٢٧٤ نامە و دەستنووس!

Saturday, 07/03/2020, 13:25

4086 بینراوە


گومان، شک، پرسیار، لە ئاست مێژووی پڕ لەکارەسات وتژی لە رووداوە شاراوەکان نەتەوەی کورد نە تەنیا گوناح نییە، بەڵكوم پێویستیشە روانگە یەکەمی گومان لە مێژوودا هەستیی بەرپرسایەتی لە ناو تاک هوشیاری کوردزیاتر دەکا. بە مەرجێک ئەو گومانە، گومانێکی دڵسۆزانە و کوردخوازانە بێ. رەنگە کەسانێکیش هەبن کە شک و گومان لە سەر مێژووماندا بە کارێکی راست نەزانن. لەلایەکی دیکەش دەتوانین بڵێین هزریی دەمارگرژی بۆ دیرۆکی کورد جگە لە ماڵوێرانی چیدیکە بە دووی خۆیدا ناهێنێ. سەرداخستن بێدەنگیی لە سەر رووداوەکانی دیرۆکمان رێگا بە حیزب و سەرکردەی حیزبیی دەدا، کە بڵێن ئەوەی ئەوان دەیزانن، راستە خەڵکیش دەبێ کش ومات گوێڕایڵی فەرمانەکانی ئەوان بێ! شک و پرسیارلە سەر مێژوومان زۆر پێویستە بە بێ گومان و بە بێ پرسیار رۆژگارێکمان بۆ پێک دێ، کە لە باشووری کوردستان بە چەنگ ئەو دووبنەماڵەی تووشی بوین! با سڵ لە پرسیارە بێ جوابەکان نەکەینەوە، ترس وەلا بنێن و خەمخواریی مێژوویەک بین کە ٢٩ جار سەریهەڵداوە بەڵام نێوەی ڕیگای ئازادی نەبڕێوە!

بنەماڵەی قازی محەممەد و نامەکان:

رەوانشاد قازی محەممەد خاوەنی ژن و کورێک و چەند کچ بووە. ئەو کەسانە لە هەر کەسی دیکە نزیکتر بوون لە قازی محەممەد، تەنانەت خێزانی لە هیندێک کاروباری سیاسیشدا خاوەن ڕای خۆی بووە و بەشداریی لە چالاکی سیاسیدا هەبووە. پاشان ئامۆزا و خزمانی نزیکی قازی هاوشآنی خۆی ئەرکە سیاسییەکانیان بەرێوە بردوە، تا هێرشی ئەڕتەشی شای ئێران بۆ کۆماری ئازەربایجان، قازی و کەسانی دەوروبەری خۆی کۆمەڵگایان بەڕێوە بردووە. ئێستێ ٧٣ ساڵ زیاترە رووداوەکانی کۆماری مهاباد تێپەڕیون. لەوەش بترازێ ئەو حیزبەی کە یەکەم جار قازی محەممەد، وەک کەسی یەکەم هەڵبژێردا ئاگای لە هیندێک کەین و بەینی حیزبیی و رووداوەکانی داوی شەهیدبوونی قازی وهاورێیانی هەیە.
پرسیاری من ئەوەیە بۆ تا ئێستا نە بنەماڵەی قازی و حیزبی دێمۆکرات و نە دۆستانی ئەو حیزبە تا کو ئەوڕۆ هیچکات باسیان لەو (٢٧٤) نامە و دەستنوسی شەخسیی قازی نەکردوە؟ لە رۆژنامەکانی ئەو کات، لە راگەیاندنەکانی ئەوکات، لە وتووێژەکاندا، لە وەسیەتیی قازی دا، کە دوای خۆی بڵاو کرایەوە، هیچکات ئاماژەیەک بە دەستخەتی قازی و نامەکانی نەکراوە.! تەنانەت کەسانی وەک کریس کۆچیراو ویلیام ئیگڵتۆن و ئارشیوەکانی سۆڤیەت و بەرپرسانی ئامریکا نەدیتراوە، باس لەو نامەو دەستخەتتانە بکا، کە من بەتازە دیتوومە.؟
وەک شەخسی خۆم زۆر وەدووی رووداوەکانی کۆمار و چۆنیەتی شکستی ئەو کۆمارە و لە ناوبردنی کۆمەڵەی ژێ کاف و دامەزراندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان کەوتوم. تەنانەت پرسیارێکی زۆرم لە کەسانی شارەزا و لێهاتووی مێژووی سەردەمی کۆمار کردووە، بەڵام هیچکات ئەو کەسانە باسیان لە نامە و دەستخەتی قازی محەممەد نەکردووە.
تا چەند ساڵی رابوردوو کەسانێکی خۆشناو کە لە سەردەمی کۆماردا هاوڕێی نزیکی قازی بوون و لە ژیاندا مابون هیچکات باسیان لەو نامانە نەکردوە. ئێستێ دوای ٧٣ ساڵ لە رووداوەکانی کۆمار تێدەپەڕێ بۆچی لە ناکاو ئەو نامانە دەرکەوتون.؟ بەڵگە بۆ سەلماندنی ئەو دەست خەتتانە چییە؟ تا ئەوڕۆ لە لای کێ بون؟ تا ئەوڕۆ کێ ئەو نامانەی پاراستووە؟ بۆ زووتر ئەو نامانە نەگەیشتوونە دەست ڕای گشتی؟ دێمۆکراتەکان شانازیی بە وەسیەتی قازی محەممەد دەکەن، ئەدی بۆ ئاگایان لەو نامانە نەبووە؟ ئەدی بۆ شەخسی قازی کاتێك دەیزانی شەهید دەکرێ باسی ئەو نامانەی نەکردوە؟ بۆچی نەیداوە بە کەسێکی جێگای متمانە تا لە کاتی خۆیدا بڵاوی کاتەوە؟ ئەگەر باوەڕی بە کەس نەبووە خۆ دەبوایە باوەڕی بە خێزانی هەبێ.

بە دەستی خۆیان بەڵگەنامەکانی کۆماری مهابادیان سووتاند!

لە کتێبی مێژووی مهاباد، لە نووسینی رێزدار سەید محەممەد سەمەدی لە لاپەڕەی ١٦٢و١٦٣ بەو شێوەیە باسی سووتاندنی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە کۆماری مهاباد دەکات:
لە سەر ناوی قازی محەممەد بە مەلا قادر مودەڕڕیسی ئەندامی کومیتە ناوەندیی حیزب و بەرپرسی کومیتەی پارێزگا پەیوەندیی گیرا، کە هەر چی زووتر بە بێ ئەوەی بۆ نان خواردن بچنەوە ماڵێ، دەبێ تەواوی بەڵگە و کۆمێنت و داخوازیی ئەندامەتی و کارتی ئەندامەتی و دەفتەریی ناونوسی و تەواوی نامەکان ... دەبێ ئاور تێ بدرێن! ئەو دەستورە بۆ شارەکانی سەلماس، بۆکان، میاندوواو، تیکاب، شایندێژ ئەفشاریش دەگرێتەوە.

کاتیك قازی محەممەد ئاگاداریی ئەو کارە دەبێ، پێیان دەڵێ بۆ ئەو کارەتان کردوە؟ ئەوانیش لە جوابیدا دەڵێن: بە ئێمـەیان گووتووە کە ئەو کارە فەرمانی پێشەوایە، ئەویش دەڵێ، من دەستوری ئاوام نەداوە، بەڵام کارێکی باشتان کردوە!
هۆی ئاور تێبەردانی ئاڕشێوی کۆمار دەگەرێتەوە بۆ کاتێک، کە ئەڕتەشی ئێڕان هێرشی کردە سەر کۆماری ئازەربایجان لە تەورێز، گۆیا زۆر کەس کوژراون و گیراون، چون بەڵگەنامەکانی سەر بە کۆماری ئازەربایجان کەوتوونە دەست کار بە دەستانی ئێڕان و ناوی زۆر کەسی تێدا بووە، کە پاشان ناوەکان ئاشکرا دەبن!
پرسیار و گومانی لەسەر ئەو ٢٧٤ نامە و دەستنوسەی قازی محەممەد، کە لە دووتوێی کتێبێکدا چاپکراوە ئەوەیە بۆچی دوای ٧٣ ساڵ ئەرۆ ئەو نامانە دەردەکەون؟ بۆ تا ئێستا هیچ کەس باسی لەو دەستنووسانە نەکردوە؟ بۆ سەرجەم ئاڕشیویی گرینگی تایبەت بە کۆماری مهاباد بە پەلە ئاور تێبەردران؟ بەڵام ئەو دەستنوسانەی قازی هیچیان بە سەر نەهاتووە و لەو سەردەمەدا لە چاپ دراون؟
پرسیارو گومان نابێتە ئینکاریی هیچ بابەتێکی دیرۆکی، بەڵام مرۆڤ توشی بیرکردنەوە دەکا، بیرکردنەوەیەک کە رەنگە هیچ کات جوابی بۆ نەدۆزرێتەوە. بە درێژایی سەت ساڵی رابوردوو بەشێکی گرینگی مێژووی کورد بە شاراوەیە ماوەتەوە! من پێموایە پێویستە منداڵەکانی رەوانشاد قازی محەممەد لەو بوارەدا روونکردنەوەیەکی زانستیی و ئاشکرایان هەبێ. چۆن دەبێ ئەوان وەک کەسانی نزیکی باوکیان ئاگایان لەو نامانە نەبێ؟ ناوەرۆکی ئەو دەستنوسانە ئەگەر دوور لە هەڵویستیی سیاسیش بێ و جێگای مەترسی نەبن بۆ کەسانی بەرپرس لەو کاتەدا چۆن تا ئەوڕۆ پارێزراون؟ لە لایەکی دیکە بەڕێزانێک بە ناوی، عەبدولڕڕەزاق عوسمان ناوەندەیی، دوکتور موسا مەمە دەروش، رەسوڵ سوڵتانی، حەسەن دانیشفەڕ، زەحمەتیی نوسینەوە و داڕشتنی ئەو کتێبانەیان کردوە. کارەکەیان جێگای دەست خۆشیە، بەڵام ئەوانیش بەرپرسیارن لە جوابدانەوەی زۆر پرسیاری بێ جواب.
بەڵگەکانی تایبەت بە پرسی یەکساڵەی کۆماری مهاباد لە ترسی گرتن و راونان بە پەلە سوتێنران و لە ناو چون و نەپارێزران! من نازانم ئەو ٢٧٤ نامە و دەستنوسی قازی محەممەد چۆن تا ئەوڕۆ پارێزراون؟ سەری لێ دەرناکەم؟!

سندوقی کوردستانپۆست


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە