زمانی کوردیی و چەند کێشەیەک (بەشی2)

Tuesday, 25/02/2020, 1:07

4762 بینراوە


خەمخۆرانی زمانی کوردی زۆرن، بەڵام بەبەراورد بەوانەی لەرۆی زانینەوە یا نەزانینەوە زمانەکەمان تێکدەدەن و بەدەستی ئەنقەست وشەی بێگانەو نەخوازراو دەخزێننە نێو کایەکانی ژیانی رۆژانەوە، خەمخۆران لەچاو ئەوانەدا کاریگەری یەکی بەرچاویان نییە.سەیرە وشەگەلێکی وەک( زەواج، صەوت، گەعدە، جەوی هەیە، بەسیتە) لە لادێکانیش بەکاردەهێنرێن و جێگەی وشە رەسەنەکانیان گرتۆتەوە، ئەوەش نیشانەیەکی ترسناکە و دەستی دەرەکیی و ناوەکیی بەپلان و بەرنامە کاریان لەسەر کردووە، ئەگەرنا وشەگەلێکی وەک: فۆرمی خۆراک، روداوی هاتوچۆ، بیمەی بێکاریی، پێشینەی هاوسەرگیریی، پێشینەی خانوبەرە، کارتی ئاسایش، تیرۆر و دژەتیرۆر، کۆمپانیا، باجی داهات، باجی خانوبەرە..زۆر سادەو ئاسان جێگیربون و پیرێژنێکی نەخوێندەواریش بەکاریان دەهێنێت.
ئاخر چۆن دەبێت لەبریی بژارکردنی زمانەکەمان ، شێوێنەران و زمانکوژانی زمانی کوردی بەناخێری گیانیان وشەگەلێکیان تێکەل بەو زمانە پاکوپوختەی باپیرانمان کردووە، وەک: زەواج، گەعدە، صەوت، جەو(جەوی هەیە و جەوی نییە)، مورتاح، بەسیتە(بەسیطە)
..ئەوە چ کارەساتێکە جێگری سەرۆک وەزیران کوردی نەزانێت، بەباوکی دەڵێت ئەمەوێ زەواج بکەم، باوکیشی کە سەرکۆماری عێراق بو دەڵێت: تۆ زەواج بۆخۆت دەکەیت، کەیفی خۆتە!! پرسیار و وەڵامێک نەک هەر لەروی زمانەوە، لەروی پەروەردەییشەوە زۆر کاڵ وکرچە.
کابرایەکی(هونەرمەند) بەوپەڕی ناهوشیاریی نەتەوەیی یەوە و لەپێناو چنگێک دۆلاردا ریکلام بۆ برنج دەکات و ئەو وشە نامۆیە(بەسیطە) دەئاخنێتە مێشکی بینەر و بیسەرەوە..
لێرەدا هەندێک نمونەی زەق لە وەرگێڕانی سەقەت دەخەمە بەرچاو، پێدەچیت لەنەشارەزایی و کەم ئەزمونیی ئەو قەڵەمبەدەستانە بێت، بەڵام وەزارەتی رۆشببیریی هەولێر ئەم ریکلامە بڵاوبکاتەوە چی پێدەڵین؟ رۆژی هەینی، (فاریزەی نەگەرەکە)٢٠/١٢/٢٠٢٠ سەعات ٣ی دوانیوەڕۆ(فاریزەی دەوێت)لە چوارچێوەی یەکەمین دیداری ئەدەبی(ئەدەبیی) هاوچەرخی کوردی(کوردیی)، (فاریزەی ناوێت) رێکخراو(کە رێکخراوە) لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری(رۆشنبیریی) و لاوان، (فاریزەی ناوێت) لە هەولێر، هۆتێل ئۆسکار، لە پانێلی وەرگێڕان(وەرگێراندا) بەناوی دیداری هەژار موکریانی، باسی دۆخ و ئاریشە و دەستکەوتەکانی وەرگێڕانی ئەدەبیی کوردی دەکەین.پانێلیستەکان :عەبدولخالق یەعقووبی، ئازاد بەرزنجی(بەرزنجەیی)، دکتۆر ئازاد حەمە شەریف، محەمەد حوسین موهەندیس(هاتن بۆ هەموانە).
ئازاد بەرزنجەییش لە واڵەکەی خۆیدا بڵاویکردۆتەوە.منیش هەر گەرماوگەرم ئەم تێبینی یەم بۆ نوسی : کاک ئازاد گلەیی لەتۆ ناکرێت، رێکلامەکەت وەک خۆی گواستۆتەوە، بەلام ئەگەر پانیلیستێکی وەرگێڕان، ریکلامێک وەها سەقەت و پڕ لەهەڵەی زمانەوانیی و رێنوس بنوسێت و تەنانەت فاریزەش لەشوێنی خۆیدا دانەنێت، دەبێت بلێین قوڕە ڕەش بەسەر هونەری وەرگێڕان.
هەندێ نمونەی دیکاش دەخەمە بەرچاو، ئەوەی نێوان جوت کەوانە گەورەکان{ } راستکردنەوەی هەڵەو شێواندنەکانە.
بێژەرێک جیاوازی نێوان شەقام و شەقاو ناکات، دەفەرموێ: چەند شەقامێک لەولاترەوە!!.یەکێکی دیکەش لەبری تانک دەڵێت تانکەر!
نەخۆشخانەی گشتی(سەفین) ی تایبەتی!!عێراق لەسەر درگای جەنگێکی نوێیە{وەرگێڕانێکی وشە بە وشەی(العراق علی ابواب حرب جدیدە).
درامایەکی دۆبلاژکراو: ئەو ئاگرەی کردوتە بەیاری دەتسوتێنێ{یاری بە ئاگر مەکە}.
ئەو ژمارەیەی ماوەی ژیانی لەناو مۆساد دا{ژمارەی صالانی ژیانی لە ناو مۆساد دا}.
لەو نامەیە شت لە خۆگرتووە گەیشت!{لەو نامەیە تێگەیشت کە زۆر شتی گرنگی تێدابو}.
وێنەیەکی ئەدهەم بارزانی کە وێنەیەکی خومەینی بەخۆیەوە هەڵواسیوە.{وێنەیەکی خومەینی کردووە بە بەرۆکیدا}.
شانۆکردن بە تەرمەکان{سوکایەتیکردن بە تەرمەکان}.
دار ترێ { مێو، دارمێو}.
بوێرێکی بێکۆتایی{ئەوپەڕی بوێریی}.
گواستنەوەی دانیشتنەکانی دادگا بەزیندویی{ راستاوخۆ}.
خانەو ئێزگە(دارالاذاعە) {ئێستگەی رادیۆ}.
فەرمانگەی چاکسازی سەید صادق/صیانە{چاککردنەوە و بەردەوامیپێدان}.
هاوڕێیەکم گوێی لە رووداوەکە بوو!{ روداوەکەی بینی}
چی سەربار دەکەیت؟ {چی دەخەیتە سەر؟}.
ئەم شامپۆیە نەرمی دەبەخشێت بە دەم وچاوت.{پێست نەرم دەکات.}
بەرنامەیەکی تیڤی روداو : ئاو چۆن دەگاتە حەنەفی ماڵەکەت؟{ئاوی
خواردنەوە چۆن بەبۆری دەگاتە ماڵەکەت؟}
مامۆستایەکی زانکۆی هەولێر و چاودێری سیاسیی : ( کێشە و ململانێی نێوان نێچیر بارزانی و مەسرور بارزانی کێشەیەکی لە مێژینەیە و بە درێژایی مێژووی پارتی بەردەوامی هەبووە){نێچیر بارزانی 24 ێاڵ دوای دامەزراندنی پارتی لەدایکبووە.}
(عاجل) ی عەرەبیی واتای (بەپەلە) نادات، بەڵکو واتای روداوێک کە هەنوکە رویداوە، بەرامبەرەکەشی کە دروست ئەو مانایە بدات( هەنوکە، هەر ئێستا، گەرماوگەرم)ە.چی بەمێشکتدا دەڕوات؟ بیر لە چی دەکەیتەوە؟
ئەسپ سواری من{شاسوارەکەم، سوارچاکەکەم.}
تەماشاکەن هەمو کەس لێرەن.{ تەماشاکەن هەمویان هاتون، چەند قەوغایە.}
کارێک دەکەم زەوی لە شوێنی خۆی یاری بکات.{زەوی بلەرزێت، دەیقەومێنم!}
شوانەکە زۆر بەتوندی ئاگاداری مەڕەکانی دەکرد .{زۆر چاک ئاگاداری مەڕەکانی دەکرد}.
ئامادەین بۆ تۆمارکردنی هەموگۆرانی یەکی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی و ئەجنەبی{ئەی عەرەبی، فارسی وتورکی ئەجنەبی نین؟}
ئەگەر گوێتان لە زەڕاندنی گوێدرێژ بو.{زەڕینی گوێدرێژ}
گوێیان لە حەپینی سەگ بو.{حەپەی ێەگ نەک حەپین یا وەڕین}
تابلۆیەکی گەورە نوسراوە : شاری فاروقی پزیشکیی.{شاری پزیشکیی فاروق}
ماسی لە دەریا دای لە شەقەی باڵ.{ماسی باڵدار نییە}
حەزناکەم ئەم رۆژە خۆشە لەناو بچێت .{بەسەربچێت، رابورێت}
گایەل { گاگەل}.
گەنج بونەوەی پێست{ بوژانەوەی پێست، زیندوبونەوەی پێست}.
تۆ چەند مرۆڤێکی پلاناویت.{فێڵبازیت}.
سوپا بڵاوەی بە هێزەکانی کرد{ ئەوە واتای هێزەکانی گێڕایە دواوە و ئۆپەراسیۆنەکە کۆتاییهات، بەڵام ئەو (مەبەستی لەسەرلەنوێ بڵاوکردنەوەی هێزەکانە ـ ڕعادە انتشار القوات)}.
پڕچەک کردنی حەشدی شەعبی و بەئامانجکردنی کورد{پەلاماردانی کورد}.
بەرپرسێکی باڵای باشور: پرۆسەی بڕیاردان لە هەرێم تەندروست نییە.{دروست نییە }.
نوسەرێک بە زمانێکی سەقەت نوسیوێتی : ..بە عام ئاگایان لەو هەموو سیخوڕ و پلانانە نین ..ئەحزابی باشوور..{ بە گشتیی ..حیزبەکانی باشور}.
ملوولە{مولولە} .
سڵقی کەرکووکی {سڵقی کەرکوک}.
جەنگی جیهانی دووەم(الحرب العالمیە التانیە){ دووەم جەنگی جیهان یا جیهانیی}.
ئوتومبیلەکەم لە خزمەتگوزارییە{لای فیتەرە ، بردومە بۆ چاککردن}.
پێڵاوەکان لەبەرکە {پێڵاوەکان لەپێ بکە، بکەرەپێت}.
من هەموو لایەکم تەڕبووە{من هەمو لەشم تەڕبووە}.
بۆ دڵت دامێ بێ دڵت کردم لەناو بەهاردا بێ گوڵت کردم(شاعیرەکە دەیتوانی بڵێت لەبەهاریشدا، لەناو گوڵاندا، لەناو یاراندا بێ گوڵت کردم).
دەستم بۆ هەر گوڵێک ئەبرد، ئەبو بە دڕک لەژێر پێم .{ دڕک لە دەستەوە بۆ گەیشتە پێ؟}
پیکەنین و خەندەکەت عەزابی قەبری منە{پێکەنین و خەندەی یار، ئازار نییە}.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە