کورد و عەرەب

Sunday, 23/02/2020, 22:15

6492 بینراوە


خۆزگە عەرەبەکان قەسابخانەیان ناو لێ نەدەنا شۆڕش
قوماریان نەدەکرد بە سیاسەت
یاری ماڵەباجێینەیان ناو لێ نەدەنا فیلم و هونەر و سینەما
بە کاولییان نەدەوت هونەرمەند
خۆزگە و سەدان خۆزگەی تریش ....
کورد لاسایی نەئەکردنەوە
****
خۆزگە کورد سەرەوژێر نەئەڕۆیشت
ئەیزانی ئێستا ساڵی چەندە؟
شیمالەکەی نەئەکردەوە بە کوردی
پێیان نەئەوت شەڕ"کەری" باش
(خۆزگە ئەمتوانی بۆ کوردیش بە کۆ بنووسم)
خۆزگە و هەزاران خۆزگەی تریش .....
کورد ئەگەیشتەوە بە عەرەب.
2018

هەرەسی قەڵایەک

ئەم قەڵای دمدمەیان 

دوژمن خۆی ئاوی بۆ هێنا
ئەم خانی لەپزێڕینەیان
ناحەز خۆی بە خاکی سپارد
پێم ناڵێن:
چۆن دەبێت بە داستان؟!
پێم ناڵێن:
کامەیە پاڵەوان.
*
ئومێد لە تروسکەیەکدا کوا؟
لەنێو ئەو هەموو ڕەشەبا و گەردەلوولەدا.
*
خۆر بووایە نەک بە فوویەک
نەک بە ..ێک
بە هەموو ڕەشەبای جیهان نەدەکوژایەوە.
*
با ئەم جارەیان
دەست ببەین و خۆر دابگرین
بۆ سەر بەیداخ و دروشم نا
بۆ نێو دڵمان.
2018

چەند کورتە هۆنراوەیەک

ئەمە نیشتیمانی من نییە

دزەکان دەستی خەڵک دەبڕن.
خوێنڕێژەکانی ڕەمزی ئاشتین.
جەلادەکانی باسی بەزەیی دەکەن.
سۆزانییەکانی لافی داوێنپاکی لێ دەدەن.
خائینەکانی فێری دڵسۆزیمان دەکەن.
چ نیشتیمانێکی ئاوەژووە!
زەمینەکەی لەسەر سەرم و
ئاسمانەکەی لەژێر پێمدا ڕاخستووە!
********
خۆیشت بوویت بە قاچاخچی
جۆرێکی دیکە لە ئەفیون.
********
گوڵی بەختەوەری لە باخەوانەکە دەدزم
دەزانم خۆم داوای بکەم
پەڕە سیسەکانیم دەداتێ.
*********
تۆزێ بەرائەتیشمان بدزن
با کەمێ بەزەییمان بجوڵێ
ئەو دەمەی دەتانحەینە گۆڕ.
*********
لەم کولبەی ئەحزانە کوا دەرفەتێ بۆ هەڵاتن؟!
کە بێدار بوومەوە
هەر تارمایی و خوێنم بینی.
لێم گەڕێن با بنومەوە.
********
چاویلکە هی تۆ بێ یا هی خۆم
حەقیقەتی چاوەکانتم لێ دەشارێتەوە
ئیتر چۆن بتناسمەوە؟!
********
هەر ژنە و تامێکی هەیە
بەڵام تۆ هەموو ژنێکی
****
با دڵشکاو بمێنمەوە
چۆن دوودڵ ڕازی بکەم
هی خۆم ڕازی بکەم
هی تۆ دەشکێ.
********
تۆ بی سەرداری ئەم گەلە
بەم جۆرە دەنووسم () پەرلەمان.
کەوانی تۆ بێ تیر پێکای
ڕووخساری دزێوی ئەوان.
********
جیاوازی من و کۆندۆمێک لە چیدایە؟!
هەردوو بۆ شاردنەوەی گوناهەکانی تۆین.
بە کار هێنراین، فڕێ دەدرێین.
********
گەردوون وێنەیەکی سێ دوورییە
لە دوورەوە ئەو هەموو تەنە دەبینین
کێ دەڵێ وێنەکەیش ڕاستییە؟!
بیر کەرەوە لەو ساتەی کە نیین!
********
کۆرپەیەک لە لانکەدا چاوی بڕیوەتە ئاوێنە
پیرەمێردێک دەبینێ لە تابوتدا
بەرلەوەی گەورەبوون مەستی بکا
حەقیقەتی عومر دەبینێ
بۆیە ئەگری و هەر ژیر نابێتەوە.
********
خەتای دارستان نییە
سروشت وای داناوە:
ئەوەی نێچیر بوو دەخورێت.
********
شێرەکە ئاسکەکەی دەخوارد و ئاسکیش گەڵای درەختەکە
کەچی درەخت چەندین نەوەی شێر و ئاسکی بە ڕێ کردبوو
چەندی تریش بە ڕێ دەکات.
****

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە