چەند هەڵەیەکی زانستی لە قورئاندا

Saturday, 07/03/2020, 11:00

12711 بینراوە


باوەڕداران و لایەنگرانی گشت ئاینەکان پێیان وایە، تەنیا خوای ئەوان خوای ڕاستەقینەیە و دروستکەر و داهێنەری سەرلەبەری گەردوون و بوونەوەرەکانە، ئاینەکەیان تاکە ئاینە کە هەموو ڕاستییەکان لەخۆ دەگرێت، کتێبی پیرۆزی خۆیانیش بە تاکە کتێبی ڕاست و ڕەوان و دوور لە هیچ هەڵەیەک دەبینن. بەڵام ئاینەکانی دی یان دەستکردن، یانیش ساختەکارییان تێدا کراوە، پێڕەوکەرانیشیان نەزان و گومڕان.
بە تێڕوانین و هەڵسەنگاندنێکی بابەتەکییانە لەژێر ڕۆشنایی زانست لە بوارە جیاجیاکان و بەبێ بەپیرۆز زانین و بوونی بیروڕایەکی پێشینە بۆ ئیسلام، دەبینین کە قورئان ژمارەیەکی یەکجار زۆر هەڵەی جۆراوجۆری تێدایە وەک، زانستە سروشتییەکان، ماتماتیکی، پزیشکی، مێژوویی، جوگرافیایی، زمانەوانی، کۆمەڵایەتی، هەتا لە ڕووی داڕشتنی داستان و وەرگرتنی چیرۆکە ئەفسانەییەکانیش کێشەی زۆرە و بێ هەڵە نییە. زۆربەی هەڵەکان ڕەنگدانەوەی سەردەمی سەرهەڵدانی ئیسلام و لە ڕوانگە و تێڕامانی ئاستی کەسانێکی نازانستی بۆ جیهان و سروشت سەرچاوە دەگرن.
بەپێچەوانەی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی زۆربەی موسڵمانان، قورئان پڕە لە هەڵە و هیچ دەرئاسایەکی (موعجیزە) زانستیشی تێدا نییە. هەموو ئەو هەوڵدانە یەک لەدوای یەکە بۆ پینەکردن و ملبادانی وشەکان و لێکدانەوەی واتای سەیر و سەمەرە، بە دەست ڕاڤەکەران و شارەزایانی ئاین بۆ ڕاستکردنەوە و چاکردنی هەڵەکانی قورئان، هیچیان چی دیکە نابنە جێی متمانە، بۆ کەسانی ڕۆشنبیر و زانستمەند لەم چەرخەی کە زانست و تەکنەلۆژیا لە لوتکەی پێشکەوتندان.
هەڵەکانی قورئان وەک گوتمان گەلێک زۆرن، بۆیە بۆ دەستنیشان کردنی هەموویان پێویستیمان بە چەندان وتار و کتێب دەبێ، لەبەر ئەم هۆکارەشە لێرەدا تەنیا بەکورتی چەند دانەیەکی زانستی باو و ناسراویان دەخەینە بەردەست.
لەبەرئەوەی ماتماتیک وەک زمانی زانست پێناسە کراوە، بۆیە بە هەندێک هەڵەی زانستی زۆر زەق و ئاشکرای قورئان لەم بوارەدا دەستپێ دەکەین.

بەشی یەکەم: هەڵە ماتماتیکییەکانی قورئان لە دابەشکردنی میراتدا

موسڵمانان باوەڕیان بەوە هەیە کە قورئان لەلایەن خوایەکی مەزنی هەمووتوان و دانا و زانا دابەزیووە، بۆیە دەبێت بەهیچ شێوەیەک هەڵەی تێدا نەبێت کە لەگەڵ زانستەکان و زانیارییە ڕاستەکان یەک نەگرێتەوە. کەواتە لەسەر ئەم بنچینەیە، ئەگەر تاکە یەک دانە هەڵەی تێدا دۆزرایەوە هەرچەندە بچووکیش بێت، ئەوا هاتنی لەلایەن خواوە هەرەس دەهێنێت و دەبێتە بەڵگە کە دانەرەکەی مرۆڤ بووە، مرۆڤیش دەشێ هەڵە بکات.
لە دابەشکردنی میرات لە قورئاندا چەندان هەڵە کراوە کە پێمان ڕادەگەینن، ئەو کەسەی ئەم یاسا و هەنگاوە ماتماتیکییانەی داڕشتووە، شارەزاییەکی وای نەبووە لە بیرکاری و ناسینی ژمارە کەرتییەکان. لە ڕاستیدا دانانی ڕێسایەکی گشتی بۆ دابەشکردنی میرات کارێکی هێندە سەخت نییە، تا پێویستی بە پسپۆڕی ماتماتیکی هەبێت. هەروەها ئەمانە وەک شتگەلێکی زانستی ئالۆز نین کە موسڵمانان تێی نەگەن و بۆ داپۆشین و لێڵکردنی بابەتەکە، کۆمەڵێک ڕاڤە و لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ بهێننەوە. لە ماتماتیکدا لە هەموو شوێنێک و سەردەمێک کۆی یەک و یەک هەر دەکاتە دوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەوڵ دەدین زۆر بەئاسانی و بە نموونەی گەلێک ئاشکرا هەندێک لەو هەڵانە دیار بکەین.

