فەیسبووکەچیرۆك- ٧ -

Thursday, 05/03/2020, 22:04

4494 بینراوە


ماڵی کابرای دانیمارکی ئاوابێت

 بەر لە تووشبوونی بە دەردە پیسەکە، ئۆتۆمبێلی کەشخە نەبووایە نەیدەخستەژێری، جلی مارکە نەبوایە لەبەری نەدەکرد، خاوەنی کچ و کوڕێکی چاوگەش بوو، کەچی ئێستا هاوڕێی نەماوە قەرزی لێنەکات، بەدانیمارکیشەوە داناکەوێت پەلی بۆ هاوڕێکانی سویدیشی کێشاوە، بەشێوەیەك بووە بەژێرباری قەرزەوە خۆی لە هاوڕێکانی دەدزێتەوە، لەتاوا مۆبایلیش هەڵناگرێت,ماوەیەکە ناوبەناو لە ( لۆپەرمارکێت – بازاڕی دەستی دوو) دەیبینم، جل ئەمدیو ئەودیو دەکات و ئێواران لۆژ لۆژ دەست لە گونان درێژتر بەپێ دەیکوتێت بۆ ماڵەوە، دەمی بکەرەوە سەریزمانو بنی زمانی گلەییە، پاش ئەو هەموو ساڵە خانم وازیلێهێنام، ئەی خوا مەرگ.. کچ و کوڕەکەشم خووی ئەویان گرتووە. ئۆینی خۆی بوو، خۆی خۆی بەو دەردەبرد، رەنگبێت بڵێن چەند دڵڕەقم، هەندێکیشتان چەندجنێوێکی مزرم تێبگرن، بەڵام گەردنتان ئازادبێت، ئەگەر وەك من بتانناسیبایە لۆمەتان نەدەکردم.. تینوێتی زۆری بۆ هێنام، دەمم بوو بوو بە پەڵاس ملمنا بەرەو کوێسکێك، بوتڵێكی نیولیتری ئاوم کڕی بە دوانزە کرۆن، لەبەرخۆمەوە وتم، منیش لەگەڵ ئەوانەدام کە دەڵێن جەنگی جیهانی سێیەم لەسەر ئاو دەبێت، لەمڕۆدا لەدانیمارك.. لیتری بەنزین بە دوانزەکرۆنە!! بێئەوەی ئاگام لەخۆ بێت سەیرێکی جیهازەکانم کرد،چی ببینم؟! ئەوە خۆ دەردەدارەکەیە لەتەك هاورێیەکیدا لەسەر جیهازێکە ( زۆربەی کیۆسکەکان جۆرەها قوماری تیادایە). ئەهلەن:- ئەوە لێرەن؟! هاوڕێکەی وتی وازی لێبێنە دوێنێ شەش هەزاری کردۆتە ئەم جیهازە . منیش وتم :- کاکە تێیکردووە، تێینەکردووە ئەوە کەی کێشەی منە!! دەردەدارەکە وتی :- تا ئێستا سێسەدم تێکردوە ، پەنجای تێکەو شەریك دەبین. وتم :- چلونۆم پێیە.. وتی بێنە ، هاوڕێکەی وتی نەگبەت ئەوە ڕادەبوێرێ. ئەویش وتی:- وەڵا بابە هەقی خۆتە، رابوێرە بۆ نا، منیش لەژورسەریەوە متەقم لەخۆم بڕیبوو، پاش چەند خولەکێك دووسەدییەکی لە گیرفانی کراسەکەی دەر‌هێناو، وتی ئەمە دووا چۆڕە، جیهازە بۆر ئەویشی فت کرد، لەگەڵ هەر پەنجە پیانانێکدا بە دوگمەی جیهازەکەدا جنێوێکی بەخۆی دەدا.. سەگی سەگباب کەباب ناخۆی .. کەری کەرباب جلی تازە ناکڕی.. هاوڕێکەی وتی :- عینادی لەگەڵ قوماردا ناکرێت کاکە ، بابڕۆین. لەدەرگای کیۆسکەکە ئاودیو بوین ، دەردەدار بەسەربادان بەلای چەپدا ملی رێگای گرتەبەر، ئێمەش بەدەم سەرکۆنەکردنیەوە بەرەو لای راست هەنگاوی قورسمان دەنا. بەسەرسوڕمانێکەوە وتم ئەوە چۆن بوو تۆ تێت نەکرد، همێکی بۆکردو بەزەردەخەنه یەکی گاڵتە ئامێزەوە وەڵامی دامەوە :- کێ من ؟! ئەو زەمانە رۆیشت ، جاران ئیشی رەشیشم لەپاڵدا دەکرد قەرزار بووم ( ئیشی رەش ، بەئیشێك دەوترێت باجی لێنەدرێت بە دەوڵەت، واتە کارکردن بەدزی دەوڵەتەوە) ئێستا ئیشیش ناکەم و پارەشم هەیە، ماڵی کابرای دانیمارکی ئاوابێت. مەبەستت چییە ؟ تێناگەم، کابرای دانیمارکی چی ؟! با سەرگوزشتەکەی بۆ تۆش بگێڕمەوە، رۆژێکیان لە کیۆسکێك جیهازم دەکرد، پاش ئەوەی گیرفانی هەڵتەکاندم، کەسەیر دەکەم تەنها بیست کرۆنییەکم پێماوە، لەناکاو وەك چەخماخەیەك، بیرێك هات بە مێشکمدا، لە بەختی منداڵەکانم ( سکغاپ ) ە یەکی پێبکڕم Skraber( جۆرە قومارێکە، پاش کوژاندنەوەی شوێنێکی تایبەت، نۆ خانە دەردەکەوێت،ئەگەر سیانیان وەك یەك بو ، بڕە پارەیەك دەبرێتەوە ) . کلیلەکانم دەرهێنا بیکوژێنمەوە ، پیاوێکی دانیمارکی وتی : مەیکوژێنەوە، هەروەك ئەوەی من وایە، ئیتر بۆ خۆت ماندو دەکەیت؟ سەرێکم بۆ هەڵبڕی و تا هێزم تیادابو( سکغاپ) ەکەم لە ناودەستمدا لولکرد، وەك ئەوەی بمەوێت هەقی هەمو پارە دۆڕاوەکانمی لێبکەمەوە، فڕێمدایە زبڵدانی کیۆسکەکەوە.

تەڵە

سورفلێك، هەروا تەمەنی سیی ساڵێك دەبو، لەنزیك دەرگایەکی وێستگەی سەرەکی شەمەندەفەری کۆبنهاون هەر ملەقوتێی بو، دەموچاو سنگ و باڵی بە تاتۆ داپۆشرابو، بە زەڕەبینیش بگەڕابایتایە شوێنی واژۆیەکت تیادا بەدەست نەدەکەوت،( ناکۆمان ) ەکانی ئەو ناوە ( ناکۆمان- ئالوودەبو بە ماددەی هۆشبەر ) باشیان دەناسی، لە دەوری کۆدەبوبونەوە کاغەزی پێچراوەی بە چەشنی چوکلێت پێدەدان و دوسەد کرۆنییەکی لێوەردەگرتن،لەبەردەم یەکێك لە نێچیرەکانی ، دەستی کرد بە گیرفانیدا چوکلێتێك دەربێنێت، ، هەروەك بۆنی پۆلیسی کردبێت کێچ کەوتە کەوڵییەوە، لەسەر سوچێکەوە پۆلیسێکی بینی.. بەنێچیرەکەی وت :- تۆ راکە خۆ هیچت پێنییە پۆلیسەکە بەدوای تۆدا رادەکات، ئێوارە چکلێتێك وەك بەخشیش لەمن وەرگرە.. هێندەی نەبرد پۆلیسێك هاواری کرد کوڕە رانەکەیت، ئەویش تا هێزی تێدا بو قوچانی، لەدەرگای پشتەوە پۆلیسێك قیڕ گرتی، بە جوتە کەوتنە پشکنینی هیچیان لێهەڵنەکڕاند، پۆلیسێکیان وتی:- کە هیچت پێنییە بۆ رادەکەیت؟! هههه، ئێرە سەرەڕێگەی منە هەمو رۆژێك لێرە وەرزش دەکەم، بەڕاکردن دەستپێدەکەم .

تێبینی :- بۆ زیاتر ئاشنابوون بەتایبەتمەندییەکانی فەیسبووکەچیرۆك، دەتوانن بابەتێك لە سایتەدا بخوێننەوە بەناونیشانی ( فەیسبووکەچیرۆك ).
فەیسبووکەچیرۆکەکانم بەزۆری زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.

دانیمارك/ ڤالبی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە