نەتەوەیەک.
١١. "زمانی هاوبەشی کوردان" واتە ڕادەی هەژموونی هێز و فەرمانڕەویی دەسەڵاتدارێتیی نەتەوەی کورد لە جیهاندا.

تێبینی:
١. من هەردوو شێوەزارە سەرەکییەکەی زمانی کوردی "کورمانجیی ژێر و کورمانجیی ژۆر" باش دەزانم، لە ئەم ڕوانگەیەوە ئەم پێشنیازانەی سەرەوەم ئاراستەی بەتەنگەوەهاتووانی زمانی شیرینی کوردیی کردووە.
٢. ئەگەر تا هاوینی ساڵی ٢٧٢٠ی کوردیی نەمرم؛ ئەوا لە هاوین دا زیندوێتی و ئاسانیی شێوەزاری کورمانجیی ژۆر بەراورد بە کورمانجیی ژێر"سۆرانی" بە وردیی دەخەمە پێش چاوی زمانزانانی زمانی کوردی.
٣. من لەگەڵ ئەو بۆچوونەی زمانزانان دا تەبا و کۆک نیم کە دەڵێن با کوردستان ببێ بە فرەزمانی کوردیی پێوەرمەند.
٤. تەمەنی شێوەزاری کورمانجیی ژۆر سێسەد ساڵ دێرینترە لە کورمانجیی ژێر"سۆرانی"، بۆیە هەر ئەوەندەی فێری کورمانجیی ژۆر بووی؛ دەگەی بە ئەو ئەنجامەی کە پێت وا دەبێ "کورمانجیی ژۆر دایکی کورمانجیی ژێرە".
٥. ئاخێوەرانی شێوەزارەکانی دی؛ ئەو هەموو ماندووبوونەی بۆ فێربوونی زمانێکی بێگانە دەیچێژن؛ بۆ فێربوونی ڕێزمانی کورمانجیی ژۆر و وشەکان هێندە ماندوو نابن، ماوەی سێ مانگ بەسە بۆ فێربوونی کورمانجیی ژۆر.
٦. ڕێزمانی کورمانجیی ژێر"سۆرانی" بە بەراورد بە ڕێزمانی کورمانجیی ژۆر زۆر لاوازە.
٧. فێربوونی کورمانجیی ژۆر واتەی ئەوە نییە کە دەستبەرداری شێوەزارەکەی خۆت ببی لە نێو خێزان و کۆمەڵگە و لە پێنووسین.
٨. ئەگەر تۆ پەرۆشیت بۆ سەربەخۆبوونی کورد و کوردستان؛ وا باشە پشتگیریی لە پێشنیازەکانی سەرەوە بکەی.

٢/ڕەشەمێ/٢٧١٩کوردیی
٢٠٢٠/٢/٢١ زایینی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە