بڕوخێ دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی و مافیا دزەکانی کورد


ئاخۆ ئەمجارە دەوڵەتی تورک بە بیانوی ئیدلیبەوە پلانە ژەهراوییەکەی لەمەڕ ڕۆژئاوا بۆ دەچێتە سەر؟

Monday, 03.02.2020, 10:56

2165 بینراوە


گەر سەیری سیاسەتی ئەردوگان بکرێت، تێبینی ئەوە دەکرێت کە هیچ سەرکردەیەکی سیاسی هێندەی ئەو کار بە کارتی فشار ناکات. ئەوەشی کە دەبێتە مایەی سەرکەوتنی لە پیادەکردنی ئەو سیاسەتەیدا ،بەکارهێنانی چەند کارتێکی فشاری جیاواز جیاوازە لە هەمان کاتدا تاوەکو لانی کەم یەک یان دوو لەو کارتی فشارانەی ئامانجە شاراوەکەی بۆ بپێکێت.
کاتی خۆی سەرۆکی ئەو کاتی لیبیا موعەممەر قەزافی (کۆچ کردوو) لە کێشمەکێشی لۆکاربیدا ئەو کارتی فشارەی خستە بازاڕی سیاسەتەوە، بەوەی گەر زۆری لێبکەن، ئەوا ناچار دەبێت، سنوری ووڵاتەکی واڵا بکات، تاوەکو ئەفریقییەکان بەرەو ئەوروپا بنێرێت. دیارە لەگەڵ ئاڵۆز بوونی دۆخی سوریادا ئەردوگان بیرۆکەی ئەو کاتەی قەزافی قۆستەوە و بۆ سەرانی ئەوروپا پەنای بردە بەر. دیارە ئەو هەڵە مێژووییەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کردی بە ڕێگەدان بە هاتنی زیاد لە یەک ملیۆن خوازیاری گەیشتنە ئەڵمانیا (لێرەدە بە مەبەست دەڵێم خوازیار و ناڵێم ئاوارە یان پەناهەندە) بۆ ناو ئەڵمانیا و پاشانیش زیاد بونیان بۆ زیاد لە دوو ملیۆن و زیاتریش بە هێنانی ئەندامانی خێزانیان و بەچە خستەوەیان لە ئەڵمانیا، بووە مایەی ئەوەی کە فشارێکی ناوخۆیی لە ئەڵمانیا دژ بە دەسەڵات بێتە گۆڕێ . هەر ئەوەش وای کرد کە پارتی ئەڵتەرناتیڤی ئەڵمانیا سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی تەواوی هەرێمەکانی ئەڵمانیا بەدەست بهێنێت. ئەمەش وای کرد کە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ناچار بکات، تا باوەڕ بە ئەندامانی تری یەکێتی ئەوروپا بهێنێت، بەوەی کە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا ڕێک کەوتنێک ئیمزا بکەن بەوەی بڕی ٦ ملیار ئۆیرۆ بە قۆناخ بدرێتە دەوڵەتی تورك، تاوەکو نەهڵێت چیدی سوری ، ئەفغانی و ئێراقی و کەسانی تر ڕووبکەنە ئەوروپا.
ئیتر لەو کاتەوە ئەردوگان ئەو هەلەی قۆستەوە، کەی بیەوێت پارەی زیاتر و پلانی زیاتر لە ڕۆژئاوا پیادە بکات، ئەوا پەنا دەباتەوە بەر ئەو کارتی فشارە و کەوتنە هەڕەشە لە ئەوروپا بە تایبەتی ئەڵمانیا، چونکە باش دەزانێت، کە جگە لە ئەڵمانیا هیچ ووڵاتیكی تری ئەوروپی ئامادە نییە ، موسڵمان بهێنێتە ووڵاتەکەی .
ئەمجارە ئەردوگان کیشەی ئیدلیبی درووست کرد بە چەند ئامانجێك:
+ زیاد کردنی پێگەی خۆی هەم لە ناو ووڵات و هەم لە هەرێمەکەدا.
+ دەرخستینی دەوڵەتی تورک بەوەی ڕۆلی کاریگەری لە ناوچەکەدا هەیە.
+ ڕاکێشانی سۆزی دوناڵد ترەمپ بەلای خۆیدا، بەوەی کە ختوکەی بدات، گوایە خوازیارە ڕێککەوتنی بازرگانی بە گوژمەی چەند ملیارێک لەگەڵدا دەبەستێت.
+ ڕاکێشانی دۆناڵد ترەمپ بەلای خۆیدا تاوەکو باوەڕی پێبهێنیت، چیدی هاوکاری سەربازی پەیەدە نەکات ، نەک هەر ئەوە بەڵکە پشتیان تێبکات.
+ ڕاکێشانی دۆناڵد ترەمپ بەلای خۆیدا بەوەی پێی بڵێت، کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەیەدا نەوت هەیە و دەتوانن دوو بەدوو واتە ئەمریکا و دەوڵەتی تورک دەست بگرن بەسەر ئەو نەوتەدا.
+ ڕاکێشانی ناتۆ بەلای خۆیدا بە کێش کردنی بۆ کاری سەربازی لە سوریا.
+ باوەڕهێنان بە ئەوروپا بە تایبەتی و بە ئەڵماینیا بەوەی بە پارەی ئەوان ملیۆنێک بەناو سوریی ئاوارە وەک هاوردە لە ڕۆژئاوا نیشتەجێ بکات.

خاڵێکی سەرنج ڕاکێش لەسەر ناتۆ ئەوەیە، کە داوا لە حکومەتی سوریا دەکەن، تا بوردومانی بۆ سەر نەیارەکانی لە ئیدلیب و دەوروبەی ڕابگڕیت. خاڵی گاڵتەجاڕی ئەو لێدوانە لەوەدایە، نابێژنە دەوڵەتی تورک وەک ئەندامێکی ناتۆ کا مفی داگیرکردن و پەلاماردانی ووڵاتێکی تری نییە. لێرەدا نەک دوو ڕوویی بەڵکە چەند ڕوویی ئەوروپالی لانکی دیموکراتی دەردەکەوێت.
ئەوەی من مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم دوا خاڵە. هاندان و پێشاندانی چەند هەزارێک ئاوارە بەوەی سنورەکانی بۆ کردوونەتەوە تا ڕووە ئەوروپا یان ڕاستر بڵێین بەرە ئەڵمانیا بێن، چونکە هەرهەمووی ئەڵمانیا دەوێت .ئەوەشی بەڕێوەیە باش دەزانێت، هیچ ووڵاتێکی ئەوروپی جگە لە ئەڵمانیا ئامادە نییە ئاگر بەربداتە ماڵی خۆی.
ئەوەی بۆم جێگەی سەرنجە گوێبیستی یەک سەرۆکی ئەوروپی یان بەرپرسێکی یەکێتی ئەوروپا نابین، تا بڵێن: ئەوە ماوەی زیاد لە دووساڵە سەرباری ئەوەی کە دەوڵەتی تورک بڕی ٣ ملیارد ئۆیرۆ وەرگرتووە، کەچی هەڕەشەکەی هەر ماوە و دەیکات. بەواتایەکی دی گوێبیستی سەرکردەیەکی ئەورووپی بەتایبەتی ئەڵمانی نابین تابڵێت، ماداو ئاوارە هەیە، کەوابێت، ئەم هەڕەشە و کارتی فشارە هەر دەمێنێت. بۆیە دەبێت سنورێکی بۆ دابنرێت.
ئەوەتا هەر ئەمڕۆ ٢٩ ی مانگی فیبریوەر ئەردوگانلە کۆبونەوەیەکیدا لە ئەستەنبوڵ وتوویەتی:
"دەمانەوێت ناوچەیەک بۆ ئاوارەکانی سووریا دروستبکەین.. دەبێت وڵاتانی ئەوروپاش بەڵێنەکانیان لە بواری یارمەتیدانی کۆچبەراندا جێبەجێبکەن".

ئەوجا درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت :
ئەگەر ئەمڕۆ شەڕی قامشلۆ، سەرێکانی، گرێسپی، کۆبانێ، تەرابلوس، منبج، ئەلباب و ئیدلب نەکەین، خوانەکا سبەی ناچار دەبین لە شرناخ، ماردین، شانڵیئورفا، غازی عەنتاب و هاتای ئەو شەڕە بکەین. چونکە ئامانجی ئەو سیناریۆیەی رووبەڕوومان بووەتەوە سووریا نییە، تورکیایە
گەر لەو قسانەی وورد ببینەوە ، بۆمان دەردەکەوێت کە ئامانجی کارتی فشارەکەی ئەمجارەی داگیرکاری زیاتری ڕۆژئاوا و تەعریب کردنییەتی، ئەوەش بە پارەی دەوڵەتانی لانکی دیموکراتی ئەوروپی و هاندانیان بە چاونوقاندنیان لە داهاتوویەکی نزیکدا کاتێک کە پەلاماری ڕۆژئاوا دەداتەوە.

جێی داخە وا دەڵێم ، بەڵام من دڵنیام ئەمجارە بە پشتیوانی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا پەلاماری ڕۆژئاوا دەداتەوە و داگیرکرای زیاتر دەکات و لە سەر خاکی ڕۆژئاوا بە ناوی گێڕانەوەی بە ناو ئاوارەی سوریی بۆ بەناو خاکی خۆیان ، لە کاتێکدا تەعریب کردنە و ئاوارە کردنی کوردە لەو خاکەی کە زێدی باو باپیریەتی. ئەوەشی کەلەهەمووی زیاتر مایەی خەفەتە بە پارەی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا دەبێت. بۆیە مایەی گاڵتەجاڕی دەبێت، کە باس لە گیڕانەوەی ئاوارە دەکرێت.
هیوا خوازم بۆچونەکەم هەڵە بێت. دیارە ئەم بۆچونە هی ئێستام نییە، بەڵکە بەر لە چەند مانگێک لە نووسینێکی ترمدا ئاماژەم بەمە دا.

ڕزگار گوڵەباخ