یاساکانی میرات لە قورئاندا لە سێ ئایەتی 11، 12 و 176ی سوڕەتی (النساء)دا هاتووە:

“يُوصِيكُمُ اللَّهُ فِي أَوْلَادِكُمْ لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ فَإِنْ كُنَّ نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْنِ فَلَهُنَّ ثُلُثَا مَا تَرَكَ وَإِنْ كَانَتْ وَاحِدَةً فَلَهَا النِّصْفُ وَلِأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ مِمَّا تَرَكَ إِنْ كَانَ لَهُ وَلَدٌ فَإِنْ لَمْ يَكُنْ لَهُ وَلَدٌ وَوَرِثَهُ أَبَوَاهُ فَلِأُمِّهِ الثُّلُثُ فَإِنْ كَانَ لَهُ إِخْوَةٌ فَلِأُمِّهِ السُّدُسُ مِنْ بَعْدِ وَصِيَّةٍ يُوصِي بِهَا أَوْ دَيْنٍ آَبَاؤُكُمْ وَأَبْنَاؤُكُمْ لَا تَدْرُونَ أَيُّهُمْ أَقْرَبُ لَكُمْ نَفْعًا فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ كَانَ عَلِيمًا حَكِيمًا” ﴿11 النساء﴾

“وَلَكُمْ نِصْفُ مَا تَرَكَ أَزْوَاجُكُمْ إِنْ لَمْ يَكُنْ لَهُنَّ وَلَدٌ فَإِنْ كَانَ لَهُنَّ وَلَدٌ فَلَكُمُ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْنَ مِنْ بَعْدِ وَصِيَّةٍ يُوصِينَ بِهَا أَوْ دَيْنٍ وَلَهُنَّ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْتُمْ إِنْ لَمْ يَكُنْ لَكُمْ وَلَدٌ فَإِنْ كَانَ لَكُمْ وَلَدٌ فَلَهُنَّ الثُّمُنُ مِمَّا تَرَكْتُمْ مِنْ بَعْدِ وَصِيَّةٍ تُوصُونَ بِهَا أَوْ دَيْنٍ وَإِنْ كَانَ رَجُلٌ يُورَثُ كَلَالَةً أَوِ امْرَأَةٌ وَلَهُ أَخٌ أَوْ أُخْتٌ فَلِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ فَإِنْ كَانُوا أَكْثَرَ مِنْ ذَلِكَ فَهُمْ شُرَكَاءُ فِي الثُّلُثِ مِنْ بَعْدِ وَصِيَّةٍ يُوصَى بِهَا أَوْ دَيْنٍ غَيْرَ مُضَارٍّ وَصِيَّةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَلِيمٌ” ﴿12 النساء﴾

“يَسْتَفْتُونَكَ قُلِ اللَّهُ يُفْتِيكُمْ فِي الْكَلَالَةِ إِنِ امْرُؤٌ هَلَكَ لَيْسَ لَهُ وَلَدٌ وَلَهُ أُخْتٌ فَلَهَا نِصْفُ مَا تَرَكَ وَهُوَ يَرِثُهَا إِنْ لَمْ يَكُنْ لَهَا وَلَدٌ فَإِنْ كَانَتَا اثْنَتَيْنِ فَلَهُمَا الثُّلُثَانِ مِمَّا تَرَكَ وَإِنْ كَانُوا إِخْوَةً رِجَالًا وَنِسَاءً فَلِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ يُبَيِّنُ اللَّهُ لَكُمْ أَنْ تَضِلُّوا وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ” ﴿176 النساء﴾

دەتوانین بیر لە ژمارەیەکی یەکجار زۆر و بێکۆتا لە هەلومەرج و باری تایبەتی میراتگران بکەینەوە، لە مردنی پیاو و ژنان، فرەژنی، ئەندامانی خێزان و کەسوکار، بەڵام لێرەدا بۆ ڕوونکردنەوە چەند نموونەیەک دەهێنینەوە؛

تێبینی: 

لەو ئایەتانەدا مەبەست لە ولد منداڵە، جا چ کوڕ یان کچ بن.
بابزانین دابەشکردنەکەمان چۆن دەبێت؛
نموونەی یەکەم: 
پیاوێک مردوو 1000 دیناری جێهێشت، تەنیا (دایک و باوک) و (ژنێک)، بەڵام (منداڵ)ی نەبوو.
دایک، یەک بەش لە سێ بەش (فَإِنْ لَمْ يَكُنْ لَهُ وَلَدٌ وَوَرِثَهُ أَبَوَاهُ فَلِأُمِّهِ الثُّلُثُ) = 1/3 * 1000 = 333.3
ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێتە بەشی باوک = 1000 – 333.3 = 666.7
ژن، چارەک (لَهُنَّ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْتُمْ إِنْ لَمْ يَكُنْ لَكُمْ وَلَدٌ) = 1/4 * 1000 = 250
کۆی گشتی = 333.3 + 666.7 + 250 = 1250 دینار
کەواتە 250 دیناری کەمە بۆ بەش پێدانی هەمووان.
نموونەی دووەم: 
پیاوێک مردوو 1000 دیناری جێهێشت، (دایک و باوک) و (ژنێک)، (1کچ)ی هەبوو.
کچ، نیوە (َإِنْ كَانَتْ وَاحِدَةً فَلَهَا النِّصْفُ) = 1/2 * 1000 = 500
دایک، یەک لە شەش (لِأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ) = 1/6 * 1000 = 166.7
باوک، یەک لە شەش (لِأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ) = 1/6 * 1000 = 166.7
ژن، یەک لە هەشت (فَلَهُنَّ الثُّمُنُ) = 1/8 * 1000 = 125
کۆی گشتی = 500 + 166.7 + 166.7 + 125 = 958.4 دینار
ئەمجارەیان 41.6 دینار دەمێنێتەوە لە میراتەکە.
نموونەی سێیەم: 
پیاوێک مردوو 1000 دیناری جێهێشت، (دایک و باوک) و (ژنێک)، (3کچ)ی هەبوو.
کچەکان پێکەوە، دوو لەسەر سێ (نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْنِ فَلَهُنَّ ثُلُثَا) = 2/3 * 1000 = 666.7
دایک، یەک لە شەش (لِأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ) = 1/6 * 1000 = 166.7
باوک، یەک لە شەش (لِأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ) = 1/6 * 1000 = 166.7
ژن، یەک لە هەشت (فَلَهُنَّ الثُّمُنُ) = 1/8 * 1000 = 125
2/3 + 1/6 + 1/6 + 1/8 = 27/24
کۆی گشتی = 666.7 + 166.7 + 166.7 + 125 = 1125 دینار
واتە 1000 دینارەکە بەشی هەمووان ناکات و 125 دیناری کەمە!

ئەگەر سەرنج بدەینە نموونەی سێیەم، دەکارین بزانین هەڵەکان لە چییەوە سەرچاوە دەگرن. دابەشکردن لەڕێی کەرتەژمارەوە هەرچەندە لە خوێندنگە سەرتاییەکانەوە فێریان دەبین، بەڵام وادیارە ئەمەیان بۆ دانەری قورئان شتێکی ئاسان نەبووە، چونکە ئەوەی کە دابەشی دەکەیت بەسەر چەند کەسێک بەشێوەی ژمارەی کەرتی، دەبێت دەرئەنجامەکەی هەمیشە بکاتە 1 بێ کەم و زیاد.
نانێک چارەکی بۆ خۆت، چارەکێکی دیکە بۆ خوشکەکەت، دوو چارەکیش (نیوە) بۆ براکەت، کۆی ئەمانە کردی بە یەک (1). ئەگەریش 1/6 بۆ خۆت و 2/6 بۆ خوشکەکەت 3/6 بۆ براکەت دابنێیت، دیسانەوە دەبێتە 1/6 + 2/6 + 3/6 = 6/6 واتە 1.
بەڵام کە هاتی دوو جۆرە ژمارەی کەرتی، یان زیاترت بەکارهێنا، ئەوا دەبێ ئەوەندە شارەزاییەت هەبێت بتوانی بۆ کەرتە جیاکان، ژێرەکەرتی هاوبەش بدۆزیتەوە وەک نموونەکەی سێیەم: ژێرەکەرتی هاوبەش بۆ ژمارە 3، 6، 8 دەکاتە 24. دیسانەوە لەبەرئەوەی کۆی بەشەکان دەکاتە 27 وا دەکات ئەنجامەکەی هەڵە بێت و بکاتە 27/24 یان 1.125 کە پترە لە پارە بەجێ ماوەکە.
بۆ داپۆشین و شاردنەوەی ئەم بابەتانە، ژمارەیەکی گەلێک زۆر لە ڕاڤەکاران و شارەزایان، هەڵساون بە دانانی چەندان کتێب، بۆ ڕاستکردنەوە و چاککردنی هەڵەکان، لەڕێی چەند هەنگاوێکی باوی وەک؛
- ئەوەی پێی دەگوترێت نێزیکایەتی (التعصيب)، کاتێک کەسێ دەمرێ کوڕی نەبێت، یان ئەوەی دەمێننەوە بدرێت بە نێرینەیەکی خزمی پیاوەکە. ئاشکرایە ئەمەش ئەوپەڕی پێشێلکردنی مافی ژن و کچانی میراتگر دەگەینێت.
- ئەوەی ناونراوە بە لێماوە (العول)، ئەمەیان چارەسەرێکی گەلێک ناسراو و بەربڵاوە، ئەو دەمەش بەکار دەهێندرێت، ئەگەر ژمارەی بەشەکان پتر بوون لە پارەی بەجێماو. لە نموونەی سێیەمدا بینیمان کۆی گشتی بوو بە 27/24 کە ئەنجامێکی هەڵەی پێمان دەدا، لێرەشدا بەوە چاک دەبێتەوە کە بێین دووبارە بەشی گشت میراتگران جارانی سەرەوژێری کەرتەژمارە بنەڕەتییەکە (24/27) بکەینەوە:
کچەکان پێکەوە، 666.7 * 24/27 = 592.6
دایک، 166.7 * 24/27 = 148.2
باوک، 166.7 * 24/27 = 148.2
ژن، 125 * 24/27 = 111
کۆی گشتی = 592.6 + 148.2 + 148.2 + 111 = 1000 دینار!
- دەرکردنی بەشی ژن، لە دوا نموونەدا بینیمان کە بەشی کچەکان پێکەوە 2/3 بوو، دایک و باوکیش پێکەوە دەبووە 2/6 کە دەکاتە 1/3، کۆی ئەمانەش دەبێتە 6/6 واتە 1، هیچ کێشەی نییە. بەلام بەشی ژن (1/8) گرفتەکەیە، بۆیە دێن سەرەتا بەشی ژنەکە دەدەن و ئەوەی دەمێنێتەوە دابەشی کچەکان و دایک و باوک دەکەن! دەکرێ لە سەرەتاوە قەرز، یان هەر شتێکی دیکە لە پارەکە دەر بکرێت، بەڵام بۆچی بەشی ژن دەدرێت پێش دابەشکردن، ئەوە کەس نازانێت؟ چونکە بەمەیان لە بەشی کچەکان و دایک و باوکەکە کەم دەبێتەوە.
لەمانەوە دەبینین کە خوای مەزن و زانا پێویستی بە چاککردنەوەی مرۆڤ هەیە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام دەبێ موسڵمانان ئەوش بزانن کە ئەمەیان دەرچوونە لەو دابەشکردنەی کە خوا بۆیانی داناوە. ڕاستکردنەوەکان دەبنە هۆی ئەوەی لە هەموو نموونەکاندا، هیچ میراتگرێک ئەو بەشەی پێ نەدرێت کە قورئان بۆی دیار کردووە. ئەگەر بڕوانینە بەشی ژن لە نموونەی سێیەمدا، لە 1000 دینارەکە وەک قورئان بڕیاری داوە دەبێ 125 وەربگرێت کە ڕێک دەکاتە یەک لە هەشتی پارەکە، کەچی دوای چاککردنەوە بووە 111 کە ئەمەشیان یەک لە نۆی میراتەکەیە. لێرە دەشێ بپرسین، ئەگەر ئەم چارەسەرانە زانراون، بۆچی قورئان خۆی باسی هیچیانی نەکردووە؟ ئەی ناڵێن، دەقەکانی قورئان هەمووی ڕوون و ئاشکران بۆ تێگەیشتن (تِلْكَ آيَاتُ الْكِتَابِ الْمُبِينِ)؟
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، باشترین و ئاسانترین ڕێسا بۆ دابەشکردن، بە شێوازی بەشکردن و کۆی گشتی بەشەکان دەبێت. واتە میراتگران چەند کەس بن، تەنیا ئەوندە بەسە کە کۆی بەشەکان بزانیت، بەمەش بەشی هەریەکێک دەبێتە بەشی خۆی لە کۆی بەشەکان. ئەوەی جێی سەرنجە ئەم شێوازە یەک جار بەکار هێندراوە، ئەویش وەک کاری هەمیشەیی قورئان بە مەبەستی نایەکسانی و جیاوازیکردن بووە لە نێوان مێینە و نێرینەدا، کاتێک دەڵێت، بەشی نێرینە دوو هێندەی بەشی مێینەیە (لِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ). ئەمەیان تەنیا ئەو دەمە کاری پێدەکرێت، ئەگەر میراتگران تەنیا کوڕ و کچ بن، بەڵام لەبەر نازانینی و ناشارەزایی دانەری قورئان، نەیتوانیووە پەنا بەرێتەبەر ئەم شێوازە لە دابەشکردن.
بۆ پێڕەوی کردن، ئەگەر جارێکی دی سەری نموونەی سێیەم بکەین با بڵێین: کچەکان هەریەکەیان 4 بەش، باوک و دایک هەریەکەیان 2 بەش و ژنیش 1 بەش. ژمارەی خاوەن بەشەکان هەر چەند ببن، هەر پارەیەکیش بێت وەک 1000 دینارەکە، هیچ کێشەیەکی نابێت، ئەوەی هیچ لە ژمارە و دابەشکردنیش نەزانێ، دەتوانێ ئەم کارە بکات. بەوەی دابەشکەرەکە بێت و لەسەر زەوی، هێندەی ژمارەی کۆی بەشەکان (17) بازنە بکێشێت و پارەکان دینار بە دینار، پاشان لە دینار بچووکتر دابەش بکاتە سەر بازنەکان، لە دواییدا هەریەک لە میراتگران بە گوێرەی ژمارەی بەشی خۆی، پارەی ناو ئەوەندە بازنەیەی پێ بدات.
دواجار پێویستە بگوترێت کە قورئان کێشەیەکی زۆر مەزنی دیکەی یاسایی لەم بابەتەدا تێدایە، ئەویش کە لەبیری کردووە بەشی دوو کچ دیار بکات! چونکە کاتێک یەک کچ بێت، ئەوا نیوەی میرات وەردەگرێت، ئەگەریش لە دوو دانە پتر بوون، دوو لەسەر سێیان پێ دەدەن، کەچی باسی دوو کچ نەکراوە. بۆ ئەمەش موسڵمانان هەڵساون بە یەکسانکردنی دوو کچ لەگەڵ لە دوو کچ زیاتر، هەرچەندە لە قورئاندا زۆر بەئاشکرا دەڵێت، (فَإِنْ كُنَّ نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْنِ) واتە ئەگەر دوو بەرەو سەرەوە بوون، یان لە دوو پتر. هەر بۆیەش دەبینین لە زۆربەی هەرە زۆری قورئانی وەرگێڕدراو بۆ زمانانی دیکە، بە مەبەستی چاکردنەوەی ئەم هەڵەیە دەستکارییان کردووە و وەریان گێڕاوە. ئەوەتا یەکێک لە ناسراوترین ماڵپەڕی ئیسلامی (quran.al-islam.com) ناپاکانە بەم شێوەیە کردوویەتی بە ئینگلیزی: (فَإِنْ كُنَّ نِسَاءً فَوْقَ اثْنَتَيْن - if only daughters, two or more).
.........................................

ئەمەی سەرەوە بەشی یەکەمی بابەتێکە لە نووسینێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینی).

سەرچاوەکان:


https://blog.onlyscience.org/?page_id=831
https://www.facebook.com/notes/tunisiens-irr

سەرنج و وەڵامی کوردستانپۆست بۆ ئەو بەڕێزانەی کە لەم جۆرە نووسینانە ناڕازین و رەخنەمان لێدەگرن:
 کوردستانپۆست وەک سایتێکی ئازاد، جگە لە نووسەرانی سەر بە دەسەڵات، رێگای داوە هەموو نووسەر و کەسێکی ئازاد، راو بۆچوونی سیاسیی، ئاینی، فەلسەفی، یان هەر باسێکی دیکە هەبێت، لێرەوە دەریببڕێت، ئێمە بەرپرسیارێتی ناوەرۆکی ئەو نووسینانە هەڵناگرین، کە نووسەرەکانیان بە پێچەوانەی تۆوە بیردەکەنەوە و دەنووسن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە