سەرچاوەی ڕەوشت لە نێوان ئاین و زانستدا (بەشی دووەم)

Wednesday, 26/02/2020, 9:49

12992 بینراوە


ڕەوشت کۆمەڵە چەمک و بنەمایەکە دەبێتە ڕێپێشاندەرمان بۆ دیارکردنی چییەتی ئەو ڕەفتار و هەڵسوکەوتانەی کە سوود، یان زیان دەگەیێنن بە بوونەوەرە زیندووەکان*

سەرچاوەی ڕەوشت لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە:

  لە زانستدا نێزیکیترین تێگەیشتن بۆ ڕەوشت ئەوەیە لە ڕێسایەکی ناسراوی زێڕینییەوە وەرگیراوە کە دەڵێت: لوتکەی ڕەوشت گەیشتنە بە خۆشی و کامەرانی و دابینکردنی ئارامی لەشی و دەروونی بۆ تاکەکان، هاوکات نەبوونی ڕەوشت ئەوەیە کە دووچاری ناخۆشی و ئازاری لەشی و دەروونی بکرێن. هاوشێوەی ئەمەش لە زانستدا بەگشتی ڕەوشتی پێ پێناسە دەکرێت، بەوەی کە کۆمەڵە بنەمایەکە بۆ زانین و دەستنیشان کردنی ڕەفتارە سوود، یان زیان بەخشەکان بە زیندەوەران. ئەو کۆمەڵگەیەی گرینگی بە بەها ڕەوشتەکییەکان دەدات، ئەوا ژمارەیان پتر دەبێت و چاکتر پەرەدەسێنن، هەر ئەوەشە واتای بنەمای هەڵبژاردنی سروشتی و پاراستنی جۆرەکانیان لە زیندەوەراندا. هەموو ئەمانە زانای ناودار داروین گەلێک بەڕوونی ئاماژەی پێیان داوە، بۆیەش ئەمڕۆکە زاناکانی دەروونناسی و مرۆناسی و چەندان بواری دیکە، لە گشت کاتێک زیاتر بەرەو زانستەکانی پەرەسەندن هەنگاو دەنێن، گەرچی دژایەتیش بکرێن لەلایەن ئایندارانەوە.
ئێمە کێین، چۆن بیر دەکەینەوە، بۆ یارمەتی ئەوانەی دی دەدەین، بۆ درۆکردن و فڕوفێڵمان پێ کارێکی باش نییە، ئەو هەستەی هاندەری ڕەفتارەکانە لە ناخماندا چییە؟ با دیسان بێینەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکەمان، ئەگەر ڕەوشت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئاین و بوونی خوا و کتێبە پیرۆزەکان نییە، ئەی لەچییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ بۆ وەلانانی بۆچوونی هاتنی ڕەوشت لە ئاینەکانەوە، دەبێ بسەلمێنین کە بوونی ئاین پێویست نییە بۆ بوونی ڕەوشت. ئەمەش بەچی دەکرێت؟ بەوەی کە بوونەوەرێک بدۆزینەوە هیچ ئاینێکی نەناسیبێ، بۆ ئەوەی بزانین ئایە دەتوانێت ڕەفتارە ڕەوشتەکییەکان بەبەرهەم بهێنێت؟ یەکێکی وامان لەکوێ دەست دەکەوێت؟ لێرەدا باشترین تاقیکردنەوە ئەوەیە کە سەیری منداڵان، یان ئاژەڵان بکەین.
بۆ ئەمە هەوڵ دەدەین هەندێک نموونە و ئەزموونی بەکردارەکی زاناکان بهێنینەوە، ئەوانەی بوونەتە بەڵگەیەکی یەکللاییکەرەوە بۆ زانینی سەرچاوەی ڕاستەقینەی ڕەوشتەکان لە مرۆڤدا.

چەند ئەزموونێک لە منداڵاندا

سەرەتا لەلای منداڵاندا، چەند ئەزموونێکی ناسراو لەلایەن زانکۆی (YALE)ی ئەمریکایی ئەنجام دراوە، لەسەر ژمارەیەک لە منداڵی بچووکی تەمەن نێزیکەی ساڵێک، بۆ ئەوەی بزاندرێت، ئایە منداڵێک کە نەتوانێت بدوێت و هیچ ئەزموونێکی نەبێت، دەکارێت خاوەن ڕەوشت بێت؟
تۆژینەوەکە چەندان ئەزموونی جۆراوجۆری لەخۆگرت، بەڵام بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتەکە تەنیا ئاماژە بە سێ دانەیان دەدەین؛


- ئەمەیان وەک شانۆیەک بوو، لە دیمەنی یەکەمدا شێوەیەکی بازنەیی نیشانی منداڵەکان دەدرێت کە دەیەوێ سەرکەوێتە بەرزاییەک و ناتوانێت، لەو دەمەدا شێوەیەکی سێگۆشەیی دێ و یارمەتی دەدا و سەری دەخات. دیمەنی دووەم، شێوە بازنەییەکە دیسانەوە دەیەوێت سەرکەوێت و ناتوانێت، ئەمجارە شێوەیەکی چوارگۆشەیی ڕێی پێ دەگرێت و ناهێڵێت بازنەکە سەر بکەوێتە بەرزاییەکە. ئەوەی جێی سەرنجە پاشان کە سێگۆشەکە و چوارگۆشەکەیان دەخرێتە بەردەست، زۆربەی منداڵەکان سێگۆشەکە هەڵدەبژێرن، چونکە یارمەتی بازنەکەی داوە بۆ سەرکەوتن. ئەگەریش هەڵبژاردنەکە لە نێوان بێلایەن و ڕێگر بووایە، ئەوا هەر بێلایەنەکانیان پێ باشتر بوو لە ڕێگرەکان. پاشان چەند جار ڕەنگ و جۆری شێوە ئەندازەییەکانیان گۆڕی، تا بەچاکی بزانن کە هەڵبژاردنەکان لەبەر شێوە و ڕەنگەکانیان نەبوون.


- دیمەنێک بۆ منداڵەکان نمایش دەکرێت کە پێکهاتووە لە یارییۆکەیەکی (لەیستۆک) شێوە پڵنگیی، دوو یارییۆکەی شێوە کەروێشکیی، یەکیان ڕەنگی سوور ئەوەی دی کەسک. سەرەتا پڵنگەکە تۆزێک یاری بە تۆپێک دەکات و پاشان دەیدات بە کەروێشکە سوورەکە، ئەمیش دەمێک یاری پێدەکات و دەیداتەوە بە پڵنگەکە. پڵنگەکە دیسانەوە هەندێک یاری بە تۆپەکە دەکات، ئەمجارەیان دەیداتە کەروێشکە کەسکەکە، بەڵام ئەمیان دوای کەمێک یاریکردن ڕادەکات و تۆپەکە بۆ خۆی دەبات و نایگێڕێتەوە بۆ پڵنگەکە. لێرەشدا زۆربەی منداڵەکان کەروێشکە سوورەکە هەڵدەبژێرن، لەبەر دەستپاکی و گەڕاندنەوەی تۆپەکە بۆ خاوەنەکەی.
گەلێک ئەزموونی لەم جۆرە و ئاڵۆزتریش کران لەسەر بنەماکانی دیکەی ڕەوشت، وەک ئەوەی ئەگەر لەیستۆکەکان خراپ و خۆویست بوونایە، ئەمجارە تاقیکردنەوەکانیان تەنیا لەسەر ئەمانە دەکرد، لەمانەشدا منداڵەکان وەک سزایەک، ئەوانەیان هەڵدەبژارد کە یارمەتی خراپەکانیان نەداوە!


- دوو کەسیان داناوە کە هەریەکەیان قاپێکی لەپێشە، هی یەکێکیان خواردنێکی زۆری بۆ دانراوە، ئەوەی دیکەش کەم. منداڵەکان خێرا هەستیان دەکرد بابەتەکە دادپەروەری تێدا نییە، دەوەستان و بیریان دەکردەوە و تووشی دۆخێکی دەروونی دەبوون لە شڵەژان و حەپەسان (Developmental psychology). ئەوەی جێی سەرنج بوو، ئەگەر تەنیا دوو قاپ بوونایە بە خواردنی کەم و زۆرەوە بەبێ بوونی مرۆڤ، ئەوا منداڵەکان لایان گرینگ نەبوو و گوێیان پێ نەدەدا.
ئەمانە هەموویان سەلمێنەری ئەوەن کە منداڵیش دەزانێت دادپەروەری و نایەکسانی، یان چاکە و خەراپە چییە، هەروەها دەتوانێت هاریکاری و دزیکردن لەیەک جیا بکاتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ کتێبێکی پیرۆز فێرە ئەو ڕەوشتانەی کردبێ. ئەگەر سەرچاوەیەکی جینەکی و بایۆلۆژیان نەبێ، ئەی ئەم منداڵانە لەچییەوە فێرە بنەما ڕەوشتەکییەکان بوونە؟
ئەوەی شایەنی ئاماژەپێکردنە هەندێک لە ئاینداران باوەڕیان بەو شێوازە ئەزموونانە نییە، هی واشیان تێدایە پێی وایە ئەگەر ئەمە ڕاستیش بێت، ئەوا خوا ئەم شتانەی لە ناخی مرۆڤدا چاندووە! ئێمەش دەکرێ بپرسین، ئەگەر خوا ڕەوشتی چاکی لە مرۆڤدا داناوە، فێری ئەوەشی کردووە کە چاکە و خراپە لێک جیا بکاتەوە، ئەی سوودی ئاین چییە؟ خوا بۆ ئەو هەموو پەیامبەرە دەنێرێت، بۆچی ئەو گشت ئاین و ئاینزا و دووبەرەکی و شەڕوشۆڕە بوونیان هەیە؟



رەوشت لە لای ئاژەڵان:

تا ماوەیەک بەرلە ئێستە زۆربەی زاناکانی کۆمەڵناسی و زیندەوەرزانی پێیان وا بوو، تەنیا مرۆڤە دەتوانێ ڕێسا ڕەوشتەکییەکان بەبەرهەم بهێنێت، بەڵام لەم دواییانەدا کۆمەڵە بەڵگەیەک کەوتنە دەست، لەسەر ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکان چەندین بنەمای ڕەوشت لە لایاندا دەبیندرێن وەک، چاکەکاری، هاریکاری، دادپەروەری هەتا خۆویستی و درۆکردنیش. ئەمەش ئەوە دەگەینێت کە ڕەوشت پێش پەیدابوونی مرۆڤیش بوونی هەبووە و پەیوەست نییە تەنیا بە مرۆڤ، بگرە بەندە بە قۆناغێکی پەرەسەندنی بایۆلۆژی، ڕێژەکەشی دەوەستێتە سەر ئاست و پلەی پەرەسەندنی زیندەوەرەکان. بوونی ڕەوشت لە لای ئاژەڵەکاندا، ئەو واتەیە دەبەخشێت کە یاسا و ڕێساکانی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکان، گەلێک لەمێژە سەریان هەڵداوە، هەرگیز لەخۆوە و بەبێ هۆکار نەهاتوون، بایەخێکی زۆریان هەبووە بۆ ڕێکخستنی ژیانی ئەو ئاژەڵانەی بە کۆمەڵ دەژین، بۆ بابەتگەلەکانی کێبڕکێ و پترکردنی هەلی مانەوە سوودیان لێ وەرگرتووە.
پەرەسەندنی بایۆلۆژی دەتوانێ ڕاڤەی گشت چەمک و بنەما رەوشتەکییەکان بکات، بۆ نموونە چەمکێک هەیە لە پەرەسەندندا ناو دەبرێت بە، هەڵبژاردنی نێزیکایەتی یان خێزانەکی (kin selection). ئەمەیان داروین دەستنیشانی کردووە و پێناسە دەکرێت بە، میکانیزمێکی پەرەسەندن کە ڕەفتارێکی هاوسۆزی و هاریکاری دێنێتە بەرهەم لەلای زیندەوەرەکاندا بەرانبەر بە نێزیکەکانیان، ئەگەر هەندێ جاریش بەو ڕەفتارە زیان بەخۆیشیان بکەوێت. مەبەستەکەش بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی کۆمەڵە جینێکی هاوبەشە، نەک تەنیا ئەوانەی ڕاستەخۆ نێزیکن، بگرە هەموو ئەوانەش دەگرێتەوە کە لە کۆمەڵەکەیان، یاخۆ لە دەرەوەی جۆرەکەیانن. دەشێ ئەم هەڵسوکەوتانە، ببنە هۆکاری گەیاندنی زیان بە تاکەکان، تا ڕادەی خۆبەختکردنیش لە پێناو بەرژەوەندی گشتی مانەوەی جۆرەکەیان. پاشان نۆرەی ئەو بنەمایە دێت کە پێی دەگوترێ، هەڵبژاردنی پێکەوەیی، یان بەکۆمەڵ (Group Selection) کە برێتییە، لە بڵاوبوونەوەی تایبەتمەندی و ڕەفتاری دیارکراو لەناو کۆمەڵەیەکدا، لەبەرئەوەی سوودبەخشە بە ئەندامەکان. ئەم میکانیزمە سروشتییەی هەڵبژاردنی بەکۆمەڵ، دەکارین وەک ڕاڤەیەکی بایۆلۆژی دەستنیشان بکەین، بۆ هەموو ئەو ڕەفتارانەی بە ڕەوشت ناویان دەبەین. سوود گەیاندن بە تاکەکەکانی دەرەوەی جۆرەکەی خۆیان، لە جیهانی ئاژەڵاندا دیمەنێکی ناوازە و نەناسراو نییە، وەک چۆن بە نموونە بینراوە کە سەگێک بێچووە پشیلە، یان سمۆرەیەک بەخێو دەکات.
جارێکی دیکە جەختی لەسەر دەکەینەوە کە بەرژەوەندی تاک و کۆمەڵگە بەندە بە دوو تایبەتمەندی بۆماوەیی، ئەوانیش هەستکردن بە خۆشی و ئازارن. کەواتە ئەم بابەتانە پەیوەندیان بە شتگەلێکی گیانی و یاسا پیرۆزەکانی لە ئاسمان دابەزیوو نییە، بگرە هەموو پرسەکە لە سروشتەوە دێت و بۆ سروشتیش دەچێت.
لێرەدا با واز لە مرۆڤ بهێنین و بچینە سەر ئاژەڵەکان، دەشێ بپرسین ئایە ئاژەڵیش خاوەنی ڕەوشتە؟ ئەگەر ئاین سەرچاوەی ڕەوشتە، خۆ دەبێت ئاژەڵەکان نەزانن ڕەوشت چییە، چونکە ئاشکرایە ئاژەڵ ئاینی نییە.
لە ڕاستیدا ژمارەیەکی یەکجار زۆر لێکۆڵینەوە و ئەزموون ئەنجام دراون، بۆ زانینی بوونی ڕەوشت لەلای ئاژەڵ و باڵندە و هی دیکەی جۆراوجۆر، هەر هەمووشیان دووپاتی ئەوە دەکەنەوە کە گەلێک زیندەوەر هەن بوونی ڕەوشتیان تێدا بەدەر دەکەوێت. بە گەڕانمان لە ئەنتەرنێت و یوتوب، زۆر لەو فیلم و تۆژینەوە زانستییانەمان بەرچاو دەکەوێت، لەسەر ڕەوشتی ئاژەڵان وەک:
- ئەو ورچەی باڵندەیەک لەناو گۆمێکدا لە خنکان ڕزگار دەکات.
- ئەو ئەسپەی بە دەمی خواردن لە کونێکەوە دەداتە ئەسپێکی دی.
- ئەو سەگانەی ڕێگری دەکەن لەو دایکانەی کە دەیانەوێت لە منداڵەکانیان بدەن.
- ئەو پشیلەیەی ڕاوی سەگێک دەنێت کە دەیەوێت ئازاری منداڵێک بدات.
- ئەو سەگەی پشیلەیەکی مردوو دەناشێت.
لەبەرئەوەی مەیموونەکان لەڕووی جینەکییەوە نێزیکترین ئاژەڵن لە مرۆڤ، بۆیە هەڵسوکەوتیان لە زۆر لایەنەوە لەوی مرۆڤ دەچێت. بێچووەکانی شیمپانزی و گۆریلا، پێدەکەنن و ڕووخۆش دەبن کاتێک ختووکەیان دەدرێت. دایکەکانی مەیموونی جۆری بۆنۆبۆ، توڕەدەبن و سەریان بادەدەن، ئەو دەمەی بێچووەکانیان یاری بە خۆراک دەکەن، لەبری خواردنیان. هاوسۆزی و دڵنەواییش دیاردەیەکی گەلێک باوە لەنێو مەیموونەکاندا، بۆ نموونە، لە شەڕێکی سەختی نێوان دوو مەیموون، مەیموونێکی دی دێت و مەیموونە دۆڕاوەکە بە مەبەستی دڵدانەوە لەباوەش دەگرێت و ماچی دەکات، ئەمەش وا لەو مەیموونە دەکات بوەستێت لە قیژە و هاتوهاوار. بوونی بنەمای ڕەوشت لە مرۆڤدا گەلێک ئاڵۆزترە لەوەی مەیموونەکان، هی ئەوانیش ئاڵۆزی پترە لە ئاژەڵەکانی دیکە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش زۆربەی ڕەفتارە رەوشتەکییەکانی مرۆڤ، ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەرەسەندنی ڕەفتارە سادە و ساکارەکانی جیهانی ئاژەڵان.
ئەمانە و چەندان ڕەوشتی دیکەی جیاجیا دەبیندرێن لە جیهانی ئاژەڵاندا کە پاڵپشتن بە کۆمەڵێک ئەزموون و بەڵگەی زانستی، جێی ئەوە نین گومانیان لێ بکرێن. بۆ زیاتر تێگەیشتن لەم بابەتانە، کتێبێکی گەلێک نایاب لەسەر ئەمە نوسراوە، لەلایەن مارک بیکۆف و جێسیکا پیرس بەناوی (دادپەروەری لە جیهانی ئاژەڵاندا، ژیانی ڕەوشتەکی ئاژەڵەکان) **. ئەم کتێبە لە بوونی کۆمەڵێک بنەمای ڕەوشت بە چەندان شێواز لەلای ئاژەڵاندا دەدوێت، نەک تەنیا هاریکاری و یارمەتیدان، بگرە لە زۆر چەمکی وەک، بەبەزەیی، بەخشندەیی، بڕوا بەیەکدی بوون، چاکەدانەوەی بەرانبەر و چەندانێکی دی، ئەوانەی لەلای مرۆڤدا واتای ڕەوشت دەدەن. هۆکاری بوونی ئەو کردارە ڕەوشتەکییانە لەلای ئەو ئاژەڵانە، لە پێناو سازان و گونجانیانە کە سوودی هەیە بۆ مانەوەی جۆرەکەیان لە ژیاندا. بەم زانیارییانە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هەم منداڵان، هەمیش ئاژەڵان خاوەنی ڕەوشتن، بۆیە ئەوەی دەڵێت ئاین، یان دەقە ئاینییەکان سەرچاوەی ڕەوشتن، دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە، ڕەوشتی منداڵان و ئاژەڵەکان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئاینداران دەیانەوێت وامان تێبگەینن کە مرۆڤ بەو هەموو توانایە هۆشەکییەوەی، پێی ناکرێت پێناسیەک بۆ ڕەوشت دابنێت و بزانێت چاک و خراپ چییە. پێیان وایە مرۆڤ هێندە سادە و ساکارە، ئەگەر خوا لەڕێی ئاینەکانەوە فێری نەکات، ئەوا نازانێت کوشتن خراپە، چاکەکردنیش بەرانبەر بە دایک و باوک کارێکی باشە.

چەند ئەزمونێک لە ئاژەڵاندا:

لێرەشدا لەڕێی چەند ئەزموونێکەوە کە لەسەر ئاژەڵان کراون، بوونی چەند بنەما و چەمکێکی گشتی ڕەوشتەکی دەستنیشان دەکەین؛




- دادپەروەری و یەکسانی: ئەمەیان یەکێکە لە گرینگترین بنەمای ڕەوشت لە گشت سات و سەردەمێکدا، هەروەها لەلای زۆربەی هەرە زۆری بوونەوەرە زیندووەکان.
تۆژینەوەیەک پسپۆڕی بایۆلۆژی سارا بڕۆسنان (Sarah Brosnan) بە یاریدەی زانای دەروونناسی فڕانس دی واڵ (Frans B. M. de Waal) ئەنجامی دەدات، لەسەر مەیموونەکانی جۆری کاپوچین (capuchin monkeys). دوو مەیموون لە دوو قەفەزی بەتەنیشتیەکەوە دادەنێن، کۆمەڵە بەردێکیان (پول) پێ دەدرێ و دەتوانن یەکدی ببینن و بەردەکان بەیەک بدەن، فێرە ئەوەیان دەکەن کە هەر کاتێک بەردێک بدەنە لێکۆڵەوەکە، ئەوا بەرانبەر بەوە پارچە خەیارێک وەردەگرن. پاش چەندین جار لەم گۆڕینەوەیەی بەرد بە خەیار، لە پڕێکدا لێکۆڵەوەکە دێت، ڕێسایەکە دەگۆڕێت و لەبری خەیار، ترێ دەداتە مەیموونەکەی یەکەم، ئەوەی دیکەش هەر خەیارەکەی پێ دەدات. لەبەرئەوەی مەیموون پتر حەزی بە ترێیە، ئەوەی دووەم کە ئەمە دەبینێت، دەقیژێنێت و توڕە دەبێ، دەکێشێت بە دیواری قەفەزەکە و پارچە خەیارەکە هەڵدەداتەوە سەر لێکۆڵەوەکە، چونکە هەست بە نایەکسانی و نەبوونی دادپەروەری دەکات. باشە چی ڕووی دا؟ سەرەتا لە ٢٥ جار زیاتر ئەو کارە دووبارە کرایەوە و هیچ کێشەیەک نەبوو، هەردووکیان خۆشحاڵ بوون، بە گۆڕینەوەی بەردە بێنرخەکان بە خەیار، بەڵام مەیموونەکەی دووەم وەک منداڵەکانی ئەزموونەکانی پێشوو کە زانی نایەکسانییەک لەو ناوەدا هەیە، بۆیە ئەو هەرایەی نایەوە. ئەم تایبەتمەندییەی پەرەسەندن، مانەوەی بوونەوەرەکان مسۆگەر دەکات، لەسەر جەخت کردنەوەیان بەوەی، هەریەک لە تاکەکانی کۆمەڵگەکەیان، مافی ئەوەی هەیە هەمان بڕ لە خۆراک وەربگرێت. کەواتە ئەو مەیموونەی کە بەشی خۆی وەک هەموو ئەوانەی دی وەرنەگرێت، کاریگەری دەبێت لەسەر ژیان و بڵاوبوونەوەی جینەکانی، هەر لەبەرئەوەشە ئەم هەستە لەلای شیردەرەکاندا، بەدرێژایی ملۆنان ساڵ پەرەی سەندووە، تا گەیشتووەتە شیردەرەکانی ئەمڕۆ، لەوانەش مرۆڤ.




- ئازاردان و سۆزداری: لە هیچ شوێنێک لە جیهاندا کەسێک نییە (مەگەر نەخۆش بێت)، ئازاردانی خەڵکانی دیکەی پێ ئاسایی بێت، بەڵام دەکرێ لە بەرتەک و کاردانەوەیدا شێوازێکی دی بگرێتەبەر، وەک ئەوەی بڵێ، دەبێ بەخشندە و لێبوردەییمان هەبێ بەرانبەر بە کەسێک کە ئازاری داین.
بۆ ئەمە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، چەند ئەزموونێک کراون لەسەر کۆمەڵە مەیموونێک. یەکێکیان ئەوە بوو، دوو مەیموونیان لە دوو قەفەزی بە تەنیشتیەکەوە دانا، یەک لەو مەیموونانە پەتێکیان دایە دەست، بەوەی هەر کاتێک پەتەکە ڕابکێشێت، ئەوا خواردنی بۆ دێت. پاشان نیشانی ئەو مەیموونەیان دا کە هەر دەمێک ئەو پەتەکە ڕابکێشێت، ئەوا تەزووێکی کارەبایی دەکێشن بە مەیموونێک کە لە تەنیشتیەتی. وای لێهات زۆربەی مەیموونەکان ئەو پەتەیان ڕانەدەکێشا، لەبەر هاوسۆزییان بۆ ئازارکێشانی ئەوانەی دیکە. ئەوەی جێی سەرسڕمانە، یەک لەو مەیموونانە ١٢ ڕۆژ خۆی بە برسێتی هێشتەوە، تەنیا لەبەرئەوەی نەبێتە هۆی ئازاردانی مەیموونەکەی دراوسێی! دەبێ ئەوەش بگوترێ کە ئەو جۆرە ئەزموونانە لەو دەمانەدا دەکران، ئەمڕۆکە ڕێ پێدراو نین، چونکە نابێ بە هیچ مەبەستێک ئازاری ئاژەڵان بدرێت.




- خۆویستی و بەخشندەیی: دوو مەیموون لە دوو قەفەزی بە تەنیشت یەکەوەن، یەکێکیان دوو دوگمەی لەبەردەستە، ئەگەر ئەوەی یەکەم دابگرێت تەنیا خۆی خواردن وەردەگرێ، ئەوەی دووەم دابگرێت هەردووکیان وەردەگرن، زۆربەی جار مەیموونەکە ئەوی هەڵدەبژارد کە هەردووکیان خواردنیان پێ بگات. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە دوو مەیموونەکە یەکدییان لێ دیار بوو، بەڵام ئەگەر لێک دیار نەبوونایە، ئەوا ئەوەی خاوەن دوگمە، گوێی پێ نەدەدا و گرینگ نەبوو لای ئەوەی دیکەش خواردنی پێ بگات.




ڕێز و دەسەڵاتدارییەتی: وا ڕاهاتووین، بەشێوەیەکی تایبەتی و ڕێزەوە هەڵسوکەوت بکەین بەرانبەر بە هەندێ کەسی خاوەن دەسەڵاتی وەک، سەرۆک و باوک و مرۆڤە پیرەکان. هاوشێوەی ئەمە لەلای گەلێک لە ئاژەڵە مەزنەکان دەبیندرێت، بەتایبەتیش لە مەیموونەکاندا.
دوو شوێنی وەک یەک دیارکراون بۆ هێنانی هەمان جۆرە خۆراک، دوو مەیموونیش لەوێدان یەکێکیان سەرۆکە و خاوەن دەسەڵاتە، هەریەک لەم دووانە گشت کاتێک لە یەک لەو دوو شوێنە خواردن دەهێنێت. ئەوەی جێی سەرنج بوو مەیموونەکانی دیکە، زۆربەیان دەچوونە ئەو شوێنەی کە سەرۆک خواردنی لێیەوە دەهێنا!




هاریکاری و چاکەدانەوە: دوو مەیموون لەناو دوو قەفەزدا بەتەنیشتیەکەوەن، لە دەرەوە دوو قاپ لەسەر شتێکی قورس بۆیان دانراوە. لەبەر قورساییەکەی دەبێ مەیموونەکان پێکەوە ڕای بکێشن، بەڵام خواردن تەنیا لەناو یەک لەو دوو قاپەیە و ئەوەی دیکەیان بەتاڵە، کاتێک بەدووان ڕایان دەکێشا، ئەوا ئەوەی خواردنەکەی دەست دەکەوت، بەشی هاوەڵەکەی هەر دەبووایە بدات. ئەوەی شایەنی گوتنە، قاپەکان شووشەیی و دیودەر بوون، واتە مەیموونەکان هەر لەسەرەتاوە دەیانزانی کە دابەشکردنێکی نادادپەروەرانە چاوەڕێیان دەکات، کەچی ئەو مەیموونەی کە قاپەکەشی بەتاڵ بوو، یارمەتی دراوسێکەی هەر دەدا بۆ گەیشتن بە خۆراکەکەی، بەهیوای ئەوەی ئەمیش سوپاسی بکات و بێ بەشی نەکات. خۆ ئەگەر مەیموونێک چاکەی ئەوەی دی نەدابایەوە بە بەشێک لەو خواردنە، یارمەتیدانەکەش چیدیکە دووبارە نەدەبووەوە. کەواتە یارمەتیدانی دراوسێکان بۆ یەکدی، دەوەستێتە سەر چاکەدانەوە، وەک بنچینەیەک بۆ دامەزراندنی ڕەوشت. ئەمەش یەکێکە لە ڕێسایەکی ناسراو لەلای ئاینەکاندا کە دەڵێت، پێویستە مرۆڤ بەشێوەیەک هەڵسوکەوت بکات لەگەڵ هاوسێکەی، وەک ئەوەی خۆی پێی خۆشە هاوسێکەی بەرانبەری بکات.



لەو شیردەرانەی کە لەڕووی جینەکییەوەش لێمان دوورن، لەلایاندا چەندان ڕەفتاڕ و هەڵسوکەوتی جۆراوجۆری ڕەوشتەکی دەبینین.
شەمشەمەکوێرەی خوێنمژ، خوێن دەبخشێتەوە: تاکە یەک ژەم هەرگیز نابێتە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان ژیان و مردن بۆ ئاژەڵێکی وەک مەیموون، بەڵام بۆ ئەوانەی دی بێگومان وا دەبێت. ئەو شەمشەمەکوێرەیەی کە بە شەو دەفڕێت و لەسەر خوێنی نێچیرە خەوتووەکانی دەژیێت، زۆر هەستیارە لەم ڕووەوە بۆ ئەم بابەتە. ئەمیان تاکە شیردەرە کە خوێن لەلایدا هێندە گرینگی هەبێت، کەچی سەرچاوەی خۆراکەکەی لە هەموو ڕۆژێکدا مسۆگەر نییە، بۆیەش لە ١٠ دانە یەکێکیان بە زگی برسی دەگەڕێتەوە ماڵە هاوبەشەکەیان. هەریەک لەو شەمشەمەکوێرانە ڕۆژانە پێویستی بە نیوەی کێشی لەشی هەیە لە خوێن، ئەمەش وای لێ دەکات، بە تێپەڕبوونی دوو، یان سێ ڕۆژ بەبێ خوێن، ژیانی لەدەست بدات. خۆشبەختانە هەستی هاریکاری و یارمەتیدانی یەکدی لەناو کۆمەڵەی ئەم جۆرەدا زۆر بەهێزە کە هەڵدەستن بە بەخشینەوەی خوێن بۆ ئەوانەی کە نەیان توانیووە خۆراکی ئەو ڕۆژەیان بەدەست بهێنن. ئەم هەستەش لە گشتیاندا هەیە و بەرانبەر بە هەریەکێکیش بێت، بەبێ ڕەچاوکردنی نێزیکایەتی و ئەندامێتی یەک خێزان.



لە ئەزموونێکدا زانای زیندەوەرزانی دەمارەکی خاتوو پێگی ماسۆن و هاوەڵەکانی، مشکێکیان لە تەنیشت مشکێکی دیکەی بەندکراو دانا، مشکە ئازادەکە هەوڵێکی زۆری دا بۆ ئازادکردنی مشکەکەی دی، کاتێکیش لەتەک ئەوەدا مشکەکە خەڵات دەکرێت بە هەندێک نوقڵ، ئەوا پاش رزگارکردنی مشکەکەی هاوڕێی، پێکەوە نوقڵەکە دەخۆن. بێگومان ئەو مشکە ئەمە بۆ گاڵتەکردن ناکات، ئەمەش ئاشکرایە کە جۆرێکە لە هاوسۆزیی لەلای مشکەکاندا، هەرچەندە بەشێوەیەکی سادەش بێت. ئەم ڕەفتارانە لەناو زۆر جۆری ئاژەڵان بەرچاو دەکەوێت کە گرینگییەکی زۆریان هەیە، بۆ ڕاڤەکردنی چۆنەتی پەرەسەندنی هاوسۆزی و چەند هەستێکی ڕەوشتەکی لە مرۆڤدا.
ئەگەر دیسانەوە ئایندارێک پاش هەموو ئەم ئەزموون و تۆژینەوانەی کە لەسەر منداڵان و ئاژەڵان کراون بڵێت، خوا لە بنەڕەتەوە هەم لە ناخی ئێمەی مرۆڤ، هەمیش لە ئاژەڵەکاندا ڕەوشتی باشی چاندووە. ئێمەش لێرەدا لە ڕووێکی دییەوە دەبێژین، ئەی کردارە نائاسایی منداڵەکان و ڕەفتاری خراپی ئاژەڵەکان لەکوێیەوە هاتوون؟ بۆچی ئەو مەیموونەی کاتێک مەیموونەکەی تەنیشتی لێ دیار نەبوو، گوێ بەوە نەدەدا ئەمیانیش خۆراکی پێ دەگات، یان نا؟ لەبەرچی مەیموونەکان لایەنگری سەرۆکەکان بوون کە هەرچەندە دوو شوێنەکە وەک یەک خۆراکیان لێ هەبوون؟ ئەوەی لەلای ئاژەڵاندا هەیە تەنیا کردەوەی چاکە نین، بگرە گەلێک خراپەکاری و خۆویستیشی تێدایە.
هەموومان دەزانین کە درۆکردن کارێکی خراپە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ناتوانین کاریگەرییەکەی فەرامۆش بکەین بۆ سوودی مانەوەی تاکەکان، پاشانیش جۆرەکانیان. زۆربەمان وای بۆ دەچین کە تەنیا ڕەفتارێکی مرۆییە، کەچی لە ڕاستیدا ئاژەڵان و باڵندەکان چەندان شێوازی جیاجیایان هەیە بۆ درۆکردن.



ئەگەر بڕوانینە کۆمەڵگەی مەیموونەکان، دەبینین کە هەموو ئەندامەکانیان لەسەر چەند بابەتێک ڕێک کەوتوون وەک، خواردنی پێکەوەیی و هاوار و دەنگ دەرکردن لە کاتی نێزیکبوونەوەی مەترسییەکان. یەک لەو مەیموونانە جارێکیان سەرنجی ئەوە دەدات کە خشۆکێک هێلکەیەک دادەنێت لەناو لمی تەنیشت ئاوێک. پاش ئەمە مەیموونەکە لەبری ئەوەی هێلکەکە لەگەڵ ئەوانەی دی بەش بکات، دێت و هاواری بوونی مەترسی ساختە و درۆ دەردەکات، بەمەش هەموو مەیموونەکان ڕادەکەن و هێلکە نیشانکراوەکە بەتەنیا بۆ خۆی دەمێنێتەوە.
لە باڵندەکانیشدا هاوشێوەی ئەمە هەیە، جۆرە قەلەڕەشکەیەک فێرە درۆکردنێکی سەیر بووە، ئەمیان بە قوڕگە بەهێزەکەی دەتوانێت لاسایی دەنگی هەڵۆ بکاتەوە، کاتێکیش ئەمە دەکات باڵندەکانی دیکە هەموویان ئەو شوێنە بەجێ دەهێڵن، بەمەش خواردنەکە تەنیا بۆ خۆی دەبێت.
بوونی کردارە خراپەکان لەلای ئەوانەی نازانن ئاین چییە، دەبنە کێشەیەکی مەزن بۆ ئاینداران، کەچی بۆ پەرەسەندن هیچ گیروگرفتێک دروست نابێت، چونکە لە پەرەسەندندا بەها مرۆییەکان هیچ واتەیەکیان نییە، سروشتیش نازانێت ڕەوشت چییە.
سەرەڕای هەموو ئەو بابەتانەی ئاماژەمان پێیان دا، دەبێ لە چەندان لایەنەوە لە ڕەوشت بڕوانین، لەبەرئەوەی گەرچی ڕەوشتمان لە بنچینەیەکی ئاژەڵییەوەش وەرگیرابێ، بەڵام بەهۆی بوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر هۆکاری جیاجیا بۆ سەرهەڵدان و بوونی ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانمان، پەرەسەندن بەتەنیا ناتوانێت سەرچاوەی گشت چەمک و بنەما ڕەوشتەکییەکان بەتەواوی دەستنیشان بکات. هاوکات ئێمەش نابێ وا بیر بکەینەوە، ئەگەر یەکێک کارێکی بەدڕەوشتی و ناشایستەی کرد، بڵێین ئەوە کردارێکی بایۆلۆژییە و نابێ لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
ئێمەی مرۆڤ خاوەنی مێشکێکی مەزنین کە بتوانین، بە گەلێک بیرکردنەوەی ئاڵۆز و ژیرانە، ڕووبەڕووی گرفت و کێشەکان ببینەوە و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزینەوە، بەبەردەوامیش پەرەبسێنین و ڕەفتار و بەها ڕەوشتەکییەکان و زانیارییە کەڵەکەبووەکان، لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی داهاتوو بگوێزینەوە.
..............................
ئەمەی سەرەوە بەشێکی دیکەیە لە بابەتێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینی)

دارا سلێمان

سەرچاوەکان


*پێناسەی ڕەوشت لە کتێبی (ڕێپیشاندەری بیرمەند بۆ تێگەیشتن لە بنەما ڕەوشتەکییەکان)ی ڕیچارد پاوڵ و لیندا ئێڵدەر.
Richard Paul and Linda Elder: The Thinker's Guide to Understanding the Foundations of Ethical Reasoning.
Wild Justice - The Moral Lives of Animals; Jessica Pierce and Marc Bekoff

** ئەمەش چەند وەرگێڕانەکەیەتی بە زمانی عەرەبی:



http://www.dopdfwn.com/cacnoscana/scanoanya/Booksstream.com_BV2M3.pdf
 
http://www.mindrevolt.org/empathy-the-root-of-our-human-morality-is-not-of-human-origin

https://www.emrro.com/lekolineweyeka.htm?fbclid=IwAR0RzNDjczreaBXraHzoyFS8xe8qzRJKJ_wnNM4jHUfGpu5Gbf1Fl5eaodc

https://www.fastcompany.com/3036231/our-sense-of-fairness-is-as-old-as-our-monkey-ancestors

https://ar-state.com/v/hoSVr721qNJ-eMo/drdshat-mz-jt.html

http://arabatheistbroadcasting.com/essay/011511066116

https://www.youtube.com/watch?v=NGrhtGPZ-Y8&t=739s

https://www.youtube.com/watch?v=KDmFyAmS9VM&t=609s

http://salehalali.com/?p=1154

https://www.youtube.com/watch?v=HBW5vdhr_PA

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە