نوسەر و بنوس و لافاوی رشانەوەی چاپخانەکان (بەشی 1)

Monday, 02/03/2020, 10:00

3688 بینراوە


لە ئەم سەردەمە جەنجاڵەی وڵاتی بێخاوەنی کورددا ، کە دۆ و دۆشاو تێکەڵ بووە، ژمارەیەکی زۆر بنوس دەبینین لەگەڵ نوسەراندا تێکەڵاوبون و هەمو (خوێنەرێک)ناتوانێت لە یەکدی جیایان بکاتەوە. ئاخر ئێمەی کورد هەتا ئێستاش وادەزانین هەر قەڵەم بەدەستێک دیرَێک یا چەند دێڕێک یا لاپەڕەیەکی رەشکردەوە،ئیتر دەبێتە نوسەر. (یەکێک لەوانە بە یەکێک لە سایتە ناسراوەکانی وتووە (من رۆژنامە نوسم ، چونکە هەمو رۆژێک وتارێک دەنوسم! ئەوداماوە وەها تێگەیشتووە کە رۆژنامەنوس ئەوکەسەیە کە هەمو رۆژێک شتێک بنوسیت!!) بەڕێزان بەلاتانەوە سەیر نەبێت کەسانێک هەن (شتێک) دەنوسن خۆشیان سەری لێدەرناکەن وکەپرسیاریان لێدەکەیت هەروەک ئەوان نەیاننوسیبێت وەهایە! وشەی قورس و قەبەو نوێ لە شوێن و ناشوێن دا بەکاردەبەن، سەرەنجامیش شتێک دەردەچێت نە خوێنەر سەری لێدەردەکات، نە خۆیشیان دەتوانن، ڕونی بکەنەوە یا خەستی بکەنەوە! نوسەری راستینە بۆ ناودەرکردن و خۆدەرخستن نانوسێت،بۆ ئامانجێکی پیرۆز وخزمەتکردن دەنوسێت.
نوسەر، نوسەری راستینە، کە لەبەرەی گەلدایە و هیچ بەرژەوەندی یەکی لەگەڵ دەسەڵاتدا نییە، سەربەخۆ و سەرفراز دەنوسێت و پابەند نییە بە بەرژەوەندیی هیچ حیزب و رێکخراو و کۆمەڵەو لایەنێکەوە، ویست و ئارەزوی ئەم بەرپرس یا ئەو وەزیر یا سەرۆک وەزیران یا عەشرەت و بنەماڵەیەکەوە. تەنانەت نوسەری نیشتیمانپەروەر دەبێت لەهەواو نەفەسی ناسیونالیزم و نەتەوەپەرستیش دوربێت و هەر بە پێودانگی ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابوردو نەنوسێت و بە گەز وجاوی ئەو سەردەمە نەپێوێت، ئەگەر نا دەبێتە فەرمانبەرێک(کارمەندێک) بە نێونیشانی نوسەر، وەک نوسەری دادگا،نوسەری سکاڵا(عەریزەنوس)کە لە راستیدا هەر بنوسە و هیچی دیکە نییە. خۆ هەمومان بینیمان هۆنەری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس چۆن بە هەمو پۆست و پلەو پایەکانی یەوە لە حیزب و دەسەڵات یاخی بو، سوک و ریسوا و تڕۆی کردن و هەمویانی خستە جەواڵێکەوە و فڕێیدانە سەرەنوێلکی مێژووەوە.. هەر بۆ نمونە لە هۆنراوەی ملوانکەیەکی سۆزانی دا دەڵێت:
(لەسەر شەقامێکی گشتیی
کراسەکەی هەڵدایەوەو هاواری کرد
من هەر جەستەی خۆم ئەفرۆشم
هەر خۆم و بەس
بەڵام لەسەر ئەم شەقامە ئەیانبینم
تیایاندایە جەستەی شاخو
جەستەی دەشت و، جەستەی باخچە
جەستەی هەتاو و بارانی فرۆشتووە
بێدەربەستیش لەسەر کورسی شەرافەتی ئەم وڵاتەش
دانیشتووە.)
نوسەر دەبێت ئاوێنەیەکی باڵانمای بێگەردی رۆژگارەکەی خۆی و رابوردوش بێت،مژدەبەخشی داهاتو ومەشخەڵ بەدەست و رێپێشاندەربێت، کردار و رەوتاری هاوتەریب بن،هەلسوکەوتی رۆژانەو هەڵوێستەکانی لەمەڕ دەوروبەر و روداوەکان جوت بوەستنەوە، ئەگەر نا (نوسەرێک) بەلای خۆیەوە لەسەر برایەتیی و تەبایی و یەکریزیی و رێکخستنەوەی ماڵی کورد دەنوسێت(هەرچەند کورد ماڵی نەبوە هەتا رێکیخاتەوە)، بەڵام بەنزین بە ئاگری ناکۆکی یەکان و دوبەرەکیی و سێبەرەکیی وملمڵانێی ناشەرعیی و ناشەریفانەی لایەنە تێکبەربوەکاندا دەکات! جا ئەمە چۆن نوسەرێکە ؟ بۆ گەل دەنوسێت یا دژی گەل، دۆستە یا پواز؟کورد دەڵێت : دار پوازی لە خۆی نەبێت ناقڵیشێت(هەرچەند دەمێکە ئەو پەندە پوچەڵ بۆتەوە و دار پوازی لە بەرد و ئاسنیش بێت هەر دەقلێشێت! ) ئاخر ئەوەی ماڵوێرانیشە، مالوحاڵێکی هەرهەبووە،بەڵام کورد ماڵ وحاڵیكی نەبووە،ئەگەر ماڵۆچکەیەکی هەبوبێت، ئەوە هەر رۆژەو مڵۆزمێک شڕو شێتاڵی فڕێداوەتەدەرەوە یا زۆر بێدەربەست ماڵۆچکەکەشی بەسەردا روخاندووە ئەگەر سەری قوتارکردبێت ئەوا کۆڵ بەکۆڵ ئاوارەو سەرگەردان لەناوەوە یادەرەوەی کوردستان بۆ نەوایەک وپاروە نانێک عەوداڵ وهەناسەسارد بووە.. نوسەرێک قەڵەمەکەی خستۆتەکار، یا بەکرێیداوە یا لای لایەنێک دایمەزراندووە و وانەکانی ژیانی دیموکراتیی، یەکسانیی و دادی کۆمەڵایەتیی، هەلی کار، پەروەردەو خوێندن و پێگەیشتن و پێشکەوتن و سەرکەوتن بۆ هەموان دەنوسێتەوە، بەڵام بۆخۆی بندیوارێکی مشەخۆری گەندەڵ و تەمەڵ و زۆڕناژەنی ئەم لایەن یا ئەولایەنەو بەشی ئەو خەڵکە بەشخوراوە وەک گەزۆ و مازو دەخوات ومێش میوانی نییە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە