نوسەر و بنوس و لافاوی رشانەوەی چاپخانەکان (بەشی 2)

Wednesday, 04/03/2020, 10:28

4357 بینراوە


ئەمە وەنەبێت هەر لە کورد وبەشێک لە نوسەرانی کورد رویدابێت، نەخێر لەنێو گەلانی دیکەشدا زۆرن،هەر بۆنمونە: شاعیری گەورەی عەرەب و بەرگریی فەلەستان(فەلەستین)، مەحمود دەروێش ، وشەکانی لە گوللە کوشندەتر بون بۆ جولەکە و دەوڵەتی ئیسرائیل،بەڵام دڵدارەکەشی کچێکی جولەکە بو! گەورە نوسەری فەرەنسا،جان جاک رۆسۆ لە کتێبەکانیدا بایەخێکی زۆری دەدا بە پەروەردە،بەڵام منداڵەکانی خۆی بۆ پەروەردە نەکرا و ناردنی بۆ نەوای هەتیوان – بێباوکان!
کۆمەڵێکی دیکەش بنوس هەن هەمو ئەرکەکەیان بریتییە لە دروشمی قەبەو وتنەوەی توتی ئاسا و جوینەوەی چەند رستەو دەستەوشەیەکی سەرنجراکێشی بێناوەڕۆک کە نزیکەی پەنجا ساڵێک دەبێت بەسەرزاری کۆمەڵێک لاوانی سەرگەرمی سەربە ناسیۆنالیزمی کوردەوەیە و هەتا ئێستاش کۆمەڵەیەک یا رێکخراوێکی بۆ هەڵنەپێچراوە بتوانێت ئامانجە نزیک ودورەکانی بکاتە بەرنامە و لەقاڵبێکی فەلسەفی ئایدیۆلۆژیدا بەرجەستەی بکات و چل پەنجا ئەندامی ئەکتیڤ رێکبخات و بیانخاتەگەڕ بۆ کارکردن لە پێناو دامەزراندنی رێکخراوێکی سیاسی بۆجۆشدانی جەماوەر و ئاڕاستەکردنیان بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە،بەمەرجێک بەردەوام هەنگاو بنێت نەک هەر لەشوێنی خۆیدا تەپەتەپ بکات! هەرنەبێت مژدەی بەرەوپێش چون و سەرکەوتنێکی پێوەدیار بێت، ئەگەر نا،هەر دەنگی هەبێت و رەنگی نەبێت،ئەوە نەک لەجێی نەبوانە، بەڵکو نەبونی باشترە. لەو نمونەیەشمان هەیە و زۆرێک لەهەرە دڵسۆزەکانی گەل و وڵات هەمو تەمەنی خۆیان خستە قەبەڵی و سەرەنجامیش مایەپۆچ دەرچون. لەو مەیانی سیاسەت و سیاسەتبازی یەدا، سێ لایەن : پارتی کۆمۆنیستی عێراق، کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد(کاژیک) و پارتی سۆسیالیستی کورد(پاسۆک) مایەپوچ مانەوە و وەک کۆتایی چیرۆکەکانی گوێ ئاگردان (منیش هاتمەوە هیچیان نەدامێ).
کرۆکی باسەکە، نوسەر و بنوس بو، جاهەندێک لەو بنوسانە تەنانەت کوردیش نازانن و لە جیاتی (میرولە) دەنوسێت مێلورە، لە جێگەی مولولە/ ملولە، لەجێگەی قەیدیی نییە – قەیناکا دەنوسێت قەینا، لەبری بەڵکو/ بەشکم بەکاردەبات.. هەندێ نمونەی دیکاش دەخەمە بەرچاو، ئەوەی نێوان جوت کەوانە گەورەکان{ } راستکردنەوەی هەڵەو شێواندنەکانە.
بێژەرێک جیاوازی نێوان شەقام و شەقاو ناکات، دەفەرموێ: چەند شەقامێک لەولاترەوە!!.یەکێکی دیکەش لەبری تانک دەڵێت تانکەر!
نەخۆشخانەی گشتی (سەفین) ی تایبەتی!!عێراق لەسەر دەرگای جەنگێکی نوێیە {وەرگێڕانێکی وشە بە وشەی (العراق علی ابواب حرب جدیدە).
درامایەکی دۆبلاژکراو: ئەو ئاگرەی کردوتە بە یاری دەتسوتێنێ {یاری بە ئاگر مەکە}.
ئەو ژمارەیەی ماوەی ژیانی لەناو مۆساد دا {ژمارەی صالانی ژیانی لە ناو مۆساد دا}.
لەو نامەیە شت لە خۆگرتووە گەیشت! {لەو نامەیە تێگەیشت کە زۆر شتی گرنگی تێدابو}.
وێنەیەکی ئەدهەم بارزانی کە وێنەیەکی خومەینی بەخۆیەوە هەڵواسیوە.{وێنەیەکی خومەینی کردووە بە بەرۆکیدا}.
شانۆکردن بە تەرمەکان {سوکایەتیکردن بە تەرمەکان}.
دار ترێ { مێو، دارمێو}.
بوێرێکی بێکۆتایی {ئەوپەڕی بوێریی}.
گواستنەوەی دانیشتنەکانی دادگا بەزیندویی { راستاوخۆ}.
خانە و ئێزگە (دارالاذاعە) {ئێستگەی رادیۆ}.
فةرمانگةي چاكسازي سەيد صادق/صيانة {ضاككردنةوة و بەردەواميپيێدان}.
هاورِيَيةكم گوێي لة رووداوةكة بوو!{ روداوەکەی بینی}.
چي سەربار دەكەيت؟ {چي دەخەيتە سەر؟}.
ئەمڕۆ لەباشوری کوردستان ژمارەی نوسەر و بنوس و قەڵەم بەدەست وقەڵەمباز وقەڵەموەشێن وئەهلی قەڵەم ئەوەندە زۆرە دەتوانین بڵێین ژمارەی چاپەمەنییەکان : رۆژنامە، هەفتەنامە، مانگنامە، وەرزنامە، گۆڤار،کتێب، کتێبۆڵکە، بڵاوکراوە و بڵاوکراوە ئەلکترۆنی یەکان هێندە زۆرن،گەربێتو بەراوردێک لەنێوان لافاوی چاپەمەنی یەکان و ژمارەی نوسەران و بنوسەکاندا بکەین،ئەنجامێکی سەیر دەردەچێت.ئاخۆ ئێمە لە باشور چەند نوسەرمان هەیە کە بەمانای وشەکە، نوسەر بن و بەبەرهەمەکانیان کەلێنێکیان لەو هەمو کەلوکونەی ژیانی کوردەواریدا پڕکردبێتەوە لەبوارەکانی زانست و تەکنۆلۆژیا،دیرۆک،جوگرافیا،کۆمەڵایەتیی،هونەر، پەروەردەو پەروەردەی منداڵ ، دەرونناسیی ..هتد. هەرچۆنێک ژمارەیان بخەمڵێنین دەبینین ژمارەی چاپکراوەکان لەسەرو ژمارەی نوسەرانەوەن.کەچی رێژەی خوێنەر لەسەدا یەک کەمترە(0،79٪)!دەی کەوابێت بۆ کێ و لەپێناو چیدا دەنوسین؟
وەک دەزانین نوسەر و بنوس و قەڵەم بەدەستەکانیش لە ئاستەکانی بەهرەو هونەریی نوسین وئەزمونگەریی خۆیان و خزمەتکردن و بەرهەمی بەکەڵکدا کە شایانی خوێندنەوە بێت لە چەندین ئاستی جیاوازدان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە