پەرلەمانتاران بە دوای ئابڕووی تکاویانەوە وێڵن

Monday, 02/03/2020, 11:28

6588 بینراوە


ئەگەر بە دوای قەشمەرترتین پەرلەمان لە جیهاندا بگەڕێیت لە هەولێر دەیدۆزیتەوە،! ئەگەر بۆ سوکترین مرۆڤیش بگەڕێیت، لەناو پەرلەمانی هەرێمدا لوتت بە لوتیاندا دەتەقێتەوە!
پەرلەمەنتارەکان هەموویان کەسانی بێ ئابڕوو، ترسنۆک هەلپەرست پارەپەرست و ناپاک و خائینن، کەسانێکن دوو ووشە بە مانای عەقڵی خۆیان بۆ بەڕێوەبردن و موڕاڵی کارکردن لە مێشکیاندا نییە، بوکەڵەیەکن دەسەڵات چۆنی بوێت ئاوا نمایشیان پێدەکات.
ئەمڕۆ پەرلەمانتارە سوکەکان تاجە گوڵینەیان لەبەردەم وێنە زەبەلاحەکەی مەلامستەفا، لەناو چایخانەکەی پەرلەمان دانا. لەوێ فاتیحایان بۆ مرۆڤێکی ترسنۆک و ئاشبەتاڵچی چڕی و گوڵی نایلۆنیان لەبەردەم وێنە زلەکەیان دانا، پشتاو پشت گەڕانە دواوە.
پەرلەمانتارەکان هێندە ترسنۆکن نایەن ڕاستەوخۆ مێژووی پیاوێکی هەڵهاتوو ئاشبەتاڵکەر و ترسنۆک هەڵبدەنەوە، چونکە بەوە مایەپوچیان دەکات. ئاخر چۆن قارەمانێک لەنێوان کارەسات و بێهیوایدا دەردەکەوێت، قارەمانێک لە نێوان مەینەتێکاندا دەردەکەوێت؟ لەکاتێکدا تۆ تۆپەڵێک مرۆڤی تێکشکاو بکەیتە نوێنەرت کە نەتوانێت قسە لەسەر مێژوو بکات؟ نەتوانێت دادگای مرۆڤێک بکات، کە نەیتوانی تاکە ووشەیەک ئاراستەی ئاشبەتاڵ و چەکدار بۆ گەلەکەی بکات! نیشتیمانی بەجێهێشت، هەڵهات و قوچانی! بەهەڵەداوان ڕایکرد و لەبەردەم دامێنی شادا بەچۆکدا هات.
مەلامستەفا و کوڕەکانی، هێندە ئازا نەبوون وەک ئەو ٦٠٠ پێشمەرگەیەی کە خۆیان کوشت و نەیانتوانی ئاشبەتاڵ قبوڵ بکەن . ئێستا نوێنەرەکانی گەلێکی تێکشکاو ڕێز لەمرۆڤێک دەگرن ڕاکردوو شکستخواردوو بێباک و بێمنەت .
"دەسەڵات کاتێک پۆستێکت پێدەدات وەک ڕێگە خۆشکردن بۆ تێکشکاندن و لەناو بردنت"
ئەم پەرلەمانتارانە نازانن، کە دانیشتن لەناو ئەو هۆڵێکدا وێنەی مەلامستەفا تێیدا هەڵواسراوە مانای مردن و ترسنۆکی خۆشیانە، وێنەی مەلا مستەفا پەیامە کە تۆش دەبێت وەکو مەلای باوکمان ترسنۆک و ئاشبەتاڵچی و کوردکوژ و خائین بیت. لە جیهاندا نەبوە بەزیوێک وێنەکەی ببێتە سیمبوڵی گەلێک.
" ئێوە لە کڕنوشدان بۆیە ئەوانە بەگەورە دەبینن"
بەڕاستی کڕنوشی ئەم پەرلەمانتارانە پێیمان دەڵێت، کە ئێمە گەلێکین شایستەی ئەو ئۆکسجینە نین لە ناو ئەو نیشتیمانە داگیرکراوەدا هەڵی دەمژین، ئەرێ بەڕاست ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین کە ترسنۆک و بەزیوەکان بکەینە سیمبوڵ ؟
فۆکۆ دەڵێت: 
بەڵگەی گەمژەیی سەرکردەیەک لەوەدایە، کە ناوی خۆی لە شوێنە گشتییەکان و هەڵواسینی زۆری وێنەکانی ببینێت.

فۆکۆ ئەو کاتەی لە ئێران بوو ئەو هەموو شەقامەی دی کە بەناوی شا ناونرابوو، ئەوهەموو وێنەیەی شای دی کە لە ئاودەست و فڕۆکەخانەو چێشخانەو خەستەخانە و مزگەوت و جێگەکاندا بوو، بۆیە ئەم قسەیەی کرد. ئەمڕۆ ئێمەش وێنەی مەسعود و مەلا و تالەبانی چاوی ئەو خەڵکەی هەڵکۆڵیوە، لەهەموو فەرمانگا و بەڕێوەبەرەیەتیی و جێگەیەک ئەم پیاوە پیس و خائینانە بۆتە بڵقی سەر دیوارەکانمان، جگە لە منداڵ و خزمەکانیان، بۆیە عەلی وەردی جوان بۆی چووە، دەڵێت:
"ئێمە هەمیشە لە شۆڕشيکانماندا زاڵم دەگۆڕین، بەڵام زوڵم ناگۆڕین".



ئەم پەرلەمانتارانە هێندە سوکن، هێندە ترسنۆکن ئەوەتانێ خەنی دەبن کاتێک فەرمانیان پێدەکرێت کە ڕێز پیشانی بەزیوێک بدەن، گوڵی نایلۆن دانێن و کڕنوش بەرن، سەری بەتاڵتان نەویکەن لەئاستی خەنجەری پیاوێکدا کە بە درێژایی ژیانی هەڵ نەکێشا تا ژەنگی هەڵهێنا! تەنانەت خەنجەرەی مەلا مستەفاش شەرمی لە خۆی دەکرد، چونکە خەنجەر پیاوی ئازا و مەرد هەڵیدەگرێ، کەچی ئەو خەڵکە شەرم نایان گرێت، ئەو پیاوە ترسنۆکە ئاشبەتاڵچییەی کردۆتە سیمبوڵی خۆی!

بەڵگەی مێژوویی لە سەر زاری مەلا مستەفا خۆی : کورد بەس منم !


جارێک داوام لەپەرلەمانتارێک کرد، ووتم :گەر پێشنیاری ئەوە بکەیت سوپای تورک دەرکەن، ئەوە تۆ دەچیتە ناو لاپەڕەکانی مێژوەوە، بەم پێشنیارەی من  پێکەنی ووتی: باجارێ خانەنشین بکرێم! بە دوایدا وتی.... تۆ چی دەڵێیت؟ من ئەوە ناکەم و لەناو پەرلەمان بێمە دەرەوە دەرمانخواردم بکەن، یان بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل لەناوم بەرن، من پیاوی ئەو کارە نیم .
بنەماڵەی تاڵەبانی و بارزانی هەرچی دەکەن ناتوانن ببنە پاڵەوان و فریادڕەس، مێژوو هەرگیز لەم ترسنۆک و خائینانە نابورێت، ڕاستە ئەمڕۆ گەلێکی ماندوو و تێکشکاویان لەبەر دەستدایە، بەڵام سبەی ڕۆژێکی ترە و بەڕەنگێکی تر خوێندنەوە بۆ کردارو ڕەفتاری ئەو پەرلەمانتارە ترسنۆکانەش دەکرێت، کە لەبەردەم تاوانبارێکدا کڕنوش دەبەن .
ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە جەستە گوێڕایەڵی مێشک نابێت .
فریدریک نیچە جوان بۆی چوو، کە دەیووت : "ئەو باڵندەیەی لەقەفەزدا لەدایک بێت پێی وایە فڕین تاوانە "

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە