وەڵامێک بۆ موقتەدا سەدر

Thursday, 27/02/2020, 21:41

5370 بینراوە


موقتەدا سەدرى سەرۆکى ڕەوتى سەدر لە دواین لێدوانیدا دەڵێت (کەسە گەندەڵەکانی نێو شیعە نوێنەرایەتی شیعە ناکەن، هەروەها گەندەڵکارانی نێو سوننەش نوێنەرایەتی پێکهاتەی سوننە ناکەن، هەر وەک چۆن سیاسییە گەندەڵکارەکانی کورد نوێنەرایەتی گەلی کورد ناکەن).
بەڕێزیان پێى وایە ئەو بەرپرسانەى کە نوێنەرى ئەو سێ پێکهاتەى (شێعە و سونە و کورد)ن لە حکومەتى عێراقدا و لە گەندەڵیەوە گلاون نوێنەرایەتى ئەو پێکهاتانە ناکەن، بە بڕواى بەندە ئەمە جۆرێک لە سازشە بۆ ئەو پێکهاتانە، دەنا خۆ ئەو کەسانەى کە گەندەڵن لە هەسارەیەکی ترەوە نەهاتون، ئایا لە لایەن حیزب و هاوپەیمانیەتەکانى ئەو پێکهاتانەوە دەنگیان لەسەر نەدراوە؟!
- بەڵێ بەرپرسە شێعە گەندەڵەکان پێکهاتەى شێعە لێى بەرپرسیارە و دەبێت ئەوان بەرپرسیاریەتى ئەوە بگرنە ئەستۆ.
- هەروەها بەرپرسە سونە گەندەڵەکانیش پێکهاتەى سونە لێى بەرپرسیارەوە دەبێت ئەوان بەرپرسیاریەتى ئەوە بگرنە ئەستۆ.
- بۆ نوێنەرە کوردە گەندەڵەکانیش ئەوا گەلى کورد لێیان بەرپرسیارە و دەبێت ئەوان بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ.
ئەى ئێوە بانگەشەى هەڵبژاردن و دیموکراسی ناکەن بۆ حکومەت و پەرلەمانى عێراق، ئەى ئەو بەرپرسە گەندەڵانە نوێنەرایەتى کێ دەکەن؟؟؟ ئەگەر ئەوان پشت ئەستور نین بە حیزب و هاوپەیمانیەتیەکانیان ئەى بۆ تا ئێستە هیچ کام لە بەرپرسە گەندەڵە باڵاکان نەک ناگیرێن، تەنانەت ناتوانن پەنجەى تۆمەتیشیان بۆ درێژ بکەن!
بەڵێ دەنگدەرى ئەو پێکهاتانە بەرپرسیارن لەو ڕەوشەى ئەمڕۆ بەسەر عێراق و هەرێمى کوردستاندا هاتوە، بەرپرسە باڵاکان نوێنەرى زۆرینەى خەڵکن، گەر نوێنەرى ئەوان نین ئەى نوێنەرى کێن؟ لەسەر بەشى کێ هەڵبژێردراون یان دانراون؟ لەسەر پشکى کێ هەژماردەکرێن؟؟؟
بەکورتى و بەکوردى، بەڵێ لەسەر پشکى کێ هەژماربن نوێنەرایەتى ئەو پێکهاتە و نەتەوەیە دەکەن، ئەوە ئەوانن کە کەسە گەندەڵ و ناشایستەیان کردۆتە نوێنەرى خۆیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە