ڕاپۆرتێکی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە هەولێر، باس لە ڕوخانی کابینەکەی مەسرور دەکات


چۆن خۆمان لەکۆرۆنا بپارێزین؟

Tuesday, 02.25.2020, 23:05

1302 بینراوە


ئێمەی کورد ئەزمونی بەرکەوتنی نەخۆشییە خێراکانمان نییە کە جیهان دەگرێتەوە، لەهەمانکاتدا هۆشیاری رێگاچارەی خۆپارێزی ئەو جۆرە نەخۆشییەشمان نییە، بۆیە واپێویست دەکات لەئەزمونی ووڵاتانی دیکە، خۆمان موتربە بکەین و سود لەهەنگاوەکانی ئەوان وەربگرین، بەپێی ئامارەکانی جیهان، ڤایرۆسی کۆرۆنای کە ناوە زانستییەکەی بە (covid-19)، دەستنیشانکرا، نزیک دەبێتەوە لە ٨٠ هەزار کەس، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشییە، تا ئێستا نزیک بە ٣٠ هەزار هەڵگری ئەو ڤایرۆسە، توانیویانە ئەو ڤایرۆسە بپەڕێنن، سەرباری ئەوەی کە جیهان لەبەردەم مەترسی زیاتر بڵاو بونەوەی ئەو ڤایرۆسەدایە، ئەگەر سەرەتای بڵاو بونەوەی ئەو ڤایرۆسە، لەووڵاتی چین و لەناوچەی ووهان، رێ و شوێنی پێویست نەگیرایەتەبەر، ئەوا چینی مەزن و زەبەڵاحی ئەدا بەزەویدا، ئەوکات زۆرترین هەڵگری ئەو ڤایرۆسە لەناو دەچون، بۆیە پێویستە ئێمەش چاو لەوان بکەین و رەچاوی دۆخی لەناوکاو بکەین، بەم هەنگاوانە.
یەکەم: ناکرێت ئەو کەسانەی لە ووڵاتی ئێران و ووڵاتانی هەبوی ئەو ڤایرۆسە دەگەڕێنەوە، لە هۆتێل و لەنێو سەنتەری شارەکاندا بهێڵرێنەوە، بەڵکو دەبێت بگوازرێنەوە بۆ شوێنی دوور لەخەڵک، بۆ نمونە، لەشاری سلێمانی چەند کەسێک کە لەئێران گەڕاونەتەوە، لە ئۆتێلێکی شەقامی سالم هێڵراونەتەوە، لەگەڵ ناوچەیەکی گەشتیاری نزیک لەزانکۆی سلێمانی، ئەمە هەنگاوێکی هەڵەیە، دەبێت ئەو کەسانە دوور بخرێنەوە لەقەرەباڵغی، بەرەو جێیەکی پارێزراوتر ببرێن، بۆ نمونە ببرێنە هۆڵەکانی دەرەوەی شار، دەکرێت لەسلێمانی ئەو کەسانە ببرێنە هۆڵی نمایشکردنی پێشانگا نێو دەوڵەتییەکان لە تاسلوجە، نزیک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ، دەشبێت لەوێ رێ و شوێنی پێویست بگیرێتەبەرو تیمی تایبەت بە پۆشاکی تایبەت لەوێبن.
دوهەم: دوێنێ لەنزیک یەکێک لەهۆتێلەکان بوم کە ئەو گومان لێکراوانەی تیادا هێڵراوەتەوە، سەرباری ئەوەی کە تیمەکانی تەندروستی لێ بوو، چەند کارمەندێکی هاتوچۆو ئەمبۆڵانسم لەدەرەوەی هۆتێلەکە بینی، دەمامک و پۆشاکی تایبەتیان نەبەستبوو، باشە ئەگەر کەسانێک لەوانەی گومان لێکراون هەڵگری ئەو ڤایرۆسەبن، بەهۆی ئەوەی کە ڕێ و شوێنی پێویست نەگیراوەتە بەر، ئەو ڤایرۆسە زوو تەشەنە دەکاتە نێومان و رەنگە زۆرترین کەس لەناوبەرێت و کارەساتی گەورە بخوڵقێنێت.
سێهەم: چۆن گومان لێکراو دەبرێتە هۆتێڵ، لە دوو شارۆچکەی دیکەش هەمان رێگا گیراوەتەبەر، ئەو ڤایرۆسە لەهەر جێیەکدا بڵاو بێتەوە، لەرێگای هەناسەدان یان پژمین، لەو جێگایەدا دەمێنێتەوە، ئەی نازانن ئەو ڤایرۆسە لەنێو ئەو هۆتێلەشدا دەمێنێتەوە؟!، کەواتە باشترین جێگا شوێنی تایبەتە بۆیان تەرخان بکرێت، رەنگە هۆڵەکانی وەرزش باشترین شوێنبن، بەو مەرجەی بەبەردەوامی چارەسەر بدرێت بەو کەسانەی کە گومانیان لێیان هەیە.
چوارهەم: دەبێت دەوامکردنی خوێندنی زانکۆو پەیمانگاو خوێندنگای سەرەتایی هەتا سەرەتای مانگی چوار رابگیرێت، بەمەش دەتوانین رێگربین لە بڵاوکردنەوەی ئەو ڤایرۆسە ئەگەر هەبێت.
پێنجەم: داوا لە ئەوقاف و یەکێتی زانایان بکرێت، کە تا چەند هەفتەیەک نوێژکردن لەنێو مزگەوت و چون بۆ نوێژی هەینی رابگرن، بەو پێیەی نوێژخوێنان بەرکەوتنی راستەوخۆیان هەیە، ئەگەر کەسێک هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بێت و پێی نەزانرابێت، لەمزگەوتێکداو بەهۆی نوێژکردنەوە دەیان کەس توش دەبن.
شەشەم: بەو پییەی ئەو ڤایرۆسە لەلاشەی کەسی مردوو بەو ڤایرۆسە دەمێنێتەوە، ئەگەر حاڵەتی لەناوچوو هەبوو، دەبێت ئەو لاشەیە بسوتێنرێت، بۆ ئەوەش دەبێت لایەنە پەیوەندیدارە ئاینییەکان ئەو رێگایە بگرنەبەرو بەفەتوایەک سوتاندنی لاشەی مردوی هەڵگری ئەو ڤایرۆسە کە هەبێت دەبێت بسوتێنرێت، چونکە ئەگەر ئەو کەسە مرد، ڤایرۆسەکە دەمێنێتەوە، جا ئەو کەسانەی کە مردوی هەڵگری ئەو ڤایرۆسە دەشۆن و کفن و دفنی دەکەن و دەیخەنە نێو تابوت و هەڵگری تابوت دەبن و دەیخەنە نێو گۆڕ، هەموو توش دەبن، لەبەر ئەوە لەووڵاتی چین باشترین چارەسەر سوتاندنی مردوی هەڵگری ئەو ڤایرۆسەیە.
حەوتەم: داوا لەوەزارەتی رۆشنبیری بکرێت سەرجەم چالاکییەکانی وەک نمایشکردنەکانی میوزیک و شانۆو کۆنسێرت و ئاهەنگەکانی سەری ساڵی کوردی و ئاهەنگی نەورۆز رابگرێت، چونکە رۆژانی نەورۆزو ئەو قەرەباڵغی و هۆسەیەی کە دروست دەبێت، شوێنێکی بەجێیە بۆ بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە.
هەشتەم: دەبێت خەڵکیش هۆشیاری ئەوەی هەبێت کە چونە نێو بازاڕو شوێنە گشتییەکان، کەم بکاتەوە، ئەگەر هەر نەچێت باشترە، من بەبەردەوامی قسە لەگەڵ چەند رۆژنامەنوسێکی هاوڕێم دەکەم لە ووڵاتی چین، ئەوان شار یان شارۆچکەیان هەیە کە ماوەی دوو مانگیش دەبێت هاتوچۆ تیایدا یاساغ کراوەو بەڕێگای تایبەت و لەرێگای تیمی تایبەتەوە پێداویستی رۆژانەیان بۆ دابین دەکرێت.
نۆیەم: دورکەوتنەوە لەشارو شارۆچکەو شارەدێ، بەپێی ئەو هەواڵ و راپۆت و کارە رۆژنامەوانیانەی لەماوەی دوو مانگی بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسەدا بینیومە، ئەو ڤایرۆسە لەشوێنی چڕی دانیشتواندا هەیە، زۆرترین هەڵگری ئەو ڤایرۆسەش، دانیشتوانی شارەکانن نەک دانیشتوانی لادێکان، ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستیەیە، کە ئەو ڤایرۆسە لە هەوای پاکژی گوندەکاندا ناتوانێت بژی، ئەگەر بتوانن هەتا ناوەڕاستی مانگی چوار لەلادێ و ژینگەی پاکدا نیشتەجێبن ئەوا باشترینە لەوەی لە شارێکی جەنجاڵدا ژیان بکەن و لەبەردەم مەترسی توشبوندابن بە ڤایرۆسی کۆرۆنای.
دواسەرنج: رێگری هاتنی گەشتیاری عەرەب، بەتایبەت ناوچەی شیعە نشینەکانی جنوب کە دێن بۆ هەرێم، چونکە ئەوان راستەوخۆ بەر گەشتیاری ووڵاتی ئێران دەکەون کە دەچنە نەجەف و کەربەلاو شوێنە پیرۆزەکانیان، بەوەش ئەگەر کەسانێک هەڵگری ئەو ڤایرۆسەبن، دەتوانن بیگوازنەوە بۆ کوردستان.
زمناکۆ ئیسماعیل



(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 4/5)