لێره‌وه ئیتر كتێبه‌كه و گێڕانه‌وه‌كانی كسینجهر جێدێڵم و زۆر به كورتی ئه‌چمه سه‌ر باسێك كه به‌بۆچوونی من زۆرگرنگه، ئه‌ویش بانگه‌وازه بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌توانن سه‌رله‌نوێ به ئامراز و لێوه‌شاوه‌یی شایسته، سه‌رله‌نوێ مێژووی سه‌دساڵی ڕابردووی كوردستان له‌هه‌موو به‌ش و پارچه‌كانیدا له‌به‌ر ڕۆشنایی به‌ڵگه‌نامه‌كانی جاران (ئیمپراتۆرییه‌ته‌كانی داگیركه‌ری كوردستان) و ئێستا (ده‌وڵه‌ته‌كانی نه‌ته‌وه داگیركه‌ره‌كانی كوردستان) و به‌ڵگه‌نامه‌ی وڵاتانی گه‌وره‌ی تری دنیا بخوێنینه‌وه، تا ببینه‌وه به خاوه‌نی ڕاستیه مێژووییه‌كان. هاوكات بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌یه، كه زۆر گرنگ و شایسته‌و پێویست و به‌ڕای من به پهلهشه، ئه‌بێ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه له‌و مێژوو و تۆمارانه بده‌ینه‌وه ، كه كورد خۆی چ وه‌ك ئه‌وانه‌ی تا ئێستا سه‌رقاڵی تۆماركردنی مێژوو بوون، وه‌ك نووسین و لێكۆڵینه‌وه‌و ووتارنووسین و بیره‌وه‌ری و یادداشت نووسینه‌وه، چ ئه‌و مێژوو داتاشینانهش كه هه‌ر له‌سه‌رده‌می شێخ مه‌حمودی نه‌مره‌وه تا ئه‌مڕۆش، مێژوویه‌كیان بۆ نه‌وه‌كان جێهێشتووه، كه له‌ژێر هه‌ژموون و دیماگۆكیهتی پێداویستیه‌كانی ململانێ و ڕكابه‌ری نێوخۆیی ڕه‌وته كۆمه‌ڵایه‌تی، ئاینی، سیاسی، حزبی، ئایدۆلۆژی و كه‌لتووری دایه. كاتێ ئه‌و كتێبه وه‌رگێڕدراوه‌ی كاك شه‌فیقم خوێنده‌وه سه‌رم سووڕما له‌وه‌ی، كه بینیم چ غه‌درێكی گه‌وره له‌شۆڕشی ئه‌یلول و لهڕێبهرایهتی بارزانی نه‌مر كراوه. تێگه‌یشتم، كه بیری ئایدۆلۆژی، كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ململانێی حزبی و دواجار نووسینه‌وه‌ی مێژووه‌كه‌مان له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕكابه‌ری سیاسی و میتۆده‌كانی سه‌قه‌تی توێژینه‌وه‌و له‌مه‌نگه‌نه‌دانی ڕووداوه‌كان و ئاراسته‌كانیان و كه‌سایه‌تییه‌كان و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پڕاوپڕكراوه له كینه‌و ڕق و تۆڵه‌ستاندن، كه تا ئێستاش (به گووتاری جیاوازی فیكری و فه‌لسه‌فی و مه‌عریفی جیاوازه‌وه) له‌ناو به‌شێك له‌وانه‌ی به ڕووناكبیری ئه‌كادیمی و نا ئه‌كادیمی ئه‌ناسرێن، به‌رده‌وامه و به تارایتر داپۆشراون.
سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌دارانه‌ی مێژوومان به تایبه‌ت مێژووی نوێمان، به‌ر له‌هه‌موو شتێك بوێریێكی فۆكۆیامانهی گه‌ره‌كه. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌نجامدانی به‌خۆداچوونه‌وه و سه‌رله‌نوێ خوێندنه‌وه‌ی مێژوو و فیكری خود و ڕه‌خنه له‌خۆگرتن و ڕاستكردنه‌وه‌ی تێز و تیۆر و میتۆده‌كان و تێپه‌ڕاندن و له‌پشته‌وه به‌جێهشتنی (خود)ی چه‌واشه. من ئه‌مه په‌یڕه‌و ئه‌كه‌م و ئه‌كرێ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێوشوێنه‌ش له‌نێوانماندا بیروڕاگۆڕینهوهو مشتومڕێكی قووڵ و به‌رده‌وام و شارستانییانه‌ی جوانمان هه‌بێ، چاوه‌ڕێم.